دکتۆر فه‌ره‌یدون عه‌بدولستار
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان، مێژووی كۆنی پیشه‌ی پزیشكی ڤێترینه‌ری، له شوێنه‌واره كۆنه‌كان و وێنه هه‌ڵكۆڵراوه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه مرۆڤ زۆر له كۆنه‌وه هۆگری ماڵیكردن و به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵه هه‌مه‌جۆره‌كان بووه به دابینكردنی جێگا و رێگا و خۆراك و پاراستنی ته‌ندروستیان، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت كه دیرۆكی په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ زۆر كۆن و دێرینه به‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی سه‌رده‌می شارستانییه‌ته دێرینه‌كانی سۆمه‌ری و میسری و چینی و هیندی و بابلیی و ماده‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه زۆر بایه‌خیان داوه به پارێزگاریكردن له ته‌ندروستی ئاژه‌ڵه‌كانیان كه بێگومان ئه‌م كاره‌ش له لایه‌ن خه‌ڵكی كارامه و شاره‌زاوه ئه‌نجامدراوه .
سه‌رده‌می سۆمه‌رییه‌كان
له مێژووی كۆندا، میزۆپۆتامیا به لانكه‌ی شارستانیه‌تی مرۆڤایه‌تی داده‌نرێت و سۆمه‌ریه‌كان له شارستانیه‌ته دیاره‌كانی ناوچه‌ی میزۆپۆتامیایه به‌وه‌ی له زۆر رووه‌وه پێشه‌نگ بوون وا به‌پێی قسه‌ی مێژوونووسان، سۆمه‌رییه‌كان زۆر بایه‌خیان داوه به كاری ئاژه‌ڵداری له ماڵیكردن و به‌خێوكردنی جۆره‌ها ئاژه‌ڵی وه‌كو گا و مانگا و مه‌ڕ و بزن به مه‌به‌ستی كه‌ڵك وه‌رگرتن له به‌رهه‌مه‌كانیان له گۆشت و شیر و پێسته و موو و خوری و هه‌روه‌ها هه‌روه‌ك هۆكارێكی گواستنه‌وه‌ش سوودیان له ئه‌سپ و ماین و وشتر وه‌رگرتووه و به‌كاریان هێناون له كاروباری كشتوكاڵ و راوكردنی ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان و چه‌نده‌ها جۆری دیكه‌یان به‌خێوكردووه، وه‌كو به‌راز و سه‌گ و باڵنده‌كان، له‌به‌رئه‌وه پێویستیان به خه‌ڵكی شاره‌زا و لێهاتوو هه‌بووه بۆ پارێزگاریكردن له ته‌ندروستی ئاژه‌ڵه‌كانیان به‌چاره‌سه‌ركردنیان و مانه‌وه‌یان به له‌ش ساخی. به گوێره‌ی نووسراوه مێژووییه‌كان یه‌كه‌مین پزیشكی سۆمه‌ری كه به كاروباری هونه‌ری ڤێترینه‌رییه‌وه خه‌ریكبووه، وه‌ك كه‌سێكی شاره‌زاو به ئه‌زموون خزمه‌تی كردووه له چاره‌كردنی كێشه ته‌ندروستیه‌كانی ئاژه‌ڵان ، پزیشكێكی ڤێترینه‌ری بووه به ناوی ئۆرلوگالدینا (Urlugaledinna) كه له شاری لاگاش ژیاوه له ده‌ورووبه‌ری (2121-2118) پ.ز، لاگاش (Lagash) شارێكه له شاره‌كانی سۆمه‌ری كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌یه‌كی نزیك شاری ناسریه له وڵاتی عیراقی ئه‌م سه‌رده‌مه. له لێكۆلێنه‌وه‌یه‌كی دكتۆر سه‌عدی ئه‌لسامه‌ڕائید هاتووه به‌وه‌ی Urlugaledinna كۆمه‌ڵێك ئامێر و كه‌لوپه‌لی پزیشكیی گرنگی دروستکردووە كه له‌وكاته‌دا به‌كارهێنراون بۆ ئاسانكردنی پڕۆسه‌ی زایینی ئاژه‌ڵه ئاوسه‌كان به شێوه‌یه‌كی سروشتی بۆمانه‌وه و پاراستنی ئاژه‌ڵه تازه له‌دایكبووه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری بچووك له كردنه‌وه‌و پاكردنه‌وه‌ی دوومه‌ڵه‌كان و به‌كارهێنانی ده‌رزی و ده‌زوو له دوورینه‌وه‌ی برینه‌كان .
سه‌رده‌می میسری كۆن
دانیشتوانی شاره‌كانی میسری كۆن زۆر بایه‌خیان داوه به ماڵیكردن و به‌خێوكردنی گا و مانگا و مه‌ڕ و بزن و ئه‌سپ و ئاسك و سه‌گ و باڵنده هه‌مه‌جۆره‌كان و هه‌روه‌ها پاراستنی ته‌ندروستیان له‌ڕێی ده‌ستنیشانكردنی نه‌خۆشییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان.
شاری كاهون (kahun) یه‌كێكه له شاره‌كانی میسری كۆن كه ده‌كه‌وێته ناوچه‌یه‌كی شاری فه‌یوم له وڵاتی میسری ئه‌م سه‌رده‌مه، له‌ساڵی 1889ز شوێنه‌وارناس و میسری ناسی به‌ناوبانگی به‌ریتانیا
(Flinders Petrie) له ئه‌نجامی پشكنینه‌كاندا له شاری كاهون كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی مێژوویی نووسراویان دۆزیه‌وه كه له‌سه‌رچاوه مێژووییه‌كاندا به نووسراوه‌كانی كاهون
(kahun papyrus) (1) ناسراوه له ده‌ورووبه‌ری (1900پ.ز) ، به‌و پێیه مێژوونوسان به یه‌كه‌مین و كۆنترین به‌ڵگه‌ی نووسراوی داده‌نێن له مێژوودا كه زانیاری پزیشكیی تێیدا تۆماركراوه له باره‌ی كێشه‌كانی پزیشكیی ڤێترینه‌ری له میسری كۆن.
به گوێره‌ی نوسراوه‌كانی كاهون گا و مانگا له‌ڕووی ئایینی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه رۆڵی زۆریان هه‌بووه له ژیانی دانیشتوانی شاره‌كانی میسری كۆندا و ناوه‌ڕۆكی نووسراوه‌كانی كاهون له باره‌ی پزیشكیی ڤێترینه‌ری و چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له‌خۆده‌گرێت، له‌وانه‌ش بڕگه‌ی یه‌كه‌م باس له نه‌خۆشییه‌كانی گا و مانگا ده‌كات له‌و ده‌مه‌دا و هه‌روه‌ها جۆری چاره‌سه‌ره‌كانیش كه به‌كارهاتوون ده‌خاته‌ڕوو، یه‌كێك له‌و نه‌خۆشییانه‌ی كه تووشی گایه‌ك بووه و تۆماركراوه پێی وتراوه نه‌خۆشی Ushau كه له وه‌رزی زستاندا بڵاوبۆته‌وه و بۆته هۆی كوێربوونی چاویان و له دواییدا جۆری چاره‌سه‌ره‌كه‌ی روونكردۆته‌وه به‌وه‌ی پێویسته ئاژه‌ڵه نه‌خۆشه‌كه بخرێته سه‌رلایه‌ك و ئاوی ساردی پێدابكرێت. له‌بڕگه‌ی دووه‌می نووسراوه‌كانی كاهون داهاتووه كه میسرییه‌كان زۆر گرنگیان داوه به لایه‌نی زاوزێ و زۆربوونی ئاژه‌ڵه‌كان و چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌كانیان، وێنه هه‌ڵكۆڵراوه‌كانی سه‌رگۆڕه‌كانیان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كان له‌ڕێی راكێشانی گوێره‌كه‌كانه‌وه هاوكاری زایینی مانگا ئاوسه‌كانیان كردووه و پزدانه‌كانیان له له‌شیان جیاكردۆته‌وه، هه‌ندێك جار پشكنینی ناوه‌وه‌ی له‌شی مانگاكانیان كردووه و زۆر بایه‌خیان داوه به گوێره‌كه تازه له‌دایكبووه‌كان و په‌روه‌رده‌كردنیان و پاراستنی ته‌ندروستیان، ئه‌م كاره هونه‌ریانه له‌ڕێی كه‌سانی كارامه و شاره‌زاوه ئه‌نجامدراوه كه پێیان وتون سه‌رپه‌رشتیاری ره‌شه‌وڵاخ . له بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسراوه‌كاندا هاتووه هه‌ندێك بابه‌تی ڤێترینه‌ری روونده‌كاته‌وه سه‌باره‌ت به چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌مه‌ڕ نه‌خۆشییه‌كانی سه‌گ و باڵنده‌كان و ماسی و زۆر بایه‌خیان داوه‌ته كێشه و نه‌خۆشییه‌كانی چاوی ئاژه‌ڵه‌كان به شێوه‌یه‌ك باسی چاوی سه‌گێك ده‌كات كه تووشی كرمه‌كان بووه و له ئه‌نجامدا چۆن چاره‌سه‌ركراوه به پێی دید و بۆچونی پزیشكیی ئه‌و سه‌رده‌مه.
سه‌رده‌می بابلیه‌كان
به‌گوێره‌ی قسه‌ی مێژوونوسان دووه‌مین و كۆنترین نووسراوی پزیشكیی ڤێترینه‌ری له مێژووی كۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می حوكمی حامورابی (1795-1750پ.ز) كه شه‌شه‌مین پاشای بابلییه‌كان بووه له میزۆپۆتامیا. ده‌قه‌كانی پزیشكیی ڤێترینه‌ری به‌شێكه له یاساكانی حامورابی كه له‌سه‌رمیلكه‌ی حامورابی تۆماركراوه (The veterinary text code of hammurabi) كه له‌ڕووی مێژووییه‌وه به پله‌ی دووه‌م دێت له‌دوای نووسراوه‌كانی كاهون كه بایه‌خ ده‌دات به كێشه ته‌ندروستییه‌كانی ئاژه‌ڵان له‌وده‌مه‌دا له باره‌ی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشیه‌كان و پارێزگاریكردن له مافه‌كانیان و هه‌روه‌ها هه‌قده‌ستی پزیشكانی ڤێترینه‌ری دیاریكردووه له‌پای ماندووبونیان .
سه‌رده‌می هیندی كۆن
دانیشتوانی هیندستان زۆر بایه‌خیان داوه به به‌خێوكردنی سه‌گ و گامێش و فیل و باڵنده‌كان و بزن و گا و مانگا و ئه‌سپ كه به به‌نرخترین سامانی نیشتمانی وڵاته‌كه‌یان زانیوه و لای هندۆسه‌كان كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هیندستان پێكده‌هێنن له‌ڕووی ئایینیه‌وه مانگا به ئاژه‌ڵێكی پیرۆز ده‌زانن. به‌پێی تۆماره مێژووییه‌كان پزیشكی ڤێترینه‌ری شالیهۆترا (Shalihotra) به كۆنترین پزیشك داده‌نرێت له هیندی كۆن، كه زۆر گرنگیداوه به هونه‌ری پزیشكی و كاروباری پزیشكیی ڤێترینه‌ری به‌وه‌ی هه‌ستاوه به نووسینی په‌ڕتووكێك به ناوی (Shalihotra samhita) كه به دێرینترین دانراوی پزیشكی ڤێترینه‌ری داده‌نرێت له هیندستان و له دواییدا بۆ زمانه‌كانی فارسی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی وه‌رگێڕا، كه كۆمه‌ڵێك زانیاری پزیشكی له‌خۆگرتووه وه‌كو:
1- به‌كارهێنانی رووه‌كه پزیشكییه‌كان له چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كاندا.
2-چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردن و به‌خێوكردنی ئه‌سپه‌كان و پارێزگاریكردن له ته‌ندروستیان.
3-باسێكی زانستی توێكاری و فسیۆلۆژی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی فیل و ئه‌سپی تێدا روونكردۆته‌وه هه‌روه‌ها ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه باوبوون له‌و ده‌مه‌دا و هه‌میشه خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانی ئامۆژگاری ده‌كرد كه پێویسته ته‌نها ئاژه‌ڵه ساغه‌كان بچنه بازاڕه‌كان و كاریان پێبكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵه نه‌خۆشه‌كان نه‌خۆشی بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
4- زۆر جۆری چاره‌سه‌ری پزیشكی تێدا تۆماركراوه وه‌كو ئازارشكێنه‌كان و هه‌توانه‌كان كه بۆچاره‌سه‌ری برینه‌كان و كێشه‌كانی كۆئه‌ندامی هه‌رس به‌كارهاتووه. له دواییدا له ئه‌نجامی كاره‌كانی (Shalihotra) كه كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سه‌رده‌مه و له ساڵی (300پ.ز) و له‌سه‌رده‌می پاشای مه‌زنی هیندستان ئاشۆكا (Ashoka) یه‌كه‌مین نه‌خۆشخانه‌ی ڤێترینه‌ری دامه‌زرا له‌جیهاندا به مه‌به‌ستی ئاماده‌كردن و پوخته‌كردن و پۆلێن‌كردن و هه‌ڵگرتنی جۆره جیاوازه‌كانی رووه‌كه پزیشكییه‌كان و به‌كارهێنانیان له چاره‌كردنی مرۆڤ و ئاژه‌ڵه نه‌خۆشه‌كان.
سه‌رده‌می چینی كۆن
ره‌شه‌وڵاخ و ئه‌سپ به‌خێوكردن له چین مێژووییه‌كی دێرینی هه‌یه و تۆماره مێژووییه‌كان به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر بایه‌خپێدانی شارستانییه‌تی كۆنی چین به ته‌ندروستی ئاژه‌ڵان و هه‌وڵدان بۆ پاراستنیان ، له‌به‌ر ئه‌وه پزیشكانی چینی ده‌رزی ئاژنین (Acupuncture) یان وه‌كو چاره‌سه‌رێكی پزیشكی سه‌ركه‌وتوانه به‌كارهێناوه له چاره‌كردنی ئه‌سپی شه‌ل و ئه‌وانه‌ی ژانه‌سكییان هه‌بووه و هه‌روه‌ها جۆره‌ها رووه‌كیان به‌كارهێناوه له چاره‌كردنی نه‌خۆشه‌كان.
سه‌رده‌می ماده‌كان
به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه مێژووییه‌كان گشت هۆزه‌كانی ماد به‌كاری ئاژه‌ڵدارییه‌وه خه‌ریكبوون به تایبه‌تی به‌خێوكردنی ئاژه‌ڵی گه‌وره‌ی شاخدار و مه‌ڕ و بزن و وشتر و هه‌روه‌ها شاره‌زاییه‌كی باشیان هه‌بووه، له په‌روه‌رده‌كردنی هه‌نگ و كاری كشتوكاڵ و ئاودێریدا، به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌رامه‌ت و سامانیان بریتیبووه له گا و مانگا و ئه‌سپ و مه‌ڕ و بزن . مێژوونووسان ده‌ڵێن ئه‌و ئه‌سپانه‌ی كه له‌سه‌ر زه‌مینی ماد په‌روه‌رده ده‌كران زۆر به‌ناوبانگبوون، چونكه دانیشتوانه‌كه‌یان ئاشنایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌سپدا هه‌بووه و وه‌كو گیانله‌به‌رێكی ماڵی رایان گرتووه و تاڕاده‌یه‌كی باش شاره‌زا و كارامه‌بوون له به‌خێوكردنی ئه‌سپ و مایندا و هۆزه شوانكاره‌كان به‌هۆی ئه‌سپه‌وه زیاتر جموجۆڵیان ده‌كرد و كۆچیان ده‌كرد بۆ ناوچه‌یه‌كی دیكه. ماده‌كان به گشتی خه‌ڵكێكی سوارچاك و دلێر و خۆبه‌ختكه‌ر بوون له‌به‌ر ئه‌وه بایه‌خێكی زۆریانداوه به ته‌ندروستی ئاژه‌ڵه‌كانیان له دابینكردنی جێگا و رێگا و خۆراكی ته‌ندروست بۆیان.
مامۆستا گیو موكریانی له فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه له ساڵی (688پ.ز) كوردێكی پزیشك به ناوی ئاریاته كه زانا و داهێنه‌رێكی به‌ناوبانگ بوو په‌ڕتووكێكی مه‌زنی له هونه‌ری پزیشكیدا به زمانی كوردی داناوه و به ئه‌لفوبێی كوردی نووسیوه‌ته‌وه.
په‌راوێزه‌كان:
kahun papyrus Papyrus-1- په‌پایره‌س رووه‌كێكه به شێوه‌یه‌كی سروشتی له ده‌وروبه‌ری كه‌ناراوه‌كانی رووباری نیل ده‌ڕوێت و له قامیش ده‌چێت و میسرییه كۆنه‌كان هه‌روه‌كو كاغه‌ز به‌كاریان ده‌هێنا بۆ تۆماركردنی زانیارییه‌كانیان له بواری پزیشكیی و بواره‌كانی دیكه‌ی ژیان.
2-ushau
نه‌خۆشیه‌كه تۆشی گا‌و مانگا ده‌بوو له سه‌رده‌می میسری كۆندا له نوسراوه‌كانی كاهوندا تۆماركراوه، به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی پزیشكیی ڤێترینه‌ری لێكدراوه‌ته‌وه كه مه‌به‌ست له نه‌خۆشی ده‌رده‌خه‌وه (Trypanosomiasis) .
سه‌رچاوه‌كان :
1-ئی.م. دیاكۆنۆف، میدیا، بورهان قانع له فارسییه‌وه كردویه‌تی به كوردی ، چاپی یه‌كه‌م ، 1978.
-2- گیوموكریانی، فه‌رهه‌نگی مه‌هاباد ( فه‌رهه‌نگێكی قوتابخانه‌یی كوردی و ئاره‌وییه) ،2012،هه‌ولێر.
3- kahun papyrus :first writing on veterinary medicine in 1895 Bc in Africa
4-Salvaraj , History Of Veterinary Medicine In India.
Dr.Saad F. Al5-
samarrai , Mesopotamian Medicine, historical review of medicine in Arab World ,27 April 2020.
6- دكتۆر فه‌ره‌یدون عه‌بدولستار، مێژووی پیشه‌ی پزیشكیی ڤێترینه‌ری ( كورته‌باسێكی مێژوویی) ، چاپی دووه‌م، 2023.
*مامۆستا لە كۆلێجی پزیشكیی ڤێترینه‌ری زانكۆی سلێمانی