کۆمسیۆن چاوەڕێی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێمە بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن

02:21 - 2024-02-28
عیراق
596 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایدەگەیەنێت، چاوەڕێی مەرسومی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تەواوکردنی رێکارەکانی ئەو پڕۆسەیە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و چاوەڕێی نووسراوی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکە.
روونیشیکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە 5 تا 10ی حوزەیرانیان وەک وادەیەکی بەرایی بۆ هەڵبژاردن دیاریکردووە.
ەوەشی خستەڕوو، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 70 ملیار دیناریان پێویستە و سەرۆک وەزیرانی عیراقیش وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆ تەرخانکردنی پارەکە.
جومانە غەلای راشیگەیاند، پێشتر 21 حزب لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و 17 حزبیش لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان سەر بە کۆمسیۆن خۆیان تۆمار کردبوو و دوای دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنیش سەرلەنوێ دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ حزب و هاوپەیمانییەکان دەکرێتەوە.
وتەبێژەکەی کۆمسۆنی عیراق باسی لەوەکردووە، لە هەڵبژاردنەکەدا هەرێمی کوردستان دەکرێتە چوار بازنە و 100 کورسییەکەی پەرلەمانیش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.

#هەڵبژاردن

بابەتە پەیوەندیدارەکان