ئەرکە قورسەکەی یەکێتی لێرەوە دەستپێدەکات

09:27 - 2022-06-04
کوردستان
815 جار خوێندراوەتەوە

کارەکانی دیداری یەکێتی کە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی خایاند کۆتاییهات و گەڵاڵەنامەیەک کرایە جەژنانەی یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی لەلایەن کادرانەوە بۆ سەرکردایەتی حزبەکەیان بۆ پەسەندکردن و جێبەجێکردنی تا لەو رێگەیە پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی ئەو گەڵاڵەنامەیە بکەنە جەژنانە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە یادی 48 ساڵەی دامەزراندنی ی. ن. ک دا.
رۆژی 31ی ئایاری رابردوو لە کۆتایی رێوڕەسمی دیدارەکەدا 14 راپۆرتی پوختکراوەکەی 14 سێکتەری جیاجیا رادەستی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیدارەکە کرا و ئەویش سەرەتا رایگەیاند کە «کارە قورسەکە لێرەوە دەستپێدەکات». 
دیارە بەشداریی ئەو هەموو کادرە لە رێکخستن، راگەیاندن، رێکخراوە دیموکراتەکان، ژنان، ئەندامانی فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عیراق و کوردستان و  ئەنجومەنی پارێزگاکان و کادرانی دامەزراوە حکومییەکان لە حکومەتی عیراق و هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان و مامۆستایانی زانکۆکان کە دۆستی یەکێتین و بەڕێوەچوونی چەندین وۆرکشۆپ و پێکهێنانی چەندین گروپ بۆ گفتوگۆ و داڕشتنی بەرنامەی نوێ  بابەتێکە دەریدەخات کادران و ئەندامان و دۆستانی یەکێتی ئەو مەسەلەیەیان بە جدی وەرگرتووە و ویستوویانە هەم بەشداربن لە رێکخستنەوەی یەکێتی بە بیر و دیدێکی هاوچەرخ و هەمیش ببنە خاوەنی بڕیارەکان و چیتر بە گوێرەی مەزاجی شەخسی حزب و دامودەزگاکانی ئاراستە نەکرێت.
هەر خۆی ئەو بەشدارییە گەرموگوڕەی هەڤاڵانی یەکێتی خستنەڕووی ئەو هەموو پێشنیازە هاوچەرخانەیە و بەرزکردنەوەی بۆ سەرکردایەتی یەکێتی، ئەو جدیبوونە دووپات دەکاتەوە کە کادرەکانی یەکێتی چیتر نایانەوێت چاکسازیی و نوێبوونەوەی حزبەکەیان بە پاساوی دۆخی نەگونجاوەوە ساڵ بەساڵ دوابخرێت.

 

# قوباد تاڵە‌بانی #دیداری یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان