سەفەر بۆ سیروان

خوێندنەوەی پیشانگەی شێوەکاریی هونەرمەند سیروان کەنعانی

11:01 - 2024-02-26
دووتوێ
135 جار خوێندراوەتەوە
سیروان کەنعانی


جەبار شافعی زادە- سنە


ئەمڕۆ گەشتم بۆ دونیای هونەريی هاوڕێی هونەرمەندم (سیروان کەنعانی) کرد لە پيشانگەی تابلۆکانیدا، لە پەنجەرەی هەر تابلۆیەکەوە کە وەک پەنجەرەیەکی کراوە لەسەر جیهان دەنوێنێت،  لە بوون و نەبوون رامام، لەبەرئه‌وه‌ی من په‌روه‌رده و ئه‌زموونی هونەريی راسته‌قینه‌م نییه، به شێوازێکی سروشتی له زمانی رەسمیی تابلۆکان تێنه‌گه‌یشتم و رێگه به خۆم ناده‌م هیچ له‌و بارەیە‌وه بڵێم. تەنیا وەک بینەرێکی زۆر ئاسایی لەم سەفەرەدا، وەک پارچەیەک هەوری سپی لە ماکه بێکۆتاییەکانی هەر تابلۆیەکدا، رزگاربوونێکی فەلسەفیم ئەزموون کرد و ئەو ئەزموونەم لەگەڵ ئێوەدا دابەش دەکەم.
تێکشکاندنی پێکهاتە فۆڕمییەکان، رێکخستنی توخمە نەبینراوەکان و کایە‌ی هونەرمەندانە بە رەنگەکان بە بەکارهێنانی هۆشیاریی فیزیۆنۆمی، فیگەرە چەند رەهەندییە مۆدێرنەکان و روبەڕوبوونەوە و هاوڕێیەتییان لەگەڵ کەشوهەوای گوندێکی زۆر کۆن، بەربڵاویی رووناکی و کۆنتراست لە هەر تابلۆیەکدا بە شێوەیەک رێکخراون کە بینەر بانگ بکەن بۆ بێدەنگییەکی هەتاهەتایی لە رەهەندی فیزیکی و مێتافیزیکییەوە.

هەڵاتن لە دژە جوانیناسی
یەکەم شت کە سەرنجی بینەر لە پيشانگەکەدا رادەکێشێت، فۆرماتی جیاواز و فۆرمی نائاسایی لە شێوە و قەبارەی کانڤاسەکاندا، ئەو فۆرمە ئەو بیرۆکە فەلسەفییەی تێدایە کە ناتوانرێت جیهان بۆ فۆرماتێکی دیاریکراو و فۆرماتێکی پێشوەختە کورت و بەرتەسک بکاتەوە و لە روانگەیەکی کۆنەپەرستانەوە لە تۆن و ماکەکانی بڕوانیت، پێناسە‌ی جیهان لای سیروان هیچ سنوورێک ناناسێت و زۆر ئازادە، ئەم جۆرە رێکخستنە  لە جەوهەرەکەیدا  هەڵاتن لە روانگەیەکی کۆنەپەرستانە وەبیر دەهێنێتەوە کە لە هەموو توخمەکانیدا بەس بە زمانێکی دژە جوانیناسی لە جیهان دەڕوانێت و ئەو بیرۆکەیە لە مێشکدا سەقامگیر دەکات کە هیچ جوانییەک لەئارادا نییە و ئەوەی هەیە پیسی و ناپاکییە، ئەو تابلۆ هونەرییانە تیشک دەخەنە سەر ئەو پەیامەی کە ناتوانیت هەست بە جوانییەکانی جیهان بکەیت، مەگەر ئەوەی روانگەیەکی پشت بەستراو بە جوانیناسی هەڵبژێریت، ئەو روانگەیە لە پێناوی روانینی تاکەکەسیدا بەرهەم دێت.

هاندانی بینەر بۆ هەنگاونان
  ئەم سڕینەوەی ئاشناییە، بە تایبەتی لە وێناکردنی فیگەری مرۆڤی سەردەم و لە چوارچێوەی گوندێکدا، بە شێوەیەکی سنووردارتر بەکاردێت بۆ بەهێزکردنی ئەو بیرۆکەیە لە مێشکی بینەردا، کە لە دونیای مۆدێرندا، هەم مرۆڤ، هەم ئۆبجێکت و هەم سروشت، ئەوان بە دوای ناسنامەیەکی نوێی خۆیاندا دەگەڕێن و هەموو هێزی خۆیان خستۆتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سەرەتایییە کە دۆخێکی بەرتەسکە و مرۆڤی سەردەم تووشی تەنگەتاوی دەکات، ئەو هەوڵدەدات لە هەر تابلۆیەکدا بینەر هانبدات تا هەنگاو بنێت بۆ ناو دۆخێکی نوێ و جیاواز کە دۆخێکی ئازاد و رەهایە، ئەو رزگاری و ئازادییەی کە لە جووڵەکانی فڵچەدا بە شێوەیەکی روون و بەرچاو کۆنکرێت کراوە و متمانە بە بینەر دەبەخشێت کە تابلۆکە بە رۆحی نیگارکێش دروست بووە، نەک بە جەستە و ئاوەزی ئەو. هەر لەبەر ئەمەشە زۆربەی تابلۆکانی ئەم پيشانگەیە زیاتر و زووتر لەگەڵ رۆحی بینەردا قسە دەکەن.

پاکبوونەوەی دەروونی
کە لەبەردەم هەر تابلۆیەکدا رادەوەستیت، بەرگێک لە رووناکی و ئاوێنەیەکی روون دەڕژێتە ناو کەلێنەکانی رۆحتەوە و باری قورسی بوون لە جەستەتدا لادەبات، بۆئەوەی بتوانیت وەک باڵندە بۆ هەموو ئاسمانێک بفڕیت، ئەم تایبەتمەندییە وا دەکات گرژیی دەروونی و خەمۆکی بینەر بگاتە خاڵی سفر و بینەر جۆرێک لە پاکبوونەوەی دەروونی ئەزموون بکات و خەیاڵ دەکات کە لەگەڵ باڵندەیەکی ئازاددا لە دڵی ئاسماندا دەفڕێت.
پاکی رۆح، لایەنی باڵادەست و هاوبەشی هەموو بەرهەمەکانە و لە روانگەیەکی گشتیدا ئەوە دەردەخات کە نیگارکێش خۆی یەکەم کەسە کە بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە پڕۆسەی دروستکردنی بەرهەمەکانیدا ئەزموونی کردووە، ئەو لە راگواستنی ئەو پاکییە بە رۆحی بینەرەکانی بە شێوەیەکی گونجاو و سەرکەوتووانە کاری کردووە.

خرۆشی چرکەساتی
ئۆبجێکتیزەکردن لە بەرهەمەکاندا بە چەشنێک کراون کە بینەر دەباتە لێواری جیهانی سوریالیستی و تەنها هەنگاوێک لە جیهانی واقیعی دوور دەخاتەوە، ئەوە بۆ خۆی ئاماژەیە بۆ فۆڕمێکی دیاریکراوی کوبیزم و پاشەکشە دەکات بۆ سنووری ریالیزم، بەڵام هەنگاو نانێتە ناو جیهانی واقیعەوە. تەنانەت لەو شوێنەی کە بە کۆڵانی گوندێکی کوردستاندا دەڕۆیت و لە قەبارەی پەنجەرەکانییەوە سەیری خۆت و خەڵکی دیکە دەکەیت. 
فڵچەی شاراوە و گفتوگۆی تەنیایی مرۆڤەکان کە لە پانێڵێکی مەجازیدا وێنا دەکرێن، لە روانگەیەکی فەلسەفییەوە، گوتارێک پیشان دەدات کە خۆشەویستی لە کۆتا چرکەساتێکی گشتگیری و خرۆشی چرکەساتیيەوە  بەرزکردۆتەوە بۆ بازنەی ئامادەبوونی راستەقینە و وتووێژی نێوان دوو رۆح و دۆزینەوەی راز و نهێنی گفتوگۆکان، کە هەندێکجار لە پێکەوەبوونی دوو ماسی سووردا دەردەکەوێت، هەندێکجار لە جەستەی دوو باڵندەدا، هەندێکجاریش لە گفتوگۆی دوو پەنجەرەی سەر دیوارێکی کۆندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان