ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
لە هەفتەی پێشوودا ئاژانسەکانی هەواڵی جیهان بڵاویان کردەوە، کە ئەڵمانیا بۆتە سێهەمین زلهێزی ئابووری جیهان، بەمشێوەیەش ئەڵمانیا کورسی سێهەمین ئابووری جیهانی لە ژاپۆن وەرگرت و خۆی لە جێگەی ژاپۆن دانیشت. بەپێی ئاژانسەکان بێت هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکارییە، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی گەشەی ئابووری ژاپۆن بەتایبەتی لاوازی یەنی ژاپۆنی لە بەرامبەر دۆلار و یۆرۆدا، کە ساڵی پار بەڕێژەی 18 % نرخەکەی دۆڕاندووە. ئەم هەواڵەش هەندێک چاودێری سیاسی ئەڵمانیا، بەسەرکەوتن بۆ حکومەتی ئەڵمانیایان دانا، هەندێکی تریش هێندە گەشبین نین بەم هەواڵە، چونکە گەشەی ئابووری ئەڵمانیا هێندە بەهێز نییە.
لە وێرانەوە بۆ زلهێزی ئابووری جیهان
لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی زۆرکەس لەو باوەڕەدا بوون کە ئەڵمانیا بە جۆرێک وێران بووە، ئەگەری هەستانەوەی جارێکی تر وەکو زلهێزێکی ئابووری جیهان نییە، بگرە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابووری ئەڵمانیش لەو باوەڕەدا بوون، کە جارێکی تر ناتوانن وڵاتەکەیان وەکو پێش جەنگ لێ بکەنەوە. بەڵام خۆشبەختی ئەڵمانیا لەوەدابوو، کە هەر زوو جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو دروستبوو، ئەمەش خێرێکی گەورەی تێدابوو بۆ ئەڵمانیا، چونکە ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤییەت ماڕشاڵ پلانی راگەیاند، کە ئامانج لێی یارمەتیدانی وڵاتانی ئەوروپای خۆرئاوا بوو لەڕووی داراییەوە، بۆئەوەی دووبارە بتوانن وڵاتەکانیان ئاوەدان بکەنەوەو ژێرخانی ئابووریان هەڵبستێننەوە، ئەڵمانیاش هەرچەندە لەکاتی جەنگدا دوژمنی ئەمریکا بوو، بە هۆکاری سەرەکی ئەو جەنگە ماڵوێرانەش دادەنرا کە هەموو ئەوروپای وێران کرد، بەڵام بەر رەحمەتی ئەمریکا کەوت و پشكی خۆی لە مارشاڵ پلان بەرکەوت، بەمشێوەیەش دووبارە ئەڵمانیا توانی لە ماوەیەکی ئێجگار کورتدا، دووبارە ببێتەوە بە زلهێزە ئابوورییەکەی جاران و ماوەی 50 ساڵێکیش دەبێت، کە ئەڵمانیا بۆتەوە بە یەکەمین زلهێزی ئابووری ئەوروپا.
ئەمساڵیش دووبارە لەناو ئابووری جیهاندا، گەیشتە پلەی سێهەم و بەمشێوەیەش ژاپۆن بووە چوارەمین زلهێزی ئابووری جیهان، دیارە لەپشت ئەم شکستەی ژاپۆنیشەوە کۆمەڵێک هۆکاری ئابووریی و دارایی هەن.
هۆکارەکان
بەپێی دوایین ئامارەکانی حکومەتی ژاپۆن بێت، کۆی گشتی داهاتی ژاپۆن بۆ ساڵی 2023 نزیکەی 4.21 هەزار ملیارد دۆلار بووە، لەکاتێکدا کۆی گشتی داهاتی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2023 نزیکەی 4.46 هەزار ملیارد دۆلار بووە، بەمشێوەیەش ژاپۆن دەکەوێتە پاش ئەڵمانیا و پلەی چوارەم وەردەگرێت.
بەپێی بۆچوونی چاودێرانی دارایی بێت، هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم پاشەکشێیەی ئابووری ژاپۆن دەگەڕێتەوە بۆ خراپی گەشەی ئابووری لە چارەکی کۆتایی ساڵی پاردا، لەم ماوەیەدا گەشەی ئابووری ژاپۆن لاواز بووەو لەچاو ساڵی پاردا بەرێژەی 0.1 % کەمتر بوو. هەر ئەمەش وایکرد کە لە ساڵی پاردا چەندینجار نرخی «یەن، دراوی ژاپۆنی» لەچاو دراوەکانی تردا بەتایبەتی دۆلار، بەرز و نزمی زۆر بکات و دواجاریش بەڕێژەی
18 % نرخەکەی لەچاو دۆلار و یۆرۆ لەدەستبدات.
گەشەی ساڵانەی کەمیکردووە
لەبەرامبەردا گەشەی ئابووری ئەڵمانیا باشتر بووە، هەرچەندە ئەویش ڕێژەکەی زۆر نییە، بەڵام لە چاو ژاپۆن زۆرتر بووە. گەشەی ساڵانەی ئابووری ئەڵمانیاش بۆ دوایین چارەکی ساڵی 2023دا بە ڕێژەی
0.3 % کەمیکردووە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی کەرتەکانی پیشەشازی ئامێردروستکردن و مەکینە، کە بە کەرتێکی گرنگی ئەڵمانیا دادەنرێت، جگە لەم کەرتەش هەردوو کەرتی بیناسازیی و پیشەشازی چەک و تەقمەنی و ئامێری ئەلکترۆنی، گەشەی لاوازیان کردووە. هەروەها وەبەرهێنانی بیانیش زۆر نەبووە.
ئابووری ئەڵمانیا
جێگەی ئاماژەیە ئەڵمانیا خاوەنی ئابوورییەکی بەهێزە، هۆکاری ئەم بەهێزییەشی دەگەڕێتەوە بۆ ژێرخانێکی ئابووریی و تەکنۆلۆژی بەهێز. ئابووری ئەڵمانیا پشت بە کۆمەڵێک کەرتی گرنگ دەبەستێت، کەرتی خزمەتگوزاری نزیکەی 69 % ی ئابووری پێکدەهێنێت،بەتایبەتی کەرتی بانکی، دوای ئەویش کەرتی پیشەشازی ڕێژەی 25 % ی ئابووری ئەڵمانیا پێکدێنێت. ئەڵمانیا خاوەنی کۆمەڵێک کۆمپانیای بەهێزە کە لە بوارەکانی ئامێردروستکردن و ئۆتۆمبیل و بانک و ئەلکترۆنیدا لەوانە: کۆمپانیاکانی « مارسیدس، ڤۆلکسڤاگن، سیمنس، دۆیچە بانک، ئەمانە نەک لە ئەڵمانیا بگرە لە ئابووری جیهاندا پێگەی بەهێزیان هەیە.
ئەمریکا و چین لە پێشن
هەرچەندە بەپێی ئامارەکان بێت، هێشتا ئەمریکا پلەی یەکەمی ئابووری جیهانی هەیە، کۆی گشتی داهاتی ساڵانەی بۆ ساڵی 2023 نزیکەی 25 هەزار ملیارد دۆلار بووە، بەمشێوەیەش ئەمریکا پارێزگاری لە پلەی یەکەمی خۆی کرد کە ماوەی چەندین ساڵە پلەی یەکەمی هەیە. لەپاش ئەمریکاش چین بە پلەی دووەم دێت و کۆی گشتی داهاتی ساڵانەی گەیشتە نزیکەی 18 هەزار ملیارد دۆلار.
ئەڵمانیاش پەیوەندییەکی ئێجگار بەهێزی ئابووری بەم دوو زلهێزەی جیهانەوە هەیە، ئەمساڵیش چین بووە یەکەمین شەریکی بازرگانی ئەڵمانیا، کۆی گشتی پەیوەندی بازرگانیان گەیشتە نزیکەی 253 ملیارد دۆلار، ئەمەش لەکاتێکدا پەیوەندی سیاسی ئەم دووڵاتە زۆر باش نییە یان وا خۆیان نیشان دەدەن کە خراپ بێت. هەرچەندە بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو، ئەمریکا یەکەم شەریکی بازرگانی ئەڵمانیا بوو، بەڵام ئەمساڵ چین پێش ئەمریکا کەوت و کۆی گشتی بازرگانی نێوان ئەڵمانیا و ئەمریکا گەیشتە نزیکەی 252 ملیارد دۆلار. ئەمەش گۆڕانکاریەکی نوێ بوو، کە چاودێرانی ئابووری پێشبینیان نەکردبوو.
سەرکەوتنی سیاسی
ئەم هەواڵە لەناو میدیا ئەڵمانیادا بووە مایەی گرنگی پێدانیان، هەندێک چاودێری سیاسی ئەڵمانیا، ئەمە بە سەرکەوتن بۆ حکومەتی ئەڵمانیا دادەنێن، بەتایبەتی بۆ سیاسەتی ئابووری ئەم حکومەتە کە لە سێ حزب پێکدێت ئەوانیش: سۆسیال دیموکرات و سەوز و لیبڕاڵەکان. هەندێکی تر هێندە گەشبین نین، چونکە گەشەی ئابووری ئەڵمانیا زۆر بەهێز نییە.
بەهێزبوونی رۆڵی سیاسی ئەڵمانیا
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە، ئایا بەهێزبوونی ئابووری ئەڵمانیا، وادەکات کە رۆڵی سیاسی زیاتر بێت لە جیهاندا بەتایبەتی لە ئەوروپادا؟چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کە پێدەچێت رۆڵی ئەڵمانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بەهێزتر بێت، بەڵام هێشتا ئەڵمانیا ناتوانێت رۆڵی زیاتر لە کێشە سیاسییەکانی جیهاندا ببینێت، تەنها رۆڵی لەناو یەکێتی ئەوروپادا بە بەهێزی دەمێنێتەوە.
سەرچاوە:
www.ARD. de.
https://de.statista.com/statistik