داستان به‌رزان
داهێنان چییه؟
كرده‌ی داهێنان مه‌به‌ست له كارێكه بۆ هێنانه ئارای شتێكی نوێ كه پێشتر كه‌س به‌و جۆر و شێوازه ده‌ركی نه‌كردبێت نه‌یكردبێت. له ئاكامدا كه‌سی داهێنه‌ر له رێگه‌ی كاره‌كه‌یه‌وه كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ده‌كات یان ئۆبجێكت و مانای نوێ و فۆرمی نوێ له بواره‌كه‌یدا به‌رهه‌مده‌هێنێت.
مرۆڤ له سه‌ره‌تاكانی بوون و ژیانیدا له‌سه‌ر زه‌وی هه‌میشه وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بیركه‌ره‌وه له هه‌وڵی دۆزینه‌وه و په‌یبردنه به‌و شتانه‌ی به‌دینه‌هێناون. هه‌ڵبه‌ت له به‌ره‌به‌یانه‌كانی مێژوودا به‌وپێیه‌ی كه‌موكووڕی و پێداویستییه‌كانی به‌جۆرێك بوون، ساده‌ترین دۆزینه‌وه‌كان وه‌ك داهێنان ده‌كه‌وتنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه بوون كه وایانكردن مرۆڤ جیاواز له هه‌ر گیاندارێكی دیكه ببێته خاوه‌ن شارستانییه‌ت و بگات به‌م ئاسته‌ی ئێستا، كه نزیكه له رێگه‌ی داهێنانی زیره‌كی ده‌ستكرده‌وه چیتر گه‌ڕان و هه‌وڵه‌كانی بۆ هۆشمه‌ندی و ئاستی به‌رزتری بیركردنه‌وه مانایه‌كیان نه‌مێنێت، ئه‌مه‌ش له رێگای به‌كارهێنانی وه‌ها پڕۆگرامێكه‌وه كه واده‌كات به ئاسانی هه‌رچیت بووێت به‌ده‌ستیبهێنیت.
له‌و سۆنگه‌یه‌ی به ئامێربوون و نه‌مانی زۆر له به‌هاكانی مرۆڤه‌وه، بۆچوونی به‌شێكی به‌رچاو له وڵاتانی جیهان رێگریی ده‌كه‌ن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی وه‌ها به‌رنامه‌یه‌ك، نه‌ك ئه‌وه‌نده‌ش بگره به مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی ته‌ماشا ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ژیانی داهاتووی سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی، له‌به‌رئه‌وه تاكو ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ی به‌زیره‌كی ده‌ستكرد ناوده‌برێت، به‌كاربردنی سنوورداركراوه و له چه‌ند بوارێكی دیارییكراودا به‌رده‌سته و رێگا نادرێت شۆڕبێته‌وه بۆ ناو ژیانی مرۆڤ.
داهێنان له سه‌ره‌تادا وه‌ك كرده‌یه‌كی كه‌سی سه‌رهه‌ڵده‌دات و له خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌ی ته‌نیا مرۆڤێكه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، پاشان ده‌كرێت ببێته نه‌ریتێكی به‌ربڵاو كه زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی كه‌ڵكی لێوه‌ربگرن، هه‌رچه‌نده جێگه‌ی له‌سه‌ر وه‌ستانه مرۆڤ هه‌ر له رێگه‌ی ئه‌م كرده‌یه‌وه گه‌یشتووه به هه‌ندێك شتی كاره‌ساتباری وه‌ها كه به زیانی گه‌وره‌ی ژیانی ئێستا و ئاینده‌ی خۆی ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام له كۆتاییدا هه‌ر كام له‌و شتانه‌ش هه‌ر به داهێنان هه‌ژمار ده‌كرێن!.
تێڕوانینێك هه‌یه ده‌ڵێت: له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه مرۆڤایه‌تی گه‌یشتووه به پله‌یه‌كی به‌رزی پێشكه‌وتن له بواره جیاوازه‌كاندا و چیتر ده‌رفه‌تی داهێنان نه‌ماوه یان ته‌واو سنوورداره، به‌ڵام ئه‌مه دیدێكی باوه‌ڕپێكه‌ر نییه بۆ زۆرینه‌ی بواره‌كان و ره‌نگه وه‌ك لاوازترین بۆچوون له‌هه‌مبه‌ر داهێناندا وه‌ربگیرێت، به‌وپێیه‌ی زانست سه‌لماندوویه‌تی مرۆڤ هێزی بیركردنه‌وه‌ی بێپه‌روا به‌رینه و به‌رده‌وام له گه‌ڕان و پشكنیندایه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتی نوێتر، وه‌ك دیاریشه رۆژانه له‌سه‌ر ئاستی جیاجیا شتی تازه و رێگا و چاره‌سه‌ری تازه بۆ كێشه‌كان دێنه ئاراوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مرۆڤی داهێنه‌ر زۆرجار ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ش هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و رێگای تازه‌یان بۆ داده‌نێت كه پێشتر په‌یپێبراون و وه‌ك تاكه رێگا یان باشترین رێگا گیراونه‌ته‌به‌ر، واته له جێگایه‌كدا داهێنان ده‌بێته لێدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و به‌تاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی له رابردوودا وه‌ك داهێنان هه‌ژماركراون و ساڵانێكی زۆر مرۆڤ بۆ چاره‌سه‌ری ئاسته‌نگه‌كانی په‌نای بۆ بردوون، ئه‌وه‌ش مه‌وداكانی كاری داهێنان فراوانتر ده‌كات و جووڵه‌ی به‌رده‌وام ده‌به‌خشێته گه‌ڕان و پشكنینه‌كان، به كورتی: هه‌تاكو مرۆڤ هه‌بێت و بیربكاته‌وه و هه‌وڵی تێگه‌یشتنی زیاتر و وردتر بدات، داهێنان به‌رده‌وامی ده‌بێت، واته مه‌رگی داهێنان له‌گه‌ڵ مه‌رگی بیركردنه‌وه و نه‌مانی مرۆڤایه‌تیدایه.
ئه‌ده‌ب و داهێنان
دانتی نووسه‌ری ئیتالی و خاوه‌ن كتێبی (كۆمیدیای ئیلاهی) كه یه‌كێكه له كتێبه مه‌زنه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی، له بڕیه‌كی كۆمیدیاكه‌ییدا ده‌نووسێت: سوێند به‌م كۆمیدیایه، كه سه‌رده‌مه‌كان ده‌بڕێت! ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی دانتی نیشانده‌ری ئه‌و راستییه‌یه كه نووسه‌ر له كاتی نووسینی كتێبه‌كه‌ییدا به‌ر له‌هه‌ركه‌س خودی خۆی زانیوویه‌تی كه به‌و كاره‌ی ده‌یكات داهێنانێكی گه‌وره پێشكه‌ش به فیكر و ئه‌ده‌بیاتی جیهان ده‌كات، ئه‌م ده‌رككردنه‌ی ناوبراویش هه‌روا ئاسان نییه، به‌ڵكو وابه‌سته‌یه به هۆشیاری گه‌وره‌ی ئه‌وه‌وه له به‌رامبه‌ر كۆی جیهان و ئه‌وه تاكو ئه‌و قۆناغه‌ی ئه‌و به‌ده‌ستهاتوون، له هه‌مان كاتدا ئه‌م رسته‌یه پێمان ده‌ڵێت: دانتی به ئاگاییه‌وه ده‌ستی به كرده داهێنه‌رانه‌كه‌ی كردووه و به له‌به‌رچاوگرتنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كاری تێداكردووه، له‌وێدا دۆخی دانتی به ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر پێچه‌وانه‌ی ئه‌و دیده فرۆیدییه ده‌وه‌ستێته‌وه كه پێی وایه: داهێنان كرده‌یه‌كه له نائاگایی مرۆڤه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و دێته ئاراوه، كه بێگومان نموونه‌ی به‌رچاویش بۆ ئه‌م جۆره له داهێنه‌ر زۆرن، به‌ڵام لێرده‌دا هێما بۆ نووسه‌ری دیاری عه‌ره‌ب محه‌مه‌د ماغوت ده‌كه‌ین، كه سه‌باره‌ت به شیعری خۆی ده‌ڵێت: من له زینداندا ده‌ستم دایه ئه‌و شێوه نووسینه و نه‌مده‌زانی چییه و ده‌چێته كام خانه‌ی نووسینی شیعره‌وه، تاكو دواتر شاره‌زایانی ئه‌ده‌ب پۆلێنیان كرد و وه‌ك جۆرێك له شیعری په‌خشانی ده‌ستنیشانكرا كه ده‌رهه‌ق به ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی شتێكی نوێ بوو.
به‌هه‌مان شێوه‌ی دانتی نووسه‌ری به‌ریتانی (شكسپیر) له شانۆنامه‌ی (یۆلیۆس قه‌یسه‌ر)دا كاتێك ده‌گاته دیمه‌نی كوشتنی قه‌یسه‌ر له‌لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانه‌وه، كه یه‌كێكه له كاریگه‌رترین دیمه‌نه‌كانی نه‌ك ته‌نیا ئه‌و شانۆنامه‌یه‌ی، به‌ڵكو له ریزی كۆی كاره‌كانی و له پاڵ كۆمه‌ڵێك دیمه‌نی گرنگ و به‌هێزی ناو تێكسته شانۆییه‌كانیدا داده‌نرێت. له‌و ده‌مه‌دا كه هه‌ریه‌ك خه‌ریكه خه‌نجه‌ری خۆی لێده‌وه‌شێنێت، نووسه‌ر له میانی دیالۆگی یه‌كێك له كاره‌كته‌ره‌كاندا ده‌ڵێت: ئاخۆم ئه‌م دیمه‌نه له چه‌ند جێگای دیكه‌ی ئه‌م جیهانه و به چه‌ند زمانی دیكه‌ی ئه‌م دنیایه دووباره ده‌كرێته‌وه؟
ئه‌مه‌ش جۆرێك له دڵنیایی ئه‌م نووسه‌ره ده‌رده‌خات له به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌ی ده‌یكات و مه‌به‌ستێتی له‌ناو ئیشه‌كه‌یه‌وه هێما بۆ هێزی داهێنه‌رانه‌ی خۆی بكات، كه ده‌توانێت كیشوه‌ره‌كان ببڕێت و بچێته ناو زمانه‌كانی دیكه‌ی دنیا و له نێو هه‌ر كه‌لتورێكدا زیندوو بێت!.
ئه‌م هه‌ستكردنه به دڵنیایی له داهێناندا له‌لای نووسه‌رێكی مه‌زنی وه‌ك شكسپیر یان دانتی و هاوشێوه‌كانیان له‌لای شاعیری كورد شێركۆ بێكه‌س به جۆرێكی تر به‌رجه‌سته ده‌بێت كاتێك سه‌باره‌ت به یه‌كێك له به‌رهه‌مه هه‌ره دیار و داهێنه‌رانه‌كانی خۆی به ناوی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله) ده‌ڵێت: له فڕۆكه‌دا بووم و بۆلای دایك ده‌چووم له ئه‌مریكا، بیرم كرده‌وه له‌وه‌ی تاكو ئه‌وكات له ئه‌ده‌بدا كردبووم، ده‌مزانی له نه‌خشه‌ی شیعری نوێی كوردییدا ناوێكی دیارم، به‌ڵام ده‌مویست ئه‌مجاره شتێك بكه‌م، كه پێشتر كه‌سیتر نه‌یكردبێت، ئه‌وه‌بوو له‌و سه‌فه‌ره‌مدا یه‌كه‌م ره‌شنووسی ده‌قی واڵای (ده‌ربه‌ندی په‌پووله)م نووسی.
بێگومان هه‌ستی ئه‌م شاعیره‌ی كوردیش له‌به‌رامبه‌ر داهێناندا راسته‌قینه ده‌كه‌وێته‌وه و پاش ئه‌وه‌ی (ده‌ربه‌ندی په‌پووله) ده‌كه‌وێته به‌رچاو به یه‌كێك له به‌رهه‌مه داهێنه‌رانه‌كانی ئه‌ده‌بی كوردی و ته‌نانه‌ت ئه‌ده‌بیاتی ناوچه‌كه‌ش داده‌نرێت.
سه‌ره‌نجام:
داهێنان كرده‌یه‌كه له هه‌موو مرۆڤێك ناوه‌شێته‌وه، ئه‌وانه‌ی ده‌چنه ریزی داهێنه‌رانه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه داهێنه‌رانه دێنه‌بوون و داهێنه‌رانه ده‌ژین و بیرده‌كه‌وه و له ئاكامدا داهێنه‌رانه‌ش ده‌مرن.
مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی بوونێكی تاقانه‌ی هه‌بێت داهێنان ده‌كات، هه‌ر داهێنانیش مرۆڤ نه‌مر ده‌كات، مرۆڤه داهێنه‌ره‌كان چه‌ندی وه‌ك لایه‌نی فیزیكی مردبن، وه‌ك ناو، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌رهه‌میانهێناوه هه‌رگیز نامرن. چونكه یه‌كێك له خولیاكانی مرۆڤ كه له پێناوییدا په‌نا بۆ داهێنان ده‌بات، خه‌ونی به‌ده‌ستهێنانی نه‌مرییه.