بۆچی کورد نەبووە بە خاوەنی زمانی یەکگرتوو؟

10:54 - 2024-02-12
دووتوێ
818 جار خوێندراوەتەوە

سامان سنجاوی

زمان، ئەو ژێی دەنگ و دەربڕینەیە کە مرۆڤ ئاخاوتنی پێدەکات و کەس و کۆمەڵگە و نەتەوەکان گفتوگۆی پێدەکەن و لەیەکگەشتن لە دەربڕینی  ئەو دەنگانەی لە پیت بۆ بڕگە و وشە و گرێیەکی واتادار و رستەیەکی  بەواتای لێ بەرهەم دێت، لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافی ئاخاوتنی پێ دەکرێت.
 ئاو و هەوا و خاک، تێکەڵبوونی مرۆڤەکان، کاریگەرییان لەسەر ژێی دەنگەکان و بەستنەوەی پیتەکان بۆ پێکهێنانی وشە دەبێت و باری بایۆلۆجیی (لە روخسار، لە شێوەی لووت و درێژیی گەردن) و باری ژیان و گوزەران و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و گیانداران،  رووداوە سروشتییەکانی هەر ناوچە و شوێنێک بەپێی پڕۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی کاریگەریی لەسەر باری دەروونیی مرۆڤەکان داناوە، رووداوەکان رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە  بۆ خۆپاراستن و هانابردن بۆ روودان و روونەدانی بارودۆخێکی نوێ هێناویەتە پێشەوە، ئەم بارە دەروونییەش بۆتە هۆکاری سەرەتای سەرهەڵدانی ئایین، هەموو ئەمانە «جوگرافیای بەرزی و نزمیی چیا و دۆڵ و دەشت و بیابان و کەشوهەوای گەرمی و ساردی و زەریا و دەریا و گۆم و چەم و زێ و رووبارەکان و...هتد، پەیوەندیی گیاندارو بێگیان، جیۆسیاسی لە دەسەڵات و بێدەسەڵات و زەنگینی و هەژاری و سەردەمی کۆیلایەتی و خۆشی و ناخۆشییەکان، ناوچەی ئایینی لە پەیوەندیی رۆحی و ترس و برسێتی و شەمزینی نێر و مێ،  قۆناغ و چاخەکانی پڕۆسەی گەشەکردنی کۆمەڵایەتی لە کۆچڕەوی، داگیرکردن لە خۆراک کۆکەرەوە هەتا کشتوکاڵ کردن، جیۆلۆجی لە دیاردە و رووداو و کارەساتە سروشتییەکان و رەو لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر)، ئەمانە هەمووی  رۆڵی سەرەکییان لە پەیدابوونی زمانێکی دیاریکراودا  هەبووە بۆ پێکهاتە و نەتەوەیەکی دیاریکراو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا.
زمانی کوردی کە ریشەکەی بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، هەر لە (سۆمەرییەکان، گۆتییەکان، ئیلامییەکان، کاستیپییەکان، لۆلۆییەکان و...هتد) دواتر (میدییەکان، لیدییەکان، ساسانی و...هتد) دەگرێتەوە کە هەر ئیمپراتۆرییایەک لەم ئیمپراتۆریایانە زمانی دیاریکراو و ئایینی دیاریکراوی خۆیان هەبووە، بەپێی سەردەمەکانیان و پاشماوەکانیان، کاریگەرییان لەسەر یەکتریی و کاریگەریی نەتەوەکانی تر لەسەرییان هەبووە، رەچەڵەک و زمانی نەتەوەی کورد بۆ ئەم میللەتە هاوخوێنانە دەگەڕێتەوە.

 

 

زمانی نەتەوەی کورد
زمانی نەتەوەی کورد، هەروەک نەتەوە گەورەکانی جیهان، لە چەندین زار و شێوەزار و بنزاری* ناوچەیی پێکهاتووە، بەڵام جیاواز لە نەتەوەکان، کورد نەیتوانییوە زمانێکی یەکگرتوو بۆ ئاخاوتن بۆ سەرتاسەری کوردستان بکاتە  پەیڕەوی نووسین و لێکتێگەیشتن، هۆکاری بەدەستنەهێنانی زمانێکی ستانداریش بۆ چەندین بابەتی مێژوویی «ئایینی، ئابووری، جوگرافی و...هتد» دەگەڕێتەوە، کە هەر ئەم هۆکارانەش بوونەتە هۆی گەشەنەکردنی سروشتی قۆناغبەندیی کۆمەڵایەتی، لە خوارەوە بە شێوەیەکی زۆر کورت تیشک دەخەینە سەر هەندێک لەو هۆکارانە، چونکە ئەم تیشک خستنە سەرە، ئەگەر بەشێوەیەکی پڕ لەسەری بکۆڵینەوە، بە چەند کتێبێک دەتوانین ماف بەو بابەتە هەستیارەی زمانی کوردی بدەین.

هۆکارە سروشتی و مێژووییە فرە رەهەندەکان

داگیرکردن بە هۆکاری جیۆپۆلەتیکی،  لەڕووی مێژووییەوە، پێش زاین تا سەردەمی قۆناغی پیشەسازی.
نەتەوەی کورد بەهۆی باری جیۆپۆلەتیکەوە کە سێ کیشوەر بە یەکەوە دەبەستێتەوە، بە درێژایی مێژووی دوور، هەمیشە ناوچەیەکی پڕ لە رووداو و کاروانسەرای ئەو ئیمپراتۆرییەتە بێگانانە بووە کە ماوەیەک یان چەند سەدەیەک دەسەڵاتدار بوون و کوردستان یان بەشێکی جوگرافیای کوردستانی گەورەیان داگیرکردووە، ئەوەش کاریگەری گەورەی لەسەر زمانی ئاخاوتنی خەڵکی ئەو ناوچانە داناوە و بۆتە هۆکاری دوورکەوتنەوەی  زاراوەکانی پاشماوەی ئەو ئیمپراتۆرییەتە هاوخوێنە کوردییە رووخاوانەی  کە خەڵکی رەسەنی کوردستان بوون. جگەلەوەی داگیرکردنی کوردستان بۆتە هۆکاری گەلەکۆچی رەگەزیی کورد بۆ ناوچەیەکی تر و تێکەڵبوون بە زمان و دابونەریتی گەلی ناوچە نوێکە، بە پێچەوانەی ئەمەشەوە بەجۆرێکی تر هەمان تێکەڵبوونی زمان و دابونەریت هەیە ئەویش لە سەردەمی مادەکاندا، کاتێک لەوپەڕی دەسەڵاتدا بوون بۆ پاراستنی سنووری قەڵەمڕەوییەکەیان، چەندین هێز و لەشکر کە لە پێکهاتەی هۆزە کوردەکان بوون، نێردران بۆ سنورەکانی سودان و نێردارن بۆ سەر سنوورەکانی سەند، هەروەک ئەوەی لە ئەفغانستان بەگشتی و ناوچەیەکی بەرفراوانی دابەشکراو لەنێوان «پاکستان، ئێران، ئەفغانستان» کە بە (بەلوجستان) ناسراوە، ئێستاش بەشێکی بەلوجستان ناوی زۆرینەی هەمان هۆز و پێکهاتەی کوردستانیان هەیە، وەک « گۆران** بە هەر حەوت بنەچەکەی، سنجاوی، لەک و...هتد». ئەگەر ئەمە پشتڕاست نییە، ئەی بۆ لە بەراوردی نێوان زمانی فارسی و کوردیدا لەگەڵ بەلوچ و کورد، زمانی بەلوچی لە زمانی کوردی نزیکترە لە هەزاران وشە و شێوازی دەربڕین و لە بێژە و دەنگی ژێ و دەربڕیندا؟ لەکاتێکدا ناوچەی جوگرافی بەلوچ هەزاران کیلۆمەتر لە ناوچەی فارس بۆ کورد دوورترە؛ لە هەردوو باردا چ بەوەی کوردستان لەلایەن بێگانەوە داگیرکرابێت و چ لەوەش میدییەکان ناوچەی نەتەوەی تریان داگیرکردبێت، ئەوا کۆچڕەوی پێکهاتووە، واتا خەڵکی رەسەنی ناوچەکە، ناوچەکەیان بۆ خەڵکی ناوچەیەکی تر چۆڵکردووە، لەمەشدا ئەو خەڵکە نوێیەی کە هاتوونەتە کوردستانەوە، کاریگەرییان لەسەر زاراوەی خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە داناوە، هەربۆیە ئەم کاریگەرییە بۆتە هۆی دوورکەوتنەوەی زاراوەکان لەیەکتری.
بەدرێژایی مێژوو، میرنشینەکان بوونەتە هۆکاری مانەوەی زاراوەکانی کوردی ناوچەی قەڵەمڕەوییان و هەندێ لە میرەکانی کۆتاییەکانی دەسەڵاتی میرنشینەکانی (ئەردەڵان، بابان، سۆران، بۆتان، بادینان، ئەنازیان، مەروانی، شەدادی، حەسنەوی و...هتد) بەشدار و هۆکاربوون بۆ مانەوە و گەشەسەندنی زاراوەکان.

هۆکاری جیۆپۆلەتیک و بەرژەوەندیی ئابووری بە مەبەستی داگیرکردن لە سەردەمی کۆڵۆنیالیستەکان

نەتەوە سەردەستەکانی وەک (ئینگلیز، ئیسپانی، فەرەنسی، پۆرتوگالی، ئیتاڵی، روسی..)  بەتایبەتی خۆرئاوای ئەوروپا، بەهۆی گەشەکردنی پیشەسازی و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ساغکردنەوەی ئەو بەرهەمانە و بەدەستهێنانی کەرەستەی خاوی پیشەسازی، بوونەتە هۆکاری چۆنێتی ساغکردنەوە و بەدەستخستنی کەرەستەی خاو لە کیشوەرەکان، بەتایبەتی لە ئاسیادا لە خۆرهەڵاتی دوور و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستان وەک ناوچەیەکی سەرزەمینی بەستەرەوەی زۆرینەی ناوچەکان بووە، کە لە دواتریشدا دەوڵەمەندیی ناوچەکە و کوردستان بە کەرەستەی خاو و دۆزینەوەی نەوتی خاو، کە تیایدا بەرژەوەندیی ئابووریی خۆیان دەدۆزییەوە، هەربۆیە لە دوای داگیرکردنی ناوچەکان و سەندنەوەی لە دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی، فەرمانڕەوایی خۆیانیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرئەنجامی ئەو داگیرکردنانەش، کوردستان لەلایەن نەتەوەکانی (ئینگلیز، فەرەنسا، روسیاو...هتد) داگیرکرا بە زمان و کەلتوری جیاوازی ئەو نەتەوانە، کاریگەریی جیاوازییان لەسەر زاراوەکانی زمانی کوردی دانا، ئەمەش ئەگەر هۆکارێکی بچووکیش بێت کاری لە دوورکەوتنەوەی زاراوەکان کردووە، دواتریش کۆڵۆنیالیستەکان کوردستانیان  بەسەر قەوارەی دروستکراوی عەرەب و تورک و فارسدا دابەشکرد و کورد بێ قەوارەی سیاسی مایەوە، کە ئەم دۆخە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە و دیاریشە نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان چەند کاریگەریی و رۆڵی لە پێکنەهێنانی زمانی یەکگرتوویی ستانداردی کوردستانیدا هەیە، چونکە دەوڵەت  بۆ رێکخستن و کاروباری دەوڵەتداری، پێویستی بە زمانی رەسمییە، زمانی رەسمیش پێویستی بە چەندین کۆنفرانس و کۆنگرەی یەکێتیی زاراوەکانی کورد و ئەدیب و شارەزایانی فەرهەنگی زمان و کەلتورە، کە ئەمەشیان لە مانگ و ساڵێکدا نایەتەدی تا خەرمانی خەباتی بکرێتە پەیڕەوی لێکتێگەیشتن بۆ لەدایکبوونی زمانێکی ستاندارد لە سەرتاسەری کوردستان و ببێتە زمانی دەوڵەت و زمانی کۆڕ و کۆبوونەوەی ئەکادیمی و رووناکبیری و ئایینی. نموونەش بۆ گەشەکردنی زاراوەکان کە دەسەڵات چەند رۆڵی لە پێشخستنی زاراوەکاندا هەیە، دەتوانین رۆڵی میرنشینە کوردییەکان، شۆڕشەکانی شێخ و بنەماڵەکان و حکومەتی شێخ مەحمود و کۆماری سوور و رێکخراوەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستان بزانین کە لە رابردوودا چەند رۆڵیان لە گەشەسەندن و بوژانەوەی زاراوەکاندا هەبووە و دواتریش شۆڕشی پارتە سیاسییەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دامەزراندنی حکومەتی هەرێم و قەوارەی رۆژئاوای کوردستان، چەند کاریگەریی بەرفراوانیان لەسەر زاراوەکان بەپێی ناوچەی دەسەڵاتیان هەیە و زاراواکان چۆن گەشەیان کردووە. 
لە خوارەوە بەپێی ئەو دابەشکارییە جوگرافیایەی دوای داگیرکردنی کۆڵۆنیالیستەکان بۆ سەر کوردستان و بەشەکانی کوردستان، دووبارە بە کورتی گورزێک لە رووناکی دەخەینە سەریان.

باشووری کوردستان
بەهۆی ئەوەی بەتایبەتی لە ماوەی پتر لە 150 ساڵی رابردوودا ئەدیب و شاعیرانی کورد بە زاراوەی کرمانجی خواروو نووسیویانە، پێشکەوتنێکی بەرچاو لە وشەسازی و زیندووکردنەوەی وشە مردووەکانی زمانی کوردی و رێزمانی کرمانجی خواروو هەنگاوی باشی بڕی، کە حکومەتی مەلیک مەحمود و حزبی هیوا و گۆڤاری گەلاوێژ و شەفەق و... هتد، هەروا رۆڵی ئەمین باڵدار لە دانانی ئەلف و بێی کوردی  لە 1949، دواتریش  شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، رۆڵی گەورەیان لەمبارەیەوە هەبووە. لەدوای راپەڕینی 1991 و دامەزراندنی هەرێمی کوردستانیشەوە، زاراوەی کرمانجی خواروو گەشەکردنێکی خێراتری لە رابردوو بەسەرداهات، کە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی زۆرینەی خەڵکی زارەکانی تر لێی تێبگەن و بەشێکیش لە خەڵکی بەشەکانی تری کوردستان بتوانن پێی بدوێن. ئەمە سەرباری گەشەکردنی زاراوەی کرمانجی سەروو لە ناوچەکانی دهۆک، کە ئەمەش لەگەڵ خۆیدا کێشەیەکی تری هێناوەتە پێشەوە، بەوەی کە دوو زاراوە بەبێ بڕیاری کۆدەنگی ئەو کۆنفرانسانەی لە چەند ساڵی رابردوو بەستراون روو لە پێشکەوتنن، هەتا ئەمڕۆ رێکارێکی زمانەوانی لەڕووی زانستی لەمبارەیەوە کاری بۆ رێزمانێکی یەکگرتوو یان نزیکردنەوەی ئەو دوو زاراوەیە نەکردووە، ئەوەشی کە هەیە هەوڵی رێکخراو و هەوڵی تاکە کەسییە، چونکە تێڕوانینەکان لەسەر رێزمان و لەسەر نزیکبوونەوەی هەردوو شێوەزار جیاوازن، ئەمە جگە لەوەی لێکۆڵینەوەی رەسمی لەلایەن دامەزراوەکانی میری لە زاری گۆرانیش نەکراوە، کە یەکێکە لە هەرە زارە دێرینەکانی کوردستان کە پەیوەندیی نزیکایەتی لەگەڵ زمانی میدییەکان و تەنانەت سۆمەریشدا هەیە و سەردەمێکی زۆریش زمانی دەسەڵات و ئایین بووە و دەکرێت رۆڵی گەورەی  لە نزیکردنەوەی زارەکاندا هەبێت، بەتایبەتی نزیکایەتی (هەورامی، کەڵهوڕ) و نزیکایەتی زاراوەی گۆرانیش لەگەڵ زاراوەی لوڕ.
ئەمە جگەلەوەی ئەو رێنووسە ئەلف بێیەی بەکاردەهێندرێت، کەموکورتی بۆ زاراوەی کرمانجی خواروو و زمانی کوردی هەیە، چونکە چەندین دەنگ لە وتن گۆ دەکات، بەڵام لە نووسیندا نانوسرێن، کە دەبوو زمانناسانی کورد بە رێکاری زانستی چارەسەریان بۆ ئەو ئەلف بێ-یەی باڵدار بۆ فرەترکردنی لە پیتەکانی ئەلف و بێ یان نیشانەیان بخستایە سەر ئەو پیتە دوور و نزیکانەی دەنگ بۆ ئەو دەنگانەی دەبیسترێن و نانووسرێن.

رۆژهەڵاتی کوردستان
جیاواز لە هەموو بەشەکانی تری کوردستان، سەرجەم زاراوە سەرەکییەکانی کوردی (کرمانجی سەروو، کرمانجی خواروو، گۆران، لوڕ) لە خۆدەگرێت، ئەمە جگەلەوەی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی نزیکایەتی لەتەک فارسی، کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەزاران وشەی هاوبەش و نزیک لەیەکتری هەیە، کە ئەمە لە بەشەکانی تری کوردستاندا زۆر دەگمەنە، بەڵکو وەک هەموو بەشەکان وشەی بێگانەی زمانی نەتەوەی باڵادەستی عەرەب و تورک و تورکمان و زمانەکانی تر هاتۆتە ناو زمانی کوردییەوە، ئەمە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە جیاوازییەکی کەم لە شێوازی زمانی فارسی لە وەرگرتنی وشەی عەرەبی و تورکمانی بە مانای جیاواز، هەر وایە.
رۆژهەڵات، جگە لەو پاشخانەی ئەدەبی فارسییەی کە زمانی دەسەڵاتە،  کاریگەریی لەسەر ئەدەبی کوردیی داناوە،  ئەدیب و شاعیرانی کورد رۆڵیان لە پێشخستنی زاراوەکاندا هەبووە، بەتایبەتی بن زاری موکریان، هەروا شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری و سمکۆی شکاک، بەپێی ماوەی بوونیان کاریگەرییان لەسەر خۆڕاگریی زمان و زاراوەکان داناوە.
دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد 1942( ژێکاف) دا و دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستان، رۆڵێکی گەورەیان لە پێشخستنی زاراوەی کرمانجی خواروو «موکریان» دا هەیە بەتایبەت لەدوای راگەیاندنی کۆماری مەهاباد (1946) و دامەزراندنی چاپخانە و دەرکردنی چەندین رۆژنامە و گۆڤار و دامەزراندنی چەندین رێکخراوی پیشەیی و جەماوەری، هەموو ئەمانە و زمانی رەسمی کۆماریش، کاریگەرییان لەسەر زاراوەی کرمانجی خواروو لە باشووری کوردستانیش داناوە، کە دەکرێت بوترێت، زاراوەی کرمانجی خواروو لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەدەر لە کاریگەرییەکەی بە زمانی رەسمی دەوڵەتی ئێران کە زمانی فارسییە،  ئەوا پڕاوپڕە و پاراوە لە وشەی رەسەن و دێرین و ژێی دەنگەکان پاکن، هەروەک بەفری کوێستانەکان، گرێوگۆڵی بیابانیان وەرنەگرتووە، مرۆ موچڕکی بە ئاخاوتنیاندا دێت کاتێک دەبێژن، ئەڵێی خوڕەی رێژگەی ئاو و هاژەی چەم و وژە وژی کەژ و ترپەی تنۆکی دڵۆپەی خوناوی سەر چقێڵەیی چرۆی چڵەکانی چناری موکریانە، کەچی لە زاراوەی کرمانجی خوارووی باشووری کوردستاندا، ئەم وشانە لەسەر زار بەدەگمەن بێژە دەکرێن. بەڵام ئەم پاراوییە بۆ بنە شێوەزاری سنەیی کە لە بنە زاری زەنگنەیی نزیکە، فرە واژە و وشەی فارسی تێکەڵ بووە، تا چەند بەرەو خوارتر و زاری گۆران و بن زاری کەڵهوڕیش بڕۆین، ئەم تێکەڵبوونی فارسییە لە بێژە و فۆنەتیکدا پتر دەبێت، ئەمە بۆ لوڕستان بە جیاوازییەکی زۆرترەوە دەژنەفن، کە هۆکارەکەشی بۆ ئەو دابڕانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و دوور و درێژیی جوگرافییەی ناوچەکە و کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لەگەڵ خۆیدا بە درێژایی مێژووی ژێردەستەیی کورد شێوەیەک لە کەلتور و دابونەریتی گۆڕیوە، کە هۆکارە هەرە سەرەکییەکەش نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە.

باکووری کوردستان

مانەوە و گەشەی زاری کرمانجی، بەهۆی بوونی ئەو میرنشینانە بوو بەتایبەتی میرنشینی مەزنی بۆتان، کە کاریگەریی بەهێزیان لە پێشخستنی زاری کرمانجیدا هەبووە. زاری کرمانجی بەردەوام لە ژێر گوشار و ململانێدا بووە لەگەڵ زمانی رەسمی دەوڵەتی عوسمانی، ئەگەرچی گوشارەکان لەسەر زاری کرمانجی  بەهۆی  راپەڕین و شۆڕشەکانی کورد (شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، مەلا سەلیمی بەدلیسی، شۆڕشی ئاگریداخ... هتد) نەبووە هۆی گۆڕینی زمان، دەریشکەوت شۆڕش و راپەڕینەکانی باکوور چەند  کاریگەرییان لەسەر پێشخستنی زاری کرمانجی هەبووە، بەتایبەتی شۆڕشی ئاگریداخ و رێکخراوی خۆییبوون لە چاپ و بڵاوکراوەکانیاندا، ریکخراوەکانی تریش کە پێشتر و دواتر دامەزران، هەروەک (تعالی و تەرەقی کورد، کۆمەڵەی هێڤی) و چەندین رێکخراوی تری سیاسی، رۆشنبیری، پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی؛ هەرچەندە لە ماوەی سەدان ساڵی دەوڵەتی عوسمانیدا لەدوای 100 ساڵی یەکەمی حوکمڕانیان کە زمانی رەسمی دەوڵەتی عوسمانی لە فارسییەوە بۆ زمانی تورکمانی گۆڕی، سەدان وشەی تورکمانی هاتە نێو زمانی کوردییەوە.
 بەشێوەیەکی سەرەکی دانیشتوانی باکووری کوردستان بە زاری کرمانجی سەروو بێژە دەکەن، جگە لەو ناوچانەی کە دانیشتوانەکەیان بە بنزاری زازاکی دەپەیڤن کە زازاکیش بەشێکە لە زاری گۆران، لەناو زازاییەکانیشدا بەشێکیان ئاینیان ئاڵو (عەلەوی) ین، لە یەک دوو ناوچەش شێخ بزێنییەکان هێشتا بە بنزاری نزیک بە کەڵهوڕ دەئاخڤن،  رێنووسی زاری کرمانجی لە سەروبەندی رووخانی دەوڵەتی عوسمانی و هاتنی کەمالییەکان، لەسەر دەستی میر جەلادەت بەدرخاندا دوای دەستکاری و پێداچوونەوە بە پیتەکاندا لە ماوەی ساڵانی لە (1919 - 1928) ئەلف بێی بە رێنوسی لاتینی دانا کە ژمارەی پیتەکانی  25 پیت بوو، کە بووە بنەمای رێنووسی کرمانجی سەروو، لە گۆڤاری (هاوار)یشدا بەم رێنووسە بابەتەکانی بڵاودەکردەوە.
لەدوای هاتنی کەمالییەکان و دامەزراندنی کۆماری تورکیا، زیاتر لە 70 ساڵ زمانی کوردی لە باکووری کوردستان قەدەغە کرا،  لەم ماوەیەدا هێدی هێدی زمانی کوردی بەرەو لاوازی و کشانەوە رۆچوو، لەبەرامبەردا زمانی تورکی جێگای دەگرتەوە، ئەمەش بەتایبەتی کاریگەری گەورەی لەسەر چەقی شارەکانی باکووری کوردستان دانا و زمانی تورکی لە شارەکاندا بووە زمانی ئاسایی دانیشتوان، بەڵام ئەم کاریگەرییە بەرفراوانە زۆر کەمتر کاریگەریی لەسەر گوندنشین و دانیشتوانە دوورە دەسەتەکانی باکووری کوردستان هەبوو؛ رۆڵی سەرەکی لە مانەوەی زاری کرمانجی بۆ خەڵکی گوندنشینانی باکووری کوردستان لەلایەک و لەلاکەی تریشەوە بۆ شۆڕشی باکووری کوردستان 1984و هەموو ئەو حزبانەی پێش شۆڕش و دوای شۆڕش و هەروەها ئەدیب و رووناکبیران.. دەگەڕێتەوە. 
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنجە بەهۆی ئەوەی زۆرینە دانیشتوانی باکووری کوردستان بە زاری کرمانجی سەروو دەدوێن، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لەرووی زمانەوانییەوە، ئەدیب و نووسەران و سیاسەتمەدارانی کورد، کەمتر بایەخ بە نزیکردنەوەی زاراوەکان بدەن، لەهەندێک باردا ئەوەی دەبیندرێت ویستی هەژموونی زاری کرمانجی بەسەر زارەکانیترەوە پەیڕەو دەکرێت و دەنگی پیتەکان وەک خۆی بێژە ناکرێت و بەرەو رێزمانێکی سەربەخۆی بێ کاریگەر بەزاراوەکانی تر هەنگاوی هەڵگرتووە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی خراپی لەسەر زمانێکی یەکگرتووی ستاندارد هەیە؛ هەروەک ئەوەی کەمالییەکان بەسەر زاری کرمانجییاندا هێنا، غەدرێکی مێژوویی بوو لەسەر کورد و کوردستان. ناشێ سیاسەتمەدار و ئەدیبانی کورد لە باکووری کوردستان بەمجۆرە زارەکانی تر کەنارگیری زاری کرمانجی سەروو بکەن!

رۆژئاوای کوردستان
رۆژئاوا سێیەم بەشە لەڕووی رووبەر و ژمارەی دانیشتوانەوە، ناوچەکانی بە درێژایی مێژوو دوچاری گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بوون، بە جوگرافیایەک، کە قووڵایی کەم و درێژی زۆر و بە پێکهاتەی جیاواز جیاوازی پاشماوەی ئاشورییەکان و هاتنی عەرەبی موسڵمان بۆ ئەو ناوچانە، جگە لە پاشماوەی لازو چەرکەس و ئەرمەنی.
کورد بەشیوەیەکی گشتی لە رۆژئاوای کوردستان، بەدرێژایی مێژوو و سەردەمی میرنشینەکانیش و لە رووی پێکهاتە و هۆز و کۆمەڵایەتی و زاراوەشەوە، بەشێک بوون لە خەڵکی باکووری کوردستان، بەڵام لەدوای هاتنی کۆڵۆنیالیستەکان و دانانی سنوور لە باکووری کوردستان جیاکرایەوە، خۆییبوون  لە 5ی ئۆکتۆبەری 1927 لەلایەن جەلادەت بەدرخانەوە دامەزرا و تا ساڵی 1946 بەردەوام بوو، جەلادەت کە نەوەی میرەکانی باکووری کوردستان بوو، لە گۆڤاری (هاوار)یشدا کە لە 15ی ئایاری 1932 بابەتەکانی بە ئەلف و بێی کوردیی بە پیتی لاتینی بڵاودەکردەوە،  گۆڤاری هاوار گۆڤارێکی ئەدەبی، وێژەیی و سیاسیی بوو تا 15ی ئابی 1943 بەردەوام بوو، بەشێکی ئەو کەسانەشی بەشدار بوون لە دامەزراندنی حزب و رێکخراوەکانی رۆژئاوای کوردستاندا خەڵکی باکووری کوردستان بوون.   
کوماری سوریای سەردەمی دەسەڵاتی بەعسی سوریا، زیاتر لەوەی کە لە رووداوە مێژووییەکانی داگیرکردن وەک داگیرکەرانی (رۆم، بێزەنتی، عەرەب، مەغۆل، تورکمان، تورک و...هتد) بەسەر رۆژئاوای کوردستانی هێناوە، خراپتریش لە رژێمەکانی پێش خۆی بەردەوام لە هەوڵی تەعریبکردنی ئەو بەشەی کوردستاندا بووە، هەربۆیە ئەگەر لە عەفرینەوە هەتا قامیشلۆ وەک نەخشە لەڕووی  جوگرافیاوە لێی وردبینەوە، دەبینین ئەم پارچەیەی کوردستان چ سیاسەتێکی بەرامبەر کراوە، لە عەفرین هەتا کۆبانێ ناوچەکانی سێگۆشەیی (حەلەب تا جەرابلوس، رەقە تا جەرابلوس) بڕوانین دەبینین چۆن تەعریبکراوە و چۆن ئەو ناوچە کوردستانییانە کراون بە هۆکاری دابڕانی کۆبانی لە عەفرین، ئەمە لەلایەک و لەلایەکی تریشەوە لە کۆبانی هەتا قامیشلۆ، ناوچەکانی باشووری سەرێکانی، چۆن تەعریبکراون لە باکووری سەرێکانیش تەعریب بەدرێژایی مێژووی هاتنی عەرەب بۆ ئەم ناوچانە هەتا باکووری کوردستان ناوچەکانی ماردین رۆیشتووە، حکومەتی دیمەشق سیستماتیکانە لەو سیاسەتە رەگەزپەرستییە بەردەوام بوو هەرلە گۆڕانکاری دیمۆگرافی تا دابڕانی کۆبانێ لەگەڵ قامیشلۆ کە هەموو ناوچەکانی حەسەکە و سەرێکانی گرتەوە. 
لە چەند ساڵی رابردووشدا تورکیا بە بۆردومانی فڕۆکە و چوونەناوەوەی هێزی سەربازی بەردەوام بووە لە رێگریی لە ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەو ناوچانە، بەتایبەتی کاتێک هەسەدە ویستیان ناوچەکانی جەرابلوس رزگاربکەن لە دەستی داعش و غەدری گۆڕانی دیمۆگرافیا و تەعریبکردن بسڕنەوە و کۆبانی و عەفرین پێکەوە ببەستنەوە، تورکیا هەموو تواناکانی خستەکار و نەیهێشت ئەو ناوچانە بدرێنەوە لە یەکتری و هێندەی تر ئەو دابڕانە دیمۆگرافییە لە رێگەی داگیرکردنی جەربلوس و عەفرین و سەرێکانی بە مەبەستی دوورخستنەوەی کورد لە دەریای ناوەڕاست قووڵترکرایەوە. ئەم پارچەپارچە کردنەش لە نێوان (عەفرین تا کۆبانی) و (کۆبانی تا قامیشلو) و (قامیشلو تا زاخۆ) (جگەلە ناوچەکانی شەنگال کە تائێستا ئەوەی بۆی نەچۆتەسەر. 
بۆیە بە درێژایی ئەو مێژووە تائێستا تەعریبێکی بەرفراوان لە رۆژئاوای کوردستان پەیڕەو کراوە، هەرچەندە لەدوای رووداوەکانی 2011 -وە ئیتر تەمی رەشی تەعریبکردن  تا رادەیەک رەویوەتەوە، بەو پێیەی قەوارەیەکی سیاسی بەناوی باکوور و خۆرهەڵاتی سوریا دامەزراوە کە دەسەڵاتی سەرەکی بەدەست کوردی رۆژئاوای کوردستانەوەیە، زاری کرمانجی وەک زمانێکی فەرمی بە رێنووسی لاتینی لە دامودەزگاکاندا بەکاردەهێنرێت و لەماوەی رابردووشدا فەرهەنگێکی کوردی ناوازەی 12 بەرگییان بە رێنووسی لاتینی بەچاپ گەیاندووە، بەمەش رەگەزپەرستی و لەناوبردنی کورد لەم بەشەی کوردستاندا پاشەکشەیەکی بەرچاوی کردووە و سەرەڕای ئاستەنگە سیاسی و ئەمنییەکانی بەردەمی ئەو بەشەی کوردستان گەشەی بەرچاوی بەخۆوە بینیووە.  

باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان
ئەو بەشەی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی قەیسەری روسیا و دواتر یەکێتیی سۆڤیەتدا بوو، رووبەرەکەی لە رۆژئاوای کوردستان لەڕووی مێژووییەوە فراوانتر بوو، چونکە ناوچەیەکی بەرفراوانی لە ئازەربایجان و ئەرمەنستان هەبوو، بەڵام دوای دەرکردن و دەربەدەرکردن و راگواستنی زۆرەملێ بەسەر کۆمارەکانی یەکێتیی سۆڤیەتدا پەڕاگەندە کران، ئەمە سەرباری نەژادی رەسەنی ئازەرییەکان بەدێرژایی سەدان ساڵ لە هاتنی مەغۆل و تەتەر، ئێستا بەشی هەرەزۆریان بە تورکمانی و بەشێکی کەمیان بە فارسی دەدوێن، ئەگەر بۆ سەردەمی ئاینی زەردەشتیش بگەڕێینەوە، ئەوا ناوچەی ئازەربایجان چەقی بەڕێوبردنی ئایینی زەردەشتی بوو، هەر ناوی ئازەربایجان ناوێکی کوردی و ئاینی ئەو سەردەمەی نەژادی ئاری و کورد بووە.
 ئەم بەشەی کوردستان لە هەندێ ناوچەیدا نەبێت، کە دانیشتوانی کوردن، زۆرینەی جوگرافیاکەی دووچاری گۆڕانی دیمۆگرافی بووە، لەم سەردەمەدا ئەو کوردانەی لەناو ئەرمەنستاندا دەژین، زۆرینەی رەهای ئایینیان ئێزدییە و ئەوانەشی لەژێر دەسەڵاتی ئازەربایجاندان شیعەن، بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی تەتەر و مەغول و جیاوازیی ئایینی نێوان کوردی ئێزدی و کوردی شیعە و کوردی شیعەی زمان تورکمان و کۆچی زۆرەملێی کورد لە سەردەمی ستالین، ئەم بەشەی کوردستان هەر لەناو خۆیدا بۆتە دوو پارچەی لێکدابڕاو. کەچی سەرباری ئەم هەموو بارە لەناکاوەی داگیرکردن و دەربەدەرکردن، دەبینین رووناکبیرانی کورد لە  (9-7-1934) یەکەمین کۆنفرانسی سەرتاسەریی کوردناسی بۆ تاوتوێکردنی کێشەکانی دروستکردنی زمانی ئەدەبیی یەکگرتوویی کوردی و رێنووس و گراماتیک بە بەشداریی کوردەکانی ئەرمەنستان و ئازەربایجان و زۆرینەی ئەو کۆمارانەی کە بەسەر یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا دابەشبوون بەڕێوەدەچوو،  کە زاری کرمانجی سەروو و بنزاری کوردی لە ئەرمەنستان ببێتە زاری ئەدەبیی کوردی، بەڵام بەهۆی سەرنجی کوردەکانی ئازەربایجان لەسەر دانانی ئەو رێزمانە، بڕیاربوو دووەمین کۆنفرانس لە ئازەربایجان لە ساڵی ( 1935) ببەسترێت، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیاوە نەتوانرا ئەم کۆنفرانسە ببەسترێت، هەر ئەو ترسەی تورکیا بوو وای لە دەسەڵاتدارانی یەکێتیی سۆڤیەت کرد لە پشتیوانییان لە دۆزی کورد لەو پارچەیە پەشیمان ببنەوە. پێشتر هەر ئەو گوشارانەش بوو بوونە هۆی نەمانی کۆماری کوردستانی سوور کە لە ساڵی 1923دا دامەزرابوو، لەساڵی 1929 ئەو کۆمارە بەیەکجاری  نەما و لە ساڵی 1930دا راگواستنی کورد دەستیپێکرد.
لەم سەردەمەشدا، کێشەی سەرەکی نێوان کۆماری ئازەربایجان و کۆماری ئەرمەنستان جگەلەوەی هەردوو دەوڵەت دوو ناوچەیان لە کوردستان لەژێر دەسەڵاتدایە، بەڵام  لەسەر ئەو ناوچە کوردستانیانەی دوای گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە ململانێ و شەڕدان و ماوەی چەند ساڵ جارێک شەڕی سەربازیی لێدەکەوێتەوە، کە هەندێک جار لەو شەڕانەدا کوردی کۆماری ئەرمەنی و کوردی کۆماری ئازەربایجان، لوولەی چەکەکانیان رووبەڕووی یەکتر دەکەن!

 

 


 هۆکاری ئایینی 
مرۆڤ لەدوای ئەوەی فێربوو جێنشێن بێت و کشتوکاڵ بچێنێ، بەرووبوومی دانەوێڵە و رووەکی بەدەستبهێنێت، ئیدی خەرمانی رەنجی بەهۆی رووداوە سروشتییەکان و لافاو و بێبارانی و ... هتد، رەنج بەبا دەبوو، ئەمەش بێئومێدی لە دەروونیدا بەرجەستە دەکرد، ئەم بێئومێدییەی مرۆڤ جیاواز لە گیانداران، دەست لەئەژنۆ دانەدەما و دابنیشێ بەدیار یەوەوە کە سروشت کە بەسەریدا هێناوە، بەڵکو بۆ بەرژەوەندیی و مانەوەی، سروشتی کردە سەروەری خۆی، بۆ هەر دەرکەوتە و دیاردە و دۆخێک بەپێی سەردەمەکەی هانای بۆ ئاسمان و خودا و ئەستێرە دەبرد و پێشتریش خودای لاوەکی بۆ لافاو و کارەساتە سروشتییەکان دانا، ئیدی ئەفسانە و ئایین وەک پابەندییەکی گیان، رۆڵیان بۆ ئارامکردنەوەی دەروونی مرۆڤەکان، دەگێڕا.
بۆ هەر ناوچەیەک خودایەک بووە فریادڕەسی مرۆڤەکان، دواتر پلەبەندی لە پابەندێتی بۆ پەرستنی خودا سەریهەڵدا، خودایەک دەسەڵاتی بەسەر زۆرینەی خوداکانی ناوچەیەکدا بووە خودای زۆرینە، لێرەدا ململانێ لەناوخۆ و دەرەوە لەسەر باڵادەستی خودای زۆرینە هاتە کایەی بەرژەوەندییەکانەوە بۆ ناوچەیەکی بەرفراوانتر لە پێشوو، لەمەشەوە رێکخستنی کاروبارەکان بوونە هۆی دامەزراندنی قەڵەمڕەو و ئیمپراتۆریا گەورەکان، کە لەگەڵ خۆیدا کۆمەڵگەی سەردەست و کۆمەڵگەی ژێردەستیش سەریهەڵدا، کە زمان و کەلتور و دابوونەریتی گەلی سەردەست کاریگەریی بەسەر گەلی ژێردەستەوە فراوانتر بوو، کە رەنگدانەوەی ئەم باڵادەستییە کاریگەریی لەسەر گۆڕینی زمانی ئاخاوتنی ئەم گەلانە هەبوو، سۆمەرییەکان کە نووسینی هەڵکۆڵینیان داهێنا، هەر زمانی نووسینی ئەو هێڵی هیرۆگڵۆفی و بزمارییە لە دواتردا لەناو گەلی ئاشووریدا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوو، زمانی نووسینی هیرۆگڵۆفی بابلییەکانیش تا پێش هاتنی ئیلامییەکان جیاوازیی کەمی لەگەڵ ئاشوورییەکاندا هەبوو، ئەم نموونانەم بۆ ئەوە هێنایەوە، کە گۆڕانی زمان بە پڕۆسەیەکی لەسەرخۆ گۆڕاوە و گەشەیکردووە و ئەمەش بۆمان رووندەکاتەوە ئەم سەرزەمینەی کە ئێستا پێی دەڵێین کوردستان، لەژێر دەسەڵاتی جۆراوجۆری ئیمپراتۆرییەکاندا بووە، ناوچەیەکی کوردستان سەدان ساڵ لەژێر دەسەڵاتی بابلییەکاندا بووە لە هەمان سەردەمدا ناوچەیەکی تری کوردستان سەدان ساڵ لەژێر دەسەڵاتی ئاشووری یان میدییەکاندا بووە، بێگومان دەسەڵاتی هەر گەل و نەتەوەیەک لەسەر میللەتەکانی ژێردەستەی خۆی، کاریگەری هێواشی لەسەر بێژە و دەنگ و فۆنەتیک و وشەکاندا هەبووە، ئەمەش کاریگەریی فراوانی لەسەر زمان و زاری نەژادیی میللەتێک لە یەک خاکی دیارکراودا هەبووە.
لەدوای نەمانی مادەکان، هەخامەنشییەکان کاریگەرییان داناوە، لەدوای ئەوانیش ساسانییەکان، ئەم سێ نەژادە لەیەکترییەوە نزیکن لەرووی رەگەز و زمانەوە، ئایینیان بەپێی سەردەمەکانیان هاوبەش بووە، بۆیە کاریگەریی خێراتریان لەسەر گۆڕینی زمانی گەلە ژێردەستەکانیان داناوە، لێرەدا بە پێچەوانەی سەردەمەکانی رابردووەوە ئەم هاونەژادییە بۆتە هۆکاری نزیکبوونەوەی زمانە ئاری نەژادەکانی ناوچەکان، هەرچەندە لە سەردەمی ساسانییەکاندا بەشێکی ناوچەکانی ئێستای کوردستان بەتایبەت تر باکووری کوردستان زۆرینەی خەڵکەکەی مەسیحی بوون، بە بەراورد بە ناوچەی دەسەڵاتی ساسانی کە زەردەشتی بوون.
لە دوای هاتنی عەرەبە موسڵمانەکانیش و رووخانی ساسانییەکان، کورد لەماوەی زیاتر لە 400 ساڵدا هێدی هێدی بوونەتە موسڵمان، کە دیاردەیەک هەبووە لەناو کورددا بەتایبەتی لە هەورامان، بەرۆژ لە دەرەوە موسڵمان بوون بە شەویش لە ماڵەکانیان زەردەشتی بوون. ئەم مسوڵمان بوونە کە قورئانی پیرۆز بە زمانی عەرەبی بوو، هەتا ئەمڕۆمان کاریگەریی لەسەر زمان و زارەکانی کوردی داناوە، کە فارسەکانیش بوونەتە موسڵمان و دەوڵەتی سەفەوییان دامەزراند، بە هەزاران وشەی عەرەبییان بە مانای جیاوازیی بە فارسیکراو هێنایە ناو زمانەکەیانەوە، ئەم هێنانی وشە گۆڕاوانەش بێگومان لە بەشی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک مانا فارسییەکەی بەکاردەهێندرێت، ئەمە لە بەشەکانی تری کوردستان، بەم جۆرە نییە، بەڵکو وشە هاوردەکانی عەرەبی وەک خۆی بەکاردەهێنرێن. عوسمانییەکان لە 100 ساڵی یەکەمی حوکمڕانیاندا زمانی رەسمی دەوڵەتەکەیان فارسی بوو! دواتر بووە بە زمانی تورکمانی عوسمانی، هەربۆیە کە هاتن بۆ باکوور و باشوور و رۆژئاوای کوردستان، سەدان وشەی تورکمانیی عوسمانی هێنایە ناو زارەکانی باکوور و باشوور و رۆژئاوای کوردستانەوە، هەرچەندە بە هەمان ئاراستە عەجەمەکان لە باکووری ئێران سەدان وشەی تورکمانیی جیاواز لە عوسمانیان هێنایە ناو زمانی کورد و فارسییەوە.
ئایین بەپێی دەسەڵاتە جیاوازەکانی گەل و نەتەوەکان، رۆڵی گەورەی لە دوورخستنەوەی زمان و زارەکانی گەلانی ژێردەستەدا هەبووە، هەروەها رۆڵیشی لە یەکخستنی زارەکاندا لە زمانێکی یەکگرتوو بۆ گەلی سەردەستدا هەبووە.

هۆکاری جوگرافی
جوگرافیای کوردستان، لە بڵندی شاخ و کەژ و کێوەکانی و نزمی دۆڵ و دەشتە بەرفراوانەکانی و کەشوهەوای جیاوازی ناوچەکانی، لە  وەرزی ساردیی باران و بەفر و سەهۆڵبەندانی زستان بوونی زێ و چەم و رێژەگەی رووبارەکان و گەرمی هەڵپڕووکێنەری هاوین، پابەندی وەرزی بە زەوی کشتوکاڵی و بەرووبوومەکانی و شوانکارەیی، لە رابردوودا وای کردووە جێگۆڕکێی کەم رووبدات و تێکەڵبوونی فراوان تەنها لە ناوچەیەکی دیارکراوی نێوان دوو زێ یان بەری یەک زنجیرە چیای سەختدا هەبێت، هەر ئەم جوگرافیایەش بۆتە هۆی مانەوە و خۆڕاگریی زمانی کوردی سەرەڕای هەموو رووداوەکان کە بەسەر کوردستاندا هاتوون، کەمیی تێکەڵبوونە کۆمەڵایەتییەکەش بەهۆی جوگرافیای کوردستانەوە بووەتە هۆکاری باڵادەستی زاراوەیەکی دیاریکراو لە ناوچەیەکی دیاریکراودا.
ئەمە سەرباری کۆچی بەردەوامی گەلانی ئاری نەژاد، بەدرێژایی هەزاران ساڵ، کە ئاوەدانکردنەوەی ئەم سەرزەمینی شام و عیراق و ئێران و ئەفغانستان و ئازەربایجان و ئەرمەنستان و بەشێکی پاکستان و...هتد، بۆ کۆچی گەلانی ئاری نەژاد دەگەڕێتەوە، ئەم کۆچە بەردەوامانەش بەردەوام لەگەڵ هاتنیان بە زار و زمانی نوێی ئاری نەژاد تێکەڵبوون بە زار و زمانی لەمێژینەی ئاری نەژادەکانی ناوچەکانی دیکە. پێویستە ئەوەش بزانین ئەگەر وەک نەخشە سەرنجی خاکی کوردستان بدەین، دەبینین ئەم کۆچە بۆ کوردستان شێوەی ئاسۆیی وەرگرتووە، نموونەش لەم بارەیەوە نزیکایەتی بنزارەکان لەگەڵ یەکتریدا هەیە، وەک ئەوەی لە زاری کرمانجی سەروو لە عەفرینەوە هەتا دەگاتە سەڵماس و باکۆ زاری کرمانجی سەروو کۆیان دەکاتەوە، ئەمە بۆ کرمانجی خوارووش هەر وایە، بنزاری ناوچەی دەسەڵاتی سۆرانی و موکری و بابان و ئەردەڵان لە یەکترییەوە نزیکن، ئەگەر وردتریشی بکەینەوە لە بنزاردا، ئەوا بنزاری مهاباد چەند لە بنزاری هەولێر نزیکە، یان بنزاری شێوەی سلێمانی چەند لە بانە و سەقز نزیکە یان بنزاری سنەیی چەند لە شارەزوور و گەرمیان و باشووری کەرکوک نزیکە، ئەم نزیکایەتییە  بۆ زاری گۆران لەنێو خۆیاندا و بۆ زاری لوڕیش لەنێو خۆیاندا هەروایە، بەڵام هەر بە نەخشە لە رووی ستوونی لە کوردستانی مەزن بنواڕین، جگە لە کۆچە مێژووییە ئاسۆییەکە، لە زەیندا کە لە باکووری کوردستانەوە سەربەرەوخوار تا دەگاتە لۆڕستان، بەهۆی هەڵکەوتە و ئاراستەی شاخ و دۆڵ و دەشتەکانەوە بۆ ئاڕاستەی زێ و چەم و رووبارەکان، دەبینین، دێ بەدێ گوند بە گوند بنزاری ناوچەیی دەگۆڕێت بۆ بنزارێکی تر، ئەوەش روونە کە بنزارێکی دیاریکراو لە رووی بێژە و ئاخاوتندا وەک یەک نین، هەرچەند لە هەمان زاراوە بن، بۆیە بنزارەکان ئەڵقەی پەیوەندیی بێ پچرانی زارەکانی زمانی کوردین؛ لەم روونکردنەوانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە جوگرافیای کوردستان رۆڵی لە بوونی جیاوازیی زۆر و فرەیی بنزار و زارەکانی زمانی کوردی هەیە.

 

 

چۆن بەرەو زمانێکی هاوبەشی کوردستانی هەنگاوبنێین؟
زمان و زاراوەکان، لەم سەردەمەدا بەهۆی خێرایی لە گۆڕانکارییە تەکنیکییەکان و تەکنۆلۆژیا و جیهانگیری، پەیوەندییەکانی زۆر ئاسانکردووە، لە ساتێکدا دەتوانرێ لەگەڵ سەدان کەس لە گروپ و کۆنفراسدا لە رێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بە دەنگ و رەنگ، بە نووسین و هێما و ئاماژە ببەسترێت، ئاسانی لە پەیوەندییەکان لەناو هەر نەتەوەیەکدا زاراوەکانی بۆ تێگەیشتن لە یەکتری نزیککردۆتەوە، ئەمەش ئاسانکاریی بۆ ئەو نەتەوانە دابین دەکات کە (هێشتا زمانی یەکگرتووی رەسمییان نییە، یان زاراوەکان ئاشنایەتییان لەگەڵ یەکتر و لەتەک زمانی یەکگرتوودا بەپێی پێویست نەبووە).
 تەکنۆلۆژیا لەمڕۆی جیهانگیریماندا هەژموونی زمانی ئینگلیزی بەسەر زۆرینەی زمانەکانی جیهاندا زاڵکردووە، وشە و دەستەواژەی نوێ بەپێی باری زمان و فۆنەتیکی بێژەی نەتەوەی هەژموون لەسەرکراو وشە نوێکە وەک خۆی یان بەگۆڕاوی وەردەگرێت، زمانی کوردیش بەپێی ئەم کاریگەرییانە وشە و دەستەواژەکان وەردەگرێت، بەڵام بەکارهێنانی وشە نوێیەکان بە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤیانەوە، کاریگەریی تێکڕای بۆ سەرجەم زار و بنزاری زمانی کوردی بە یەکەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو خێرایی و تەکنۆلۆژیایە پەیوەندییەکانی نێوان خەڵکی کوردستانی گەورەی بە تین و تاوی هەستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی کردووە.
 قۆناغی سیستمی سەرمایەداری لەم دۆخە گۆڕاوەیدا، لە ئاڵوگۆڕە بەرفراوانەکانیدا تێڕوانین و دنیابینی تاکەکانی گۆڕیوە و بەرژەوەندیی و خوودگەرایی و تاکگەرایی لەنێوان مرۆڤەکاندا پتر کرووە و جیاوازییە چینایەتییەکانی قووڵتر کردۆتەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە نادادیی و سیستمی سیاسیان گیرۆدەی گەندەڵییە، ئەم سەردەمە لە ئاستە گشتییەکەیدا بەرژەوەندییەکانی «سیاسی، ئابووری، دارایی، ئاسایش...هتد» کۆمەڵگەیەک بەسەر کۆمەڵگەیەکی تر گەیشتۆتە ئاستێک هیچ رەچاوی باری بابەتی دارایی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناکرێت تا بۆیان بکرێت کۆمەڵگە هەژموون بەسەرکراوەکە دەگوشن و مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بە کردەوە لەوپەڕی فەرامۆشکراوی دەوڵەتانی باڵادەستە، ئەم دۆخە بە هەژموونکراوانە بۆ تاک و کۆمەڵی کوردستانیش، بەشێک بۆ بەشێکی تری کوردستان  کاریگەریی بەرژەوەندخوازانەی داناوە، ئەم جیاوازیی و بەرژەوەندییانە کاریگەری لەسەر زمانی کوردیش بەسەر  بەشێکی کوردستان بۆ بەشێکی تر داناوە، چۆن بایەخ بە زاراوەیەکی زمانی کوردی دەدرێت وەک زاراوەیەکی باڵادەست بەسەر زاراوەکانی تردا، بۆیە کارە راستەکە بۆ خزمەتکردنی زمانی کوردی ئەمەیە، رێزمانی هەر بەشێکی کوردستان لە روانگەی کوردستانی گەورە و زاراوەکانییەوە کاری بۆ بکرێت بۆئەوەی ببێتە زمانێکی تێگەیشتنی هاوبەشی کورد، چونکە کارێکی ترسناکە رێزمان بۆ زاراوەیەک دابندرێت، بەبێ ئەوەی ئاوڕ لە زاراوەکانی تر بداتەوە.
کوردناسانی کورد و شارەزایان و زمانناسانی کورد، سیاسەتمەدار و پارتە سیاسییەکان، دەبێ بە وریایی و ئاگاییەوە لە دۆخی جیهانگیری و کاریگەری لەبارەی زمانی کوردی هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی زانستی لە پڕۆژەیەکی بەردەوامدا هەنگاو بنرێت،  رەچاوی باری دیموگرافی گۆڕینی پێ بەپێی زاراوەکان لەوپەڕی باکوورەوە بۆ ئەوپەڕی باشووری کوردستان بکەن، لێرەدا پێویستە وردتر لە زاری کرمانجی خواروو بڕوانرێ، چونکە  ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان زاراوەکانە، هەروەک ئەوەی  کوردێکی کرمانجێکی سەروو ئاسانتر لە کرمانجی خواروو تێیدەگات، بە بەراورد بەوەی کرمانجێکی سەروو بە ئاستی کرمانجی خواروو لە زاری گۆران یان لوڕ تێبگات، چونکە کرمانجی خواروو بۆ لوڕێک ئاسانترە تێگەیشتنی، هەموو ئەمانەشم بۆ ئەوەیە، بڵێم کە زاراوەی کرمانجی خواروو ئەرکێکی مەزن و گرانی زمانی یەکگرتووی کوردستانی لەسەرە، دەبێت  زاری کرمانجی خواروو خەمی هاوبەشی زاراوەکانی تر هەڵبگرێت و گشتگیر و هەمەلایەنتر لە باری زمان و رێزمانی کوردی لە ئەستۆ بگرێت. 
 ئاسان نییە بە کۆنفرانسێک و دووان بڕیار لەسەر زمان و رێزمانێکی هاوبەش بدرێت، بەڵکو پێویستە سەرجەمی ساڵانەی ئەو کۆنفرانسانە بۆ بەدیهێنانی رێزمانی سەرجەم زاراوەکان و وەدیهێنانی فەرهەنگێکی زنجیرەیی لە زمانی (سۆمەری، ئاوێستایی، میدی، ساسانی، پەهلەوی و سەرجەم زاراوەکانی کوردستان) کە ئەرکی بەراوردکاری و هەڵسەنگاندنی وشەسازی رەسەن و هێنانە پێشەوەی ئەو واژە و وشانەی کە ئێستا وشەی بێگانەیان لە جێ بەکاردەهێنرێت. لە پێناوی گەیشتن بە زمانێکی رەسمیی کوردستانی هاوبەش، لە کۆنگرەیەکی سەرتاسەریی زاراوەکاندا، دوور لە دەستتێخستنی سیاسیی پارت و رێکخراوەکان، بۆئەوەی دەرفەتی بەرفراوان و ستراتیژی  بە کوردناسان و شارەزا و ئەکادیمیاییانی زمانی کوردی بدرێت.

پەراوێز:
بنزار*: ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان شێوەزارەکانە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، شێوەزاریش ئەڵقەی پەیوەندیی نێوان زارە سەرەکییەکانە، هەرچەندە بەهۆی راوەدوونان و داگیرکردن و کۆچ و کۆچڕەوی شێوەزار و بنزار هەیە، سەدان کیلۆمەتر لە ناوچەی شێوەزار و بنزارەکەی خۆی دوور کەوتۆتەوە. 
گۆران** {یەکێکە لە زاراوە سەرەکییەکانی کورد کە لە پێکهاتەی هەورامی بە تەواوی ناوچەکانی و هۆزەکانی «گۆران، زەنگنە، کەلهوڕ، سنجاوی، شێخ بزێنی و بەشێکی لەک، هەروەها پێکهاتەی ئایینی کاکەیی «یارسان» و شەبەک و زازایی و بەشێکی عەلەوییە زازاییەکان (عەلەوی یان «ئاڵوە»  ئاڵ واتا رەنگی سوور و زەرد کە لە رەنگی ئاگرەوە هاتووە «کە کورد لەبری رەنگاوڕەنگ ئاڵوواڵا بەکاردەهێنێت) هەموو ئەم پێکهاتانە زاری گۆران پێکدەهێنن}

سەرچاوەکان:
-کتێبی «کوردستانی پشت قەفقاس» پ.ی.د. ئەفراسیاو هەورامی
-کتێبی «ژیانەوەی» عەبدوڵڵا ئۆچەلان.
-کتێبی «کوردگال نامەک»
-کتێبی «مێژووی مرۆڤ، لە نووسینی یوڤال نوح هەراری»
-کتێبی ئیمپراتۆری ماد
-سایتی کورد پیدیا
- /www.kurdia.net/ 
-/rezmanikurde.blogspot.com/
- https://ckb.wikipedia.org/ 
- http://haje.ir/newsdetails.aspx?itemid=16369
- https://hawlati.co/page_detail?smart-id=23284
- https://ar.wikipedia.org/wiki/

بابەتە پەیوەندیدارەکان