عەبدولوەهاب ئیسماعیل

كاریكاتێرستێك لە کەرکوکەوە

10:11 - 2022-06-04
کەلتور
703 جار خوێندراوەتەوە

به‌ختیار سه‌عید
دیارە شاری كەركوك وەكو چۆن مەڵبەندی زۆر لە بوارەكانی هونەر و ئەدەب و شۆڕشگێڕی بووە، بەهەمانشێوە لەبواری هونەر بە گشتی و بەتایبەتی كاریكاتێر ئەو شارە خاوەنی چەندین هونەرمەندی دەستڕەنگینە، زۆربەی ئەو كاریكاتێرستانە خۆڕسكانە فێری ئەم هونەرە بوون، بەڵام بوونەتە ناوێكی دیاری بواری هونەری كاریكاتێر و مێژووی ئەم هونەرە لە باشوری كوردستاندا.
(عەبدولوەهاب ئیسماعیل) ئەو كاریكاتێرستەیە كە لە رێگەی كارەكانییەوە توانی بوونیادێك بۆ جۆری كاری خۆی دابنێت و واقیعییەت لە كارەكانیدا وەكو ستایلی كاركردن بەرجەستە بكات، هەربۆیە ئەگەر بڕوانینە زۆبەی ئەو كارانەی ئەم كاریكاتێرستە كۆچكردووە کردونی ئەوە بابەتەكان هەڵقوڵاوی ژیانی ناو كۆمەڵگەی كوردەواری بووە و زۆرترین كارەكانی بە رەش و سپی بووە، هەرچەندە بابەتە سیاسی و نەتەوەییەكانیش بەشێكی دانەبڕاوی ناو كارەكانی ئەم هونەرمەندە كاریكاتێرستە بوون، هەر لەو دنیایەوە هەوڵیداوە جگە لە بەشدارییە بەردەوامەكانی بەكارەكانی لەناو رۆژنامە و گۆڤارەكاندا دەرگایەكی سەرەتا بۆ ناسینی بکاتەوە بە بەشداریكردنی لەو پیشانگە هاوبەشانەی دەكرانەوە، پاشان بیریكردەوە خۆی وەكو خاوەن ستایلێكی واقیعی بناسێنێت دوو پیشانگەی تایبەتی كردەوە، هەروەها لە چالاكییە بەردەوامەكانی ناوەندی 7 رەنگە لە بواری هونەری كاریكاتێردا بەشداردەبوو، تەنانەت لەدیدارەكاندا بەردەوام بەرهەم و سەنگی خۆیی هەبووە، ببووە دەرگایەك بۆ ئاشنابوونی لەگەڵ كاریكاتێرستەكانی تری باشوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان كە بەردەوام میوانداریان دەكرا بۆ پیشانگە و دیدارەكان لەناو شاری سلێمانیدا.
لە هەمانكاتدا لە رێگای بەرهەمەكانییەوە توانی ببێتە ئەندامی ژمارەیەك لە سەندیكاكانی رۆژنامەنووسی لە باشوری كوردستان و عیراق، لەگەڵ ئەوەی ئەزموونێكی باشی لە دنیای راگەیاندن هەبووە، چ وەكو تەلەفزیۆن، یان رادیۆ و دواتر رۆژنامە و گۆڤار، هەربۆیە هەموو ئەو كەناڵانە هۆكار بوون بۆ ئەوەی بتوانێت داهێنانەكانی بگەیەنێتە زۆرترین كەس كە ئارەزووی هونەری كاریكاتێرن ئەوەش هۆكارێكی گرنگ و بەرچاوی دنیای هونەری ئەم هونەرمەندە بووە.
ئەگەر بەشێوە گشتییەكە بڕوانینە هێڵەكانی ئەم هونەرمەندە کە كارەكانی لەسەر بنیاد ناوە هێڵێكی سەركەوتوو بووە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بەداخەوە كەمن ئەو كارانەی مابێتنەوە و لەناونەچووبن لەگەڵ ئەوەی هەر ساڵێك دەبێت ئەم هونەرمەندە لەژیاندا نەماوە.
ماوەتەوە بڵێین كاریكاتێرستی كورد (عەبدولوەهاب ئیسماعیل) یەكێكە لەو كاریكاتێرستانەی ناویان لەناو مێژووی كاریكاتێری باشوری كوردستاندا دەنووسرێت و یەكێك بووە لە هۆكارەكانی بەردەوامیدان بەم هونەرە لەشاری كەركوك و باشوری كوردستان بەگشتی.

بایۆگرافیای  عەبدلوهاب ئیسماعیل

- لە دایكبووی شاری كەركوكە.
- دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی بەغدایە، بەشی بیناسازی.
- بە هەردوو زمانی كوردی‌ و عەرەبی لە كاری رۆژنامەنووسی بەردەوام بووە وێڕای بڵاوكردنەوەی كاریكاتێرەكانی لە رۆژنامەو گۆڤارەكان.
- لە كەناڵی ئاسمانیی كەركوك كاریکردووە.
- دوو پیشانگەی تایبەتی كاریكاتێری كردۆتەوە.
- ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بووە.
- ئەندامی كارای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بووە.
-ئەندامی دەستەی كارگێڕیی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان بووە.
- ئەندامی كۆمەڵەی رووناكبیری‌و كۆمەڵایەتیی كەركوك بووە.
- ئەندامی یەكێتی رادیۆ و تەلەفزیۆنكارانی كەركوك بووە.


بابەتە پەیوەندیدارەکان