ریكۆردەكەی فلیك دەشكێنێت؟

10:41 - 2024-02-20
وەرزش
95 جار خوێندراوەتەوە

چاڤی ئەلۆنسۆی ئیسپانی و راهێنەری یانەی بایەر لیڤەركوزنی ئەڵمانی، بەردەوامە لە تۆماركردنی ئەنجامە باشەكان و رەنگە ئەم هەفتەیە ریكۆردە بێ وێنەكەی هانسی فلیك بشكێنێت.
هانسی فلیك-ی راهێنەری ئەڵمانی كاتێك راهێنەری یانەی بایرن مونشن بوو، لەنێوان مانگی دیسەمبەری 2019 تا سێپتێمبەری 2020 ریكۆردێكی نایاب و مێژویی لە یانەی بایرن مونشن تۆمار كرد، ئەوەیش ئەوەبوو لەو ماوەیەدا 32 یاریی یەك لەسەر یەك هیچ یارییەكی نەدۆڕاند، ئەم ركۆردەش بوو بە ریكۆردێكی مێژووی یانەكەو تەنانەت خولی ئەڵمانیاش.
ئەمساڵ چاڤی ئەلۆنسۆ رۆژی شەممە 17/2/2024 لە خولی ئەڵمانیادا و لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا 2-1 لە یانەی هایدنهایمی بردەوە، ئەم یارییە یاریی هەفتەی 22ی خولی یانەكانی ئەڵمانیا بوو، 18 یەمین بردنەوەشی بوو لەم خولەدا لە كۆی 22 یاریی كە لەم خولەدا كردویەتی، 4 یەكسان بوونیشی هەیە، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، جگەلەمانەش لە هەردوو خولی جامی یانەكانی ئەڵمانیا و یۆرۆپا لیگیشدا هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، واتا سەرجەم 32 یارییە توشی دۆڕاندن نەهاتووە.
ئەم ریكۆردەش خۆی بۆ خۆی ریكۆدرێكە لەمێژووی یانەكانی ئەڵمانیادا تەنیا هانسی فلیك كاتێك راهێنەری یانەی بایرن مونش بووە تۆماریكردووەو ئێستا ئەم ریكردە مێژووییە بەناوی ئەم دوو راهێنەرەوەیە.
رۆژی هەینی داهاتوو 23/2/2024 بایەر و چاڤی ئەلۆنسۆ یاریی هەفتەی 23ی خۆیان لە خولی یانەكانی ئەڵمانیا بەرامبەر یانەی ماینز  دەكەن، ئەگەر ئەم یارییە نەدۆڕێن، ئەوا چاڤی و بایەر لیڤەر كوزن ریكۆردەكەی هانسی فلیك دەشكێنن و خۆیان دەبن بە خاوەنی ریكۆردە مێژوویەكەی خولی یانەكانی ئەڵمانیا بە 33 یاریی و ئەمەش لە بایەر و چاڤی چاوەڕوان دەكرێت و رەنگە ریكۆردەكەش زیاتر بكەن.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان