به‌نان فاروق
له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌م له‌سه‌ر كورسییه سووره‌كه دانیشتبووم، فنجانێك قاوه به ده‌ستمه‌وه‌بوو ده‌مڕوانییه كۆڵانه‌كه، كه‌شوهه‌وا ورده ورده خه‌ریك بوو سارد ده‌بوو، سه‌یرم ده‌كرد منداڵی دراوسێكان یارییان ده‌كرد، هه‌موو شتێك له جێی خۆی بوو، له كۆڵانه‌كه هه‌موو ماڵه‌كان و دراوسێكان له جێی خۆیانن، ته‌نیا ماڵه‌كه‌ی ئێمه نه‌بێت له جێگه‌ی خۆیدا نه‌مابوو و تۆش لێره نه‌بوویت، تۆ نه‌بوویت و لام نه‌بوویت، كه‌شوهه‌واكه‌ش به‌دڵی تۆبوو، تا ده‌هات ساردت ده‌بوو وه‌ك هه‌موو جار كه حه‌زت لێ‌بوو، تۆ هه‌میشه حه‌زت له سه‌رما و زستان بوو، هه‌ر له زستانیشدا جێت هێشتم، تۆ رۆیشتیت و هه‌موو شتێك دوای تۆ وێران بوو، من وێرانتربووم له هه‌موو شتێك، هێنده وێران كه توانای قسه‌كردنم نه‌مابوو و توانای قسه‌كردنم لاواز ببوو، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه نه‌مده‌توانی ئه‌و ئیشه‌ی كه حه‌ز و خولیام بوو به‌ته‌واوی بیكه‌م، پێویست بوو له سه‌ره‌تاوه ده‌ستپێبكه‌مه‌وه و تێستی تۆنی ده‌نگ بكه‌مه‌وه، نه‌مده‌زانی ئایا ده‌توانم سه‌ركه‌وتووبم یان نا، چونكه تۆ نه‌بوویت تا پشتگیریم بكه‌یت و بڵێیت به‌رده‌وامبه، بڵێیت: دڵنیام سه‌رده‌كه‌ویت و ده‌بیت به باشترین په‌یامنێر، ده‌بیت به باشترین رۆژنامه‌نووس، ئێستا كه تۆ نیت نازانم چۆن ده‌توانم سه‌ربكه‌وم، چونكه پشتم شكاوه، چونكه ئیتر نیت و له‌لامه‌وه نیت، ئێستاكه ئاره‌زوو ده‌كه‌م بۆ چه‌ند چركه‌یه‌كیش بێت بتبینمه‌وه و له باوه‌شت بگرم، من هێنده بیرت ده‌كه‌م رازیم ته‌نانه‌ت ته‌نیا چه‌ند چركه‌یه‌كیش بێت له باوه‌شت بگرم، ئه‌وه وه‌رزه‌كه‌ی تۆش هات، وه‌رزه دڵخوازه‌كه‌ی تۆ به‌ڵام تۆ نیت، زستان بێ تۆ ساردتره، بێ تۆ ساردییه‌كه‌ی چۆته گیانمه‌وه توند ئازارم ده‌دات، دڵ و ناخم ده‌له‌رزێنێت، ئه‌مانه‌ی ئێستا پێدا تێپه‌ڕیووم هه‌مووی خه‌ونن!؟ تۆ به‌ڕاستی لێره نیت یان خه‌ونه!؟ نانا هه‌مووی خه‌ونه هه‌مووی كابوسه ئێستا خه‌به‌رم ده‌بێته‌وه و یه‌كسه‌ر دێم بۆ لات و له باوه‌شت ده‌كه‌م و ماچت ده‌كه‌م.
− كچێ كچێ!؟
ئه‌رێ كچێ له‌گه‌ڵ تۆمه كه‌م سه‌یری ده‌ره‌وه بكه ئه‌وه شێت بووی قاوه‌كه‌شت سارد بووه‌ته‌وه.
− له‌گه‌ڵ منته!؟
− به‌ڵێ ئه‌ی له‌و ساوه كێ بانگت ده‌كات.
− نازانم خه‌یاڵم رۆشتبوو، چه‌ندێكه با‌نگم ده‌كه‌ی!؟
− ئه‌وه سه‌دجار بانگت بكه‌م، سه‌یری چی ده‌كه‌ی!؟
−سه‌یری كۆڵان و ژیانی رابردوو.
له‌ناكاو له دنیای خه‌یاڵ خه‌به‌رم بووه‌ووه بینیم تۆ دووباره نیت و لام نیت ئه‌وه‌ی كه وام ده‌زانی خه‌ونه راستییه و راستییه‌كی تاڵه، تۆ رۆیشتوویت و ئیتر ناگه‌ڕێیته‌وه بۆ لام.
- چیته؟
− هیچم نییه.
− ئه‌ی بۆچی ده‌موچاوت ته‌ڕبووه به گریان؟
− گریان!؟
− به‌ڵێ گریان.
− نازانم هیچ هه‌ستم پێ نه‌كردووه.
− بۆچی گریاوی؟ چییه تاقانه‌ی داده‌ی؟
− بێتاقه‌تم زۆر بێتاقه‌تم داده، بیری ژیانی رابردوو ده‌كه‌م بیری ئه‌و كاتانه‌ی كه ئه‌و لێره بوو له‌لای من بوو، زۆر بیری ده‌كه‌م ئه‌و له كوێیه داده بۆ لێره نییه؟
− ئه‌و ئێستا له به‌هه‌شته گیانی داده مه‌گری به‌هێزبه، تۆ به‌هێزترینی به‌رگه بگره،
− من به‌هێزم، به‌هێزییه‌كه‌م له‌و بۆ ماوه‌ته‌وه به‌سه‌ر هه‌موو شتێك‌دا زاڵ بووم به‌ڵام ئه‌مه‌یان زۆر سه‌خته بۆم زۆر.
تۆ له ژیاندا فێری هه‌موو شتێكت كردم به‌س فێری ئه‌وه‌ت نه‌كردم كه چۆن بێ تۆ بژیم، چۆن به‌رگه‌ی نه‌بوونیت بگرم، ئاخر دایكه گیان تۆ نیت من ماندوو و شه‌كه‌ت و هیلاكم وا هه‌ست ده‌كه‌م ده‌خنكێم و خه‌ون ده‌بینم، سوێند به‌خوا هیچ شتێك هێنده‌ی نه‌بوونت ئازار به‌خش و قورس نییه، ده‌زانم تۆ له به‌هه‌شتیت و سه‌یری من ده‌كه‌یت، سه‌یر ده‌كه‌یت كچه‌كه‌ت ئێستا بووه‌ته نووسه‌رێكی باش، ته‌نیا رۆژنامه‌نووسێكی ساده نه‌ماوه‌ته‌وه، بووه‌ته نووسه‌ر و وتار و چیرۆك و كتێب ده‌نووسێت، دایه گیان بڵێ تۆ ئێستا من ده‌بینیت!؟
وه‌كو پێشوو شانازییم پێوه ده‌كه‌یت؟ له‌وێ هاوڕێت هه‌یه و بڵێی ئه‌وه كچی منه؟
ئای خۆزگه لێره ده‌بوویت وه‌ك چۆن یه‌كه‌م كه‌س بووی وتاره‌كه‌ت خوێندمه‌وه كاتێك خوێندكار بووم و له هه‌مانكاتدا په‌یامنێری كه‌ناڵێك بووم، وه‌ك چۆن تۆ یه‌كه‌م كه‌س بوویت سه‌یری یه‌كه‌م راپۆرتت كردم كه بۆ ته‌له‌فزیۆن كردم، یه‌كه‌م به‌رنامه‌م، یه‌كه‌م فیچه‌رم، یه‌كه‌م ڤۆكس پۆپم، یه‌كه‌م راپۆرت و ستۆری نووسراوم، ئاواتم بوو هه‌موو یه‌كه‌مه‌كان هه‌ر تۆ بیخوێنیته‌وه و سه‌یری بكه‌یت، ئای دایه گیان تۆ چه‌ن خوێنه‌رێكی باش بووی چه‌ند حه‌زت له كتێب بوو چه‌نده حه‌زت به خوێندنه‌وه‌ی بوو، هه‌ر له منداڵییه‌وه فێری خوێندنه‌وه‌ی كتێبت كردم، ئای دایكه میهره‌بانه جوانه‌ی من ئێمه ئێستا زۆر ته‌نیاین منداڵه‌كانت زۆر ته‌نیان.
− بیرته هه‌میشه له‌وێ یاریی خه‌ت خه‌تێنت ده‌كرد له‌گه‌ڵ هاوڕێكانت و دایكیشم هه‌میشه سه‌یری ده‌كردیت؟
− زۆر باشم بیره داده خۆزگه منداڵ ده‌بوومه‌وه و ئه‌و لام ده‌بوو.
− ئه‌ی بیرته كاتێك یارییت به پاسكیل ده‌كرد هه‌میشه خه‌می بوو برا بچوكه‌كه‌شمانت له‌گه‌ڵ خۆت ده‌برد و فێری پاسكیل لێخوڕینت ده‌كرد ئه‌ویش خه‌می هه‌ردووكتانی بوو.
− خۆزگه‌م به هه‌موو ئه‌و كاتانه‌ی ئه‌و لام ده‌بوو چۆن بیرم نییه به‌ساقه‌ی بم.
− ئه‌و هه‌میشه دایكێكی باش و خه‌مخۆر بوو قوربانیبم چه‌ن زوو جێی هێشتین، منیش زۆری بیری ده‌كه‌م گیانی داده.
− داده بۆ ئه‌وه‌نده قورسه له‌سه‌ر دڵمان نه‌بوونی ئه‌و؟
− زۆر قورسه به‌ڵام ئێمه به‌هێزین و به‌ڵێنمان به‌و داوه به‌هێزبین وه‌ك ئه‌و تا دوا سات بجه‌نگین و خۆمان به‌ده‌سته‌وه نه‌ده‌ین به‌رده‌وام له‌سه‌ر پێكانی خۆمان بوه‌ستین.
كاتێك نه‌خۆش ده‌كه‌وتم من وه‌كو خوشك و براكانم نه‌بووم من زۆر به خراپی نه‌خۆش ده‌كه‌وتم تۆ هه‌میشه خه‌می منت بوو و تا به‌یانی نه‌ده‌خه‌وتی به دیارمه‌وه، كه نه‌خۆش ده‌كه‌وتم یه‌كسه‌ر ده‌هاتم بۆ ژووره‌كه‌ی تۆ لای تۆوه ده‌خه‌وتم و تۆش وا ئاسووده بووی له‌به‌رچاوت بم هه‌ر كاممان نه‌خۆش بكه‌وتینایه، خێرا ده‌چووی حه‌ب و ده‌رمانت بۆ ده‌هێناین تا زووتر باشببینه‌وه، دایه ده‌زانی دوای كۆچی هه‌میشه‌ییت من نه‌خۆش كه‌وتم و چووم بۆ ژووره‌كه‌ت به‌ڵام تۆ له‌وێ نه‌بووی من ئه‌و ساته وێران بووم زۆر قورس بوو، سه‌ختترین كاته‌كانم بوون.
− هه‌سته ته‌واو مه‌گری
− ئه‌ی بۆچی خۆشت ده‌گری داده؟
− دڵته‌نگی بووم منیش ته‌واو ئیتر منیش ناگریم هه‌سته ده‌ست و ده‌موچاوت بشۆ.
− باشه ئێستا هه‌ڵده‌ستم.
− ده‌ی كاتی نانی ئێواره نزیك بووه‌ته‌وه با شتێك ئاماده بكه‌ین بۆ شێو.
− باشه تۆ بڕۆ كه‌مێكی تر منیش دێم.
كه روانیمه ده‌ره‌وه خۆر خه‌ریك بوو ئاوا ده‌بوو و منداڵانی كۆڵان قات و قیژیان نابووه‌وه و یاریان ده‌كرد ئاواتم ده‌خواست منیش منداڵ ببوومایه‌ته‌وه و دایكه گیانم تۆ لام ببویتایه به‌ڵام ئاواتێكی مه‌حاڵه چونكه تۆ له به‌هه‌شتیت و منیش له‌سه‌ر زه‌وی، رۆژه‌كان دێن و ده‌ڕۆن ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه یادگارییه‌كانه، ئێستا له‌به‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌دام و سه‌یر ده‌كه‌م هه‌موو شتێك لێره‌یه ته‌نیا تۆ نه‌بێ.