كاردۆ ئه‌سعەد
سه‌رمایه‌داری سیستمێكی ئابوورییه كه به خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت له ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ته‌رخانكردنی سه‌رچاوه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای بازاڕ و به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ قازانج ده‌ناسرێته‌وه.
سه‌رمایه‌داری وه‌ك سیستمێك یه‌ك داهێنه‌ر و سه‌ره‌تایه‌كی دیاریكراوی نه‌بووه، به‌ڵكو ورده ورده به تێپه‌ڕبوونی كات په‌ره‌ی سه‌ندووه، ره‌گ و ریشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پراكتیزه بازرگانییه‌كانی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست و سه‌ره‌تای سه‌رده‌می مۆدێرن. سیستمه‌كه له ماوه‌ی سه‌ده‌ی 16 و 17دا به فراوانبوونی بازرگانی و دامه‌زراندنی ئیمپراتۆریه‌تی كۆلۆنیالیزم ده‌ستی به كریستاڵبوون كرد. به‌ڵام ئه‌وه شۆڕشی پیشه‌سازی بوو كه له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مه‌وه ده‌ستی پێكرد، سیستمه‌كه‌ی گۆڕی و پره‌نسیپه‌كانی له ئاستی جیهانیدا بڵاوكرده‌وه. ئه‌م قۆناغه پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی له بواری ته‌كنه‌لۆژیا و گه‌شه‌ی كارگه‌كاندا به‌خۆیه‌وه بینی، كه بووه هۆی به‌رهه‌مهێنانی به كۆمه‌ڵ و گۆڕانكاری له سیستمی كاردا.
بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كان
چه‌ندین بیرمه‌ند و ئابووریناس كاریگه‌رییان له‌سه‌ر تێگه‌یشتن و گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری هه‌بووه. ئاده‌م سمیس كه زۆرجار به باوكی ئابووریی مۆدێرن ناسراوه، له كتێبه ناسراو و سه‌ره‌كییه‌كه‌یدا (سامانی گه‌لان) ساڵی 1776 زۆرێك له بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سیستمه‌كه‌ی باسكردووه. ئه‌و داكۆكی له بیرۆكه‌ی ده‌ستی نه‌بینراو ده‌كرد، پێشنیازی كرد كه به‌رژه‌وه‌ندی تاكه‌كه‌سی له بازاڕێكی ئازاد‌دا ده‌توانێت ببێته هۆی خۆشگوزه‌رانی ئابووری.
كه‌سایه‌تییه گرنگه‌كانی دیكه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی بیری سه‌رمایه‌داری بریتین له ده‌یڤید ریكاردۆ كه به تیۆری سوودی به‌راوردكاری له بازرگانیدا ناسرابوو، له‌گه‌ڵ جۆن ستیوارت مێل كه باسیان له چه‌مكی ئازادی كردووه و تیۆری ئابوورییان فراوانتر كردووه. له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئابووریناسانی وه‌ك میڵتۆن فریدمان و فریدریش هایك زیاتر پاڵپشتی دۆزی سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازادیان كرد.
ره‌خنه‌گرانی سه‌رمایه‌داری
سه‌ره‌ڕای هه‌ژموون و باڵاده‌ستیی سه‌رمایه‌داری له جیهاندا، به‌ڵام ره‌خنه‌یه‌كی زۆری لێگیراوه و سیستمی جیاوازتر دانراوه. كارل ماركس یه‌كێك بوو له ره‌خنه‌گره هه‌ره دیاره‌كانی، به‌رهه‌مه‌كانی بناغه‌ی بزووتنه‌وه كۆمۆنیستی و سۆشیالیستییهكانی پێكهێنا، كه هه‌وڵیان ده‌دا سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌و سیستمه بگۆڕن كه به خاوه‌ندارێتی هاوبه‌ش له ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و نه‌بوونی چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان تایبه‌تمه‌ند بوو. به درێژایی مێژوو فۆڕمی جۆراوجۆری سه‌رمایه‌داری سه‌ریان هه‌ڵداوه، له سه‌رمایه‌داریی بازاڕی ئازاده‌وه تا ئابووری تێكه‌ڵاو به ده‌ستێوه‌ردانی به‌رچاوی ده‌وڵه‌ت و رێكخستنی بازاڕه‌كان، هه‌روه‌ها پاكترین شێوه‌ی سه‌رمایه‌داری بازاڕی ئازادی (لایسز فه‌یر)ه، كه تاكه‌كان به ته‌واوی بێ به‌ربه‌ستن له بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له كوێ وه‌به‌رهێنان بكه‌ن، یان چی به‌رهه‌م بهێنن و چی بفرۆشن، به چ نرخێك كاڵا و خزمه‌تگوزاری ئاڵوگۆڕ بكه‌ن. بازاڕی ئازاد فۆرمێكی ئایدیالیزهكراوی ئابووریی بازاڕه كه كڕیار و فرۆشیاران رێگه‌یان پێده‌درێت به ئازادی مامه‌ڵه بكه‌ن به‌بێ هیچ ده‌ستێوه‌ردانێكی حكومه‌ت.
ئه‌و سوودانه‌ی بازاڕی ئازاد كه لایه‌نگرانی سه‌رمایه‌داری بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن بریتین له: كارایی ئابووری، ئازادی و داهێنانی كارگێڕی و هه‌ڵبژاردنی به‌كاربه‌ر، به‌ڵام ره‌خنه‌گرانی ده‌ڵێن سه‌رمایه‌داری ده‌توانێت ببێته هۆی نایه‌كسانی ئابووری و پشتگوێخستنی خۆشگوزه‌رانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌سه‌ڵاتی قۆرخكاریی.
تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌رمایه‌داری بریتین له:
1- موڵكی تایبه‌ت: تاك و كۆمپانیاكان مافی خاوه‌ندارێتی و كۆنترۆڵكردنی سه‌روه‌ت و سامان و موڵك و كاروباره‌كانیان هه‌یه.
2- پاڵنه‌ری قازانج: ئامانجی سه‌ره‌كی كار‌و چالاكییه ئابوورییه‌كان به‌ده‌ستهێنانی قازانج بۆ به‌ڕێوبه‌ره‌كان و خاوه‌ن پشكه‌كانه.
3- بازاڕه كێبڕكێكاره‌كان: بازرگانه‌كان له بازاڕه‌كاندا كێبڕكێ له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌كه‌ن بۆ فرۆشتنی به‌رهه‌م و خزمه‌تگوزارییه‌كانیان، نرخه‌كان تا راده‌یه‌كی زۆر به پێی خواست و خستنه‌ڕوو دیاری ده‌كرێن.
4- ده‌ستوه‌ردانی سنوورداری حكومه‌ت: به گشتی رۆڵی حكومه‌ت سنوورداره به جێبه‌جێكردنی گرێبه‌ست و مافی خاوه‌ندارێتی و دابینكردنی كه‌لوپه‌لی گشتی و چاره‌سه‌ركردنی شكسته‌كانی بازاڕ، نه‌ك كۆنتڕۆڵی راسته‌وخۆی ئابووری.
بازاڕی ئازاد له هه‌رێم
نموونه‌ی كۆمه‌ڵگه سه‌رمایه‌دارییه مۆدێرنه‌كانی وه‌ك ئه‌مریكا، یان زۆرێك له وڵاتانی ئه‌وروپا، ئابووریی تێكه‌ڵاون، كه ده‌وڵه‌ت تا راده‌یه‌ك ده‌ست له كاروباری بازاڕ وه‌رده‌دات، زۆرجار بۆ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان، یان رێكخستنی چالاكییه ئابوورییه‌كان، یاخود جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و كاره ده‌كات.
له كۆتاییدا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان كه نموونه‌یه‌كه بۆ ئابووری سه‌رمایه‌داریی تێكه‌ڵاو.
هه‌رێمی كوردستان به ئابوورییه‌كی سه‌رمایه‌داری كارده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌یه كه بنه‌مای ئابووریی بازاڕی ئازاد، كه نرخی كاڵا و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌لایه‌ن بازاڕی كراوه و به‌كاربه‌رانه‌وه، واته له‌سه‌ر بنه‌مای خواست و خستنه‌ڕوو دیاری ده‌كرێت، به پله‌ی یه‌كه‌م له چوارچێوه‌ی ئه‌م سیستمه‌دا كارده‌كات.
حكومه‌ت رۆڵی هه‌یه
خاوه‌ندارێتی تایبه‌ت و به‌رهه‌مهێنانی كاڵا و خزمه‌تگوزاری بۆ قازانج پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی ئابووریی كوردستانن، ئابووریی كوردستان كه به‌شێكه له ئابووریی عیراق زۆر پشت به نه‌وت ده‌به‌ستێت و داهاتی نه‌وت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی عیراقه، هه‌روه‌ها هه‌رێم سیاسه‌تێكی په‌یڕه‌و كردووه بۆ راكێشانی وه‌به‌رهێنانی بیانی و هاندانی گه‌شه‌پێدانی كه‌رته جیاوازه‌كانی وه‌ك كشتوكاڵ، گه‌شتیاری و پیشه‌سازی. هه‌ر له چوارچێوه‌ی سه‌رمایه‌داریدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵده‌دات گه‌شه‌ی ئابووری به‌ره‌وپێش ببات به ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌ك كه له‌بار بێت بۆ بازرگانی و وه‌به‌رهێنان.
شایه‌نی باسه له كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان سه‌رمایه‌داری پراكتیزه ده‌كات، به‌ڵام جێپه‌نجه‌ی به‌شداریكردنی حكومه‌ت له ئابووریدا هه‌یه و له عیراق به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه حكومه‌ت رۆڵی هه‌یه له دابه‌شكردن و فرۆشتنی سه‌رچاوه‌كانی نه‌وت و غازی سروشتی‌دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، حكومه‌ت له‌وانه‌یه زۆر جار یاسا و رێسا و سیاسه‌تی ئه‌وتۆ بخاته‌ڕوو كه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بازاڕ هه‌بێت، ئه‌مه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌كی باو و ئاساییه له ئابوورییه تێكهڵهكاندا كه توخمه‌كانی هه‌ردوو كۆنترۆڵی حكومه‌ت و بازاڕی ئازادیان تێدایه.