پەرەسەندنی ململانێکان و ئاوابوونی ئارامیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست

10:31 - 2024-02-01
جیهان
125 جار خوێندراوەتەوە
شەڕی حەماس - ئیسرائیل بارودۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزترکرد

فەرمان محەمەد

دۆخی جیهان بەرەو ئاڕاستەیەکی جیاواز و ئاڵۆز دەکشێت و خەریکە دەخلیسکێتە ناو واقیعێکی تاڵەوە، کۆدەنگیی نێودەوڵەتیش لەسەر چۆنیەتی چارەسەرکردنی ململانێی فەلەستین - ئیسرائیل رووبەڕووی تەحەدا دەبێتەوە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست تێکچوونی ئابووریی، بێکاریی، زیادبوونی چالاکییەکانی بناژۆخوازیی، میلیشیایی و ململانێی جەمسەرەکانەوە دەناڵێنێت، کە رەگ و ریشەی بێمتمانەیی لەنێو گۆڕەپانی سیاسیی نێودەوڵەتیی بەرەو هەڵکشان بردووە.
ئەو پرس و رەوتانەی کە ئێستا رووبەڕووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتەوە، لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە پەرەی سەندووە و رێی بۆ ململانێکان خۆشتر کردووە. دابەشبوونی وڵاتانی ناوچەکە و  جیاوازییە قووڵەکانیان، هاوکات یەکڕیزنەبوونی ئەستێرەکان بۆ دەستپێشخەریی سیاسیی، هۆکارە بۆ نەبوونی ئاشتیی سەرتاسەریی.

نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕێت
مێژووی ناوچەکە فێری کردووین، لە قەیرانی بەم ئەندازەیەدا، دەتوانرێت لێکەوتەی سیاسیی گەورە و نەخشەی هەرێمایەتیی بگۆڕێت. بۆ نموونە شەڕی درێژخایەنی سودان بووە هۆی دابەشبوون و درووستبونی دوو دەوڵەت، شەڕی ئۆکتۆبەری 1973 بووە هۆی ئاشتیی لە نێوان میسر و ئیسرائیل. دواتر یەکەم جەنگی کەنداو، کۆنفرانسی ئاشتیی مەدریدی لێکەوتەوە. بەڵام ئەمجارە دۆخەکە جیاوازە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی رووبەڕووی حکومەتێک لە ئیسرائیل دەبێتەوە، کە گرنگی بەهیچ سازشێک نادات، هاوکات سەرکردایەتییەکی بێکاریگەری فەلەستین، کە بەهۆی رووداوەکانی ئێستاوە زیاتر لاواز بووە، ئیدارەی ئەمریکا کە سەرکردایەتیی جیهانی دەکرد رووەو لاوازییە و خۆشی بووەتە بەشێک لە ململانێکە، ئەمەش بووەتە هۆی بەریەککەوتنی زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و زاڵبوونی ناسەقامگیری بەسەر  دۆخی ناوچەکەدا.

گۆڕانی هاوسەنگیی هێز و تێکچوونی دۆخەکە
ئەمریکا تا دێت لە پەیوەندییەکانیدا تووشی کێشە دەبێت، دوژمنەکانی بەهێزتر دەبن و ژمارەیان لە دوو دەیە لەمەوبەر زیاتر بووە. بۆیە ئەمڕۆ دەبینین کە گروپە چەکدارەکان، شەڕیان تووندتر بووە و دەستیان بە تەکنۆلۆژیای تازە و چەکی مۆدێرن دەگات، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، مووشەکی بالیستیی، مووشەکی کورتمەودا، تەنانەت مووشەکی دژە ئاسمانیی مۆدێرن، کە لە چەند وڵاتێکەوە دەهێنرێت. لەم نێوەندەشدا حزبوڵڵای لوبنان هەڕەشەیەکی جددیە لە دژی هێزی دەریایی ئەمریکا، چونکە ئێستا  بەوتەی ئەمریکییەکان شانازیی بە مووشەکی کرۆزی دژە کەشتییە مۆدێرنەکانی یاخۆنتی روسیاوە دەکات. 
ئەم گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکیی، ئابووریی و سەربازییانە بەشێوەیەکی جددی هاوسەنگیی هێز و هەژموونی ئەمریکای لە ناوچەکە لاوازکردووە. دەیە و نیوێک لەمەوبەر ئەمریکا دەیتوانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر بەشێکی زۆری ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بفڕێنێت و مووشەکی هێلفایەر ئاراستەی ئەو کەس و لایەنانە بکات کە گومانی هەبێت لەوەی تیرۆریستن، بەڵام ئێستا دۆخەکە تەواو جیاوازە، ماوەیەک لەمەوبەر، حوسییەکانی یەمەن، کە یەکێک لە هەژارترین وڵاتانی ناوچەکەن، ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە بەکارهێنانی مووشەکی دژە ئاسمانیی، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیی لەجۆری MQ-9 ریپەر، لەسەر دەریای سوور دەخەنەخوارەوە.
سەرنج ئەوەیە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیی کە  32 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت؛ کەچی ئەو مووشەکە دژە فڕۆکەیەی بەرهەمی ئێرانە و تێچووی زۆر کەمترە لەوەی ئەمریکا دەیپێکێت، ئەمەش پەرتبوونی سەربازیی  و کێشەیەکی قووڵتر نیشان دەدات، چونکە دەریدەخات سیستەمی چەکی ئەمریکا هەم کۆنتر و هەم گرانترە، لە کاتێکدا ئەو ئامرازانەی کە بۆ تەحەدای کەمبوونەوەی باڵادەستیی ئەمریکا بەکاردەهێنرێن، هەم هەرزانتر دەبن و هەم بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەردەست دەبن. 

روئیای چین بۆ شەڕی ئۆکرانیا و شەڕی غەززە
 وەڵامی چین بۆ شەڕی غەززە و ئۆکرانیا لە دوو لایەنی سەرەکییدا جیاوازی زۆرە. لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی شەڕی ئۆکرانیا، چین پێداگریی لەسەر بێلایەنیی سیاسیی خۆی بەرامبەر هەردوو لایەنی شەڕەکە کردووە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، راستەوخۆ دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە غەززە، پاڵپشتیی لە بەرژەوەندییەکانی غەززە کردوە.
شەڕی غەززە توانای ئەوەی هەیە، هەم ئەمریکا و هەم چین بۆ ململانێیەکی ناوچەیی راستەوخۆ لە دەرەوەی زەریای هێمن رابکێشێت. لەم کەینوبەینەشدا دوو فڕۆکەهەڵگری ئەمریکیی لە کەنارەکانی دەوروبەری غەززە جێگیرکراون، بۆ ڕێگریکردن لەو مووشەکانەی، کە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێن.
هەروەها چین دوای ئەو ململانێ کارەساتبارانەی کە لە 7ی تشرینی یەکەمدا سەریانهەڵداوە، پشتیوانییەکی بێ دوودڵی بۆ گەلی غەززە دەربڕی. هەروەها سۆشیال میدیای چین پڕبووە لەلێدوانی دژە ئیسرائیل و ئەمریکا. وەزیری دەرەوەی چین داوای ئاگربەستی خێرای له غەززە کرد و چارەسەری دوو دەوڵەتییشی وەک تاکه رێگەی ئاشتیی دووپاتکردەوە، کە لەمێژە پشتیوانیی لە بنیاتنانی دەوڵەتی فەلەستین دەکات.
ئێستا شەش کەشتی جەنگیی چین لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون، ئەمەش دوای راهێنانی سەربازیی لە ئاوەکانی عوممان و بەندەرێک بە دوو مەبەست لە کەناراوەکانی جیبۆتی بەڕێوەدەبات، کە ئەوە نیشان دەدات لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە ناوچەکە بەرەو کوڵان و گیرسانەوە و قووڵبوونەوەی جەنگەکە دەڕوات.
هێرشی لەناکاوی حەماس لە بەرەبەیانی 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، توخمێکی زۆر ناسەقامگیرکەری خستە ناو دیمەنی جیۆپۆلەتیکی جیهانەوە. کە رەنگە کاریگەریی فراوانتری هەبێت لەسەر گرژییەکانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا. ئەم پەرەسەندنە لەناکاوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست توانای ناسەقامگیرکردنی نەک تەنیا ناوچەکە، بەڵکو دیمەنی ئابووریی و جیۆپۆلەتیکی جیهانیشی هەیە. ململانێ بەردەوامەکانی ئیسرائیل و فەلەستین، یەمەن، سوریا، ناسەقامگیری ناوخۆیی لە لوبنان و عیراق کێشەی ئاساییشی وڵاتانی کەنداو و ئێران و بەرنامە ئەتۆمیەکەی و چالاکییە بەرفراوانەکانی لە دەرەوەی وڵات، وەک دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەکارهێنانی لەدژی ئۆکرانیا لەلایەن ڕوسیاوە، لەزیادبووندان و ئاسۆکانی بەردەم ئاساییشی جیهانیی ناڕوون کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان