دیداری: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بۆ جاری سێیەم سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە مەرسومی تایبەتی رۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانی لە 10ی حوزەیرانی دیاریكردووە و پشتبەست بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەڵێت: یەكێتی پێداگری لەوە دەكات كە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت و قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان تووشی لاوازی زیاتر نەبێت.
پابەندبوونی راستەقینەی یەكێتی
د.ڕێواز فایەق ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: جەختكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرئەوەی كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بکرێت، پابەندبوونە بە ناوەڕۆکی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئەوەش مافی گەلی كوردستانە بۆ ئەوەی نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن بۆ پەرلەمان و حكومەتێكی نوێ دابمەزرێت بەرمەبنای ئەو دەنگدانە.
وتیشی: پێداگریمان پابەندبوونمانە بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی كە لە كۆبوونەوەی خۆیدا بە كۆی دەنگ بڕیاریدا کە لەگەڵ کردنی هەڵبژاردنین لەوادەی خۆیدا.
د.ڕێواز فایەق ئاماژە بەوەش دەكات: ئەگەر هەڵبژاردنیش لەو وادەیەدا نەکرێت و «خوانەخواستە» سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتەكانی خۆی بەكارهێنا لە كێشاندنەوەی مەرسوومەكەی یان دواخستنی هەڵبژاردن، «بەبڕوای من وەكو كەسێكی یاسایی»، دواخستنی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمدا نییە، بەڵكو دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن لە دەسەڵاتی ئەودایە، ئەگەر ئەوەشبكرێت ئەوا كارێكە لە دەرەوەی خواستی یەكێتی روودەدات، چونكە ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
هەڵبژاردنێكی تەندروست
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی هێما بۆ ئەوە دەكات: ئێمە پێمانوایە، هەموو رەگەزەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی تەندروست لە هەرێم ئامادەیە، كۆمسیۆن و یاسا هەیە و هێزە سیاسییەكان ئامادەن بۆ هەڵبژاردن جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام ئێمە پابەندین بەو بنەما دیموكراسییانەی كە ماف دەدات بە خەڵكی كوردستان هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكات.
جەختكردنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرئەوەی كە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بکرێت، پابەندبوونە بە ناوەڕۆکی مەرسومی سەرۆکی هەرێمی كوردستان بە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن
هەلومەرجی بابەتی
د.ڕێواز فایەق وتیشی: بەداخەوە ئێمە نەمانتوانیوە چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن بكەین، لەبەرئەوەی هەلومەرجی بابەتی گونجاو نەبووە، بەڵام ئێستا ئێمە پێمانوایە هەلومەرجەكە گونجاوە، بۆیە پابەندین بەو كاتەی كە بۆ هەڵبژاردن دیاریكراوە.
یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
د.ڕێواز فایەق جەخت لەوەدەكاتەوە، ئێمە وەك یەكێتی دامەزراوە تایبەتمەندەكانمان وەك مەكتەبی رێكخستن و مەكتەبی هەڵبژاردن و هەموو مەڵبەند و كۆمیتە و ئۆرگانەكانی دیكەی یەكێتی، ئەركەكانی خۆیان جێبەجێكردووە لە ئامادەكارییە لۆجستییەكان، لیستی كاندید، بەرنامەی كاری یەكێتی بۆ هەڵبژاردن، دروشمەكانی یەكێتی، كاروبارە لۆجستی و تەكنیكییەكان، هەروەها لیژنەكانی سەرپەرشتی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە بازنەكانی هەڵبژاردنیش دروستكراون، سەرۆكی لیژنەكان و ئەندامانی لیژنەكان، وردكردنەوەی ئەمەش لەناو هەر بازنەیەكدا کراوە لەلایەن مەڵبەند و كۆمیتەكانی یەكێتییەوە.
دەرفەتەكە لەدەستدەنەچێت
لە كۆتایی لێدوانەکانیدا بۆ رۆژنامەی كوردستانی نوێ، د.ڕێواز فایەق، ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆسەكە بە نیسبەت ئێمەوە گەیشتۆتە دوا قۆناغی ئامادەكاری و هیوادارین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بکرێت و ئەو دەرفەتە لەدەستی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی دەرنەچێت، چونكە یەكێك لە هۆكارە بنەڕەتییەكانی لاوازبوونی قەوارەی سیاسی هەرێمی كوردستان نەکردنی هەڵبژاردن و نەبوونی دامەزراوەی شەرعی و راستەقینەیە لە هەرێمی كوردستان.