سەرۆكی پەرلەمان: شانازیی دەكەین بەو فرەیی و پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە

09:20 - 2022-06-05
کوردستان
803 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە خاتوو ماریانا سێرێنی جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا كرد و جەختیان لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكان كردەوە.
لە دیدارەكەدا، كە برونۆ ئەنتۆنیۆ باڵیۆز و میكێلێ كامیرۆتا كونسوڵی ئیتالیا ئامادەیبوون، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی سیاسیی عیراق، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و ئاڵنگارییەكانی بەردەم پڕۆسەكە.
سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستەسەر چەندین لایەنی پەیوەست بە ئازادییەكان لە هەرێمی كوردستان و پرسی ژنان و مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و رایگەیاند: ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچوون تایبەت بە پاراستنی مافی ژنان بەگشتی، پێكەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان، بە بەراورد لەگەڵ ناوچەكە، لە باشترین یاساكانن. «شانازیی دەكەین بەو فرەیی و پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە». هەروەك سوپاسی هاوكارییە سەربازی و پشتیوانییەكانی ئیتالیای كرد بۆ هەرێمی كوردستان لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا.
لای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی ئیتالیا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی ژنێك لە هەڕەمی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستاندا دەبینێت و سەرۆكایەتیی دامەزراوەیەكی گرنگ و كاریگەر دەكات.

#سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان #هەرێمی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان