هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریکا زیادیکردووە

10:34 - 2024-02-28
ڕاپۆرت
222 جار خوێندراوەتەوە

ئا؛عەبدوڵڵا سدیق

وزارەتی وزەی ئەمریکا  بە میدیاکانی رایگەیاند: هەفتەی پێشوو هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریکا زیادیکردووە.  بەپێی راگەیەنراوەکەی وزارەتی وزەی ئەمریکا بێت، لە ماوەی پێشوودا عیراق بۆتە یەکێک لە وڵاتە سەرەکییەکانی هەناردەی نەوت بۆ  ئەمریکا. چاودێرانی ئابووری و سیاسیش پێیان وایە، ئەم پێشکەوتنانە لە بەرژەوەندی عیراقە و دووریشی دەخاتەوە لە سزادانی ئابووری لەلایەن ئەمریکاوە، چونکە ئابووری عیراق بەرگەی ئەو سزایانە ناگرێت.
زیادبوونی بەکارهێنانی نەوت
بەپێی راگەیەنراوەکەی وزارەتی وزەی ئەمریکا بێت، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەمریکا رۆژانە   لە 9 وڵات نەوت دەکڕێت، هەموو هەفتەیەکیش، گۆڕانکاری لە ژمارەکەدا  روو دەدات، بۆ نموونە هەفتەی پێشوو  رۆژانە 5.642.000 بەرمیل نەوتی کڕیوەو ئەمەش لەچاو هەفتەی پێشتردا، بەبڕی 217 بەرمیل لە رۆژێکدا زیاتر بووە.  دیارە هاوردەکردنی نەوتیش، پەیوەندی راستەوخۆی بە بەکارهێنانی نەوتەوە هەیە لەناوخۆی ئەمریکادا. 
9 وڵات
ئەو 9 وڵاتەش کە ئەمریکا بەشێوەیەکی بەردەوام نەوتیان لێدەکڕێت، لە پێش هەموویانەوە کەنەدا دێت، هەفتەی پێشوو  رۆژانە بڕی 3.669.000 بەرمیل نەوتی لە کەنەدا هەناردە کردووە،  بەمشێوەیەش کەنەدا پلەی یەکەمی هەیە ، دوای ئەویش مەکسیک دێت کە رۆژانە بڕی 784 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە، دوای ئەو  سعودیە بە بڕی 224 هەزار. کۆڵۆمبیا بڕی 286 هەزار بەرمیل نەوت، دوای ئەمانیش « نەیجیریا، ئیکوادۆر، لیبیا، بەرزایل» دێن.
زیادبوونی هەناردەی  نەوتی عیراق
بەپێی راگەیەنراوەکەی وزارەتی وزەی ئەمریکا بێت، هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریکا لەچاو هەفتەی پشووتردا زیاتر بووە. بۆ نموونە هەفتەی پێشتر واتە سەرەتای مانگی شوبات،  رۆژانە عیراق  تەنها 43 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی  ئەمریکا کردووە ، بەڵام هەفتەی پێشوو رێژەکە بۆ 226 هەزار بەرمیل بەرزبۆتەوە، واتە رۆژانە بە بڕی 183 هەزار بەرمیل زیادیکردووە. ئەمەش لە بەرژەوەندی ئابووری عیراقە. 

سەرچاوە:
رۆژنامەی الصباح

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان