بوركانی دوای دیداره‌كه‌ی پوتین

10:21 - 2024-02-12
جیهان
363 جار خوێندراوەتەوە
چاوپێکەوتنی تاكه‌ر كارلسۆنی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ پوتین سه‌رۆكی روسیا

ئا /تاهیر ئیبراهیم 


له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا كه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌، تاكه‌ر كارلسۆنی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مریكی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا كردوویه‌تی و دوو كاتژمێری خایاندووه‌، پوتین رایگەیاندووە، وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌جه‌نگێت، به‌ڵام هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی نییه‌ له‌ فراوانكردنی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌ ئۆكرانیاوه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌ و به‌ ته‌واوه‌تی جه‌نگی جیهانی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌، پوتین ده‌شڵێت: «له‌ ئیسته‌نبوڵ له‌گه‌ڵ ئۆكرانیادا رێكه‌وتین  له‌سه‌ر زۆر خاڵ كه‌ پێكه‌وه‌ كار بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌و رێكه‌وتنه‌ تێكدرا.

ره‌خنه‌ی ئه‌مریكا له‌ دیداره‌كه‌
چاوپێكه‌وتنه‌ دوورودرێژه‌كه‌ی پوتین له‌گه‌ڵ كه‌ناڵێكی ئه‌مریكی، ره‌خنه‌ی به‌رفراوانی ئه‌مریكای لێكه‌وتۆته‌وه‌ و به‌ «پڕوپاگه‌نده‌ بۆ كرێملین-یان ناوبردووه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ی پێشتری هیلاری كلینتۆن راست ده‌رچووه‌ كه‌ وتوویه‌تی «كارلسۆن ستوونی پێنجه‌می پوتین»ه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا كه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی تووڕه‌بوونه‌كانی ئه‌مریكایه‌، سه‌رۆكی روسیا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ جۆرج بوش و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ده‌كات و باسی بۆردومانی هێڵی بۆری نۆرد ستریمیش ده‌كات كه‌ گازی روسیا بۆ ئه‌وروپا ده‌گوازێته‌وه‌ و پوتین هێرشی سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ نه‌وتییه‌ ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌مریكا.
پوتین له‌ دیداره‌كه‌یدا راسته‌وخۆ ئه‌مریكا به‌ یارمه‌تیدەر و هاوكاری ئۆكرانیا تۆمه‌تبار ده‌كات و پێیوایه‌ به‌شێكی ئه‌و مورته‌زه‌قانه‌ی له‌ ئۆكرانیادا هه‌ن به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پۆڵه‌ندی و به‌ پله‌ی دووه‌م ئه‌مریكی و به‌ پله‌ی سێیه‌میش جۆرجیاین، به‌ڵام پوتین له‌ دیداره‌كه‌یدا باسی له‌و واقیعه‌ نه‌كرد كه‌ ئێستا «یاسادانه‌رانی ئه‌مریكی له‌ ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ هه‌وڵی تێپه‌ڕاندنی پاكێجێكی نوێی پشتیوانی سه‌ربازیدان بۆ ئۆكرانیا.»

كاردانه‌وه‌ی كه‌نه‌دا و به‌ریتانیا
هه‌رچه‌نده‌ كۆشكی سپی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا تا ئێستا كاردانه‌وه‌یان به‌رامبه‌ر خودی رۆژنامه‌نووس تاكه‌ر كارلسۆن نه‌بووه‌، به‌ڵام جه‌ستن ترودۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی كه‌نه‌دا ره‌خنه‌ی توندی لێگرتووه‌ و ده‌ڵێت: «پوتین هه‌موو ئامرازێكی پڕوپاگه‌نده‌ به‌كارده‌هێنێت، ئه‌وه‌ش بۆ كه‌نه‌دییه‌كان ساده‌یه‌ و كه‌نه‌دییه‌كان فریو نادرێن»، ده‌وترێت ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی جه‌ستن مانای هه‌ڵوێستی به‌رده‌وامی كه‌نه‌دایه‌ بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی پشتیوانی له‌ ئۆكرانیا، هاوكات بۆریس جۆنسن سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی به‌ریتانیا ده‌ڵێت: «باوه‌ڕ به‌م چاوپێكه‌وتنه‌ گاڵته‌جاڕانەیە‌ مه‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ پوتین مه‌حكومه‌ به‌ شكست له‌ ئۆكرانیا»

شكستی روسیا مه‌حاڵه‌
وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ هه‌موو ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ روسیا له‌ شه‌ڕی ئۆكرانیادا شكست بهێنێت، پوتین له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ كارلسۆن رایگه‌یاندووه‌: «شكستهێنان به‌ روسیا له‌ ئۆكرانیا مه‌حاڵه‌» سه‌رۆكی روسیا هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا باس له‌ مێژوویه‌كی دووری روسیا به‌ دراوسێ رۆژئاواییه‌كه‌ی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌كات كه‌ «ئۆكرانیا»یه‌.
 پوتین باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سه‌ربازه‌ ئۆكرانییه‌كان به‌ زمانی رووسی بانگی سه‌ربازه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بۆئه‌وه‌ی كه‌ مادام ئه‌وان زمانی روسی ده‌زانن، كه‌واته‌ هه‌ردوو گه‌لی روسیا و ئۆكرانیا هه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای یه‌كتر، دوور بێت یان نزیك.
هاوكات له‌باره‌ی هه‌ر شكستێكی روسیا له‌ ئۆكرانیادا، ئاژانسی «ئه‌سۆشه‌یتد پرێس»ی ئه‌مریكی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ له‌ میانی دیداره‌كه‌دا پوتین به‌ متمانه ‌به‌خۆبوون و ئاسووده‌ییه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌.
هه‌ر له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا پوتین باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ مافی روسیا بۆ خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا بۆ چه‌ندین سه‌ده‌ درێژده‌بێته‌وه.

هیچ پرسیارێكی هه‌ستیار نییه‌
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌، به‌شێكی زۆری چاودێران و شرۆڤه‌كارانی سیاسی خۆرئاوایی، ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ دیداره‌كه‌ گرتووه‌ كه‌ كارلسۆنی رۆژنامه‌نووس خۆی له‌ هه‌ر بابه‌تێك به‌دوور گرتووه‌ كه‌ بتوانێت هه‌ستیار بێت به‌رامبه‌ر كرێملین، دیارترینیشیان پرسیاركردن بووه‌ له‌سه‌ر راپۆرته‌كانی وه‌ك تاوانی جه‌نگی روسیا له‌ شوێنه‌كانی وه‌ك بوچا و ماریپۆل له‌ ئۆكرانیا، فه‌رمانی ده‌ستگیركردن له‌لایه‌ن دادگای تاوانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژی پوتین، چاره‌نووسی كه‌سایه‌تییه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی روسیا به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌لێكسی ناڤالنی و دیله‌كانی دیكه‌، ژماره‌ی زۆری كوژراوان له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا.
ئه‌و شیكه‌ره‌وانه‌ ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌ش له‌ دیداره‌كه‌ ده‌گرن، بۆچی ته‌نانه‌ت هیچ پرسیارێك سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تی روسیا له‌و دیداره‌دا نه‌بووه‌؟ دواتر بۆچی بابه‌تی دوورخستنه‌وه‌ی (بۆریس نادێژدین) كه‌ كاندیدێكی سه‌رۆكایه‌تی دژه‌ شه‌ڕه‌ و له‌م هه‌فته‌یه‌دا دوورخراوه‌ته‌وه‌، له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باس نه‌كراوه‌ و خۆیان له‌ هه‌ر باسێكی له‌و شێوه‌یه‌ به‌دوور گرتووه‌؟

رێكه‌وتنی ئه‌مریكا و روسیا
وه‌ك له‌ دیداره‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌رۆكی روسیا پێیوایه‌ «ده‌توانرێت رێكه‌وتنێك بكرێت له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئازادكردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌مریكییه‌ی له‌ روسیا ده‌ستبه‌سه‌ركراوه‌ به‌ ناوی ئیڤان گێرشكۆڤیچ، ئه‌م بۆچوونه‌ی پوتین له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریكی و سی ئێن ئێن، داوای ئازادكردنی گێرشكۆڤیچ-یان كردبوو له‌ روسیا، ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پێشنیازێكدا كه‌ گۆڕینه‌وه‌ی ڤیكتۆر بۆوتی بازرگانی به‌ ناوبانگی روسییه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دوو هاووڵاتی ئه‌مریكی بریتنی گراینه‌ر و پۆڵ ویلان.
به‌ڵام هه‌ر له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا،  پوتین له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی كارلسۆن دا، کە ئایا ده‌یه‌وێت گێرشكۆڤیچ ئازاد بكات؟ ده‌ڵێت: زۆر ئاماژه‌ی نیازپاكیمان كردووه‌، پێموایه‌ كه‌ ئه‌ویش ته‌واو بووبێت.

سزاكان و گه‌شه‌ی ئابووری روسیا 
له‌ درێژه‌ی دیداره‌كه‌دا پوتین باس له‌ سزاكانی سه‌ر ئابووری روسیا ده‌كات و ده‌ڵێت: «سه‌ره‌ڕای هه‌موو سزاكانی سه‌ر روسیا له‌ یه‌ك ساڵی  رابردوودا، وه‌ك دژایه‌تی كه‌شتی نه‌وتهه‌ڵگر و سزاكان دژی فڕۆكه‌كانمان و بچڕانی سویفت و سزای هه‌مه‌جۆر له‌ هه‌موو شوێنێك، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ساڵی رابردوو ئابووری روسیا یه‌كه‌می سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا بووه‌.»
پوتین باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئێستا ئابووری چین له‌سه‌ر ئاستی جیهانی یه‌كه‌مه‌ و سه‌ركه‌وتووه‌ به‌سه‌ر ئابووری ئه‌مریكادا و ئه‌مریكا دووه‌مه‌ و هیندیش سێیه‌م، ژاپۆن چواره‌م و ئێمه‌ش وه‌ك روسیا گه‌یشتووین به‌ پله‌ی پێنجه‌م.

هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی
سه‌رۆكی روسیا له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌ باره‌ی هاوپه‌یمانی ناتۆوه‌ ده‌ڵێت: ده‌رگاكانی ئۆكرانیام كرده‌وه‌ له‌ به‌رده‌م هاوپه‌یمانی ناتۆدا له‌ ساڵی 2008دا و 2014دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ راستییه‌كی تاڵه‌ كه‌ وڵاتانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ده‌یانه‌وێت گه‌لی ئێمه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه بترسێنن‌، ئه‌وه‌ش بۆ روسیا كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌یه‌ و هیچیتر.
له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی روسیا و ئۆكرانیاوه‌ تا ئێستا روسیا و هاوپه‌یمانی ناتۆ به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان ناكۆكن له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌هات كه‌ زۆر لایه‌ن و وڵات پێیانوابوو كه‌ روسیا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سوید و فینله‌ندا، بۆیه‌ هه‌ر زوو ئه‌و دوو وڵاته‌ هه‌وڵه‌كانیان چڕكرده‌وه‌ بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ ناتۆدا و ئێستا ته‌نها رێكاره‌كانی ئه‌و به‌ئه‌ندامبوونه‌ ماوه‌.

پوتین چۆن تاكه‌ر كارلسۆنی به‌كارهێنا؟
له‌ كاتێكدا ده‌یان ملیۆن كه‌س چاوه‌ڕێی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی ڤلادیمێر پوتین بوون كه‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسی به‌ ئه‌زموونی ئه‌مریكی تاكه‌ر كارلسۆن له‌گه‌ڵیدا كردوویه‌تی، به‌ڵام سه‌رۆكی روسیا ئه‌و وه‌ڵامانه‌ی نه‌دایه‌وه‌ كه‌ جیهان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد.
هه‌ر به‌پێی ماڵپه‌ڕی ئه‌مریكی پۆلیتیكۆ، كارلسۆن سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ له‌ دركاندنی هیچ شتێكی نوێ له‌لایه‌ن پوتینه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئامانجه‌كانی ئه‌و شه‌ڕه‌ راسته‌قینه‌یه‌ی كه‌ روسیا له‌ ئۆكرانیا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، یان ئاماژه‌ به‌ به‌رپرسیارێتی پوتین بكات له‌ هێرشكردنه‌سه‌ر دراوسێ رۆژئاواییه‌كه‌ی.
هه‌روه‌ها میدیاكانی ئه‌مریكا باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ پوتین به‌ لێدوانی لاوه‌كی درێژخایه‌ن زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر دیالۆگه‌كه‌دا و رێگری كردووه‌ له‌ هه‌ر پرسیارێك كه‌ زانیاری نوێی له‌خۆگرتبێت.
جێگه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌، ئه‌م دیداره‌ یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی پوتینه‌ له‌ میدیاكانی رۆژئاوادا، له‌و كاته‌وه‌ی روسیا له‌ مانگی شوباتی 2022ه‌وه‌ شه‌ڕی دژی ئۆكرانیا ده‌ستپێكرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان