ئابووریی سینەما

11:18 - 2024-02-05
دووتوێ
376 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە داهێنانە جوانەکانی مرۆڤ، فیلمی سینەماییە. بەڵام فیلمی سینەماییش هەروا کارێکی ئاسان نییە، بگرە ئەویش وەکو هەموو بەرهەمێکی تر، پڕۆسەیەکی گەورەو هەمەلایەنەیە. لەهەمانکاتیشدا بۆ بەرهەمهێنانی هەر فیلمێکیش، لایەنی دارایی رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. هەرئەمەش وایکردووە سینەما ببێتە پیشەشازییەک و لایەنێکی ئابووری بەهێزی وڵاتان.
ئەمڕۆ فیلمی سینەمایی تەنها لایەنی هونەری و فەرهەنگی  ناگرێتەوە، بەڵکو بۆتە کەرتێکی گرنگی ئابووریی جیهان .  لە تەواوی جیهانیشدا کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەو بچووک لە بواری سینەمادا کاردەکەن، هەرئەمەش وایکردووە کە ئەو بوارە دروست بێت کە ئەمڕۆ پێیدەڵێن ئابووریی سینەما. ئابووری سینەماش، کەرتێکی گرنگە و  زۆر لایەن لە خۆ دەگرێت.
دۆسێی ئەمجارەمان لەلایەن
پ.ی .د. ئەیوب ئەنوەر سماقەییەوە نووسراوە، تێیدا باسی بنەما و رەگەزە گرنگەکانی ئابووریی سینەما دەکات، لەهەمانکاتیشدا باسی پڕۆسەی  بەرهەمێنانی سینەما لەجیهاندا دەکات.  بە بڕوای نووسەر ئابووریی سینەما بریتییە لە چۆنێتی هەڵبژاردن و بەگەڕخستنی دەرامەتە دەگمەنەكانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی لە لایەن پیشەزانانی سینەماوە بۆ بەرهەمێنانی هەموو جۆرێكی فیلمی سینەمایی لە ماوەیەكی دیاریكراودا. 
نووسەر لەم دۆسێیەدا باسی هەموو وردەکارییەکانی بەرهەمهێنان و ساغ کردنەوەی بەرهەم، خەرجییەکان و داهاتی سینەما دەکات.  هەروەها تیشكی خستۆتە سەر  خەسڵەتەکان و ژێرخانی ئەم  کەرتە گرنگەی ئابووری.
ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

 



پ.ی .د. ئەیوب ئەنوەر سماقەیی


پێشەكی
 ئەم بابەتە لەوێوە دروست دەبێت، كە پرسیار دەكرێت: ئایا هونەرمەند فیلمی سینەمای دروست دەكات، یان وەبەرهێن؟ لە راستیدا ئەوەی سینەما دروست دەكات، هونەرمەند نییە وەك ئەوەی زۆربەی خەڵك باوەڕیان وایە هونەرمەند سینەما دروست دەكات، لە راستیدا وەبەرهێن یان بازرگان یان خاوەن سەرمایە سینەما دروستدەكات و دەیگەێنێتە بینەرانی سینەما، ئەمە مانای وایە ئابووریی سینەما زۆر گرنگە بۆ گەیاندنی پەیامی فیلمی سینەمایی ، لە هەمان كاتیشدا كارێكی تەواو ئابوورییە و ناسراوە بە پیشەسازی سینەما، واتە بۆتە پیشەسازییەكی خاوەن ناسنامە. لەبەر ئەوە لێرەدا سەرەتایەك سەبارەت بە ئابووریی سینەما دەخەینە روو.

مانای ئابووریی سینەما
بۆ زانینی مانای ئابووریی سینەما پێویستە سەرەتا بزانین ئابووری چییە؟ دواتر بزانین ئابووریی سینەما چییە؟ ئابووری لە رێزمانی كوردیدا ناوە، واتە بە ناو دێت و لە رووی فەرهەنگ و پێكهاتەوە وشەیەكی سادەیە، بەڵام لە رووی واتاوە بە مانای مایەی ژیان و گوزەران دێت، واتە ئابووری هەوڵدانە بۆ بەردەوام بوون لە ژیان و هەوڵدان بۆ چاكتركردن و باشتركردنی گوزەران و دەستگرتنە بەدەرامەتەكان و چۆنێتی بەكارهێنان و دابەشكردنیان بەسەر پێداویستییە زۆر و جۆراوجۆرەكاندا. لەبەر ئەوە پێی دەوترێت مایەی ژیان و گوزەران.
پۆل سامویلسون (Paul Samuelson)، بەم شێوەیە پێناسەی زانستی ئابووری دەكات: زانستی ئابووری زانستی لێكۆڵینەوەیە لە چۆنێتی هەڵبژاردن و بەگەڕخستنی دەرامەتە دەگمەنەكانی بەرهەمهێنان، لەلایەن مرۆڤ و كۆمەڵگەوە بۆ بەرهەمهێنانی هەموو جۆرێكی كاڵا، لە ماوەیەكی دیاریكراودا، جا چ بە بەكارهێنانی دراو بێت یاخود بە بێ‌ بەكارهێنانی دراو، دابەشكردنی ئەو كاڵایانە بۆ بەكارهێنان لە نێوان هەموو تاكەكان و هەموو كۆمەڵەكاندا لە ئێستا و لە دواڕۆژدا.
كەواتە ئابووریی سینەما بریتییە لە چۆنێتی هەڵبژاردن و بەگەڕخستنی دەرامەتە دەگمەنەكانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی لە لایەن پیشەسازەکانی سینەماوە بۆ بەرهەمێنانی هەموو جۆرێكی فیلمی سینەمایی لە ماوەیەكی دیاریكراودا، دواتر دابەشكردنی ئەو فیلمانە بۆ نمایشكردن و خستنەڕوو، واتە بۆ فرۆشتن چ لە ناوخۆیی وڵات بێت، یاخود لە دەرەوەی وڵاتی بەرهەمهێن.

بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی
بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی: بریتییە لە گۆڕینی (Transformation) بەكارهێنراوەكانی (In Put)، واتە كەرەستە خاوەكان، بۆ بەرهەم واتە (Out Put)، كە بریتییە لە زنجیرەیەك كردار لە ناو ستۆدیۆكانی سینەمادا جێبەجێ دەكرێت، لە رێگەی گۆڕینی بەكاربراوەكان لە دەرامەتی مرۆیی و سروشتی و مادی و دارایی بۆ چەند خولەكێكی بەرهەمهێنانی فیلم، كە ئامادەیە بۆ نمایشكردن بە شێوەیەكی كۆتایی . كەواتە بڕی بەرهەم یەكسانە بە هاوكێشەی بەكارهێنراوی بەرهەم. 
پیشەی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی ئەو پیشەیەیە، كە پیشەوەرانی هەوڵدەدەن سەرمایەی بەكاربراوی فیلم بپارێزن بە بەكارهێنانێكی ئابوورییانەی نموونەیی لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا، بە دەربڕینێكی دیكە ئەو پیشەیە، كە بەرپرسە لە پاراستنی سەرمایەی بەكاربراو لە بەرهەمهێنانی فیلمدا، بە وەبەرهێنانێكی ئابووری و هونەری گونجاو و سەلیم، لە بواری بەرهەمهێنانی فیلمدا كە گرەنتی بەردەوامیی بكات لە بازاڕدا، لەبەرئەوەی ئەوانەی كاری بەرهەمهێنانی فیلم دەكەن، نوێنەر و وەكیلی پارەدار و وەبەرهێنەكانن لەو بوارە تایبەتمەندەدا كە بریتییە لە ئیدارەدانی بەرهەمهێنانی فیلم، كەواتە بەرهەمهێنەران و كاركەران لەو پیشەیەدا هەوڵدەدەن هاوسەنگی دروستبكەن لە نێوان:
1-ئاستی هونەری
2- ئاستی ئابووری، لە هەموو ئاستەكانی بەرهەمهێنانی فیلمدا، لە قۆناخی لێكۆڵینەوەی كەڵكی ئابوورییەوە تا قۆناغی نمایشكردنی فیلم بۆ جەماوەر لە هۆڵەكانی سینەما، بە بێ ئەوەی لایەنێك زاڵ بێت بەسەر لایەنەكەی دیكەدا، بۆ نموونە ئەگەر لایەنی ئابووری زاڵ بێت بەسەر لایەنی هونەری و بیرۆكەی فیلمدا رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئاستی گشتی پیشەسازیی سینەما و ناوبانگ و دواڕۆژی سینەما، دواتریش لە ماەیەكی درێژتردا كاریگەریی لەسەر ئابووریی سینەما دەبێت. 
لە لایەكی دیكەوە ئەگەر ئاستی هونەریی و تەكنیكی زاڵ بێت بەسەر ئاستی ئابووری و كار لە بینەری فیلم بكات لەو كاتەدا كاریگەریی خراپی لەسەر ئابووریی سینەما دەبێت، دواتریش كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر ئابووریی سینەما بە گشتی، كەواتە راگرتنی ئەو هاوسەنگییە گرنگە بۆ پیشەسازیی سینەما و ئابووریی سینەما بۆیە رەهەندە ئابوورییەكان و هونەرییەكان گرنگی وەك یەكیان هەیە بۆ بەرهەمهێنەرانی فیلمی سینەمایی. 
قەبارەی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی لە وڵاتێك بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێت، بە گوێرەی گرنگیدان و هاندانی ئەو وڵاتە بۆ كەرتی سینەما، بۆ نموونە نێوەنجی بەرهەمهێنانی هوڵیوود دەگاتە 500 فیلم لە ساڵێكدا، لە هیندستان دەگاتە هەزار فیلم لە ساڵێكدا.

پیشەسازی سینەما کارێکی تەواو ئابوورییە

قۆناغەكانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی
كرداری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی دابەش دەبێت بۆ چەندقۆناغێك:
یەكەم: قۆناغی بیرۆكەی سینەمایی
دووەم: قۆناغی لێكۆڵینەوەی كەڵكی ئابووری و وەبەرهێنانی پیشەسازیی فیلم:
وەك قۆناغی دووەمی فیلمی سینەمایی لێكۆڵینەوەی كەڵكی ئابووری دێتە پێشەوە بەر لە بەرهەمهێنانی هەر فیلیمێكی سینەمایی، لەبەرئەوەی گرنگە و وەك دڵنیا بوونەوە لە سەركەوتن و سەرنەكەوتنی فیلمی سینەمایی، بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی سینەمایی نەكەوێتە زەرەرەوە، واتە وەك هەولێك بۆ ئەوەی هەردەم داهاتی فیلم زیاتر بێت لە تێچوونی فیلم.
لەبەرئەوەی لێكۆڵینەوەی كەڵكی ئابووری هۆكارێكی گونجاو و باشە و سوود بە كۆمپانیاكانی بواری بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی دەگەیەنێت، هۆكارێكە بۆ بڕیاردان لەسەر هەر سیناریۆیەك بۆ ئەوەی بكرێتە فیلم یاخود نا. ئەم قۆناغە لە كرداری بەرهەمهێناندا چەند هەنگاوێك لە خۆدەگرێت كە بریتین لە كۆمەڵێك لێكۆڵینەوەی زانستی تایبەتمەند، لێكۆڵینەوەی كەڵكی ئابووری بریتییە لە: هەڵسەنگاندنی ئابووری و كۆمەڵایەتی پێشوەختەی بیرۆكەی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی نوێ بەر لە بڕیاردان لەسەر بەرهەمهێنانی كرداری، لە پێناو دیاریكردنی قەبارەی مەترسییەكان و دابینكردنی سەرچاوەی پارەداركردنی كرداری بەرهەمهێنان و پاراستنی سەرمایەی بەكارهاتوو لە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییدا، واتە دیاریكردنی بڕی سەرمایەی پێویست و دیاریكردنی لایەنی دابینكەری ئەو سەرمایەیە لەگەڵ دیاریكردنی توانای دابینكردنی هەموو پێداویستییەكان لە پارەی نەختینە، بۆ تێچوونی بەرهەمهێنان و بە بازاڕخستنی فیلمی سینەمایی.
تایبەتمەندییەكانی لێكۆڵینەوەی سوودی ئابووری فیلمی سینەمایی
1-لەسەر ئاستی شیكردنەوەی بەشەكی: (كۆمپانیا) ئەم لایەنانە پۆلێن و دەستنیشان دەكات، واتە سەرجەم تێچوونی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تایبەت بە بەكاربراو و بەرهەمهێنراو پۆلێن دەكات، وەك بەهای شتە كڕاوەكان، كرێ، میرانەی دەوڵەت، مالیاتەكانی سەر كۆمپانیا ..هتد
2-لەسەر ئاستی شیكردنەوەی گشتی: لایەنی چاودێری و رەهەندەكانی بەها لە خۆدەگرێت، لەگەڵ پێكهاتەكانی بە بازاڕخستنی تایبەت، لەگەڵ توانای دابەشكردنی فیلم و بەدەستهێنانی ئامانجەكەی، یاخود نەپێكانی ئامانجەكەی.
3- لەسەر ئاستی بەراوردكردنی بەكاربراو و بەرهەمهێنراو، واتە بەراوردكردنی داهات و تێچوون، دیاریكردنی توانای بەدەستهێنانی زۆرترین بەرهەم بە كەمترین تێچوون، شۆڕكردنەوەی بۆ لایەنی دارایی، بە شێوەیەك كەمترین خەرجیی دارایی بكات بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین داهاتی دارایی. 
سێیەم: قۆناغی ئامادەكردنی بودجەی خەمڵێنراو: ئەركی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی سینەمایی، بریتییە لە خەمڵاندنی بودجەی فیلمی سینەمایی، لە رێگەی شیكاریی دەرخستەییەوە بۆ سیناریۆكە، لەم قۆناغەدا دەرخستەی تایبەت ئامادە دەكات لە پێناو دابینكردنی هەموو پێداویستییەكانی فیلمی سینەمای لە خام و ئەكتەر و كرێ و جلوبەرگ و ئیكسسوار و دیكۆر و هەموو هۆكارەكانی دیكەی بەرهەمهێنان واتە دیاریكردنی هەموو دەرامەتە بەكارهاتوەكان لە دەرامەتی مادی و سروشتی و دارایی و مرۆیی.
چوارەم: قۆناغی ئامادەكاری: لەم قۆناغەدا هەموو پێداویستییەكانی كرداری بەرهەمهێنان ئامادە دەكرێت لە بچووكەوە تا گەورە، لە هەموو ئاستەكان بەبێ لەبیركردنی هیچ پێداویستییەك، هەرچەندە بچووك و سادەش بن، لەبەر ئەوە بریتییە لە قۆناغێكی گرنگ و مەترسیداری بەرهەمهێنان و لەم چەند هەنگاوە پێكدێت:
1-لەیەك گەیشتن لەگەڵ بەڕێوەبەری بەرهمهێنانی فیلمی سینەمایی
2- لە یەك گەیشتن بۆ كڕینی سیناریۆی فیلم.
3- لەیەك گەیشتن لەگەڵ ستافی تەكنیكی فیلم.
4-لەیەك گەیشتن لەگەڵ ستۆدیۆكانی سینەما.
پێنجەم: قۆناغی وێنەگرتن: لەم قۆناغەدا كاری تەكنیكی دەست پێدەكات، كە پێی دەوترێت خولی تەكنیكی فیلم، بریتییە لە قۆناغی كاری هاوبەشی پیشەیی فلیمسازان بۆ جێبەجێكردنی كرداری فیلمی سینەمایی.
شەشەم: (دوا قۆناغ): لەم قۆناغەدا وێنەی كارەكە بەكرداریی، بە دەنگ و رەنگەوە ئامادە دەكرێت و وێنەی كۆتایی كارەكەی لێدەردەچێت، ئەم قۆناغە پێویستی بەكاری ورد و چاودێریی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی كارەكە بە ئامانجی خۆی بگات و وەك ئەوەی پێویستە بەرهەم بهێنرێت.
حەوتەم: قۆناغی خستنەڕوو یان نمایشكردنی فیلم: لەم قۆناغەدا پێویستە بەڕێوەبەری بەرهەم ئەم كارانە بكات: وەك وەرگرتنی مۆڵەتی دەزگاكانی چاودێری، پێدانی میرانەی بەرهەمێنانی فیلم، وەرگرتنی مۆڵەتی فیلم بەر لە چاپكردنی فیلمەکە، وەرگرتنی مۆڵەت بۆ وێنە فۆتۆگرافییەكانی كە بەكار دەهێنرێن بۆ راگەیاندن و ریكلام بۆ فیلمەكە و دواتر دانی وێنەی فیلمە بەرهەمهاتووەكە بە دابەشكەری فیلمەكە لەگەڵ وێنە فۆتۆگرافییەكان بۆ دابەشكردنی فیلمەكە لە ناوخۆ و دەرەوە.
هەشتەم: قۆناغی دابەشكردنی فیلمی سینەمایی، یان قۆناغی فرۆشتنی فیلمی سینەمایی: بریتییە لە مافی بەكارهێنانی فیلمی سینەمایی، ئەم كارە كۆمپانیای تایبەت بە دابەشكردن لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی بەرهەمهێنی فیلمەكە دەیكات، كرداری دابەشكردنی فیلم كارێكی رێكخراو و ئابوورییانەیە بۆ ئەوەی زۆرترین داهات دەستەبەر بكات، پێویستە لە شوێن و كاتی گونجاودا فیلمەكان نمایش بكرێن، واتە هۆڵی سینەمای گونجاو و دانی مافی بەكارهێنان بە تەلەڤزیۆن و سەتەلایت و ماڵپەڕی گونجاو و تایبەتمەند، بۆ ئەوەی زۆرترین داهات دەستەبەر بكات.

ئابووری سینەما ئابوورییەکی بێسنوورە

 تێچوونی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی
تێچوونی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی رۆڵی زۆری هەیە لە خستنەڕووی فیلمەكان لە بازاڕدا، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێن ئەو بڕیارانەی دەریان دەكات، پشت بە جیاوازیی نێوان داهاتی بەرهەم و تێچوونی بەرهەم دەبەستێت لەبەر ئەوەی ئامانجی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی قازانجە، كەواتە جیاوازی نێوان بەهای بەكارهێنراو (Input) و بەهای دەرچوو (Out Put) بریتییە لە قازانج  كە دەتوانین بەم شێوەیە دەرببڕین. 
(Profit = Production Revenue – Production Costs) 
تێچوونی فیلمی سینەمایی: بریتییە لەو گوژمەیەی پڕۆژەیەك، كە دامەزراوێك، یان كۆمپانیایەك دەیدات بەرامبەر خزمەتگوزاری هۆكارەكانی بەرهەمهێنان (Factors Of Production)، وەك كرێی ئەكتەر و دەرهێنەرو و سینارست و وێنەگر و سوودی قەرز ‌و مووچە و خەرجی چاككردنەوە و بەهای كەرستەی خاو و بەهای بەكارهێنانی ئاو و كارەباو كرێی گواستنەوە و كرێی ریكلام و باج ‌و میرانەو ..هتد، ئەم جۆرە تێچوونانە بە تێچوونی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەناسرێن. 

جۆرەكانی تێچوونی سینەمایی دەكرێن بەم چەند جۆرە سەرەكییەوە:
1-
تێچوونی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی كە دەبێتە دوو بەش، تێچووونی راستەوخۆ و تێچوونی ناڕاستەوخۆ.
تێچووونی راستەوخۆ: تایبەتە بە كرداری ئەفراندن و داهێنان و دروستكردنی فیلم، وەك:
كرێی راستەخۆ: وەك كرێی بەرهەمهێن، كرێی دۆبلیر، كرێی رۆڵە لاوەكییەكان، كرێی كۆمبارس، كرێی بەڕێوەبەری رووناكی، كرێی وێنەگرتن، كرێی دیزاینەری دیكۆڕ، كرێی دیزاینەری جل و بەرگ، كرێی گونجێنەری دیمەنەكان، كرێی تۆماركەری دەنگ، كرێی ئەندازیاری دەنگ، كرێی مۆنتێری (نەگەتیڤ)، كرێی رێكخەری فیلم،كرێی مۆنتێری پۆزەتیف، كرێی دانەری مۆسیقای وێنەگرتن، كرێی دەرهێنەری شەڕ و جەنگەكان، كرێی دەرهێنەری فێڵلێكەر، كرێی شارەزای تەقەمەنییەكان، كرێی دیزاینەری نمایشەكان، كرێی ئەستێرەكانی نمایش، كرێی مۆسیقا ژەنەكان، كرێی ماكبیر، كرێی كوافیر، كرێی كلاكێت.

كەرەستە خاوەكان
وەك دیكۆر، جل و بەرگ، ئێكسیسوار، فیلمی خام، نەگەتیڤی وێنە، پۆزەتیفی وێنەی كاركردن، ماجنتیك، نەگەتیڤی دەنگ (ئۆپتیكاڵ)، خامی ستاندارد، جیلاتین و كلك، خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر بۆ كاتی وێنە گرتن.

خەرجی خزمەتگوزاریی راستەخۆ
وەك تێچوونی خزمەتگوزاری ستۆدیۆكان وەك كرێی پلاتۆكان (plateaus) و خزمەتگوزاری مۆنتاج، خزمەتگوزاریی كاریگەی شتنەوەی فیلم و خزمەتگوزاریی دەنگ و مێكساج.
كرێی شوێنی وێنەگرتن لە ناو ستۆدیۆ وەك گەڕەك و باخچەو و شەقام و كۆڵان و نووسینگەكان، كرێی شوێنی وێنەگرتنی دەرەكی وەك خانوو شوقە و ڤیلاو یانە و باخجە و شوێنی دیكە، پارەی چیرۆك و سیناریۆ و كرێی ئۆتۆمبێلی وێنەگرتن و كرێی ئیكسسوار و كرێی جلو بەرگ و كرێی ئاژەڵی بەشداربوو لە بەرهەمهێنانی فیلمدا، كرێی كامیرا و پێداویستییەكانی وێنەگرتن و رووناكی.

تێچوونی ناڕاستەوخۆ كرێی ناڕاستەوخۆ
وەك كرێی بەڕێوەبەری بەرهەم، جێبەجێكاری بەرهەم، یاریدەدەری دەرهێنەر، یاریدەدەری یەكەمی دەرهێنەر، یاریدەدەری دووەمی دەرهێنەر، یاریدەدەری وێنەگر، جێبەجێكاری دیكۆر، یاریدەدەرانی ئیكسسوار، كارمەندی جلو بەرگی پیاوان، كارمەندی جلو بەرگی ژنان، یاریدەدەری تۆماركەری دەنگ، یاریدەدەری ماكێر، یاریدەدەری كوافێر، رێجیسێر، یاریدەدەری رێجیسێر، جل و بەرگی كارەكتەرە بەشداربووەکانی نێو فیلمەکە.
كەرەستەی ناڕاستەوخۆ
پاكەرەوەكانی وەك، سابوون و تایت و شامپۆ و دیتۆل، مادەی كیمیایی و قڕكەری مێرووەكان، دەرزیلەكان، بزمار، پێداویستی كارەبایی، سیكۆتین و تێپ و پێداویستییەكانی دیكە.

خەرجیی خزمەتگوزاریی ناڕاستەخۆ
وەك كرێی ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی كاركەرانی بەشدار لە فیلمدا، كرێی ئۆتۆمبیلی گواستنەوەی ئامێر و كەلوپەلەكان و پێداویستییەكانی رووناكی، تەئمینكردن لە دژی ئەو مەترسییانەی رووبەڕووی فیلم دەبنەوە لەگەڵ سوودی قەرزی بەكارهاتوو بۆ بەرهەمهێنانی فیلم.
تێچووونی بە بازاڕخستنی فیلم لە پێش و لە كاتی بەرهەمهێنان و دوای بەرهەمهێنانی سینەمایی، وەك تێچوونی راگەیاندن و ریكلامكردن بۆ فیلم لە هۆكارە جیاوازەكانی، وەك سەتەلایەتەكان، تەلەڤیزیۆنەكان، گۆڤارەكان و رۆژنامەكان. تێچوونی دیكە وەك پۆستەر، چاپكراوەكان، دیارییە جیاوازەكان، پارەی دابەشكردنی فیلم، ئەلبوومی وێنە فۆتۆگرافییەكان، وێنەگری فۆتۆگرافی، تێچوونی گواستنەوەی فیلم بۆ كاسێت و سیدی و دیڤیدی و دانانی لە سایتەكان و خەرجی دابەشكردنی دیكە.
تێچووونی كارگێڕی و خزمەتگوزاری فیلم. ئەویش دابەش دەبێت بۆ دووجۆر:
1- تێچوونی كارگێڕی تایبەت بە فیلم: وەك میرانە و تێچوونی چاودێری، پێداویستییەكانی نووسین و لەبەرگرتنەوەی سیناریۆ.
2- تێچوونی كارگێڕی گشتی كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلم: وەك كرێی بارەگای كۆمپانیا، كرێی كارمەندانی كارگێڕی و دارایی و سكرتاریەت، كارەبا، ئاو، تەلیفۆن، فاكس، چاپەمەنی و تێنووس، پاراستن و خاوێنكردنەوە، ژمێریاری یاسایی و خەرجی دیكەی كارگێری و خزمەتگوزاری تایبەت بە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی.

داهاتی گشتی سینەما 
بریتییە لە سەرجەمی ئەو گوژمانەی پڕۆژەكە، یان كۆمپانیاكە دەستی دەكەوێت لە فرۆشتنی فیلمەكانی لە بازاڕدا، یاخود لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ كەسانی دیكە، بەم هاوكێشەیە دەتوانین دەری ببڕین. 
داهاتی گشتی سینەما = هێندی فرۆشراو لە فیلم × نێوەنجی نرخی فرۆشتنی یەك دانە (TR=P.Q)
R T: بریتییە لە داهاتی گشتی 
Q: بریتییە لە هێندی فرۆشراو لە فیلم
P: نرخی یەك دانەی فیلم یان تیكیت یان مافی پەخشكردن و بەكارهێنانی فیلم.

سەرچاوەكانی داهاتی فیلمی سینەمایی
1-
دابەشكردنی ناوخۆ: بریتییە لە داهاتی سینەما لە ناوخۆی وڵات، جا چ لە رێگای نمایشكردنەوە بێت لە هۆلەكانی سینەما، یان لە تەلەڤزیۆنە ناوخۆییەكان، یان لە رێگای نمایشكردنی ڤیدیۆییەوە.
2- دابەشكردنی دەرەكی: بریتییە لە داهاتی سینەما لە دەرەوەی وڵات، جا چ لە رێگەی نمایشكردن بێت لە هۆڵەكانی سینەما یان لە تەلەڤزیۆنە ئاسمانییەكان، یان لە رێگەی مانگە دەستكردەكانەوە.
3-داهاتی خەڵات: بەشداربوونی فیلم لە فێستیڤاڵە جیهانییەكانی تایبەت بە فیلمی سینەمایی، دەبێتە بەشێك لە داهاتی فیلم، ئەگەر هاتوو فیلمەكە توانی خەڵات بەدەست بێنێت.
4- جگە لەم سێ سەرچاوە سەرەكییەی باسمانكرد، داهاتی ستۆدیۆ گەورەكانی بەرهەمهێنانی فیلم، وەك فرۆشتنی بەرهەمی بازرگانی وەك تۆمارە مۆسیقییەكان و كتێب و وێنە و یاری و یاری ئەلیكترۆنی و جلو بەرگ و خواردن و خواردنەوە و پۆستەر و دیاری. ئەمە جگە لە فرۆشتنی مافی پەخشكردن بۆ تەلەڤزیۆنەكان و فرۆشتنی فیلم بە شێوەی شریتی ڤیدیۆ.
5- كرێی بەكرێدانی ستۆدیۆكانی بەرهەمهێنانی فلم. 

بەكارهێنەران، یان جەماوەری سینەما دابەشدەبن بۆ دوو جۆر:
1-
جەماوەی هۆڵەكانی سینەما: ساڵانە نزیكەی یەك ملیار كەس لە هۆڵەكانی سینەما سەیری فیلمی سینەمایی دەكەن.
2- جەماوەری ناو ماڵەكان لە رێگەی ئامێری ڤیدیۆ، كەناڵە ئاسمانییەكان، تۆڕەكانی ئینتەرنێت، كە ژمارەیەكی زۆری خەڵك لە ماڵەوە سەیری فیلمی سینەمایی دەكەن و لە ژمار نایەن.

ئابووری و پیشەسازی سینەما
سەرەتا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، ئایا سینەما كاڵایە، یاخود خزمەتگوزاری؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستە بزانین كاڵا چییە و خزمەتگوزاری چییە، ئەمجا دەگەین بە وەڵامەكە، وشەی كاڵا (Goods) هەموو شتێكی بەسوود (Useful) دەگرێتەوە، ئەو شتەی بەسوودە لە تێڕوانینی ئابوورییەوە، ئەو شتەیە كەڵك (Utility) ببەخشێت و خوازراو بێت لەلایەن خەڵكەوە. (پێموایە كاڵا بریتییە لە هەرشتێكی خوازراوی بەكەڵك). كاڵا بە شێوەیەكی گشتی دابەش دەبێت بۆ دوو كۆمەڵە:
أ ـ كاڵای ئازاد (Free Goods)
ئەو كاڵایانەن لە كاتێك و شوێنێكی دیاریكراودا بە بڕی زۆر و بێسنوور هەن، وەك هەواو ئاو و تیشكی خۆر، مرۆڤ دەستی دەكەوێت بەبێ‌ پارە و كۆشش. 
ب ـ كاڵای ئابووری (Economic Goods) كاڵای ئابووری كەڵكی هەیە و دەگمەنە و توانای گواستنەوەی هەیە، بەدەستهێنانی پێویستی بە پارەو كۆشش هەیە.

خزمەتگوزاری (Services)
 بریتییە لە هەموو شتێكی نامادی و بەكەڵك و دەگمەن و دەتوانرێت بگوازرێتەوە، بەدەستهێنانی پێویستی بە بەرامبەری دراو و كۆشش هەیە، وەك خزمەتگوزارییەكانی مامۆستا و پزیشك بەكەڵكە و دەگمەنە و دەتوانرێت بگوازرێتەوە. لە راستیدا سینەما لە یەك كاتدا هەم كاڵایە و هەمیش خزمەتگوزاری. كاتێك لە هۆڵەكانی سینەما نمایش دەكرێت هەمان خەسڵەتی خزمەتگوزاری هەیە و كاتێكیش بە سیدی یان كاسێت بەردەستە هەمان خەسڵەتی كاڵای هەیە.
پیشەسازی سینەما وەك هەر پیشەسازییەكی دیكە هەمان مەرجی لێكۆڵینەوەی كەڵكی ئابووری بەسەردا دەسەپێنرێت، وەك هەر پڕۆژەیەكی بەرهەمهێنانی پیشەسازی، لەبەرئەوەی پیشەسازی سینەما هەوڵ دەدات دووشت بەرهەم بهێنێت: یەكەم، كاڵای سینەمایی. دووەم،خزمەتگوزاریی سینەمایی. ئەو كاڵاو خزمەتگوزارییەی پڕۆژەیەكی سینەمایی بەرهەمی دەهێنێت، دەچێتە بازاڕ و میكانیزمی بازاڕ واتە خواست و خستنەڕوو بەهاكەی دیاری دەكات لە رێگەی نرخەوە، كە نرخ دەربڕی بەهایە لە بازاڕدا، بازاڕی سینەماش تەنیا بریتی نییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ فیلمی سینەمایی، بەڵكو لە هەموو شوێنێك پەیوەندی هەیە بە پیشەسازی سینەماوە، لەبەرهەمی سینەمایی، لە بەبازاڕخستنی سینەمایی، لە بەكارهێنانی سینەمایی، لە بازنەی مامەڵەی بەبازاڕخستنی سینەمایی ئەمانە دێنە پێشەوە:
 
خەسڵەتە ئابوورییەكانی پیشەسازیی سینەما:
1-
پیشەسازی سینەما یەكێكە لەو پیشەسازییانەی یارمەتی ئابووری وڵاتانی بەرهەمهێن دەدات لە جیهاندا، لە روووی دابینكردنی دەرفەتی كار، سەرنجڕاكێشانی وەبەرهێنانی بیانی، دانی باج بە وڵاتەكانیان، سەرباری ئەوەش بازاڕی سینەمایی دەرامەتێكی دارایی گەورە بۆ وڵات و بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی دەستەبەر دەكات.
2-سینەما تەنیا بیرۆكە و هونەر نییە، بەڵكو بە پلەی یەك پیشەسازی و بازرگانییە.
3- بەرهەمهێنان بەردی بناغەی پیشەسازیی سینەمایە، ئەوەی زاڵە بەسەر كرداری بەرهەمهێناندا ئەو ناسنامەیەیە كە ئەو سینەمایە دیاریدەكات، بەرهەمهێنانیشی كارێكی تەواو ئابوورییە.
4-ئەوەی سینەما دروستدەكات هونەرمەند نییە، وەك ئەوەی زۆربەی خەڵك باوەڕیان وایە، لە راستیدا وەبەرهێن، یان بازرگان، یان خاوەن سەرمایە سینەما دروستدەكات و دەیگەێنێتە بینەرانی سینەما.
5- بوونی هۆڵەكانی خستنەڕووی فیلمی سینەمایی گرنگە بۆ سەركەوتنی هەر فلمێكی سینەمایی و هەر كارێكی سینەمایی، لەبەر ئەوەی دەبێت بازاڕێك هەبێت بۆ دابەشكردن و بەبازاڕخستنی بەرهەمی سینەمایی.
6- سینەما وەك وەبەرهێنان سەیردەكرێت، لەبەر ئەوەی بەرهەمهێنانی فیلم سەرمایەیەكی زۆری دەوێت و مەترسییەكی زۆری تێدایە، لە هەمان كاتیشدا قازانجی بێشوماری تێدایە لەبەر ئەوە بە وەبەرهێنان دادەنرێت.
7- پیشەسازیی فیلم بۆتە هۆكارێك بۆ ركابەریی لە نێوان وڵاتاندا بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی باشتر و پڕبینەرتر و كاریگەرتر و قازانج زۆرتر.
8- پیشەسازیی سینەما پشت نابەستێت بە دەستهێنانی ئەستێرەكانی سینما بەڵكو ئەستێركان بەكار دەهێنێت بۆ برەودان بە فیلم، لە پێناو قازانجی زیاتردا.
9- پیشەسازیی سینەما رووبەڕووی مەترسییەكانی بازاڕ دەبێتەوە، وەك هەر پیشەسازییەكی دیكە، لەبەر ئەوەی بەرهەمەكانی سینەما، میكانیزمی بازاڕ نرخەكانیان دیاریدەكات و قازانجیان دیاریدەكات.

ژێرخانی ئابووریی پیشەسازیی سینەما
بە شێوەیەكی گشتی دابەش دەبێت بۆ ئەم لایەنانە:
1- دەرامەتی مادی: وەك بوونی ستۆدیۆ، كۆمپیوتەری تایبەت بە بەرهەمهێنان و چارەسەركردنی فیلمی سینەمایی، واتە ئەوانەی پرۆگرامی تایبەتیان لەسەرە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، كامێرای وێنەگرتن، دەرهێنان، مۆنتاج ، مێكساج و دۆبلاج.
2- لە بواری پیشەسازیی تایبەتمەند بە سینەمادا، ئەوانەی پێداویستییەكانی پیشەسازیی سینەما بەرهەم دەهێنن و بەرهەمەكانیان دەچێتە ناو كرداری بەرهەمهێنانی پیشەسازیی سینەماوە، وەك پیشەسازیی دروستكردنی كاسێتی فیلم و سیدی و دیڤیدی و فلاش میمۆری و كامیرای وێنەگرتن و كەرستەی رووناكی و دەرمان و كەرستەی شیكردنەوەی كیمیایی تایبەت بە بەرهەمهێنانی فیلم.
3-دەرامەتی مرۆیی: لە بواری ئامادەكردن و پێگەیاندنی دەرامەتی مرۆییدا، وەك زانكۆ و كۆلێژ و پەیمانگەی تایبەت و ناوەندی تایبەت بە ئامادەكردن و راهێنانی دەرامەتی مرۆیی بەشدار بوو لە بەرهەمهێنانی فیلمی سینەماییدا.

كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری فیلم
كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی سێ جۆرن:
1-كۆمپانیای گشتی، دەوڵەت خاوەندارێتی دەكات، وەك كۆمپانیاكانی چین و كوبا و وڵاتانی سۆشیالیستی.
2-كۆمپانیای تایبەت، كەرتی تایبەت خاوەندارێتی دەكات، وەك كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و ئەوروپا، ئەمانەش ئەو كۆمپانیایانەن كە بە پێی ركابەریی بازاڕ و میكانیزی بازاڕ كار دەكەن.
3- كۆمپانیای تێكەڵ، خاوەندارێتییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوبەشبوونی دەوڵەت و كەرتی تایبەت. 

فیلمی ئۆپنهایمەر یەکێک لە فیلمە پڕ فرۆشەکان

سینەماو پیشەسازیی تەواكاری
پسپۆڕیی بووە هۆی دووبارە داڕشتنەوەی پەیكەری پیشەسازی لەسەر بناغەی تەواوكاری نێوان چالاكییەكان، وای لێهات پیشەسازییەك پێویستی بە بەرهەمی دروستكراوی پیشەسازییەكی دیكە بێت، نەك وەك كەرستەی خاو بەڵك وەك كاڵای دروستكراو، ئەمە وای كرد پیشەسازیی تەواوكاری دەركەوێت، وەك پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و پیشەسازیی دیكە، كە بەكاربراوەكانی، یان كەرەستەكانی لە پیشەسازییەكانی دیكە وەردەگرێت، پیشەسازیی سینەماش كاریگەر بوو بە پسپۆڕیی پیشەسازی و تەواوكاری پیشەسازیی نێوان پیشەسازییەكان، لە ژێر رۆشنایی ئەم راستییەدا دەبینین پیشەسازیی سینەما پێداویستییەكانی لە كەرتەكانی دیكەی پیشەسازی وەردەگرێت، بە تایبەتی ئامێر و پێداویستی تایبەت، وای لێهاتووە پیشەسازیی سینەما لە زنجیرەیەك لقی پیشەسازیی پێداویستی و كەل و پەلەكانی وەردەگرێت، گرنگترین ئەو پیشەسازییانەی سینەما پشتیان پێدەبەستێت، یان بەرهەمەكانیان وەك كەرەستە بەكار دەبات بریتین لەم پیشەسازییانە:
1- كارگەی دروستكردنی فیلمی خام، (ئەوەی كە فیلمی لەسەر تۆمار دەكرێت).
2-كارگەی بەرهەمهێنانی مادە كیمیاییەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی فیلم.
3- كارگەی شتنەوە و چارەسەركردنی فیلمی سینەمایی.
4- كارگەی بەرهەمهێنانی ئامێری وێنەگرتن و كامیرا.
5-كارگەی چارەسەركردنی فیلمی وێنەگیراو لە پێناو مۆنتاج و مێكساج و دۆبلاجدا.
6-كارگەی بەرهەمهێنانی ئیكسسوار و دیكۆر.
7-كارگەی بەرهەمهێنان و دوورینی جل و بەرگ.
سەرباری ئەم كارگە و پیشەسازییانە زۆر چالاكی دیكەش هەن بەرهەمەكانیان وەك بەكاربراو، واتە كەرەستە بەكار دەهێنرێت لە پیشەسازیی فیلمی سینەماییدا، بە هۆی رێكخستنی پیشەسازی و پسپۆڕی و كەمكردنەوەی تێچوون و تایبەتمەندی و گێڕانەوەی كاتەوە، بیرۆكەی كۆكردنەوەی ئەو پیشەسزایانە دەركەوت كە لە كرداری بەرهەمهێناندا پشت بە یەكتر دەبەستن، ئەمەش وای كرد بیرۆكەی كۆمەڵگەی پیشەسازی دەربكەێت، كە بریتییە لە شوێنی پیشەسازی گەورە و تایبەتمەند، لەمەوە بیرۆكەی كۆمەڵگەی پیشەسازی تایبەت بە پیشەسازیی سینەما دەركەوت، وەك شاری هۆڵیوود، كە گەورەترین كۆمەڵگەی پیشەسازییە لە جیهاندا لە بواری پیشەسازیی سینەمادا، سەرباری بوونی لایەنی خزمەتگوزاری تایبەت وەك پاڵپشتییەك بۆ پیشەسازیی سینەما. 

ژیانی ئابووری فیلمی سینەمایی
هۆكارەكانی خستنەڕوو و نمایشكردنی فیلمی سینەمای دابەش دەبن بۆ ئەم هۆكارانەی خوارەوە:
1- هۆڵەكانی سینەما.
2- فێستیڤاڵی سینەمایی.
3- سینەمای ماڵەوە، كە بریتییە لە خستنەڕوو نمایشكردنی فیلمی سینەمایی لە رێگای ئەم هۆكارانەوە: یەكەم كاسێتی ڤیدیۆ، دووەم سیدی و دیڤیدی، سێیەم فلاش میمۆری، چوارەم سایتەكانی ئینتەرنێت.
4- كەناڵە تەلەڤزیۆنییە ناوخۆییەكان و كەناڵەكانی سەتەلایت.
هەر هۆكارێك لەم هۆكارانە بەكارهێنی تایبەتی خۆی هەیە و هەر هۆكارێك كاریگەریی ئابووری تایبەتی خۆی هەیە، واتە هەر یەكەیان قۆناغێكن لە ژیانی ئابووری فیلمی سینەمایی، بە مانایەكی دیكە هەر قۆناغێك داهاتی جیاوازە لە قۆناغەكانی دیكە، لێرەدا پرسیارێكی گرنگ دێتە پێشەوە ئەویش ئەوەیە، ژیانی ئابووری فیلمی سینەمایی كەی دەست پێدەكات و كەی كۆتایی دێت؟ دەكرێت بەم شێوەیە وڵامی بدەینەوە:
1- ژیانی ئابووری فیلم لە خستنەڕو و نمایشكردنی فیلمی سینەمایی لە هۆڵەكانی سینەما دەست پێدەكات.
2- ژیانی ئابووری فیلم بە نمایشكردنی لە كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان كۆتایی دێت، تا دواین ئاستی كە دەگاتە نمایشكردن و سەیركردنی فیلم بەهۆی كاسێت و سیدی و فلاش میمۆری و داونلۆدكردنی لە سایتەكانی ئینتەرنێتەوە، واتە فیلم لە ترۆپكدایە كاتێك داهاتی بەرزە تا ئەو كاتەی سەیركردنی دەبێتە خۆڕایی، ئەو كاتە فیلمەكە لە رووی ئابوورییەوە بە مردوو حساب دەكرێت، لە هۆڵەكان تازە لە دایك دەبێت، لە فێستیڤاڵەكان گەنجە، لە تەلەڤزیۆنەكان پیرە، بە داونلۆدكردنی بە خۆڕایی دەمرێت.


#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان