قوباد تاڵەبانی: لەپێناوی گەشتوگوزاردا ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بکرێت

04:59 - 2024-02-18
کوردستان
195 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت تاکو هەرچی زووتر پڕۆژە گەشتیارییەکانیان جێبەجێ بکەن.
رۆژی یەک شەممە 18/2/2024 قوباد تاڵەبانی بە یاوەری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی کرد. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە خاتوو شاناز عامر بەدران وەک بەڕێوەبەری نوێی گەشتوگوزاری سلێمانی کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا بۆ خواست.
دواتر لە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی پڕۆژە گەشتیارییەکانی کۆڵییەوە و رایسپاردن لەگەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر هەماهەنگی زیاتر بکەن بۆ ئاسانکاریکردنی تەواو بۆ وەبەرهێنەران تاکو هەرچی زووتر پڕۆژە گەشتیارییەکان جێبەجێ بکەن.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لە گرنگیی پڕۆژەی گەشتوکاڵ کرد و ئاماژەی بەوەدا ئێستا پڕۆسەکە بووەتە پڕۆگرامی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگاکان و دەبێتە پاڵپشتێکی گرنگ بۆ بەرەوپێشبردنی هەردوو کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ و دواجار وەک کەرتێکی نوێ دەبێتە هۆی  زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەتدا. داواشیکرد بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ هەماهەنگی تەواو بکەن بۆ سەرپێخستن و پەرەپێدانی ئەم کەرتە لە کوردستاندا.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، سەردانی زۆنە گەشتیارییەکانی سەرچناری کرد کە بڕیارە چەند پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیاری تێدا جێبەجێ بکرێت. هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری راسپارد بە خێرایی ئاسانکاری تەواو بکەن بۆ وەبەرهێنەرانی پڕۆژە گەشتیارییەکانی سەرچنار تاکو هەرچی زووتر پڕۆژەکانیان جێبەجێ بکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان