دڵشاد تاڵەبانی
نووسینێكی برای بەڕێز مامۆستا جەعفەرم بینی لەسەر دامەزراندنی كۆمەڵە لە خانەقین، منیش بە گرنگم زانی و ویستم كونجێك پڕ بكەمەوە لەو مێژووە پرشنگدارەی رابردوو، بەتایبەت کە هیچ باسێكم نەبینیەوە لەسەر رێكخستنی بەغدا پاش هەڵۆی سوور، كەسیش پرسیاری لە ئێمەمانان نەكردووە، كە پێش و پاشی هەڵۆی سووریش رۆلی سەرەكیمان بینیووە بۆ رێكخستنەوەی كۆمەڵە و یەكێتیش لە بەغدا.
کادرە سەرەتاییەکان لە بەغدا
لە دامەزراندنییەوە، بەشی زۆری كادرە بنەڕەتییەكانی كۆمەڵە لەبەغدا بوون، منیش لەدوا مانگەكانی ساڵی 1972 پەیوەندیم بە هەڵقەكانی كۆمەڵەوە كرد لە سلێمانی. لە شاخیش هاوئاهەنگیم لەگەڵ شەهید جەمال تاهیر هەبوو، كە ئەو لێپرسراوی ناوچەی هەڵەبجە و منیش بەرپرسی رێكخراوی بارەگای هیزی زمناكۆ بووم و چەند کەسێکی تریش ئەندامی رێكخراو بوون وەکو ( كەمال تاهیر و ئازادی مەلا).
لە هەرەس گروپێك بریاڕماندابوو بمێنینەوە، كاك جەمالیش روویكردە شارباژێڕ، گوایە كۆمەلێك بە تەمان بمێننەوە، پاشان هەواڵی نارد كە شتی وانییە.
شەهید جەمالم لە سەید سادق بینییەوە، پاشان لە سلێمانی پێكەوە دانیشتین و رێوشوێنی یەكبینینمان دانا، بڕیاردرا لەبەغدا بكەومە جووڵە (ماڵی باوكم لە بەغدابوو)، پاش هەڵسەنگاندن، دوو سێ كەسم رێكخست و سەردانی كاك جەمالم دەكرد لە سلێمانی، لەوێ بیستمان كە خاڵە شیهاب و هاوەڵانی، پاش هەڵاتنیان لە 22/ 9/1975 لە سەقز بەندبوون و لە کۆتاییەكانی ساڵی 1975 رادەستی عیراق كرابوونەوە، ئەوەش كۆسپ و كەلێن و بۆشایی و پشێویەكی گەورەی دروستكرد و زۆر كەس رووخان.
لە هاوینی 1976 دا خوالێخۆشبوو د. كەمال فوئادم لە بەرلین بینی و ئەو كۆمەڵیك پەڕتووكی پێدام و هێنامەوە، ئاگام لێبوو خەڵكی تریش جووڵەیان هەبوو، کە هەندێكیان نیمچەئاشكرا بوون، گروپێك بەناوی خوێنی شەهید لەگەڵ چەند گروپی بچووكی تر دروست ببوون، ئەوەم بەمەترسی دەزانی و بە كاك جەمالم راگەیاند، هێڵەكەی ئێمە گەشەی كرد، بەڵام خۆمان بەدوور دەگرت لەوان، مەترسی ئەوەمان هەبوو دەزگاكانی رژێم خزابنە ناویانەوە.
بارودۆخی بەغدا جیاواز بوو
بارودۆخی بەغدا وەك هیچ شوێنێك نەبوو، دووربوو لە كوردستانەوە، رژێم بەئاسانی دەیتوانی چاودێری خەڵك بكات، بۆیە زۆر بە وریایەوە جووڵەمان دەکرد، پاشان پەیوەندیان كردبوو بەكۆمەڵەوە، ئەوەبوو رێكخراوی هەڵۆی سوور دامەزرا بەسەرپەرشتی ملازم جوامیر سایەمیر، كە سەرەتا شانەی سەربازیی بوو، بەڵام پاشان تێكەڵ بەرێكخستن كرا، كە گەورەترین هەڵەی كوشندە بوو.
خاڵە شیهاب و هاوڕێكانی، پاش خۆڕاگرییەكی زۆر، لە 21/ 11/ 1976 لە سێدارە دران، بوون بە پێشەنگ بۆ ئێمە.
كوشتنی فایەق عوسمان و چالاكی تریش ئەوەی نەدەهێنا چاوی رژێم بكرێتەوە و هەموو رێكخستنی بەغدا و باشوور بخرێتە مەترسییەوە، هەندێك لەو برادەرانەش لە چایخانەی كندی و شۆێنەكانی تر بە نیمچە ئاشكرا قسەیان دەكرد.
هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەڵۆی سوور
لەگەل كاك جەمال تاهیر باسی ئەوەمان كرد چۆن هاوكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەڵۆی سوور بكەین، هەرچەندە من ناڕازی بووم لە هەندێك شێوازی كاریان، پاشان بڕیاردرا وەك هێڵێكی سەربەخۆ، لەژێر چەتری هەڵوی سوور كار بكەین، برادەرێك دانرا بە ناوی نهێنی هاوڕێ (ئاسۆ) بۆ هاوئاهەنگی، رۆژێكیان تەلەفۆنی بۆم كرد، كە یەكمان بینی ئاگاداری كردمەوە لە گرتنی ئەوان. بەخێرایی یەک دوو خەتی پێناساندم كە یەكێكیان جەمال عەبدوڵڵا (هەڵكەوت) سەرپەرشتی دەكرد. بڕیاربوو ئەو بەغدا بە جێبهێڵێت و برادەرانی سلێمانی ئاگادار بكاتەوە، بەڵام ئیتر هیچم لە سەری نەبیست.
چەندین مانگ دابڕاین، بەڵام هێڵەكەمان گەشەی كرد و كردمانە شانەی سەرەكی، سەردانی سلێمانیم كرد و شەهید جەمالم بینی، بڕیاربوو برادەرێك بێت و وەك هەڵقەی وەسڵ لە نێوانمان بێت، بەڵام چەند مانگی پێچوو كەس نەهات، ناچار چوومەوە بۆ سلێمانی، شەهید جەمال زۆر بەوە پەست و نیگەران بوو.
پاش ماوەیەك بە رێكەوت (دلاوەر ئەحمەد مەجید)م بینی كە دانرابوو، هێڵێكی تریش هەبوو، كاك بورهانێك سەرپەرشتی دەكرد، بەڵام پاش ماوەیەك وازیان هێنا و ونبوون، بڕیارماندا رێكخستنی بەغدا بكرێتە كەرتی شەهید جوامیر، پاش ماوەیەك كاك دلاوەر رۆیشتە دەرەوە، كاك قادر حاجی عەلی دانرا بۆ هاوئاهەنگی، بەهۆی گەشەكردنی رێكخستنەوە بڕیارماندا بكرێتە رێكخراوی شەهید جوامێر، كە بەندە بەرپرسی رێكخراوبووم و هەڵكەوت جێگربوو، سێ كەرتی هەبوو یەكێكیان خۆم سەرپەرشتیم دەكرد، یەكێك هەڵكەوت و ئەوی تریش خوالێخۆشبوو پێشەوا شێخ شەرەف، كاك قادریش پەیوەندی نێوان ئێمە و سلێمانی بوو، بۆ كاری گرنگ شەهید جمال تاهیرم دەبینی، تا دوا مانگەكانی 1980 كە بە ناچاری و داوا و بڕیاری هەڤاڵان رومكردە هەندەران.