ساندراش بەجێیان دەهێڵێت

11:31 - 2024-02-06
وەرزش
101 جار خوێندراوەتەوە

 تیپی خانمانی یانەی بارسیلۆنا یەكێكە لە تیپە هەرە باش و ئاست بەرزەكانی ئسپانیا و ئەوروپا، ساڵی پار پاڵەوانی چامپیۆنس لیگی خانمان بوو، زۆربەی هەرە زۆری یاریزانەكانی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا یاریی دەكەن كە جامی مۆندیالی ساڵی 2023 ی خانمانیان بۆ ئیسپانیا بردەوە و لە یاریی كۆتاییدا 1-0 لە ئینگلتەرایان بردۆتەوە، جگە لەوان زۆربەی هەرە زۆری یاریزانەكانی تری ئەم تیپە یاریزانانی هەڵبژاردە بەهێزەكانی ئەوروپان.
لەنێو ئەم یاریزانانەدا ساندرا پانیۆس كە گۆڵپارێزی سەرەكی تیپەكەیە و لە هەمان كاتیشدا گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیاشە، یەكێكە لە ئەستێرە دیارەكانی ئەم تیپە، بەم دواییەش بڕیاریدا كۆتایی ئەم وەرزە یانەكە جێبهێڵێت و ئەزموونێكی نوێ تاقی بكاتەوە.
پانیۆس لە ساڵی 2015 – ەوە یاریی بۆ یانەی بارسیلۆنا دەكات و گۆڵپارێزی سەرەكی تیپەكەیە، ساڵی 1992 لە ئیسپانیا لەدایكبووە، تەمەنی 32 ساڵە، لە تەمەنی 10 ساڵییەوە و لە  یانەی سپۆرتینگ پلازاوە هاتۆتە جیهانی یارییكردن و كۆڵپارێزی، ساڵی 2010 چووەتە یانەی لیڤانتی و لە خولی پلە یەكی ئیسپانیا یاریی كردووە، لە تەمەنی 22 ساڵیداو ساڵی 2015 چۆتە یانەی بارسیلۆنا و ئەم یانەیەی هەڵبژاردووە هەرەچەندە چەند یانەیەكی تری ئیسپانیا بۆندیان پێشكەش كردووە، بەڵام ئەم یانەی بلوگرانای هەڵبژاردووە و تا ئەمساڵ 2014 لەم یانەیە بەردەوامە.
بڕیاری رۆیشتنی لە كۆتایی ئەم وەرزدا لە یانەی بارسیلۆنا بە رەزامەندی یانەكەو لەسەر داوای خۆی بووە، وەك خۆی دەڵێت دەیەوێت لەم كۆتایی تەمەنەیدا لە یانەیەكی تر ئەزمنێكی نوێ تاقی بكاتەوە، هەرچەند دیار نییە دەچێتە چ یانەیەكی تر، بەڵام دەڵێت ؛ بەدرێژایی تەمەنم هەست و نەستم لای بارسا دەبێت و بە رۆح و گیان لایەنگیریی دەكەم چونكە 10 ساڵی پڕ سەروەریم لەگەڵ ئەم یانەیە بەسەر بردووە، ئەم گۆڵپارێزە بە ئەزمونە خاوەنی چەندین نازناوی ئەوروپا و جیهانە، خاوەنی دەیان خەڵاتی تاكە كەسییە.
ئەمساڵیش تیپی كچانی یانەی بارسیلۆنا بەسەركردایەتی ئەم كچە یاریزانەو پۆلێك لە یاریزانانی باش و بەئەزمون و لێهاتوو، پاڵێوراوی سەرەكین بۆ بردنەوەی جامی چامپیۆنس لیگی خانمانی ئەوروپا، بە پلەی یەكەمیی لە قۆناغی گروپەكەیانەوە گەیشتوونەتە قۆناغی دووەم و هەشت یانە.
شایانی باسە جگە لە پانیۆس، ئۆشوالای هێرشبەری نایجیری یانەكەو جۆناسان جیرادیسی راهێنەری یانەكەش ئەم وەرزە دوا وەرزیان دەبێت لەگەڵ ئەم تیپەی یانەی بارسیلۆنا.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان