ئاوات كۆكه‌یی
دوای ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نفالی ساڵی 1988 كه رژێمی به‌عس ئاسمان و زه‌مینی كوردستانی به ئاگری چه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو سووتاندبوو، گونده‌كان چۆڵكران و خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌وتنه به‌ر ئه‌وشاڵاوه و به‌شێكیشی به‌ره‌و وڵاتانی دراوسێ هه‌ڵاتن و هێزی پێشمه‌رگه‌ش به‌ره‌و سنووره‌كان كشانه‌وه، له‌وكاته‌دا چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به ژماره‌كه‌م و به ئیراده به‌هێز، له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك مانه‌وه و به شێوه‌ی پارتیزانی درێژه‌یاندا به خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی.
یه‌كێك له‌و مه‌فره‌زانه، مه‌لا ئه‌حمه‌د گه‌رمیانی و هاوڕێكانی بوو، كه له‌و هه‌لومه‌رجه سه‌خت و دژواره‌دا، له كوردستانی چۆڵ و به برسێتی و شه‌ونخونی و له به‌رده‌م هێرشی په‌یتاپه‌یتای كێوماڵی سوپای به‌عسدا، مه‌شخه‌ڵی پڕشنگداری شۆڕ‌شیان له كوژانه‌وه پاراست و وه‌ك داربه‌ڕوو له رووی داگیركه‌راندا، وه‌ستانه‌وه.
ئه‌وان كه خۆیان له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تی مه‌رگچێنی فڕۆكه و له شكری داگیركه‌ر راگرت، به‌ڵام ده‌ستی قه‌ده‌ر له بۆته‌ی روداوێكی سروشتی‌دا له به‌ربینگیان گیربوو و شه‌هیدی كردن.
پارتیزانه‌كان، له چۆڵه‌وانییه‌كانی گه‌رمیاندا له شوێنێك كه پێی ده‌ڵێن (داریخله) له سنووری ناحیه‌ی پێبازی سه‌ر به شاری كه‌لار، جێگه‌یه‌ك كه ئاودڕ یان كه‌ندڕ یاخود قه‌ڵوه‌زی پێده‌وترێت، جێگه‌یه‌كیان بۆ مانه‌وه و پشوودان سازكردبوو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی جێگه‌كه بچووك بووه، پێشمه‌رگه‌كان ده‌ستكاری و بنكۆڵیان كردبوو تا ئه‌و ئاسته‌ی جێگه‌یان ببێته‌وه.
دوای شه‌هیدبوونیان و زیاتریش دوای راپه‌ڕین، شوێنه‌كه به (ئه‌شكه‌وتی داریخله) ناسرا و ئێستا به ئه‌شكه‌وتی داریخله ناوی ده‌برێت.
داریخله، تاقه دارێكی به‌رز و گه‌وره‌ی ته‌مه‌ن چه‌ند سه‌د ساڵه‌یه له سه‌ر به‌رزاییه‌كدا، به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ده‌ڕوانێ و له زۆر شوێنه‌وه دیاره، ته‌نانه‌ت له جه‌له‌ولا و به‌شێكی كوردستانی خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه دیاره، خواره‌وه‌ی شیوو و دۆڵی زۆر قووڵن.
ئیتر ئه‌و شوێنه به‌هۆی ئه‌و داره‌وه ناوی ده‌ركردووه به داریخله.
ئێواره‌ی رۆژی 19/2/1989 ته‌واوی مه‌فره‌زه‌كه، كه بریتی ده‌بن له: مه‌لا ئه‌حمه‌د، پۆڵا، داراسوور، حه‌یده‌ر، حاجی حه‌مید، سه‌لامه‌ڕه‌ش، ره‌حیم، سه‌ید محه‌مه‌د محێدین و حه‌مه‌سۆران غازی، له ناو شوێنه چاككراوه‌دا ده‌بن، له ده‌مه‌ده‌می تاریك ولێڵی ئێواره‌دا سه‌ید محه‌مه‌د و حه‌مه‌سۆران به مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندیكردن به مه‌فره‌زه‌كانی دیكه‌وه به جیهاز، له‌وێ ده‌رده‌چن و ده‌چنه شوێنه به‌رزه‌كان، دوای په‌یوه‌ندییه‌كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه و له رێگه‌دا گوێیان له ده‌نگێكی نامۆ ده‌بێت، تاوێك ده‌وه‌ستن و نازانن چییه، كه ده‌گه‌نه‌وه شوێنه‌كه‌ی خۆیان، ده‌بینن قه‌ڵوه‌زه‌كه‌یان داڕوخاوه و هاوڕێكانیان بوون به‌ژێر خاكه‌وه.
به‌وجۆره، جگه له‌و دوو هه‌ڤاڵه‌ی دواییان، باقی ئه‌وانی دیكه كەو‌تبوونه ژێرخاكه‌وه.
هه‌رچه‌نده هاوڕێیانی مه‌فره‌زه‌كانی دیكه‌ش ئاگاداركرانه‌وه و هه‌وڵی زۆریش درا بۆ رزگاركردنیان، به‌ڵام له‌و بارودۆخه‌ی پارتیزانی و به‌نهێنی، لابردنی سه‌دان تۆن خۆڵ و زیخ و به‌رد به‌بێ پێداویستیی ئه‌وكاره، هه‌وڵێكی بێ ئاكام بوو و مه‌لا ئه‌حمه‌د و هاوڕێكانی شه‌هیدبوون، دوای راپه‌ڕین له مه‌راسیمێكی شایسته‌دا، ته‌رمه‌كانیان ده‌رهێنرانه‌وه و له گۆڕستانی كه‌لاری كۆن، به‌خاك سپێردران.
به‌داخه‌وه دواتر سه‌ید محه‌مه‌دیش به‌هۆی سیخوڕێكی كورده‌وه، له‌ناو شاری كه‌لار كه‌وته ده‌ست رژێمی به‌عس و له سێداره درا، خۆشبه‌ختانه كاك حه‌مه‌سۆران له ژیاندا ماوه.
ژیاننامه‌ی شه‌هیده‌كان
شه‌هید ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د حه‌مه ئه‌مین ناسراو به‌مه‌لا ئه‌حمه‌د، له دایكبووی ساڵی 1958ی كه‌لاری كۆن، ده‌رچووی ئاماده‌یی پیشه‌سازیی سلێمانییه، ساڵی 1977 په‌یوه‌ندیكردووه به رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه، ساڵی 1979 بۆته پێشمه‌رگه، ساڵی 1980 خولی كادیرانی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌واو كردووه و ساڵی 1981 كراوه به‌كادری ناوچه‌ی سه‌نگاو، ساڵی 1982 بووه به‌ئه‌ندامی كه‌رتی رێكخستنی كفری و دووز و ساڵی 1983ش بووه به لێپرسراوی هه‌مان كه‌رت.
ساڵی 1984 بووه به لێپرسراوی كه‌رتی رێكخستنی ده‌ربه‌ندیخان، دواتر بووه به فه‌رمانده‌ی تیپی 55ی قه‌ره‌داغ.
ئه‌ندامی كۆنفرانسی دووه‌م و پێنجه‌می كۆمه‌ڵه‌یه.
رۆژی 19/2/1989، به‌هۆی داڕوخانی ئه‌شكه‌وتی داریخله‌وه، له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی شه‌هیدبوون.
شه‌هید نوری قادر ره‌حیم ناسراو به پۆڵا، له دایكبووی ساڵی 1967ی گوندی (نارێن)ی سنووری كفرییه، ساڵی 1984 په‌یوه‌ندیكردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی 1986 بووه به پێشمه‌رگه له تیپی 53ی شێروانه.
شه‌هید دارا قادر سه‌مین ناسراو به دارا سور، له دایكبووی ساڵی 1962ی گوندی (نارێن)ی سنووری كفرییه.
ساڵی 1983 په‌یوه‌ندیكردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی 1985 بووه به پێشمه‌رگه له تیپی 55ی قه‌ره‌داغ، ساڵی 1987 كراوه‌ته فه‌رمانده‌ی مه‌فره‌زه‌ی كه‌رتی سێی تیپی 55، له ئه‌نفالدا له شه‌ڕه‌كانی سه‌ركردایه‌تی له‌شاخی (كڵاو سپی) بریندار بووه.
شه‌هید حه‌یدر محه‌مه‌د كه‌ریم، له دایكبووی ساڵی 1968ی گوندی (گرده‌ڕه‌ش)ی ناحیه‌ی پێبازه، ساڵی 1984 په‌یوه‌ندیكردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و سه‌ره‌تای ساڵی 1985 بوو به پێشمه‌رگه له مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك.
شه‌هید حه‌مید قادر كه‌ریم ناسراو به حاجی حه‌مید، له دایكبووی ساڵی 1938ی گوندی (قه‌ره‌بڵاغ)ی كه‌لاره، له شۆڕشی ئه‌یلولدا پێشمه‌رگه بووه و دوای هه‌ره‌س به‌خێزانه‌وه بۆ خوارووی عیراق دوورخراونه‌ته‌وه، ساڵی 1976 په‌یوه‌ندیكردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه، ساڵی 1987 به‌خێزانه‌وه چۆته ناوچه رزگاركراوه‌كان و بووه به پێشمه‌رگه.
شه‌هید سه‌لام محه‌مه‌د حسێن ناسراو به سه‌لامه‌ڕه‌ش، له دایكبووی ساڵی 1968ی گوندی (نارێن)ی كفرییه، ده‌رچووی قۆناغی ناوه‌ندییه.
ساڵی 1984 په‌یوه‌ندیكردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی 1985 بووه به پێشمه‌رگه له تیپی 55ی قه‌ره‌داغ، له شه‌ڕی گڵه زه‌رده بریندار كراوه.
شه‌هید ره‌حیم ره‌شید ئه‌حمه‌د، له دایكبووی ساڵی 1970ی كه‌لاری كۆنه، ساڵی 1984 په‌یوندیكردووه به كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه و ساڵی 1988 بووه به پێشمه‌رگه.
دووه‌م شه‌هید بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌تی.