کەس لە خەمی فۆتۆگرافەرانی کوردستاندا نییە

10:31 - 2024-01-30
وەرزش
214 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەحمەد

ناوی ئەحمەد ساڵحە و ناسراوە بە (ئەحمەد سپۆڕت)، ساڵی 1994 لە ناحیەی باوەخۆشێنی سەر بە قەزای دەربەندیخان لەدایکبووە، پەیمانگای بەکرەجۆ بەشی کشتوکاڵی تەواو کردووە و ئێستا خولیای سەرەکیی فۆتۆگرافەرییە  بەتایبەتیش فۆتۆگرافەری وەرزشی، بۆ بەسەر کردنەوەی ئەم فۆتۆگرافەرە بەچاکمان زانی ئەم پرسیارانەی ئاڕاستە بکەین؛
*لە کەیەوە ئەم خولیایەت لە لا دروست بووە؟
-هەر لەمنداڵییەوە خولیای فۆتۆگرافەریم هەبووە، سەرەتا هەر بە مۆبایل وێنەم ئەگرت پێش ئەوەی کامێرام پێبێت و بەردەوام سەیری خولەکانی کوردستانم ئەکرد.
هەمیشە ئەموت؛ تۆ بڵێی ڕۆژێک لە ڕۆژان منیش ببم بە فۆتۆگرافەر لە خولەکانی کوردستان و عێراقدا ئەم کارە بکەم، هەر ئەو کاتانە موتابەعەی ئەو فۆتۆگرافەرانەم ئەکرد کە لە کۆنەوە وێنەی خولەکانی کوردستانیان ئەگرت و لەگەڵ ئەوەشدا زۆرم حەز بە وێنەی سروشت دەکرد.
*بەکام لە فۆتۆگرافەرە وەرزشییەکانی کوردستان سەرسامیت؟
-ئێستا فۆتۆگرافەری زۆر باش و لێهاتوومان هەیە لە کوردستان و عێراق،  یەکێک لەوانەی پێی سەرسامم ئاراس بارتێز و یوسف کەرکوکیە.
*کەی بەتەوای دەستت کرد بە کاری فۆتۆگرافەری؟
-وەک فۆتۆگرافەری وەرزشی لە ساڵی 2019 دەستم پێکردووە.
*ئاستی فۆتۆگرافەرەکانی کوردستان چۆن دەبینی؟
-ئاستێکی باشیان هەیە و زۆربەیان کاری جوان سەرنج راکێشیان هەیە.
*بەڕای تۆ چی بکرێت بۆ فۆتۆگرافەرانی وەرزش؟
-پێم باشە کارئاسانیان بۆ بکرێت، بۆ نموونە باجی وێنەگرتنی تایبەت و هەمیشەییان بۆ بکرێت چونکە هەر ئێمەین جوانیمان بە خولەکانی کوردستان بەخشیوە.
*گرفتی ئێوەی فۆتۆگرافەر لە چیدا ڕەنگدەداتەوە؟
- گرفتی مادی و مەعنەویمان هەیە، چونکە هەندێک لە فۆتۆگرافەرەکان خۆبەخشانە کاردەکەن، هیوادارم یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هاوکارییان بکات.
*لە هیچ یانەیەک پێیان وتوویت ببیت بە ڕاگەیاندنکاری یانەیەک؟
-لەم چەند ساڵەدا کە دەستم بە وێنەگرتن کردووە، وەک وێنەگر لە یانەی دەربەندیخان کارم کردووە و ئێستاش بەردەوامم.
*داواکاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرس چییە ؟
-من داواکارم هاوکاری فۆتۆگرافەرکان بکرێت و ڕێزیان لێبگیرێت، بە ڕەقی مامەڵەیان لەگەڵ نەکرێت.
*خەونی تۆ وەک فۆتۆگرافەرێکی کوردستان چییە؟
- خەون و ئاواتم ئەوەیە بتوانم  لە پاڵەوانێتییەکی ئاسیا و خولی عێراق وێنەبگرم و هاوکاریم بکرێت، لەگەڵ وێنەی وەرزشی حەزم بە وێنەی سروشتیشە، هیوادارم لە هەردوو بوارەکەدا خزمەتی جوان بکەم.
*ئەگەر شتێکت ماوە لە کوتاییدا بیڵێیت؟
-لە کۆتاییدا هیوادارم ڕێز لە فۆتۆگرافەرانی کوردستان بگیرێت و یارمەتییان بدرێت، هەروەها زۆر سوپاسی ڕۆژنامە جوانەکەی کوردستانی نوێ و ستادیۆم ئەکەم بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیەی من.


#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان