«فریای نەوەکانتان بکەون، ئایندەمان لە مەترسیدایە»

ئالوودەبوون بە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و سۆشیال میدیا

10:50 - 2024-02-15
ڕاپۆرت
284 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی / هاوژین عەبدولواحید



سەرلەبەیانی رۆژی سێشەمە رێکەوتی 13 شوباتی  2024، له هۆڵی سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە، ۆرکشۆپێک بە ناونیشانی «فریای نەوەکانتان بکەون، ئایندەمان لە مەترسیدایە»، بە بەشداریی خوێندکاران و مامۆستایان و پەروەردەکاران بەڕێوەچوو.
لە دوو پانێڵی جیاوازدا زنجیرە سیمینارێکی پەیوەندیدار بە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئامادەکرابوو، لەلایەن پسپۆڕانەوە تیشک خرایە سەر مەترسیی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن هەرزەکارانەوە.
 ئەو مەترسییانەی کە دێنە پێش چۆن بتوانین خۆمانی لێ بپارێزین؟

راپرسییەکان مایەی مەترسین
لەو رووەوە د. خالید ئیسماعیل مستەفا مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بەشی دەروونزانی، لە لێدوانێکدا وتی: بەشێوەیەکی گشتی ئەم وۆرکشۆپە پەیوەندیی بەو کێشانەوە هەیە کە لە ئاکامی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەمەوە بەکاردێن، چۆن خۆمان بپارێزین لەو مەترسییانەی رووبەڕوومان بۆتەوە؟ 
پۆلێک لە مامۆستایانمان لە بەشی دەروونزانی  توێژینەوەکیان کرد بۆ ئاستی پێوانەکردنی هۆشیاریی هەرزەکاران و بەراوردکردنی بە ئاستی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای سەردەم، بەڕاستی ئەنجامەکان جێگای مەترسی بوون، چونکە 100 ٪ ئەو خوێندکارانەی کە توێژینەوەیان لەسەر کراوە، خاوەنی مۆبایلی زیرەکی خۆیان بوون و رۆژانە بەکاریدەهێنن بەبێ بوونی هیچ چاودێرییەک لەلایەن خێزانەکانیانەوە کە ئەمەش جێگای مەترسییەکی گەورەیە.
یەکەم هەنگاویش بۆ ئەم کارە هۆشیاریی تاک و خێزان و بینینی رۆڵی ئەرێنی راگەیاندکاران و وەزارەتی پەروەدرە و خوێندنی باڵا و وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و هەموو ئەو لایەنانەیە کە پەیوەندیدارن و پێویستە رۆڵی باش بگێڕن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم دۆخە و وتیشی: ئەم توێژینەوەیەی کە کراوە، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە.

بۆ دایکان و باوکان 
هەست بەو مەترسییە ناکەن؟
دواتر مامۆستا باخان بەختیار پسپۆڕی بواری دەروونی وتی: زۆر بەداخەوەم کە دایکان و باوکان ئێستا درک بە مەترسی ئەو ئالوودەبوونەی منداڵەکانیان ناکەن، چونکە خۆشیان ئالوودەی بوون و ناتوانن دەستبەرداری بەکارهێنانی مۆبایل ببن، بێگومانم ئەگەر درکیان بە گەورەیی ئەو مەترسییە بکردایە، هەر لەگەڵ خوێندنەوەی ناونیشانی ئەم ۆرکشۆپەدا فریای نەوەکانیان دەکەون، چونکە ئایندەیان لە مەترسیدایە و خۆیان دەهاتن لێرە بەشدارییان دەکرد و گرنگیان پێیدەدا.
 وتیشی: هیوادارم ئەوانەی ئەمڕۆ لێرە بەشدارن، ببن بە پردی گەیاندنی زانیارییەکانمان بەو کەسانەی کە لێرە نین، راشیگەیاند کە پلانیان هەیە لەمەودوا لە قوتابخانەکاندا هۆشیاریی زیاتر بڵاوبکەنەوە تا منداڵان و هەرزەکاران کەمتر ئالودەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بن.

بۆ کەسانی نائاسایی سەد هێندە مەترسیدارە
لای خۆشییەوە مامۆستا شێواز عومەر بەرپرسی (رێکخراوی لەنوێ) بۆ منداڵانی ئۆتیزم، وتی: بە شێوەیەکی گشتی بابەتەکانی ئەم وۆرکشۆپە سوودێکی باشی هەبوو، ئەم پرسە پرسێکی بەردەوامی کۆمەڵگەیە، چونکە ئێستا بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو روو لە فراوانبوونە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە چۆن بتوانین منداڵان و هەرزەکاران لە لایەنە نەرێنییەکانی بپارێزین و رێگربین لە ئالوودەبوونیان؟ ئاماژەشی بەوە دا کە هەرچەندە توێژینەوەکە لەسەر منداڵانی ئاسایی کراوە، بەڵام ئەگەر ئەوانە سەرەڕای ئەوەی کە تاکی ئاسایین ئەو مەترسییە گەورەیەیان لەسەربێت، دیارە مەترسییەکە بۆ منداڵانی ئۆتیزم سەد ئەوەندە زیاترە، بۆیە هۆشدارییەکانی ئەم ۆرکشۆپە زۆر پێویستن، چونکە بەڕاستی تا وردتر نەبینەوە لە کێشەکان و لایەنە نەرێیەکانی بەکارهێنانی مۆبایل و ئالوودەبوون پێی، درک بە مەترسییەکانی ناکەین و ناگەینە ئەنجامێکی باش، کە ئەمە بۆ ئێمەی پەروەردەکارانی تایبەت سوودێکی  زۆری هەبوو و گرنگ ئەوەیە نەهێڵین بەردەوامبێت و بتوانین به رێگەی جۆراوجۆر هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگە زیاتر بکەین.

ساڵانە رێژەکە لە زیادبووندایە!
هاوژین بەکر خوێندکاری قۆناغی چوارەم لە بەشی دەروونزانی، لەبارەی بەشداریکردنی لە ۆرکشۆپەکەدا دەڵێت: ئەم چالاکییە جێی دەستخۆشییە کە زۆر بابەت و خاڵی گرنگی تێدا باسکرا و رایگەیاند وەک دەبینرێت رێژەی بەکارهێنانی مۆبایل لەلایەن منداڵان و هەرزەکاران و گەنجانەوە رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت و  ساڵانە بەڕێژەی 5 -6 ٪ لە زیادبووندایە. 
وتیشی: ئێمە بەردەوام هەست بە زیانەکان و لێکەوتە خراپەکانی و لایەنی نەرێنی ئەو ئالوودەبوونە دەکەین و بە چەندین چالاکیی دیکەی هاوشێوەی ئەم چالاکییە بەردەوام دەبین، چونکە ئامانجمان ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی دروست و دەروونێکی تەندروست دەستەبەر بکەین بۆ کۆمەڵگە و بێگومان وەک خوێندکارانی بەشی دەرونزانی هاوکاریش دەبین لەگەڵ بەشەکەی خۆماندا بەشێوەیەکی هەماهەنگی تا لە داهاتوودا کاری باشتر و جوانتر بکەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان