دادگای فیدراڵی: یانزە کورسیی پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە

02:41 - 2024-02-21
کوردستان
284 جار خوێندراوەتەوە

دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەبارەی شەش دۆسێ کۆبووەوە، کە چەند دۆسێیەکیان پەیوەندی بە پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان و سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانيی کوردستان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانەوە هەبوو.
جاسم محەمەد عەبود سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنەکەدا رایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بازنە کەمتر نەبێت"، هاوکات 11 کورسی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان بە نادەستوری ناساند و بڕیاریدا کورسیی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبوەشێتەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە "پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان وەک مووچەخۆرانی عیراق بەنیشتمانی بکرێت، بۆ ئەمەش پێویستە هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم هەماهەنگی زیاتر بکەن، بۆ ئەوەی مووچەخۆرانی هەرێم مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان پێبدرێت، هەروەها ئەو پارەیەی کە بۆ هەرێم دەنێردرێت نابێت بە شێوەی قەرز بێت".
بەپێی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، "پەرلەمانی هەرێمی کوردستان 100 کورسی دەبێت و بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیش کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی دەچێتە جێگای دەستەی کۆمسیۆنی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات".

بابەتە پەیوەندیدارەکان