به‌كر ده‌روێش
له كۆندا شار رۆمانی به‌رهه‌مهێناوه، له ئه‌مڕۆدا رۆمان شار به‌رهه‌م ده‌هێنێ. مه‌حمود نه‌جمه‌دین له سێیه‌م رۆمانیدا رێك وای كردووه، له دوای رۆمانی پیاوه‌كان به خه‌ونیش نه‌گه‌ڕانه‌وه و رۆمانی سه‌لارخان، ئارابخوێن-ی به‌رهه‌مهێناوه، تیمه‌ی ئه‌م رۆمانه خودی كه‌ركوكه، به رابردوو و ئێستا و ئایندهشییهوه، ئه‌م كه‌ركوكه‌ی له‌م رۆمانهدایه، خودی كه‌ركوكه و ئه‌ویش نییه. ئه‌وه وه‌ك خۆی خۆی نییه وه‌ك ئه‌و، ئه‌وه كاتێك پاك و بێگرد و ئازاد بوو، ئه‌و نییه كاتێك داگیركراوه و خه‌ڵتانی خوێن كراوه.
خه‌یاڵێك هونه‌ر و هه‌قیقه‌ت تێكه‌ڵ بكات
له‌م رۆمانه‌دا كه‌ركوكێك ده‌بینین جۆراوجۆره، پڕه له جوانی، له پاكی، له ره‌سه‌نایه‌تی، له دزو جه‌رده و پیاوكوژ، له داگیركه‌ر و جه‌لاد، كاتێك رۆمانێك شارێك به‌رهه‌مدێنێ، مه‌رج نییه هه‌مان داروبه‌رد و شه‌قام و خه‌ڵك بێت، هه‌مان كه‌شوهه‌وا و مێژوو بێت، چونكه رۆمان كارێكی هونه‌رییه، كۆپی په‌یستی واقیع نییه، دووباره و ده‌باره داڕشتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و بنیاتنانه‌وه‌یه، فه‌زایه‌كی كراوه‌یه هه‌موو ده‌نگه ساز و ناسازهكانی تێدایه، رێك وه‌ك سروشت، به جوانی و ناشیرینییهكانییهوه، دووباره داده‌ڕێژرێته‌وه، دووباره وێناده‌كرێ و پیشانده‌درێ، لێره‌وه شار جارێكی‌تر به‌رهه‌م ده‌هێنرێته‌وه، جارێكی‌تر له رێگای هونه‌ره‌وه زیندوو ده‌كرێته‌وه، له خه‌ڵته و خه‌وش پاك ده‌كرێته‌وه، به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ده‌ڕوات كه ده‌بێ بڕوا، كه‌ركوك ساڵانێكه له رێڕه‌وه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی لادراوه و به ئاڕاسته‌یه‌كی چه‌په‌ڵ و دزێوادا براوه، ئه‌وه‌ی هه‌ق بۆ ساحێب هه‌ق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه هونه‌ری گێڕانه‌وه‌یه، ئه‌و هونه‌ره‌ی خه‌یاڵێكی نورانی به نوری دیده‌ی خۆی ده‌یهۆنێته‌وه و جارێكی‌تر ئاو ده‌كات به جۆگه‌ی وشكی مێژوودا، راستهییهكان به‌و جۆره داده‌ڕێژێته‌وه كه سروشت بینای كردوون، حزورێكی راسته‌قینه‌ی كه‌ركوك پێش شێواندنی و داگیركردنی له‌ناو خۆیدا ژانێكی مه‌رگباره له دڵی هه‌موو كوردێكدا، كاتێك عه‌لی مه‌ردان به‌خۆی و عودهكهیهوه و سه‌ڵاح داوده به‌خۆی زوڕناكه‌ی و ده‌نگه سازگارهكهیهوه، حسێن عه‌لی گورجی به چریكه‌ی ئای ئای و قه‌تار و ئهڵاوهیسییهكهیهوه، شكور خه‌یات به سه‌وزه سه‌وزه به ناو كه‌ركوكدا ده‌گه‌ڕێن، به گۆرانی ئاوی داره تینوه‌كانی شۆڕیجه و حوڕیه و په‌نجاعه‌لی ئه‌ده‌ن، شارێك دێته به‌رهه‌م ته‌نیا هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی رۆمان ده‌توانێ بیخوڵقێنێ، ئه‌وه هونه‌ره و خه‌یاڵی هونه‌رمه‌نده كه ئه‌رپه زیندوو ده‌كاته‌وه، شكۆ بۆ جه‌سووری و ئازایه‌تی گه‌نجه‌كانی شۆرجه و ره‌حیمئاوا و ئیمام قاسم ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.
ئارابخوێن ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌كی ساده و ساكار نییه، ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ شوێندا جۆرێك له درێژدادڕی تێداكراوه، به‌ڵام مێژووی هه‌زار ساڵه‌ی كه‌ركوك ئه‌وه ده‌هێنێ كه هه‌ندێجار تا ئاستی وه‌ڕسبوون به‌سه‌رهاته‌كانی بۆ خۆمان و دنیاش بگێڕینه‌وه، به دنیای كه‌ڕ و كوێر بێژین ئا ئه‌وه حاڵ و ئا ئه‌وه ئه‌حواڵ، كێ ده‌یه‌وێت له راستی مێژووی كه‌ركوك تێ‌بگا با ئه‌م رۆمانه بخوێنێته‌وه كه هه‌م مێژووه هه‌م رۆمانه، هه‌م هونه‌ره، هه‌م داستانه، هه‌م خه‌یاڵه، هه‌م هه‌قیقه‌ته، هه‌قیقه‌تی ئه‌و زوڵم و زۆردارییه‌ی سه‌دان ساڵه له كه‌ركوك ده‌كرێ، سه‌دان ساڵه ده‌س به ده‌س و گیرفان به گیرفانی پێ ده‌كرێ، سه‌دان ساڵه هه‌یسه‌م زهباحهكان به كه‌یفی خۆیان ئازاده‌كان و ئاكامه‌كانی ئه‌م شاره ده‌كوژن و ده‌ربه‌ده‌ریان ده‌كه‌ن، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كوردن و ده‌یانه‌وێ كوردانه بژین و بمرن، كه‌ركوك ئه‌و شاره‌ی (وه‌ك هه‌میشه بۆنی دووكه‌ڵی نه‌وته ره‌شه‌كه‌ی لێ دێ. سه‌ت ساڵه بۆنی مه‌رگ و خوێن و ئاگر و دووكه‌ڵی نه‌وته ره‌شه‌كه‌ی تێكه‌ڵ بووه. دووكه‌ڵی ره‌شی قه‌ترانی، زبڵ و خاشاك... ئاڵتوونی ره‌ش چه‌شنی زڵفنج و ژه‌هری هه‌لایل گه‌رووی تاڵ كردووین، هه‌زار خاوه‌نی هه‌یه و بێ خودانه شاری گێژه‌ڵووكه و نه‌وت و خوێن و... ئارابخوێن ..ل1) ئه‌م شاره كه‌م جۆری داگیركاری هه‌یه نه‌یبینی بێت، هه‌ر له ته‌یمور له‌نگه‌وه بیگره تا ده‌گاته ئه‌مه‌ی ئه‌مڕۆ، قۆناغ به قۆناغ، پایه به پایه، ته‌ماح به ته‌ماح هه‌وڵیان داوه شوێن و ئه‌ته‌ری كوردی تیا بسڕنه‌وه، به‌ڵام هێشتا باوه گوڕگوڕ به خوێنی رۆڵه‌كانی ئه‌م شاره ده‌گڕێ و ناكوژێته‌وه، ئاخرهكهیان چوار شه‌هیدی مانگی هه‌شتی ئه‌م ساڵ بوو، جا بۆ نووسینی رۆمانێكی ئاوا نووسه‌ر پێویستی به خه‌یاڵێكی تیژ و بڵاوه، خه‌یاڵێك هونه‌ر و هه‌قیقه‌ت تێكه‌ڵ بكات، گێڕانه‌وه جێگای واقیع و واقیع جیگای گێڕانه‌وه بگرێته‌وه، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وه ئه‌سته‌مه بتوانی رۆمانێكی هونه‌ری بنووسی به تامی واقیع، چونكه گێڕانه‌وه‌ی ساده‌ی بێ ته‌كنیك و بێ هونه‌ر ده‌بێته گێڕانه‌وه‌ی مێژوو ئه‌مه‌ش ئه‌ركی رۆماننووس نییه، كاتێك مه‌حمود نه‌جمه‌دین باسی خاسه ده‌كات، ده‌ڵێی باسی رووبارێك ده‌كا له به‌هه‌شتدا نه‌ك خاسه‌ی ئێستای كه‌ركوك، هه‌ڵبه‌ت نه‌ك ته‌نیا ئه‌مه به‌ڵكو زۆر بابه‌تیتر له‌م رۆمانه‌دا وروژێنراوه كه هه‌موویان دوو روویان هه‌یه، یه‌كێكیان جوان و ئه‌وی دیكه‌یان دزێو و ناشیرین، جوانن وه‌ك مێژوو، ناشیرینن وه‌ك واقیع، مێژووی هه‌موو جێگایه‌ك دیوه پاكه‌كه‌یه‌تی كه له خه‌یاڵ و بیره‌وه‌ری هه‌مووماندا حزوری هه‌یه، دیوه قێزهونهكهشی ئه‌وه‌یه كه ئه‌مڕۆ هه‌یه، چونكه راستییه‌كه‌ی خۆی نییه، به‌ڵكو شێوێنراوه، ئارابخوێن بۆ خۆی ناوێكی لێكدراوه له (ئارابخا+ خوێن) ئه‌مه‌ش راستی ئه‌م بۆچوونه ده‌سه‌لمێنێ كه باسمان كرد، ئارابخا مێژووه جوان و پاكه‌كه‌ی كه‌ركوكه، خوێنه‌كه‌ش، ئێستای ئه‌م شاره‌یه كه له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه كراوه به قه‌سابخانه و به‌رده‌وام خوێنی لێ ده‌چێ.
ئه‌م رووداوانه ته‌نیا زمانێكی ئاوا ده‌ره‌قه‌تیان دێت
كارێكی ئاوا مه‌زن پێویستی به زمانێكی تایبه‌ت هه‌یه، زمانێك بتوانێ رووداوه‌كان وه‌ك خۆیان پیشان بدات، ده‌ره‌قه‌تی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو رووداوه تراژیدیایه بێت كه له دووتوێی شاكارێكی ئاوادا نووسراوه، ئه‌م زمانه زمانی ره‌سه‌نی كه‌ركوكه، فۆنه‌تیكی گه‌رمیانه، ئیدیۆم و په‌ند و ئاخاوتنی شاری كه‌ركوكه، ئه‌وه‌ی زیاتر جوانی به‌م رۆمانه به‌خشیوه ئه‌مه‌یه، زمانه‌كه‌یه‌تی، هه‌ڵبه‌ت مه‌حمود نه‌جمه‌دین له‌م بواره‌دا شاره‌زایه، له سهلارخانیشدا هه‌مان توانا و به‌هره‌ی نواند، توانی به‌م زمانه جوان و شیرینه داهێنانێكی جوان بخوڵقێنێ، ئه‌گه‌ر به وردی دیقه‌تی زمانی رۆمانی ئارابخوێن بده‌ین ده‌بینین زمانی گێڕانه‌وه ته‌واوكه‌ری رووداوه‌كانه، ئه‌م رووداوانه ته‌نیا زمانێكی ئاوا ده‌ره‌قه‌تیان دێت، چونكه زمانی پاڵه‌وانه‌كانه، زمان و پاڵه‌وان له‌یه‌كتر جیانابنه‌وه، ناكرێ پاڵه‌وان جۆرێك بێت و قسه‌كردنه‌كه‌ی جۆرێك، ده‌بێ ته‌واوكه‌ری یه‌كتربن، كاتێك باجی فانۆس و میم نازیف قسه ده‌كه‌ن هه‌ر ده‌بێ به‌و زوانه قسه بكه‌ن كه ده‌یزانن، ناكرێ تۆ له شۆریجه و ئیمام قاسم بژی و وه‌ك ئه‌وه قسه بكه‌ی له مه‌ڵكه‌ندی و سابونكه‌ران بژی، له زۆر رۆمانی كوردیدا ئه‌م هه‌ڵه‌یه ده‌بینرێ، به‌ڵام له ئارابخوێندا ناو و ناوهڕۆك یه‌ك شتن، چوونییهكن، ئه‌م جوانییه مه‌گه‌ر ته‌نیا له رۆمانه‌كانی مه‌حمود نه‌جمه‌دین دا ببینین، زمانێكی پاراو، ساده، ساكار گوزارش له ناخی پاڵه‌وانه‌كان ده‌كه‌ن، كه خه‌ڵكی ساد و ساكارن، چۆن ده‌ژین ئاواش قسه ده‌كه‌ن، رۆمانووسیش هه‌ر ئه‌مه‌ی كردووه.
(ئه‌ها سه‌یركه له پاڵ قاپی ئه‌و ماڵه خۆی بۆمان مات داوه. بابگهڕێینه دواوه!.
هێواش، مه‌شڵه‌ژێ، بزانم... كوڕه ئه‌رپه‌ی چی، دره‌خته! بتۆقێی.
وه‌ڵڵا رێك ئێژی زه‌لامه... ئارابخوێن ل116)
ده‌یان گفتوگۆی له‌م جۆره، كه گوزارش له ساده‌یی و راستگۆیی پاڵه‌وانه‌كان ده‌كه‌ن، بۆیه ئارابخوێن بووه به مێژووی گێڕانه‌وه‌ی ئازاری مرۆڤه ساده و بێفیزهكان، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر نیه‌ت سافی خۆیان ده‌ژین، كاسبكار و دیندار و به‌ڕه‌وشتن، له‌م رۆمانه‌دا رۆمانووس سوودی له ته‌كنیكی جۆراوجۆر بینیوه بۆ چنینی رووداوه‌كان، له فلاشباكه‌وه بیگره تا ده‌گاته وروژانی بیره‌وه‌ری و شه‌پۆلی هۆش و خه‌یاڵ، زۆر رووداوی راسته‌قینه‌ی مێژوویی تێكه‌ڵ به خه‌یاڵ كردووه، به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری جوان هۆنیوێتییهوه. گێڕانه‌وه‌یه‌ك كه هه‌قی رووداوه‌كان به باشی ده‌دات، وه‌ك پێشتریش وتم له هه‌ندێ جێگادا زیاد له پێویست چووه بهتان و پۆی رووداوه‌كاندا، یان به‌فره‌یی وه‌سفی شته‌كانی كردووه، كه ره‌نگه پێویستی به‌م درێژدادڕییه نه‌كردایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ته‌وه‌ری رووداوه‌كان و هه‌ڵكشانیان وایكردووه خوێنه‌ر به‌رده‌وام بێت له خوێندنه‌وه و بێزار نه‌بێت، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو رووداوه مێژووییه به شێوه‌ی حیكایه‌ت تام و چێژێكی خۆشیان به خوێندنه‌وه‌كه داوه و په‌یتا په‌یتا سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ لای خۆیان راده‌كێشن، به‌داخه‌وه كۆتایی رۆمانه‌كه هه‌مان كۆتایی كه‌ركوكه، ئه‌وه‌ی له شازده‌ی ئۆكتۆبه‌ر به‌سه‌ر كه‌ركوكدا هات لێره‌ش رووده‌دات، جارێكی‌تر داگیر ده‌كرێته‌وه و خه‌ڵكه‌كه‌ی ئاواره و ماڵ‌وێران ده‌كرێن، زه‌باح و جه‌لاده‌كان دێنه‌وه و ئاهه‌نگی سه‌ركوتن به‌سه‌ر كوردا ده‌گێڕن، ئه‌مانیش به‌بێ به‌رگریی و به ره‌وانی هه‌ڵدێن و ئه‌یده‌ن به‌ده‌سته‌وه، بۆیه منیش وتاره‌كه‌م به‌م په‌ره‌گرافه كۆتایی پێ دێنم كه رۆمانه‌كه كۆتایی پێ دێت. (رێی دوور چاری رۆیشنه، تا قیامه‌ت كات ده‌كوژم، شار كپ و ماته، كه‌ركوك وه‌ك هه‌میشه بۆنی دووكه‌ڵی نه‌وته ره‌شه‌كه‌ی لێ دێ. سه‌ت ساڵه بۆنی مه‌رگ و خوێن و ئاگر و دووكه‌ڵی نه‌وته ره‌شه‌كه تێكه‌ڵ بووه، میحنه‌تی ئه‌م شاره نه‌گبه‌تییه ته‌واو نابێ، بچم یاپراغهكهم بخۆم، به‌سكی تێره‌وه بخه‌وم خوا خۆی ئه‌مێنێ و موڵكی. دیسان ته‌قه‌ی ده‌رگایه! وابزانم ئه‌مجاره‌یان جیلان هاته‌وه؟! جیلانی چی؟! مه‌حموود نه‌جمه‌دین بوو، ئیشی خۆی كرد و بۆی ده‌رچوو.)
ئارابخوێن رۆمانێكه شایانی خوێندنه‌وه و له‌سه‌ر وه‌ستانه، چونكه هه‌م مێژووه و هه‌م جوگرافیاشه، بۆ شاره‌زابوون له جوگرافیای ناو كه‌ركوك پێویسته ئه‌م رۆمانه بخوێنیته‌وه، بۆ لێكۆڵینه‌وه و شیكردنه‌وه‌ش دیسان به‌بێ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م رۆمانه زانیارییه‌كانت كامڵ نابن.