ساڵۆنی لاپەڕە نۆ

یەکەم ژمارەی گۆڤاری(دۆكیۆمێنت)ناسێنرا!

10:11 - 2024-02-11
کەلتور
319 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

پێش نیوەڕۆی 2024/1/20 ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی ی.ن.ك، مەڕاسیمێكی بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی ژمارە 1 ی گۆڤاری (دۆكیۆمێنت) رێکخست.
لەمەڕاسیمەكەدا ژمارەیەك لە نووسەران و رۆشنبیران ئامادەیبوون، لە سەرەتای كۆڕەكە داستان بارزان بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤارەكە وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی: (گۆڤاری دۆكۆمێنت گۆڤارێكی وەرزی تایبەتە بە بواری دۆكۆمێنتاری كە هەموومان دەزانین دۆكۆمێنت گرینگییەكەی چەندە و رۆڵی ئەم بوارە چیە لە هەڵگرتن و بەداتاكردنی هەر بوارێك لەبوارەكانی ژیانی مرۆڤ بە تایبەتی بۆ ئێمەی گەلی كورد كە بەداخەوە لە رابردووی رۆژنامەگەری ئێمەدا كەمترین بایەخمان بەو بوارە داوە، لە كاتێكدا دەتوانم بڵێم كەمن ئەو نەتەوانەی بەقەدەر نەتەوەی ئێمە پێویستی بە دۆكۆمێنتكردنی ئەو شتانە هەبێ كە بەسەری هاتووە، دەكرێت بڵێن دۆكۆمێنت لەیەك كاتدا رابردوو و ئێستاشە، چونكە ئێستاش دەبێتە دۆكیۆمێنت، بۆ نموونە ئێستا ئێمە لێرە كۆبووینەتەوە دواتر ئەویش دەبێتەوە بە دۆكیۆمێنت).

 ستار محەمەد

جێگرەوەی هیچ گۆڤارێك و رێكخراوێك نین
ستار محەمەد سەرنووسەری گۆڤاری دۆكیۆمێنت باسی لە گۆڤارەكە كرد و رایگەیاند: (سوپاسی ئەوانە دەكەین كە پاڵپشتمان بوون بۆ دەركردنی گۆڤارەکە، هەروەك هەندێك كەسیش رێگرمان بوون لەدەركردنی، بەڵام سوپاسی ئەوانیش دەكەین، ئەو بوارەی ئێمە دەستمان داوەتێ بوارێكی جیاوازە لەناو كایەی رۆشنبیریی کوردیدا، ئێمە جێگرەوەی هیچ گۆڤارێك و رێكخراوێك نین، بەڵكو چەند كەسێكین پێشتر لەبواری دۆكۆمێنتاری كارمان كردووە و شارەزاییمان لێی هەیە، ئێستاش دركمان بەوە كردووە بۆشاییەك هەیە لەو بوارە لەناو كایەی رۆشنبیریی نەتەوەكەماندا، هەرچەندە لەسەرەتاشدا دەمانزانی ئەو بوارە قورسە، هەموو كەسیش دەزانێت بەتایبەتی ئەو كەسانەی لە بواری ئەرشیفدا كاریان كردووە).
پاشان وتی: (لە سەرەتادا كە دەستماندا بەو پڕۆژەیە لەخۆمانەوە كارمان نەكرد، بەڵكو پرس و رامان بە زۆر مامۆستای گەورە كرد كە تەمەنێكیان لەكاری دۆكۆمێنتی بەسەر بردووە و شارەزاییان لێی هەبووە هەمووشیان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئێـمە دووپات کردەوە، بەڵام وتیشیان وریا بن ئەو ئەركە ئەركێكی قورسە و دەبێت پاڵپشتییەكی گەورەتان هەبێت لەڕووی دارایی و مرۆیی، ئێمەش دركمان بەوە كردبوو، بەڵام لەبەر ئەوەی بۆشایی ئەم بوارە لەكایەی رۆشنبیریی كوردیدا زۆر بە ئاشكرا دركی پێدەكرا، بۆیە وتمان ئەو كاروانە دەبەین بەڕێوە و ئومێدیش دەكەین نەوەستێت، ئێستاش لەژمارە 1 ی گۆڤارەكە ئەو هیوایەمان هەڵگرتووە كە بەپاڵپشتی ئەو كەسانەی لە بواری دۆكۆمێنتدا كاریان كردووە وەكو مامۆستایانی زانكۆ یا ئەوانەی كاری زیاتریان لە ئێمە لە بوارەكەدا كردووە دەتوانین پەرە بەو كاروانە بدەین، بەڵێنیشتان پێدەدەین كە هەتا پێمان بكرێت لەو كاروانە دانابڕێین و بەردەوام دەبین).

کەس یارمەتی نەداین

لەبارەی ژمارە (یەك)ی گۆڤارەكە ستار محەمەد وتی: (راستە من سەرنووسەری ئەو گۆڤارەم، بەڵام گۆڤارەكە بە پاڵپشتی دارایی یەكێك لە هەڤاڵەكانمان دەردەچێت كە حسێن ئەحمەد - ی خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەكەیە ئەركی دابینكردنی دارایی گۆڤارەكەی خستۆتە ئەستۆ، چونكە هیچ لایەنێكی سیاسی و رێكخراوێك یارمەتی نەداین، لایەنی مەعنەویش داستان بارزان لە ئەستۆی گرتووە كە هەرچەندە ئێمە سەر بەلایەنێكی سیاسین یا لە ئۆرگانێكی سیاسی كاردەكەین، ئێمەی ستافی گۆڤارەكە تا ئێستا هیچ شوێنێكی رەسمیمان نییە و تەنیا خۆمان و ئەو ئامێری لاپۆتەی دەستمانین، هیواداریشم پاڵپشتمان بن بۆ ئەوەی ئەو ئەركە ببەین بەڕێوە بۆ ئەوەی لەو كاروانە دانەبڕێین و ئەو بۆشاییەی كە لە بواری دۆكۆمێنتیدا هەیە بە هەموومان پڕی بكەینەوە و بەهەموو لایەكمان بتوانین خزمەتی بكەین، وەكو ستافی نووسەرانی گۆڤارەكە توانیمان لەژمارە(یەک)دا وەكو گۆڤارێكی ئەزمونیی دۆكۆمێنتی نیشانی خوێنەرانی بدەین و هەر كەسێكیش راو بۆچوونی هەبوو لەسەر گۆڤارەكە زۆر ئاساییە و بەدڵێكی گەورە لێی وەردەگرین.  



بابەتە پەیوەندیدارەکان