ساڵانە خەڵکی بۆگد لە کۆیەوە بەپێ دەچنەوە گوندەکەیان

09:37 - 2024-02-25
ڕاپۆرت
236 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی / هاوژین عەبدولواحید


هەموو ساڵێک وەک نەریتێک لە رۆژێکدا، خەڵکی گوندی بۆگد-ی سنووری کۆیە، جا لە هەر شار و شارۆچکەیەکی هەرێم نیشتەجێ بن، دێنە شاری کۆیە و لەوێوە بە پیادەڕۆیی دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان و بەشداریی لەو چالاکییەدا دەکەن.
لەم رێوڕەسمەدا هەموو بۆگدییەکان بە دڵخۆشیەوە لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ و لە هەموو تەمەنە جیاوازەکاندا بەشداریی لەو چالاکییەدا دەکەن و وەک کەلتورێکی گوندەکەیان سەیری دەکەن.

بە رێگای باب و باپیرانماندا 
گۆران حەمە زیاد بۆگدی بەشداربوویەکی ئەو چالاکییەیە دەڵێت: لە بەیانییەوە بەڕێگەوەین و دەبێت نزیکەی 27 کیلۆمەتر بەپێ ببڕین تا دەگەینە گوندەکەمان، هەرچەندە زۆر ماندوو دەبین و رێگەی سەخت دەبڕین بۆ گەیشتن، بەڵام چونکە بە دڵخۆشییەوە هەنگاو دەنێن هەست بە ماندووێتی ناکەین.
 ئەمڕۆ نزیکەی 250 کەس بەشدارین لە هەموو تەمەنێکدا لە منداڵی چوار ساڵی تا حەفتا ساڵیمان لەگەڵدایە، هەروەها بەشداربوانمان بەشێکیان هی دەرەوەی کۆیەن، تیاماندایە لە رانیە و چوارقوڕنە و هەولێر و سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە بۆ کۆیە بۆ بەشداریکردن لە چالاکی ئەمڕۆدا، هاوکات هەمانە هەر خەڵکی گوندەکەیە و بە ئۆتۆمبێل هاتووە بۆ کۆیە و لەوێوە بەپێ دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەمان.
ئامانجمان لەم کارە نیشاندانی  وەفایە بۆ باب و باپیرانمان و ئاشناکردنی سەختی و دژواریی ژیانی ئەوکاتەیە به نەوەکانی ئەمڕۆ،  دەمانەوێت ببینن کە چۆن پیشینانمان و باب و باپیرانمان بە چ ئاستەنگی و دژوارییەک بەپێ رۆیشتوون و بە باری وڵاخ شەو رۆیشتوون و شەو گەڕاونەتەوە، چ زەحمەتێکیان کێشاوە تا ئێمەیان بەم رۆژەی ئیستا گەیاندووە.
هەروەها جگە لە نەریتێک، ئەوە خۆی لەخۆیدا وەرزشێکی تایبەتە و بۆ تەندروستیمان سوودێکی باشی هەیە.
 وتیشی: بەشێک لە بەشداربوان خەڵکی گوندەکەش نین، بەڵام هەر دڵیان پێی خۆشە و بۆ تەندروستی خۆیان هاتوون لەگەڵ ئێمەدا بەپێ دەڕۆن و هەموومان بەقسەی خۆش و پێکەنینەوە رێگەکە دەبڕین.

جیاوازیی بیروڕاکانمان  کار لە تەباییمان ناکات
گوندەکەمان ئێستا نزیکەی 50 ماڵ دەبێت، بەڵام بڵاوبووینەتەوە بە هەموو کوردستان و دەرەوەی وڵاتیشدا، ساڵانە لە گوندەکەماندا چەند جارێک بەهۆی چالاکییەکانمانەوە هەموان کۆدەبینەوە و لەگەڵ یەکتریدا کاتێکی خۆش دەبەینەسەر. راشیگەیاند کە چالاکی بەهارییان هەیە و چالاکی کەلتوری و نەورۆز و چەندین چالاکی تر بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا دەکەین.
 
ئەمساڵ رێژەی خانمان زیاترە 
خاتوو لاڤە محەمەد وەک بەشداربوویەک لەو چالاکییەدا دەڵێت: ئەوە چوارەمین ساڵە من بەشداریی لەم چالاکیی پیادەڕەوییەدا دەکەم بۆ چوونەوە بەرەو گوندەکەمان و ئەوەی  جێگای شانازییە ئەوەیە کە دەبینم ئەمساڵ وەک ساڵانی رابردوو نییە و رێژەی بەشداریی ژنان زیاترە، ئەمەش دڵخۆشترم دەکات. 
هەروەها دەڵێت ساڵی یەکەم کە بەشداربووم، زۆر ماندوو بووم و بڕیارمدا کۆتاجار بێت بەشداریی ئەو بۆنە و چالاکییە بکەم، بەڵام پاشان پەشیمان بوومەوە و بڕیارمدا کە هەموو ساڵێک بەشداربم.
 ئەمەش سوودی زۆری هەیە هەم بۆ تەندروستیم و هەم بۆ پتەوکردنەوەی زیاتری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان.

بۆئەوەی یادەکە کاڵ نەبێتەوە 
هەر لەو رووەشەوە ئاراز خالید کە بە ئەسپسواری بەشداریی چالاکییەکەی دەکرد، وتی: جیاواز لە ساڵانی پێشووتر، بیرمان لەوە کردەوە ئەمساڵ ئەسپ و مایین بەکاربهێنین وەک باوانمان کە پێشتر چۆن بەو رێگایەدا رۆیشتوون بە سواری ئەسپ و مایین و گوێدرێژ، ئێمەش وەک یادکردنەوەیەک لەپاڵ پیادەڕەوییەکە، ئەوشمان کرد و دڵخۆشین زۆر بەم یادکرنەوەیە و بەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆمان، بە هیوای لەشساغی و سەلامەتی بۆ هەموو بەشداربوان.

دیمەنێک لە چالاکیی ساڵانەی خەڵکی بۆگد

بابەتە پەیوەندیدارەکان