محمد كشاورز
شار شێوا. ئێمه له كۆڵان بووین كه شار شێوا. یه‌كه‌مجار ته‌نیا ده‌نگی ئوتومبیله‌كان بوو، جاری واش بوو ده‌نگی ئه‌و مرۆڤانه بوو كه حه‌قیان به‌سه‌ر ئێمه‌وه نه‌بوو. به‌ڵام ده‌نگی هاتوهاوارێك له دووره‌وه ده‌هات. ده‌تگوت خه‌ریكه شتێك رووده‌دات كه په‌یوه‌ندی به یارییه‌كه‌ی ئێمه‌وه هه‌بوو، به‌رده‌وام به‌رزتر و نزیكتر ده‌بۆوه. هۆش و گۆشمان لای یارییه‌كه نه‌بوو. ده‌نگه ده‌نگ و هاتوهاوار گه‌یشته ئه‌ودیوی دیواره‌كانی كۆڵانه‌كه. ده‌نگی تێكه‌ڵی پێ كه رایانده‌كرد گه‌یشته شه‌قامه‌كه و یارییه‌كه‌ی ئێمه‌ی تێك دا.
ئێمه گێژ و وێژ له‌ناو كۆڵانه‌كه‌دا ماینه‌وه و كۆڵان پڕ بوو له ده‌نگی ته‌ق و هوڕی به‌یه‌كادانی ده‌رگا ئاسنه‌كان و ده‌نگی پێ و ده‌نگی ئه‌و ژن و پیاوانه‌ی كه به سه‌رسامییه‌وه ده‌چوون به‌ناو یه‌كدا و دیار نه‌ده‌مان. یه‌كێك ده‌ستی راكێشام و هاواری كرد «بۆچی حه‌په‌ساوی كوڕه؟ به‌ڕێكه‌وه!»
روخساریم نه‌بینی. له دوای قه‌د و باڵا زله‌كه‌یه‌وه ته‌نیا گوێم له ده‌نگی هاتوهاواری خه‌ڵك بوو. ده‌وروبه‌رم قه‌ره‌باڵغ ببوو. ته‌نیا جووڵه‌ی پێم ده‌بینی و شانم ده‌یه‌شا به‌هۆی راكێشانی ده‌ستمه‌وه كه له‌ناو ده‌ستی باوكمدا بوو، ته‌نیا ده‌نگی هه‌ناسه‌بڕكێی ده‌هاته گوێم.
ده‌ترسام شتێك بپرسم. ئه‌گه‌ر بشمپرسیایه ده‌نگم به كه‌س نه‌ده‌گه‌یشت. قوڕگم پڕ ببوو له گریان. له به‌ینی خه‌ڵكه‌كه‌دا خه‌ریكبوو ده‌خنكام، له به‌ینی قسه‌كانیاندا تێگه‌یشتم سه‌رله‌به‌یانی هه‌مان رۆژ كه‌سێكیان دیوه كه به‌سه‌ر ئاودا رۆیشتووه، به‌سه‌ر ئاوی رووباره‌كه‌دا. گوایه له جیاتی تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا دووسه‌د سێیسه‌د مه‌تر له سه‌رووتره‌وه به پیاسه به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا رۆیشتووه. قسه‌ی پچڕ پچڕ ده‌هاته گوێم و له‌و پارچه قسانه تێگه‌یشتم ده‌ڵێی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌سه‌ر ئاودا رۆیشتووه ده‌یناسن و ئێستا ده‌بێت بچنه سه‌ردانی. ناوی پیر ئاغام به‌رگوێ ده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌شم به‌رگوێ ده‌كه‌وێت ئه‌وه‌ی به‌یانی پێش خۆرهه‌ڵاتن به‌سه‌ر ئاودا رۆیشتووه پیر ئاغا بووه، له‌وه حاڵی ده‌بم من و باوكم هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ده‌نگیان دێته‌گوێم و به قه‌د و باڵایان وه‌كو دیوار به ده‌ورمدا ده‌خولێنه‌وه، خه‌ریكین ده‌چینه سه‌ردانی پیر ئاغا. هاته‌گوێم گه‌یشتووینه‌ته پرده‌كه. نه پرده‌كه‌م دیوه و نه رووباره‌كه، ده‌نگی ئاوم هاته‌گوێ. هیلاك بووم. هه‌نگاوم بۆ هه‌ڵنه‌ده‌گیرا، به‌سه‌ر عه‌رده‌كه‌دا قاچم به‌كێش ده‌كرد. باوكم بۆ ساتێك لایكرده‌وه، كه منی به‌و شێوه‌یه بینی باوه‌شی پێداكردم و كردمییه قه‌ڵاندۆشكان.
پرده‌كه پڕببوو له خه‌ڵك، ژن و پیاو. درێژه‌ی خه‌ڵكه‌كه له‌گه‌ڵ شه‌قامه‌كه‌دا كشابوو بۆ دوور دوور و پێچی كردبۆوه، ئیتر دیارنه‌بوو. پیشه‌وه و دواوه پڕ بوو له خه‌ڵك، مه‌یدانی دوای پرده‌كه‌ش جمه‌ی ده‌هات، ئیتر ده‌نگی ئاوه‌كه نه‌ده‌هات، به‌ڵام ئاوی رووباره‌كه بریسكه‌ی ده‌دا و وه‌كو هه‌میشه به‌ره‌و جێگایه‌كی تر ده‌كشا.
مه‌یدانه قه‌ره‌باڵغه‌كه‌ی به‌رده‌می پرده‌كه ئیتر جێگای كه‌سی تێدا نه‌ده‌بۆوه. باوكم ئه‌مپێ و ئه‌وپێی ده‌كرد و منیش له‌سه‌ر قه‌ڵاندۆشكانی به‌رز و نزم ده‌بوومه‌وه و ده‌نگی هه‌ناسه ماندووه‌كانیم ده‌هاته‌گوێ. ده‌تگوت هه‌ر بیری چۆته‌وه من له قه‌ڵاندۆشكانیم. ده‌تگوت زیاتر هۆش و گۆشی لای ده‌می ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رێتی كه یه‌كبینه باسی موعجیزه‌یان ده‌كرد و ئاماژه‌یان بۆ ئاوه‌كه ده‌كرد كه له دووره‌وه له‌و شوێنه‌ی رووباره‌كه پێچی ده‌كرده‌وه به‌خێرایی ده‌هات، پێش ئه‌وه‌ی بگاته پرده‌كه ته‌نكتر ده‌بوو و به خه‌نده‌وه به ژێر پرده‌كه‌دا تێده‌په‌ڕی.
باوكم له هیلاكیدا خۆی گه‌یانده لای لاوانه‌ی قه‌راغی پرده‌كه. ملی عاره‌قاوی له‌ژێر ده‌ستمدا لووس بوو. ده‌تگوت ده‌یه‌وێت هه‌تا كردنه‌وه‌یه‌ك رێگایه‌ك له مابه‌ینی خه‌ڵكه‌كه‌دا، به جه‌سته‌ی ماندوویه‌وه پاڵ بداته‌وه به لاوانه ئاسكه‌كانی پرده‌كه‌وه.
له‌سه‌رووی كه‌ناره لمه‌كه‌وه كه هه‌تا نیوه‌ی شێ‌دار بوو رووباره‌كه دیار بوو. پیره‌مێردێك له‌و خواره‌وه له قه‌راغی ئاوه‌كه ده‌خولایه‌وه. كڵاوێكی خوری سه‌وزی له‌سه‌ردا بوو، ده‌تگوت سه‌یری ئاوه‌كه و ده‌وری ئاوه‌كه ده‌كات و هیچ گوێ به هاتوهاواری خه‌ڵكی سه‌ر پرده‌كه نادات، كوڕێژگه‌یه‌كی حه‌وت هه‌شت ساڵه هه‌ر له‌و خواره‌وه كه‌مێك دوورتر له پیره‌مێرده‌كه‌وه له‌سه‌ر لمه ته‌ڕه‌كه دانیشتبوو، به لم شتێكی دروست ده‌كرد. با، له‌و با ساردانه‌ی له ده‌وری رووباره‌كان هه‌ڵده‌كه‌ن، یاری به قژی ده‌كرد، كوڕێژگه‌كه ده‌تگوت سه‌رقاڵی دروستكردنی خانوویه‌كی لمه، رێك وه‌كو پیره‌مێرده كڵاو سه‌زوه‌كه هیچ گوێی به ئێمه نه‌ده‌دا.
له‌ولای رووباره‌كه‌وه، هه‌ر له‌و شوێنه‌دا كه پره‌مێرده‌كه ده‌خولایه‌وه، سێبه‌ری درێژی خانوویه‌كی گه‌وره و سپی پارچه پارچه كه‌وتبووه سه‌ر لمی كه‌ناره‌كه. دیواره سپییه‌كانی و بنمیچه خۆڵه‌مێشییه‌كه‌ی خانووه‌كه له‌ودیو له‌رینه‌وه‌ی لق و گه‌ڵای سپیداره به‌رزه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌وتن و دیارنه‌ده‌مان و كه‌ناره لمه‌كه ره‌نگه‌كه‌ی ده‌گۆڕا. خانووه‌كه به‌و هه‌موو دره‌خته به‌رزه‌ی چوارده‌ورییه‌وه ده‌تگوت خۆی له‌سه‌ر رێگای رووباره‌كه كێشاوه‌ته دواوه و پاڵیداوه‌ته‌وه به شاخه‌كه‌وه، به‌و قه‌واره سپییه له‌ت له‌ته‌یه‌وه له‌ودیو دره‌خته‌كانه‌وه وه‌كو خانووی ناو حیكایه‌ته‌كان پڕ بوو له رازی ترسناك. خۆم چه‌مانده‌وه سه‌رم برده لای گوێی باوكمه‌وه پرسیم «ئه‌وه ماڵی پیر ئاغایه.»
روویكرده رووباره‌كه و وتی «ئاشكرایه. ئه‌ی پیشانم نه‌داوی؟»
نیشانی دابووم. له‌وانه‌یه یه‌كێك له‌و دوانیوه‌ڕوانانه بووبێت كه به پایسكیله‌كه‌ی به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا رۆیشتبووین. بیرم نییه من پرسیبووم یان ئه‌و خۆی وتبووی.
دیسان پرسیم « ئه‌و پیره‌مێرده كڵاو سه‌وزه كێیه؟»
وتی: «خزمه‌تكاری پیر ئاغایه.»
وتم «ئه‌ی ئه‌و مناڵه‌ی یاری به لم ده‌كات كێیه؟»
تاقه‌تی نه‌بوو. دیار بوو. زیاتر له‌وه‌ی خه‌یاڵی لای قسه‌كانی من بێت خه‌یاڵی لای كردنه‌وه‌ی رێگاكه بوو. به‌ڵام وه‌ڵامی دامه‌وه.
«باشه ئاشكرایه، كوڕی خزمه‌تكاره‌كه‌یه.»
حه‌زم ده‌كرد له‌و خواره‌وه بوومایه یان به‌شێوه‌یه‌ك خۆم ده‌گه‌یانده ئه‌و خواره‌ی كه‌ناری رووباره‌كه، ته‌نیشت ئه‌و كوڕه‌ی كه خانووی لمی دروست ده‌كرد. به‌ڵام باوكم ده‌ترسا. ده‌مزانی ده‌ترسێت. هه‌میشه له ئاو و رووبار ده‌ترسێت. ئه‌و رۆژانه‌ی به پاسكیل به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا تێده‌په‌ڕین به جۆرێك باسی ئاو و رووباری ده‌كرد كه به ترسه‌وه خۆم به ده‌سكی پاسكیله‌كه‌وه ده‌نووساند و حه‌زم ده‌كرد زووتر به‌سه‌ر پرده‌كه‌دا تێپه‌ڕین.
پرده‌كه كه‌وته پشتمانه‌وه. به پاڵه‌په‌ستۆی خه‌ڵكه‌كه ورده ورده خولاینه‌وه تا گه‌یشتینه به‌رده‌می تاقێكی به‌رز كه ده‌یانگوت پیرئاغا له‌وێ دایشتووه و چاوه‌ڕێی ئێمه ده‌كات.
خه‌ڵكه‌كه له‌به‌رده‌می تاقه كۆنه‌كه‌دا ده‌چوون به‌ناو یه‌كدا. باوكم به‌هێواشی منی له قه‌ڵاندۆشكانی داگرت و خستمییه سه‌ر ده‌ستی خه‌ڵكه‌كه و به ماندووێتییه‌وه هاواری كرد «خوا خێرتان بنووسێت ده‌ست به ده‌ست ئه‌م مناڵه بگه‌یه‌ننه خزمه‌ت پیر ئاغا.»
به‌سه‌ر ده‌سته‌كاندا رۆیشتم. مل و په‌راسووه‌كانم ده‌یه‌شا. به‌سه‌ر سه‌ره ره‌ش و هه‌تاو بردووه‌كاندا رۆیشتم هه‌تا گه‌یشتمه ده‌ستێك كه تۆزێك له خوار په‌ڕۆیه‌كی هه‌ڵواسراوه‌وه بوو. پیرئاغا له‌سه‌ر سه‌كۆیه‌ك دانیشتبوو، ریشی سپی و درێژی هه‌تا سه‌ر سنگی هاتبوو. قژیشی سپی و درێژ هاتبووه سه‌ر شانی. به سه‌ردا شۆڕیان كردمه‌وه. وه‌كو مریشكێك كه قاچی ده‌گرن و شۆڕی ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه گه‌نمێك بخوات. خوێن هاتبووه ده‌موچاومه‌وه، چاوه‌ڕێم كرد تا سه‌رێك له سه‌ره‌كان بچێته دواوه و من سه‌رده‌ستی راگیرا‌و و پڕ موستیله‌ی ماچ بكه‌م. وه‌زعم تێكچوو. هه‌ردوو قاچم له ده‌ستی ئه‌و كه‌سه خزا كه گرتبوومی. ده‌ستێكی تر هه‌ردوو قاچمی گرت. هه‌ناسه‌م گیرا. به‌ڵام ده‌نگی یه‌كێك له‌ناو ده‌نگه‌ده‌نگه‌كه‌دا به‌رزبۆوه «خواخێرتان بنووسێت، ده‌ست به ده‌ست مناڵه‌كه بگێڕنه‌وه بۆ دواوه!»
كاتێ گیڕایانمه‌وه چاوم بۆ باوكم گێڕا، یان لێی نه‌بوو، یان ئه‌گه‌ر لێشی بوایه بێگومان یه‌كێك بوو له‌و سه‌رانه‌ی هه‌موویان یه‌ك شێوه بوون و پێكه‌وه هێرشیان ده‌برد. پێم گه‌یشته زه‌وی و به هه‌وڵێكی زۆر خۆم گه‌یانده جێگایه‌ك كه بتوانم هه‌ناسه بده‌م. له مابه‌ینی خه‌ڵكه‌كه‌وه رابكه‌م. خۆم گه‌یانده لای رووباره‌كه. نه‌چوومه سه‌رپرده‌كه. به كه‌ناری رووباره‌كه‌دا رۆیشتم هه‌تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌كرا بچیته لێواری ئاوه‌كه. قاچم گه‌یشته ساردی لمی كه‌ناره‌كه. كوڕێژگه‌كه له قه‌راغی ئاوه‌كه دانیشتبوو. سه‌رقاڵی دروستكردنی ماڵه لمه‌كه بوو. بێگومان گوێی له ده‌نگی هێواشی پێم بوو له‌سه‌ر لمه‌كه بۆیه به‌هێواشی لایكرده‌وه به‌لای مندا. كه‌مێك راما و پاشان بزه‌یه‌كی هاتێ.
وتم «منیش یاری بكه‌م؟»
شانی هه‌ڵته‌كاند و وتی «ئه‌گه‌ر ده‌یزانی، باشه.»
له ته‌نیشتییه‌وه چۆكم دادا و هه‌تا مه‌چه‌كم كرد به‌ناو لمه سارده‌كه‌دا. پیره‌مێرد، باوكی، له‌وسه‌ری ئاوه‌كه سه‌رگه‌ردان بوو به‌دوای شتێك‌دا ده‌گه‌ڕا و به‌ده‌نگی به‌رز جنێوی ده‌دا. نازانم به كێ به‌ڵام جنێوی ده‌دا. جاریوابوو ده‌هاته لێواری ئاوه‌كه، داده‌نه‌وییه‌وه و هه‌تا ئه‌نیشكی قۆڵی ده‌كرد به‌ناو ئاوه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی شتێك بهێنێته ده‌ره‌وه. زۆری له خۆی ده‌كرد، نه‌یده‌توانی. عاره‌قی ناوچه‌وانی سڕی و به‌ده‌ست به‌قایمی كێشای به‌كڵاوه‌ی ئه‌ژنۆكانیدا و به‌ده‌نگی به‌رز وتی «سه‌گبابه بووه به سه‌د مه‌ن. ئه‌وه‌نده ئاوی هه‌ڵمژیوه.»
كوڕێژگه‌كه پێكه‌نی «هه‌رچه‌ند زۆر له خۆی ده‌كات ناتوانی له شوێنی خۆی بیجووڵێنێت.»
وتم «با بچین یارمه‌تی بده‌ین.»
وتی «وازی لێبێنه! ده‌رینه‌هێنێ باشتره! ده‌توانین سواری بین و بێینه ئه‌مبه‌ر یان پێی بچین بۆ ئه‌وبه‌ری ئاوه‌كه.»
وتم «له ئاو ناترسیت؟!»
خێرا هه‌ڵسا و ده‌ست و جله‌كانی له لم ته‌كاند و وتی «ئه‌گه‌ر پیاوی یاڵڵا وه‌ره باپێكه‌وه، بڕۆین.»
سه‌یری ئاوه‌كه و ئه‌و خه‌ته ره‌شه‌م كرد كه له‌وسه‌ری هه‌تا ئه‌مسه‌ری له ژێر ئاوه‌كه‌دا دیار بوو، پیره‌مێرده‌كه ئیتر له قه‌راغی ئاوه‌كه نه‌بوو. ده‌تگوت ماندوو بووه و خزاوه‌ته بن سێبه‌ری سپیداره‌كان.
وتم «ئه‌گه‌ر راست بكه‌یت و نه‌ترسی دێم له‌گه‌ڵت.»
كه گه‌یشتینه ناوه‌ڕاستی رووباره‌كه. ده‌نگی هه‌لهه‌له و شادی له‌سه‌ر پرده‌كه‌وه به‌رز بۆوه. ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه وه‌ستابوون ته‌ماشای ئێمه‌یان ده‌كرد و هه‌لهه‌له‌یان لێده‌دا.
ئێمه به‌سه‌ر ئاوه‌كه‌دا ده‌رۆیشتین!
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
سه‌رچاوه: كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی (روباه شنی)چاپ چهارم 1398.