سەرۆک بافڵ لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی یەکێتیدا کۆبۆوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان لەگەڵ لێپرسراوی مەڵبەندەکانی یەکێتی کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا كە رەفعەت عەبدوڵڵا و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، سەرکەوت زەکی، لێپرسراوی مەکتەبی رێکخستن راپۆرتێكی لەبارەی راسپاردە و پێشنیارەكانی دووەمین كۆنفرانسی مەكتەبی رێكخستن خستەڕوو و شێوازی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی روونكردەوە.
لە بەرامبەردا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رێكخستنەكانی یەكێتی كرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەركە حزبییەكان و وتی، بەرپرسیارێتیی هەموو یەكێتییەكانە لە هەر پلە و پایەیەكدا بن كار بۆ خزمەتی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان بكەن.
لەبارەی پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا، سەرۆك بافڵ روونكردنەوەی دا و رایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرپرسیارە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی كوردستان، بۆیە دەبێت سەرجەم ئۆرگانەكان لە خزمەتی خەڵك و گەیاندنی داواكارییەكانیاندا بن.
سەرۆك بافڵ وتیشی، بۆ ئێمە پاراستنی ژیانی خەڵك و ئارامیی كوردستان لە هەموو شتێك پیرۆزترە، بۆیە جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە هەر لێپرسراوێک لە هەر بەرپرسیارێتییەكی حزبی، حكومی و ئەمنیدا بێت و ناونیشانەكەی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەكاربهێنێت، لێپێچینەوەی توندی لەگەڵ دەكەین و رادەستی یاسای دەكەین.
وتیشی، دەستدرێژیكردنە سەر خەڵك و مافەكانیان هێڵی سوورە و یاساشكێنی قبوڵكراو نییە، بۆیە ئەركی هەموو یەكێتییەكە پارێزەری ژیان و گوزەرانی خەڵك بێت و هەموو هەوڵێكیان لەپێناوی چاكەی گشتیدا بێت.