ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
پاره خه‌رجكردن زۆر ئاسانه و هه‌موو كه‌س ده‌توانێ ئه‌و پاره‌یه‌ی په‌یدا ده‌كات زۆر به ئاسانی خه‌رجی بكات، به‌ڵام پاره پاشه‌كه‌وتكردن هه‌روا ئاسان نییه و پێویستی به پلانی زیره‌كانه هه‌یه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی به بڕی داهات و ئاستی بژێوی مرۆڤیشه‌وه هه‌یه. له‌م بابه‌ته‌دا ئامۆژگاری و رێنمایی كۆمه‌ڵێك پسپۆڕ ده‌خه‌ینه روو بۆ شێوازی پاشه‌كه‌وت كردنی پاره و كۆكردنه‌وه‌ی و هه‌ڵگرتنی بۆ كاتی پێویست وه‌ك نه‌خۆش كه‌وتن، یان بێكاربوون بۆ ماوه‌یه‌ك، یاخود بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونێك، وه‌ك كڕینی خانوو، سه‌فه‌رێكی خۆش، پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی ..هتد.
سایتی (ئینڤێستۆپیدیا) چه‌ند رێنامییهكی ئاماده كردووه بۆ شێواز و ده‌ستپێكردنی پاشه‌كه‌وت كردنی پاره، كه بریتین له:
كه‌مكردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان
ئه‌م رێنماییه پێمان ده‌ڵێ: به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست به پاشه‌كه‌وت كردنی پاره بكه‌ین ده‌بێ قه‌رزه‌كانمان كه‌م بكه‌ینه‌وه، چونكه ناكرێ مانگانه بڕێكی زۆر قه‌رز بده‌یته‌وه، كه زیاتر بێت له‌و بڕه قازانجه‌ی ده‌چێته سه‌ر هه‌ژماری ئه‌كاونتی پاشه‌كه‌وته‌كه‌ت له بانك، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌وڵبده مانگانه زۆرترین بڕی قه‌رز بده‌یته‌وه، له‌گه‌ڵ گلدانه‌وه‌ی بڕێكی زۆر كه‌می پاره بۆ دۆخی نائاسایی.
دامه‌زراندنی سندوقی باری نائاسایی
سندوقی باری نائاسایی، ئه‌و بڕه پاره‌یه یه كه له ههژمارێكدا هه‌ڵی ده‌گریت به مه‌رجێك له كاتی پێویستدا به ئاسانی ده‌ستت پێی بگات، بۆ خه‌رجكردنی له بارودۆخی نائاساییدا، مه‌به‌ست له باری نائاساییش ئه‌وه‌یه بۆ نموونه كوت‌وپڕ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت ده‌شكێ و پێویستی به چاكردنه‌وه ده‌بێت، كوت‌وپڕ نه‌خۆش ده‌كه‌ویت، یاخود هه‌ر رووداوێكی كوت‌وپڕ كه خه‌رجییه‌كی زیاده‌ی لێ بكه‌وێته‌وه، له بارودۆخێكی وادا به ئاسانی توانای خەرجییەکانت دەبێت و پێویست ناكات بچیت قه‌رز بكه‌یت.
ده‌ستنیشان كردنی بڕی پاشه‌كه‌وت
پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، ده‌توانێ چه‌نده پاشه‌كه‌وت بكه‌یت له سندوقی باری نائاساییدا؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه داهاتی مانگانه‌ت چه‌نده و خه‌رجیت چه‌نده، چۆن ده‌توانیت به ئاسووده‌یی بژی و له هه‌مان كاتیش‌دا پاشه‌كه‌وت بكه‌یت. پسپۆڕانی دارایی پێیان باشه تۆ هه‌میشه خه‌رجی سێ تا شه‌ش مانگت له سندوقی باری نائاساییدا هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه په‌یوه‌سته به بڕی داهاتی مانگانه و خهرجییهكانتهوه، خۆ ئه‌گه‌ر له ساڵێكدا %50ی داهاتت بخه‌یته سندوقی باری نائاساییه‌وه، ئه‌وه ئامانجێكی باشت پێكاوه.
هه‌ڵبژاردنی شوێنی پاشه‌كه‌وت
باشترین شوێن بۆ دروست كردنی سندوقی باری نائاسایی، كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكییه كه بتوانیت به زووترین كات و به ئاسانترین شێوه ده‌ستت به پاره‌كه‌ت بگات، ئه‌وجا ئه‌و هه‌ژماره له بازاڕی دراودا بێت، یان له سه‌ندیكایه‌كی دڵنیایی، یاخود كۆمپانیایه‌كی وه‌به‌رهێنان، به‌ڵام گرنگه هه‌ژماره‌كه‌ت له شوێنێك بكه‌یته‌وه، كه مانگانه یان ساڵانه بڕێك قازانج بچێته سه‌ری، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا به‌های پاره‌كه‌ت له‌ده‌ست نه‌ده‌یت.
زیادكردنی به‌رده‌وامی پاشه‌كه‌وت
دوای ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌ت دیاریكرد و ههژمارهكهشت ده‌ستنیشان كرد، كاتی ئه‌وه هاتووه ده‌ست بكه‌یت به پاشه‌كه‌وت، چه‌ند رێگایه‌كیش هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بڕی پاشه‌كه‌وته‌كه‌ت زیاد بكه‌یت، وه‌ك: به‌كارهێنانی هه‌ر زیاده‌یه‌ك له داهاتهكهتدا بۆ پاشه‌كه‌وت، بۆ نموونه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر بڕه پاره‌یه‌ك له فه‌رمانگه‌ی باجه‌وه، یان وه‌رگرتنی هه‌ر بڕه پاره‌یه‌كی زیاده له شوێنی كاره‌كه‌ت، یان وه‌رگرتنی هه‌ر پاره‌یه‌ك له كارێكی لاوه‌كییه‌وه. نموونه‌یه‌كی دیكه ئه‌وه‌یه، له وه‌رگرتنی هه‌ر مووچهیهكدا، ته‌رخان كردنی بڕێك پاره بۆ سندوقی باری نائاسایی پێش هه‌موو شتێك بێت. هه‌روه‌ها زیادكردنی پاشه‌كه‌وت به تێپه‌ڕبوونی كات یه‌كێكه له رێگاكان، بۆ نموونه هه‌ر كاتێك مووچه‌ت زیادی كرد، یان هه‌ستت كرد خهرجییهكت كه‌م بۆته‌وه، له‌و كاته‌دا هه‌وڵ بده زیاده‌ی پاره‌كه‌ت بخه‌یته سه‌ر پاشه‌كه‌وته‌كه.
به‌رده‌وامبوون
پاشه‌كه‌وت كردنی پاره كاتی ده‌وێ، واته به رۆژێك و دوان هیچ به هیچ ناكه‌یت، به‌ڵام كه گه‌یشتی به ئامانج مه‌وه‌سته و به‌رده‌وام به، چونكه ده‌توانی ئامانجی دیكه بنیات بنێیت و كار بۆ خه‌ونی گه‌وره‌تر بكه‌یت، وه‌ك كڕینی ئۆتۆمبێل، یان خانوو، یاخود هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی دارایی كه ببێته هۆی ئاسووده‌ییت.
یه‌كێك له‌و نموونه به‌رچاوانه‌ی پاشه‌كه‌وت، به پێی راپۆرتێكی بزنس ئینسایده‌ر (ئێریك سمۆلینسكی)یه، كه هه‌ر له ته‌مه‌نی 12 ساڵییه‌وه ده‌ستی كردووه به پاشه‌كه‌وت كردنی پاره و دواتر وه‌به‌رهێنان و سه‌ره‌نجام له ته‌مه‌نی 32 ساڵیدا سامانه‌كه‌ی بۆته حه‌وت ژماره‌یی.
ئه‌م هه‌رزه‌كاره له‌و ته‌مه‌نه كه‌مه‌دا كاتێك هه‌ستی كرد باوكی ناچاره دوو ئیش بكات بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی ئه‌م و براكه‌ی دیكه‌ی په‌یدا بكات، بڕیاری دا كار بكات و یه‌ك سه‌نتیش به فیڕۆ نه‌دات و پاشه‌كه‌وتی بكات، سه‌ره‌تا ده‌ستی به فرۆشتنی داری جه‌ژنی سه‌ری ساڵ كرد و پاشان به هاندانی مامۆستایه‌كی بیری له وه‌به‌رهێنان كرده‌وه و سه‌ره‌تاش چه‌ند پشكێكی كه‌می كۆمپانیای ئه‌پڵ (Apple)ی كڕی، دواتر په‌لی كێشا بۆ ئه‌مازۆن و نێتفلێكیش.
وه‌به‌رهێنانی درێژخایه‌ن
ئێستا ئێریك سمۆلینسكی كه ته‌مه‌نی 32 ساڵه خاوه‌نی چه‌ندین خانوو و موڵكی بازرگانییه، وه‌ك خۆی باسی ده‌كات، له‌و كاته‌وه‌ی ده‌ستی كردووه به كڕینی پشكی كۆمپانیاكان ته‌نیا دوو جار زیانی كردووه، ئه‌ویش له ساڵی 2007دا كه پشكه‌كانی به رێژه‌ی %1.1 زیانیان كرد و ساڵی دواتریش به رێژه‌ی %4.2 زیانی پێگه‌یشت، دوای ئه‌وه هه‌میشه له قازانجدا بووه و قازانجی پشكه‌كانی رۆژ به رۆژ له هه‌ڵكشاندا بوو، زۆرترین قازانجیش له ساڵی 2013دا كردی، چونكه پشكه‌كانی له‌و ساڵه‌دا به رێژه‌ی %52 قازانجیان كرد.
به بۆچوونی پسپۆڕانی دارایی، باشترین پاشه‌كه‌وت و وه‌به‌رهێنان، وه‌به‌رهێنانی درێژخایه‌نه، هه‌ڵبه‌ت ئێریك سمۆلینسكی-ش له‌گه‌ڵ ئه‌م بۆچوونه‌دایه. وه‌به‌رهێنان له پشكی كۆمپانیاكاندا به گشتی دوو جۆری سه‌ره‌كییه، جۆری یه‌كه‌میان كه زۆر باوه، به وه‌به‌رهێنه‌ره‌كه‌ی ده‌وترێ به‌كاربه‌ری رۆژانه، ئه‌م جۆره كه‌سانه له مه‌ودای كورتخایه‌ندا وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن و هه‌ر ئه‌و كاته‌ی پشكه‌كه‌ی كڕی هه‌وڵ ده‌دات له نزیكترین ده‌رفه‌تدا و به كه‌مترین قازانج پشكه‌كه‌ی بفرۆشێته‌وه، ئه‌م جۆره وه‌به‌رهێنانه زیاتر بۆ په‌یداكردنی بژێوییه، نه‌ك پاشه‌كه‌وت و كه‌ڵه‌كه كردنی سه‌رمایه.
جۆری دووه‌میان وه‌به‌رهێنانی درێژخایه‌نه، ئه‌م به‌كاربه‌رانه پشكی كۆمپانیاكان ده‌كڕن و لێی ده‌گه‌ڕێن، گوێ ناده‌ن به هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی نرخی رۆژانه‌ی پشكه‌كان، به‌ڵكو چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا له مه‌ودای دووردا قازانجێكی زۆریان ده‌ست بكه‌وێت.
به هه‌ر حاڵ، ده‌كرێ پاشه‌كه‌وت له سه‌نتێكه‌وه ده‌ست پێ بكات و كۆتاییه‌كه‌شی به وه‌به‌رهێنان و كڕینی پشك و قەواڵه داراییه‌كان بێت، به‌ڵام له هه‌مووی گرنگتر خودی بیرۆكه‌ی پاشه‌كه‌وته، كه پێویسته هه‌ر تاكێك بیری لێ بكاته‌وه.
سه‌رچاوه: شبكه النبأ المعلوماتیة