ئەگەر تەنگەی هورمز دابخرێت، عیراق دەتوانێ تەنیا %12ی مووچە بدات بە هاووڵاتییان

10:55 - 2025-06-22
ئابووری
28 جار خوێندراوەتەوە
تەنگەی هورمز

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

گرنگیی تەنگەی هورمز لەوەدایە كە رۆژانە نزیكەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەو بڕە نەوتەش دەكاتە یەك لەسەر پێنجی نەوتی بازاڕی جیهان

تەنگەی هورمز، كە پێشی دەوترێت گەرووی هورمز، بە شادەماری رێگای بازرگانیی نەوت لە جیهاندا ناسراوە، دەكەوێتە نێوان ئێران و سەڵتەنەی عومانەوە، بە واتایەكی دیكە ئەو كەنداوەی فارسەكان پێی دەڵێن كەنداوی فارس و عەرەبەكان پێی دەڵێن كەنداوی عەرەبی، دەبەستێتەوە بە دەریای عەرەب و لەوێشەوە بە زەریای هیندییەوە، ئەم تەنگەیە لە تەسكترین شوێنیدا، وشكایی بۆ وشكایی 50 كیلۆمەتر دەبێت، بەڵام هەمووی بۆ هاتوچۆی كەشتی بارهەڵگر نابێت، چونكە ئەو كەشتییانە قورسن پێویستییان بە ئاوی قووڵ هەیە بۆ هاتوچۆ، لەبەرئەوە مەودای تەنگەكە بۆ هاتوچۆی كەشتی تەنیا 10 كیلۆمەترە.
گرنگیی تەنگەی هورمز
گرنگیی تەنگەی هورمز لەوەدایە كە رۆژانە نزیكەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی پێدا تێدەپەڕێت بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەو بڕە نەوتەش دەكاتە یەك لەسەر پێنجی نەوتی بازاڕی جیهان، مەترسییەكەشی لەوەدایە لەبەرئەوەی زۆر قووڵ نییە و وشكاییشی زۆر لێوە نزیكە، زۆر بە ئاسانی دەتوانرێت مینڕێژ بكرێت، یان هێرش بكرێتە سەر ئەو كەشتییانەی هاتوچۆی پێدا دەكەن.
ئەگەر بەهۆی پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە ئەم تەنگەیە دابخرێت، كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دەبێت، چونكە راستەوخۆ نرخی نەوت بەرز دەكاتەوە، بەڵام بۆ وڵاتێكی وەكو عیراق كارەسات دروست دەكات، چونكە نزیکەی %95ی نەوتی عیراق لەو رێگەیەوە دەنێردرێتە بازاڕی جیهانی، عیراقیش بە رێژەی %95 پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێ بۆ داهات و دابینكردنی مووچە.
تا نەوت نەفرۆشێت پارەی مووچەی نییە
راپۆرتێكی سۆمەرییە نیوز باس لەوە دەكات، عیراق بە داخستنی گەرووی هورمز وەك ئەو كارمەندەی لێدێت كە لە كۆتایی مانگدا لە كارەكەی دەربكرێت و پارەش وەرنەگرێت، لەبەرئەوەی عیراق پارەی دانراو و پاشەكەوتی نییە بۆ مووچە، بەڵكو مانگانە تا نەوت نەفرۆشێت پارەی پێ نییە بۆ مووچە، مەگەر دەست بۆ دراوی یەدەگ ببات، كە ئەویش مەترسییەكی ئابووریی گەورەیە.
عیراق مانگانە پێویستی بە هەشت تریلیۆن دینارە بۆ دابینكردنی مووچە، ئەگەر تەنگەی هورمز دابخرێت، ئەوا مانگانە دەتوانێت تەنیا %12ی مووچە بدات بە هاووڵاتییانی خۆی، ئەو رێژەیەش زۆر كەمە، چونكە بۆ مووچەخۆرێك كە مانگی یەك ملیۆن دینار بێت، لە كاتی داخستنی تەنگەی هورمزدا تەنیا 120 هەزار دینار وەردەگرێت، واتە هاووڵاتیی عیراقی دەبێت بەو پارە كەمە، مەمرە و مەژی، ژیان بەڕێ بكات تا دۆخەكە بە لایەكدا دەكەوێت.
رێبوار محەمەد محەمەد ئەمین، پسپۆڕی بواری گرێبەستەكانی نەوت و گاز لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، بەدووری زانی ئێران تەنگەی هورمز دابخات و جەختیشی لەسەر ئەوەكردەوە، كە داخستنی تەنگەی هورمز بۆ عیراق كارەساتە، چونكە عیراق رۆژانە سێ ملیۆن بۆ سێ ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت هەناردە دەكات و بۆ داهات پشت بەو نەوتە دەبەستێ، نەوتەكەشی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دەنێرێتە دەرەوە.
سەرچاوە:
سۆمەرییە نیوز، بی بی سی

بابەتە پەیوەندیدارەکان