حه‌یده‌ر مه‌نتک
له سێ ساڵی رابردوودا كه سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ئینسكلۆپیدیای پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كۆیه بووم، مه‌لا ساڵحم له نزیكه‌وه ناسی، پیاوێك بوو به هه‌مان هه‌ستی سه‌رده‌می شاخ و پێشمه‌رگه‌كه‌ی جاران، تا سه‌رئێسقان دڵسۆز و پاك بوو.
ئه‌و سه‌رۆكی لقی كۆیه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كانی كوردستان بوو، له‌و ماوه‌یه‌دا كه كارم له‌گه‌ڵدا ده‌كرد، بۆم ده‌ركه‌وت راشكاوی و راستگۆیی بنه‌مای كاره‌كانیه‌تی، به ره‌شی ده‌وت ره‌ش و به‌سپیش سپی، ئاماده نه‌بوو یه‌ك وشه‌ی ناڕاست و زیاده بۆ خزمه‌ت و خه‌باتی خۆی و بۆ هیچ پێشمه‌رگه‌یه‌كیش بنووسێ، به ئامانه‌ته‌وه ئیشی ده‌كرد و تا كۆتایی ئه‌وه‌به‌شه‌ی پڕۆژه‌كه، له‌گه‌ڵماندا بوو.
ژیاننامه‌كه‌ی
تێكۆشه‌ری كۆچكردوو ساڵح سه‌دره‌دین ساڵح ئه‌حمه‌د ناسراو به مه‌لا ساڵح، له دایكبووی ساڵ1961ی قه‌زای كۆیه و تا قۆناغی سه‌ره‌تایی خوێندووه.
ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی ی.ن.ك و ساڵی 1980 بۆته پێشمه‌رگه له رێزه‌كانی حزبی سۆسیالیست‌دا، ساڵی 1983سه‌نگه‌ری خه‌باتی گواستۆته‌وه ناو رێزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه و له كه‌رتی 6ی تیپی 93ی كۆیه درێژه‌ی به پێشمه‌رگایه‌تی داوه.
به‌شداریی چه‌ندین هێرش و به‌رگری كردووه له سنووری تیپه‌كانی 93ی كۆیه و 83ی هه‌ورێ و مه‌ڵبه‌ندی سێی هه‌ولێر.
دواپله‌ی له شاخ فه‌رمانده‌ی كه‌رت بووه له تیپی 83ی هه‌ورێ، له ژیانی پێشمه‌رگایه‌تیدا دووجار بریندار كراوه و له راپه‌ڕینیشدا رۆڵی كارای بینیوه.
دوای راپه‌ڕین جێگری فه‌رمانده‌ی تیپی 90 بووه له هێزی حه‌وتی كۆیه.
ده‌رچووی خولی دووی فه‌رمانده‌یی بووه له كۆلێژی سه‌ربازیی قه‌ڵاچولان.
به‌داخه‌وه، رۆژی 29/1/2024 كۆچی دوایی كرد.