ئەیمەن حسێن بۆچی کارتی سووری وەرگرت و ئایا شایستەی بوو؟

07:06 - 2024-01-30
وەرزش
147 جار خوێندراوەتەوە

لە دواین یاریی هەڵبژاردەی عیراق لە جامی ئاسیادا، هەڵبژاردەکە بە 3 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ شکستی هێنا و یەکێک لە هۆکارەکانی دۆڕاندنی عیراقیش کردنەدەرەوەی ئەیمەن حسێن بوو بەکارتی سوور، بەڵام ئایا ئەو یاریزانە شایستەی دەرکردن بوو؟

لە خولەکی 76ی یارییەکەدا، پاش ئەوەی ئەیمەن حسێن، گۆڵی دووەمی بۆ عیراق کرد، زیادەڕەوی لە ئاهەنگگێڕاندا کرد و بەو هۆیەشەوە ناوبژیوان کارتێکی زەردی پێدا و ئەمەش لەکاتێکدابوو کە  پێشتریش کارتێکی زەردی وەرگرتبوو، هەر بۆیە لە یارییەکە کرایە دەرەوە.

بەپێی یاسای ژمارە 12ی فیفا، گەر یاریزانێک زیادەڕەویی بکات لە ئاهەنگگێڕان لەکاتی گۆڵکردن و بەو هۆیەوە کات بکوژێت، یاخود ئاهەنگگێڕانەکەی سووکایەتی بێت بە لایەنی بەرامبەر، یاخود جلەکانی لەبەر دابکەنێت، ئەوا ناوبژیوان دەتوانێت کارتی زەردی پێبدات. 

دادوەری یارییەکەش، عەلی رەزا فغانی بوو کە بە رەگەز ئێرانییە، بەهۆی کوشتنی کات و بازدان بەسەر پەرژینی یاریگاکە و رووکردنە هاندەرانی ئوردن و دواتریش دانیشتنی ئەیمەن حسێن لە نێو یاریگا و جووڵەی خواردنی مەنسفی ئوردنی، کارتی زەردی دووەمی دا بە هێرشبەرە عیراقیەکە و لە یاریگا کردیە دەرەوە.

بە وتەی خیسوس کاسیاس، راهێنەری هەڵبژاردەی عیراق، کردنەدەرەوەی ئەیمەن حسێن لە کاتێکدا بووە کە چیدیکە نەیتوانیوە یاریزان ئاڵوگۆڕ بکات، هەر بۆیە راستکردنەوەی شیرازەی تیپەکە کارێکی قورس بووە".

کردنەدەرەوەی ئەیمەن حسێن دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بە وتەی عومەر مەهنا،  ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و شیکەرەوەی وەرزشی، پێویست بوو دادوەری یارییەکە بە هەستیارانەتر مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات.

ئەو رووداوە لە رۆژنامە جیهانییەکانیشدا بووە جێگای باس و بەشێک لە راگەیاندنەکان کردنەدەرەوەکەیان بە نادادپەروەرانە ناوبرد، بەتایبەت لەو کاتە هەستیارەدا.

هەریەکە لە رۆژنامەکانی ئاسی ئیسپانی و سپۆرتس بايبلی بەریتانی و ژمارەیەک لە رۆژنامە وەرزشییە ئاسیایی و ئەوروپیەکانیش، بڕیارەکەی دادوەریان بە کارێکی سەیر و سەمەرە ناوبردووە، بەتایبەت لە پاڵەوانێتییەکی نێودەوڵەتی وەک جامی ئاسیادا.

لای خۆشییەوە، ئەیمەن حسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عیراق رەخنەی لە بڕیارەکە گرت و رایگەیاند کە ویژدان نامێنیت کاتێک بەرامبەرەکەت دادوەر بێت، بەڵام سوپاس بۆ خوا لەسەر هەموو شتێک و داوای لێبووردن لە گەلی عیراق دەکەم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان