ئاراوخۆ: كە هاتمە ئەوروپا نەمدەزانی دەچمە كام یانە

10:39 - 2024-02-20
وەرزش
137 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل



رۆنالد ئاراوخۆی ئۆرۆگوایی و یاریزانی دڵی بەرگری یانەی بارسیلۆنا و هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ سایتی رەسمی یانەی بارسیلۆنا وەڵامی چەندین پرسیاری هەستیاری داوەتەوە و تیشكی خستۆتە سەر چەندین باسی گرنگ لە ژیانی وەرزشی خۆیدا.
لەو دیمانەیەدا پرسیاری ئەوەیان لێكردووە كە تۆ چۆن لە جیرارد پیكییەی بەرگریكاری بەئەزموونی یانەكە دەڕوانیت؟
ئەوەیش لەوڵامدا ووتی: من لەوەوە فێری زۆر شت بووم، ئەو لە یاریگادا خێرا نەبوو، بەڵام زیرەك بوو، هەمیشە لە شوێنی شیاودا خۆی دەبینییەوە، من هەمیشە كە ئەوم دەبینی كۆبارسیم وەبیر دەهاتەوە چونكە زۆر لە یەكتر دەچوون.
سەبارەت بە مێسی-ش پرسیاریان لێكردووە، ئەمەیش سەبارەت بەمێسی دەڵێت: ئەو یاریزانێكی گرنگی بارسیلۆنا بووە، لەم چەند ساڵەی دوایدا لەگەڵ سوارێز دوانەیەكی گرنگ بوون، كاتێكیش من هاتمە بارسیلۆنا ئەوان پێشوازییەكی گەرمیان لێكردم، كاتێكیش سوارێز بارسیلۆنای جێهێشت، من و مێسی دۆڵابەكانمان لە ژوری خۆگۆڕین بە تەنیشتی یەكترەوە بوو، پێكەوە دادەنیشتین و قسەمان دەكردو خوارنەوەكانمان پێكەوە دەخواردەوە، هەر سەبارەت بەمێسی ووتی: من هیوادارم مێسی لەوپەڕی خۆشی و سەركەوتندا بێت، باشترین یاریزانی جیهانە، ئەو لەهەر تیپێك یاریی بكات ئەنجام یەكلایی دەكاتەوە، چونكە ئەو سەرۆكە، ئەو مەرجەعە، خۆی دەسەلمێنێت من هەمیشە هەست بە دووریی ئەو دەكەم.
سەبارەت بە هاتنی بۆ ئەوروپا و یانەی بارسیلۆناش ووتی: بریكارەكەم پێی ووتم دەچین بۆ ئەوروپا، بەڵام پێی نەوتم بۆ كام یانەو وڵات دەچین، كە هاتینە ئەوروپا هاتینە مەدرید، شەوێك لە هۆتێل ماینەوە، تا ئەو ساتەش نەمدەزانی بۆ كام یانە یاریی دەكەم، لەناكاو تەلەفۆنێكم بۆ هات و پێیان ووتم وەرە بۆ بارسیلۆنا، منیش ووتم:واو.. بارسیلۆنا؟ لەو كاتەشدا چەند یانەیەكی لالیگا دەیانویست بۆندم پێشكەش بكەن، بەڵام وتیان تیپی دووەمی بارسیلۆنا تۆی ئەوێت.
هەروەها ووتی: منیش وەڵامم دانەوەو ووتم من بۆندم لە یانەی بارسیلۆنا بۆ هاتووە، بۆیە هەرئێستا بەخێرایی دەبێت بڕۆم بۆ بارسیلۆنا.
سەبارەت بە یاریی بارسیلۆنا و ناپۆلیش لە چامپیۆنس لیگدا كە بڕیارە سبەی چوار شەممە بكرێت، پرسیاریان لێكردووەو ئەویش لەوەڵامدا دەڵێت: راستە لەم كاتەدا هەردوو یانە بە هەڵبەز و دابەزی ئاستدا تێپەڕ دەبن، بەڵام یارییەكە هیچی لە كلاسیكۆ كەمتر نییە، گرنگ ئەوەیە كە هەردووكمان دەچینە ئەو یارییەوە بە ئاستێكی باش و بە ئەنجامێكی باشەوە داخاڵی یارییەكە ببین، یارییەكە خۆی بۆخۆی حەماسەت زیاد دەكات، داوای ئەوەت لێدەكات تەركیزی تەواو بكەیت و هەڵە نەكەیت.
پرسیارێكی تری ئەو سایتە ئەوەبووە كە كێ بە مەرجەعی خۆت دەزانیت، ئەویش لەوەڵامدا ووتی: من خۆم زۆر سەرسام بووم بە پۆیۆڵ، ریۆ فێردیناند، پیكییە، لەوانەوە فێری زۆر شت بووم، ئێستا ڤان دایك یاریزانێكی نموونەییە.
لەوەڵامی پرسیارێكی تردا كە لێیان پرسیوە خێراترین یاریزان كە تۆ بینیوتەو یارییت لەگەڵ كردووە و پێت وابووە تەحەدات دەكات، لەوڵامدا ووتی: دیمبلی زۆر خێرابوو.
لەوەڵامی ئەوەدا كە ئۆسیمینیش یاریزانێكی خێرایە، یان نا، ئاراوخۆ ووتی: من هەمیشە شیكاریی بۆ ئەو یاریزانە دەكەم كە رووبەڕووم دەبمەوە ئیتر لە دڵی بەرگریدا بێت یان لە لایەكاندا بێت.
سەبارەت بەوەی چ یارییەكی تری كردووە، ئاراوخۆ ووتی؛ كاتێك منداڵ بووم یاریی راكردنە ماوە كورتەكانم كردووە، لە هەردوو راكردنی 100 متر و 110 مەتر بەربەستدا بەشدارییم كردووە.
سەبارەت بەو تیشێرتانەی كە لەگەڵ یاریزانان گۆڕیویەتییەوە ئایا پاریزگاری لەكامیان كردووەو نایەوێت بیفەوتێنێت ووتی: دوو تیشێرتی مێسی-م هەیە زۆر خۆشەویستن لام، یەكەمیان هی كاتی راهێنانەكانییەتی لە بارسیلۆنا، دووەمیان هی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین-ێتی، تیشێرتێكی كریستیانۆ رۆناڵدۆشم هەیە پارێزگاریم لەویش کردووە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان