ئاڕاستەی پەروەردەیی لە ملوانكەی ئەفسوناوی-دا

09:40 - 2024-03-04
دووتوێ
778 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود عەبدولكەریم باجەڵان

 

چەمکی پەروەردە واتە بەدیهێنانی گەشەسەندنی هاوسەنگ و بەرهەمدار و هەمەلایەنە لە کەسایەتی مرۆڤدا، ئامانجی ئاڕاستە پەروەردەییەکانی ئەدەب بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئەوەیە، چۆن سوود لە چێژی ئەدەبی وەربگیرێت بۆ هێنانەدی باشترین و باڵاترین ئاستی گۆڕانکاریی لە رەفتاردا، هەرچەندە لێرەدا ناکرێت نووسەر وتاری فێرکردنی رەوشت و ئاکاری راستەوخۆ بخاتە نێو بابەتە ئەدەبییەکانەوە و رێنمایی راستکردنەوەی رەفتاریی بە خوێنەرەکانی ببەخشێت، یان وەک لێکۆڵەرێک لە کێشە کۆمەڵایەتی و گرفتە دەروونی و ئاکارییەکان بکۆڵێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە لە بواری ئەدەبی منداڵاندا نووسەر بتوانێت نووسین تێکەڵ بە ئەندێشە و خەیاڵ بکات و بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ، بەڵام مەبەستدار کاریگەریی قووڵ لەسەر خوێنەرەکانی جێبهێڵێت و گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و رەفتاری خوێنەراندا بکات، بەم هۆیەوە نووسەر دەتوانێت خوێنەر یان وەرگر بگوازێتەوە بۆ ئاسۆیەکی نوێ و کاریگەریی لەسەر دروست بکات، چونکە ئەدەب لە تازەگەریی و داهێنان و گرنگی بابەت و بیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانیدا خۆراک دەدات بە رۆح، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەدەب کاریگەریی پەروەردەیی خۆی هەیە، ئەگەر بمانەوێت مرۆڤەکان لە هەر قۆناغ و پێگەیەکدا ئاڕاستە بکەین پێویستە بەها پەروەردەییەکان جێگەیەکی دیار لەو ئەدەبەدا داگیربکەن.


پێویستمان بە بەرهەمی ئەدەبی هاوچەرخە

ئەدەبی منداڵان لە دنیای ئەمڕۆدا بەشیکی بنەڕەتی و کاریگەری نێو ئەدەبە گشتییەکەیە، ناوەڕۆک و بنەماکانی پەیوەندییان بە ئاڕاستە و چاودێری و پەروەردەکردنی منداڵانەوە هەیە، لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی ئەمڕۆ لە تەواوی ناوەندە گۆڕاوە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکاندا روودەدەن و کاریگەرییان لەسەر منداڵان هەیە، هۆکارگەلێکن بۆ ئەوەی بڵیین دنیای نوێخواز پێویستی بە هێنانەکایەی بەرهەمی ئەدەبی نوێ و هاوچەرخ هەیە کە هاوسەنگ لەگەڵ سەردەمدا بن و کار بۆ پەرەپێدانی بیرۆکەکانیان و بەرەوپێشبردنی خەون و خولیای منداڵان بکەن، لەو نێوەندەشدا قۆناغێکی گرنگ هەیە کە بەداخەوە لەنێو دنیای ئەدەبیدا کەمترین ئاوڕی لێدراوەتەوە، ئەویش قۆناغی هەرزەکارییە، یاخود بەشێوازێکی تر دەتوانیین بڵیین قۆناغی مێردمنداڵییە.
منداڵان، بە پێی مافە بڕیارلەسەردراوە جیهانییەکان لە زۆربەی وڵاتاندا لە لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات و تا هەژدە ساڵان و لای هەندێک تا بیست ساڵان دەخایەنێت،هەرچەندە قۆناغەکانی ژیانی ئادەمیزاد لە رووی ژیانەوە پێکەوە بەستراوە و لێک جوداکردنەوەیان بڕێک ئەستەمە، بەڵام شارەزایان بۆ ئاسانکاری توێژینەوە و تێگەیشتن دابەشیان کردووە بەسەر چەند قۆناغێکی ناوەندیی تردا، لەو نێوەندەشدا ئەوەی ئێمە دەمانەوێت لەسەری بدوێین، قۆناغی مێردمنداڵانە کە تاڕادەیەک لە کۆتا قۆناغی منداڵییەوە دەست پێدەکات، واتە لە دوانزە ساڵانەوە سیما جیاکەرەوەکانی دەردەکەون لە سەرجەم رووەکانی گەشەوە، خێرایی رووخسارەکانی گەشەو تێهەڵکێشی ئەم قۆناغە لەگەڵ قۆناغی منداڵییدا وادەکات ئەم قۆناغە قۆناغێکی گرنگ بێت و دەبێت بەها پەروەردەیی و کارامەیی و رافتارییەکان شوێن و پێگەی کاریگەریان تێدا جێبکرێتەوە، بە شیوازێکی نەرم و ژیرانە و زیرەکانە تیایدا جێگیر بکرێن، بە جۆرێک منداڵێکی سەردەمیی و هاوچەرخ  بتوانێت لێی تێبگات و کارلێکی لەگەڵدا بکات، چونکە رۆڵی ئەدەب بە پێی بەشێک یان زۆرینەی تێورییەکانی کارلێک و پەیوەندیی و تیۆرییە کۆمەڵایەتییەکان هیچی کەمتر نییە لە واقیعی تیاژیاو و بگرە زۆر جار کاریگەریەکەشی گەلێ زیاترە.
 
ملوانکەی ئەفسوناوی و خەیاڵی ئازاد
قۆناغی مێردمنداڵی قۆناغی گۆڕانکاری خێرایە  لە رۆڵ و رەفتاردا، بەشێک لەو رۆڵ و خووانە بە تاکی مێردمنداڵ لەپڕ و نامۆن، زۆرجار تاک لەو قۆناغەدا گیرۆدەی نێوان بەجێهێشتنی دنیای منداڵی و بەناچاری رووکردنە دنیای گەورانە، هەوڵدەدات زۆرێک لە ئاکار و رەفتارەکانی بەنهێنی بهێڵێتەوە و دەرینەبڕێت، بێگومان ئەم شاردنەوانە تاکی مێردمنداڵ دەخاتە بەردەم ئاڵۆزییەکی توندی دووبەرەکی نێوان بوون و نەبوونی خۆیەوە، مەیلی ئەوە دەکات بۆ ماوەیەکی درێژتر لەگەڵ هاوتەمەنەکانی بێت، یان بە پێچەوانەوە حەز دەکات کە بە تەنیا لە ژوورەکەیدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی بە خەیاڵەکانییەوە سەرقاڵ بکات، لەم تەمەنە هەستیارەدا، پێداویستی و ئارەزوو و خواستەکانی مرۆڤ دەگۆڕدرێن و بەو پێیەی واقیع هەمیشە رێگە نادات تاک بەو شتە بگات کە خواستی دەکات، ئەمە تاکی مێردمنداڵ ناچاردەکات لە خەون و خەیاڵەکانیدا رۆبچێت و ئەوەی لە واقعی تیا ژیاودا بۆی نەیەتەدەی هەوڵ بدات  لە جیهانە پەنهانی و پڕ خەیاڵ و ئەندێشەکانیدا بەدی بهێنێت، دەیەوێت بچێتە ژینگەیەکی ئایدیاڵ و فەزایەکی ئازاد کە رێگەی پێبدات بیرۆکەکانی خۆی بە بێ سنووردارکردن و قەدەغەکردن بەکردار بکات، ئەو  ئارەزووە سەرکوتکراوانەی کە لە جیهانی واقیعدا بە هەر هۆکارێک بێت گوزارشتکردنیان سەخت و ئەستەمە پراکتیک و وێنا بکات، لە رێگەی ئەم خەونانەوە، رەنگە پەنا بۆ دەربازبوون لە واقیعێکی قبوڵنەکراو یان بەدیهێنانی ئاواتێکی بەدەستنەهاتوو یان تەنانەت بۆ رزگارکردنی پێداویستییە سۆزداریی، یان سێکسییە خەفەکراوەکانی ببات، یان تۆڵە لەو کەسانە بکاتەوە کە لە خۆی بەهێزترن و لە واقیعدا ناکۆکی لەگەڵیاندا هەیە و دەستەوەستانە لە بەرەنگاربوونەوەیان، دوورنییە خەونەکانی بەکاربهێنێت بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئایدیاڵ کە لە ناخی خۆیەوە ئارەزووی دەکات یان رەنگە تەنها بیستبێتی یا فیلمێک کە سەیری کردبێت یان رۆمانێک کە خوێندبێتییەوە و  رۆڵی پاڵەوانەکەی بگێڕێت.

خەیاڵی مێردمنداڵ پڕە لە خەونی زیندوو
خەیاڵی مێردمنداڵ لەم ماوەیەدا پڕە لە خەونی بێدار و زیندوو، هەمیشە لە بیرکردنەوەکانیدا نوقم دەبێت، نایەوێت دووبارەکردنەوەی خێزان و دایک و باوک بێت، تەنانەت پانتاییەکانی کات و کەلتور و کۆمەڵایەتییەکانیش دەبڕێت و سنوورەکانیان تێدەپەڕێنێت، خەون لێرەدا دەرگایەکی کراوەی بەتاڵکردنەوەی تەنگژە دەروونییەکانی دەبێت، هەموو ئەمانەش لەو قۆناغەدا سرووشتین هەبن و بەشێکی زۆری کەسایەتی و بونیادی ناسنامەی تاکی مێردمنداڵ پێکدەهێنن.
مێردمنداڵ لەم خەونانەدا باز دەداتە ئەو دیو بەربەستەکانی واقیع و هەوڵی ئەزموونکردنی هەموو ئەو شتانە دەدات کە بەرامبەر بەدیهێنانیان بێتوانایە و تا رادەیەک قورسن بتوانێت لە واقیعدا بیسەلمێنێت و بەدیانبهێنێت، نموونەی ئەو پاڵەوانانە دووبارە دەکاتەوە کە پێیان سەرسامە، ئیتر دایک و باوک بێت یان مامۆستاکەی، یان هەر کەس یان شتێکی ئەفسانەیی بێت کە هیوا دەخوازێت ئەو بێت و بتوانێت بە پێگەکانی ئەو بگات. چیرۆک و فیلم و دەقە ئەدەبییەکان رێگایەکی کاریگەری پاڵپشتی ئەم خەونانەن لە قۆناغی منداڵی و مێردمنداڵیشدا و ئەگەر لە واقیع کاریگەرتر نەبن کەمتر نین.

بەرگی رۆمانی ملوانکەی ئەفسوناوی

 

 

ئاڕاستە پەروەردەیی و بەها رەفتارییەکان لە رۆمانی ( ملوانکەی ئەفسوناوی)دا
ئاڕاستە و داواکارییە پەروەردەییەکانی مێردمنداڵان لەم قۆناغەدا، بە واتای تێگەیشتن دێت لەوەی مێردمنداڵ لە پەروەردەی کۆمەڵایەتی لە ناو خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا پێویستی بە گرنگیپێدان هەیە، گرنگیدان بە بەهاکانی فێرکردن و ستانداردە رەفتارییە دروستەکان لە هەموو لایەنەکانی پڕۆسەی پەروەردەدا، هاندانی بۆ هاوکاری و ئاوێتەبوونی لەگەڵ ئەندامانی خێزان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکاندا، لێگەڕانی مێردمنداڵ کە بتوانێ بە ئازادی هاوڕێکانی هەڵبژێرێت و بتوانێت باشترینەکان هەڵبژێرێت، رێزگرتن لە مەیل و ئارەزووی بۆ سەربەخۆیی بێگومان بە چاودێرییەکی پۆزەتیڤ و دروست و فراوانکردنی ئەزموون و زانیاریی سەبارەت بە گروپ و رێکخراو و دەستە و کۆمەڵەکانی دەوروبەری و بۆ تێکەڵکردنی لەگەڵ کۆمەڵگەی گەورەتردا، پەرەپێدانی خواستی مێردمنداڵ بۆ تێگەیشتن لە کەسانی دیکە، هاندانی ویستی بۆ سەرکردایەتی و راهێنانیان بۆ ئەو مەبەستە، قۆستنەوەی ئەم خواست و ویستانەی مێردمنداڵ زۆر گرنگن بۆ پەلکێشکردنیان لە مەیدانی چالاکی و کارەکانی نێو کۆمەڵگەدا، کارکردن بۆ زیادکردنی قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و دامەزراندنی پەیوەندییەکی بەهێز و بەردەوام لەگەڵ مێردمنداڵدا لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن، کە یارمەتیدەرە لە گەشەکردنی (خود)دا و دەرگای گفتوگۆکردن بە دڵێکی کراوە دەکاتەوە، وای لێدەکات دەرگای ئەزموونکردن بکرێتەوە و بە ئەرێنی ئەزموونی خەونەکانی بکات.

جیاوازی لەگەڵ رۆمانەکانی تردا
خۆشبەختانە یەکێک لەو بەرهەمانەی کە ماوەیەک لەمەوپیش کەوتە بەردیدی خوێنەران رۆمانێکی تایبەتە بە مێردمنداڵان، ئەو رۆمانەش (ملوانکەی ئەفسوناوی)ی نووسەری دیار و ئەدیبی بواری منداڵان (ئەمین محەممەد)ە. ئەم رۆمانە لە کتێبێکی قەبارە مامناوەند و چاپێکی گونجاو و کوالێتییەکی باش و (٩٢) لاپەڕەییدا لەلایەن دەزگای کەریمی عەلەکە و بە پاڵپشتی دارایی دکتۆر تەها رەسوڵ چاپ و بڵاوکراوەتەوە، جیاوازی ئەم رۆمانە لە هەر رۆمانێکی تر ئەوەیە، دەتوانین بڵێین نووسەر بە شێوازێکی نوێ و خەیاڵی و تەواو ئەرێنی چیرۆکەکەی دارشتۆتەوە و لێهاتووانە بێئەوەی باسی تەمەن یان دەستنیشانی ساڵ بکات ناوەڕۆکی باسەکەی وا بونیادناوە کە تەواو لەگەڵ خەیاڵ و بیرکردنەوە و ئاڕاستەی خوێنەرێکی مێردمنداڵدا بگونجێت و خوێنەرانی تریش بتوانن چێژی لێوەربگرن، ئەم رۆمانە هەموو سنوورەکانی واقعی بەزاندووە و هیچ سنوورێکی بۆ کات و شوێن و مەوداکان نەهێشتۆتەوە، لەگەڵ بیرکردنەوە و خەیاڵکردنی مێردمنداڵێکدا دەفڕێ و بە شێوازێکی ئەدەبی سەرنجڕاکێش دوور لە ئامۆژگاری و ئاڕاستەی راستەوخۆ چەندین بەها و ئاڕاستە و لایەنی پەیوەندی دروست و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی دەگەیەنێت، کە لەم نووسینەماندا چەند ئاڕاستەیەک لەو ئاڕاستە پەروەردەییانە دەخەینە روو.

یەکەم: حەزی دۆزینەوە و بەدواداگەڕان
حەزی بەدواداگەڕان و سەرکەشی و دۆزینەوە، لای منداڵان بە تایبەتی لە سەرەتاکانی هەرزەکاریی و دواقۆناغەکانی منداڵیدا زۆر کاریگەرە، گەڕان بە دوای شوناسدا و سەلماندن و یەکلاییکردنەوەی سیفاتەکانی کەسیی بە ئاڕاستەی ئەرێنیبوون، یان نەرێنی لەم قۆناغەدا یان دەبن یان وندەبن، نووسەر بە شێوازێکی زۆر شارەزایانە ئەم بابەتەی گوزارشت لێکردووە، بە کەسێتی (کوڕی ناو گوێزەکە) کە ناوی (ئازا)یە، وەک دەڵێت: «من ناوم ئازایە، رۆژێک لەگەڵ هاوڕێکەم یاریی چاوشارکێمان دەکرد، هاتم لەناو ئەم گوێزەدا خۆم شاردەوە، بەڵام گوێزەکە بە خێرایی دەرگای لەسەر داخستم، هاوڕێکەم زۆر گەڕا، بەڵام منی بۆ نەدۆزرایەوە، ئەو وایدەزانی من چوومەتە ناو یەکێک لە دارەکانەوە، نەیدەزانی لەناو ئەم گوێزەدام».
گەڕان بە دوای ئازایی و قارەمانێتیدا، یەکێکە لە خەونەکانی مێردمنداڵ، دەیەوێت لە هەموو شوێنێک بە دوایدا بگەڕێت و بیدۆزێتەوە، حەز دەکات رەوشتی هاوشێوەی ئەو رەوشتانە بێت و بە هۆیانەوە خۆی بسەلمێنێت، رەنگە ئەو سیفاتە زۆر لێی نزیک بێت، بەڵام شاراوەبێت، هێندە بەسە دەرگاکەی بکاتەوە، گەرچی بچووکیش بێت بەڵام دەکرێت خەونی گەورەی بۆ بەدیبهێنێت.
 ئەو جۆرە هاندان و تێکەڵکردنە بە خەونی تاکێکی مێردمنداڵ و ئاوێتەکردنی بە هەست و بیرکردنەوەکانی دەکرێت هەوێنی گۆڕین و وەرچەرخانی ئاڕاستەیەکی نەرێنی بێت بۆ ئاڕاستەیەکی ئەرێنی لە هۆش و زەینی مێردمنداڵێکدا، کە بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ و دوور لە ئامۆژگاری و سەرزەنشتکردن وادەکات کەسی خوێنەر خۆی وەرگری بابەتەکەبێت و بە بڕوا و متمانەوە وەریبگرێت.

هاتنی ریتا، کە بوونەوەرێکی ئاسمانییە بۆ سەر زەوی و بۆ لای سیتای پاڵەوانی رۆمانەکە

دووەم: سیستم و بە بەرنامە کارکردن
نووسەر لە رۆمانەکەدا دەڵێت «ئەو هاورێیەتی هەنگ و مێروولەکانی پێخۆشبوو، تەنانەت فێری شێوازی کارکردن و یاسا و ریساکانیان ببوو» بۆچی هەنگ و مێروولە؟ ئەم دوو گیاندارە سەرەڕای بچووکی و لاوازییان، بەڵام هەموو ژیانیان بە سیستم و یاسایەکی تەواو تۆکمە و رێکوپێک رێکخراوە، سەرنجڕاکێشان بۆ وردبوونەوە لە شێوازی ژیانیان زۆر پرسیاری جدیی لای خوێنەری مێردمنداڵ دەورووژێنێت و پرسیار لەوە دەکات، بۆچی کارکردن بە بەرنامە و سیستم ئامانجی باشتر و دەستکەوتی زیاتری دەبێت؟ دیارە کارکردن بە بەرنامە و پلان و دابەشکردنی رۆڵ و ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی لە خۆیدا رێکخستنی ژیانە و ژیانیش بە پێی سیستمێکی پلانبۆداڕێژراو واتادار تر دەبێت و ئاسانتر و شایەستەتر بەڕێوەدەچێت.

سێیەم: گومان و بوێری
گومان و دوودڵی لە ئەنجامی نەبوونی متمانە بەخۆبوون لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا بەدیدەکرێت، دوورنییە مێردمنداڵ بەرەو خەمۆکی و بێهیوایی و ناڕازیی دەروونی بەرێت، هەستی تووڕەیی و یاخیبوون بەرامبەر بە سەرچاوەی نیگەرانییەکانیی و ترس لە کاتی بەرکەوتنی مەترسییەکاندا بەدیدەکرێت، ئەم هەستە وا لە پاڵەوانی رۆمانەکە (سیتا) دەکات بڵێت، «ئێستا گومانم لە داروبەردی ئەم گەردوونە هەیە» ئەم هەستکردنە لە هۆشیاریی و هەستپێکردنەوە خاڵێکی ئەرێنی بیرکردنەوەیە کە نووسەر لە رۆمانەکەیدا پەی پێبردووە، چونکە گەر ئەو گومانە نەبێت دەکرێت تاک دووچاری گەلێ تێکەوتن ببێت، بە جۆرێک دوور نییە ئەگەر لەناوی ببات و دووچاری گرفتی گەورەی بکات کە دەربازبوون لێی ئەستەم بێت، بەڵام ئەم ترس و گومانە گرنگە بەردەوامیی هەبێت و وایلێبکات بیرکردنەوەکانی کاراتر بکات و وردتر لە دەوروبەرەکەی بڕوانێت و هەر ئەوەشی کردووە، وەک دواتر بە دایکە زەڕافە و بێچوەکەی دەڵێت: « راستە مەترسی لە ئارادایە، بەڵام خۆ نابێ ئاوا دەستەوستان دابنیشن، دەبێت ئازابن». ئەو پەیامە ئاڕاستە دەکات کە وەستان هەموو شتەکان تەنانەت خەون و خەیاڵکردنیش کۆتایی پێ دەهێنێت.

چوارەم: سەرکەشی و کاری گروپ
گرنگترین لایەنەکانی گەشەسەندنی کەسیی و سەرکەشی لە تەمەنی مێردمنداڵیدا بەهۆی زیادبوونی متمانە بەخۆبوون لە ئەنجامی هەنگاو بە هەنگاوی ئاڕاستەی گونجاوی ژیانی پێشووی، هەستکردن بە گرنگی و فراوانبوونی ئاسۆکان و چالاکیی کۆمەڵایەتییەوە زیاد دەکات، دڵخۆشە بە هاوبەشیکردنی ئەزموون و هەست و رەوت و بیرۆکەکانی لەگەڵ کەسانی تر. 
سیتا کاتێک لە ناو ئاوی روبارەکەدا پرتەقاڵێک دەبینێت بە پیچەوانەی ئاڕاستەی رۆیشتنی ئاوەکەوە دەڕوات پێی سەیردەبێت، بەڵام کاتێک پرتەقاڵەکە دەگرێت و قاشی دەکات حەوت ناوکی تێدا دەبێت، دەبن بە حەوت کوڕی قنج و هەمووشیان پێکەوە یەک وەڵام دەدەنەوە، لێرەدا نووسەر زۆر بە وردی دەیەوێت ئەو پەیامە بە خوێنەر بگەیەنێت، بەشێک لە سەرکەوتنەکانی مرۆڤ ئەوەیە جیاواز بیت و پێچەوانەی شتە باوەکان بیت و واقیع تێپەڕێنیت، ئەمەش لە کاری گروپ و یەکگرتوویی قسە و ئامانجدا سەرکەوتووتر دەبێت. 
هاودەنگی و پێکەوەبوون لە کۆکردنەوەی جیاوازییەکاندا و یەکخستنیان لە جێبەجێکردنی ئامانج و بڕیارداندا لە بەشێکی تری رۆمانەکەدا دەردەکەوێت، کاتێک مێروولەیەک بە پێکەنینەوە دەڵێت: «ئێمە وتەبێژی فەرمیمان هەیە کەسمان لە خۆمانەوە لێدوان نادەین». 
هەستی بەرپرسیارێتی و زانینی ئاست و رۆڵ و پێگەی خود، بناغەیەکی گرنگە لە ژیانی مێردمنداڵدا، تێنەپەڕاندنی سنووری ئازادی ئەویتر و پابەندبوون بە ئەرک و مافەکانی خود بێ ئازاردانی بەرامبەر ئاڕاستەیەکی ئەرێنییە، لە بەشێکی تردا دەڵێت: «ئەو کەسەی ئەرکی سەرشانی خۆی بێ کەم و کووڕیی لە کاتی خۆیدا جێبەجێ داکات سەرکەوتووە، ئێمە و هەنگەکان هەندێ یاسای هاوشێوەمان هەیە، شێوازی کارکردن و ئەرک و مافمانی پێ رێکخراوە». 
چەسپاندنی بیرکردنەوە لە پابەندبوون بە یاساو رێساکانەوە بێئەوەی مێردمنداڵ ناچاربکرێت و ئەو بڕیارە لە بڕوابوونەوە سەرچاوەبگرێت هاندەرە بۆ ئەوەی لە کاتی ئەنجامدانی کاری گروپ و کۆمەڵدا بیری لێبکەنەوە.


پێنجەم: هاندان و بەردەوامیی جووڵە و چالاکی
قۆناغی مێردمنداڵی و ساڵانی دواتریش قۆناغی جووڵە و چالاکی و بزاوتنە، گەشەی خێرای جەستەو دەرکەوتنی سیما نوێکانی دەرکەوتە رەگەزی و جەستەییەکان، هۆکارە بۆ ئەوەی ئەگەر ژینگەی لەبار و هاندەر و گونجاو هەبێت بە شێوازێکی ئەرێنی جووڵە و چالاکییەکانی لە شوێن و رێگەی گونجاودا بەتاڵ دەکاتەوە، بەڵام ئەگەر هاندەر و پاڵپشت نەبێت بۆ دەرپەڕاندنی وزە و جووڵەکانی، پەنا دەباتە بەر خامۆشکردنیان و پێچەوانەکەی دروست دەبێت، نووسەر لەسەر زمانی سمۆرەوە دەڵێت: «ئێمە هەر لە باوانمانەوە ئەم جووڵە و بزێوی و دارەوانییەمان بۆ ماوەتەوە، بەڵام هەمیشە خۆشمان لە هەوڵ و مەشقی بەردەوامداین، چونکە دەزانین بەبێ بەردەوامبوون لە مەشق و جووڵە بەم شێوەیەی ئێستا توانای ژیانمان نامێنێت، ئەوسا سست و لاواز دەبین» ئەوەی لێرەدا گرنگە تاکی خوێنەر خۆی دەبێتە قسەکەر، وادەکات چەند جار ئەم دەقە بخوێنێتەوە ئەوەندە جار ئاماژە بۆ خۆی بکات کە جووڵە و مەشقی بەردەوامی هەبێت، ئەمەش ئاڕاستەیەکی گرنگ و کاریگەرە و دەبێتە هەی ئەوەی لە رەفتاری خوێنەردا رەنگدانەوەی هەبێت و ئەنجامی بدات.

شەشەم: ئاڵنگارییەکان و سەرکەوتن
قۆناغی مێردمنداڵی بە تایبەتی سەرەتاکانی قۆناغەکە لە گەشەیەکی خێرا و تێپەڕدایە، بۆیە سەیرنییە هەر هەنگاوێک لەم قۆناغەدا پڕ بێت لە ئاستەنگ و ئاڵنگاری، هەرکات تاکێک بیەوێت کارێک یان چالاکییەک بکات و بەرەو ئامانجێک بچێت ئاڵنگارییەکان دێنە بەردەمی و بۆ سەرکەوتن بەسەریدا ئەرێنی بوون و ئیرادەیەکی بەهێز و پاڵپشتی دەوێت، نووسەر ئاڵنگارییەکانی بە دێو و پیرەژنە جادووبازەکە بەرجەستەکردووە، گوڵە ئەستێرە درەوشاوەکەش هیواو ئومێد و ئەرێنی بوونە لەگەڵ ورە و هێزی ئازا و چیاکەشی بە ئامانج دەستنیشانکردووە، هەرچەند لە چیاکە نزیک دەبنەوە چیاکە بڵندتر و گەورەتر دێتە پیش چاویان، هاندان بۆ بەرەو ئامانج چوون، مکوڕی و سووربوون، بیرکردنەوە لە چارەسەر و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان لەم رۆمانەدا هەمیشە مێردمنداڵ دەخاتە وزەیەکی پڕ لە سەرکەشی ئەرێنییەوە و سڵ لە بەربەستەکان نەکاتەوە، بەڵام ژیرانەش لەگەڵ رووداوەکاندا مامەڵە دەکات، گەرچی قۆناغەکە لێوانلێوە لە سۆز و هەڵچوون، بەڵام نووسەر زۆر بە میهرەبانی کۆنترۆڵی هەستی کاراکتەرەکانی کردووە لە ئاست هەر هەڵچوونێکی بەرامبەر پاڵەوانەکان تا زیاتر و وریاتر و هەستیار تر مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن.

حەوتەم: تێپەڕاندنی نەریتی کۆنەباو و هەنگاو بەرەو ئایندە
یەکێک لە سیما جیاکەرەوەکانی مێردمنداڵ قبووڵنەکردنی واقیعی تیاژیاوە، خەون بینینە بە دنیایەکەوە کە خۆی وێنای دەکات و دەیەوێت تیایدا بەو جۆرە بژی کە هەستەکانی دەیەوێت، بۆیە بەردەوام لە نێو بەرداشی نەریتی کۆنەباو و قبوڵنەکردندا و خولیای گۆڕان و بەرەوپیشچووندا دەجەنگێت، نووسەر لەسەر زمانی دایە گەورەوە دەڵێت: «ئەم پیرەژنە جادووبازەی ئێستا نەوەی پیرەژنە جادووبازە دێرینەکانە، پشتاوپشتیان شەڕەنگێز و دزێوبوون..»
ئازادکردنی خەون و خولیاکان پێویستە لە داو و تەلیسمەکان دەربازبکرێن بۆ ئەوەی بەرەو ئاسمانێکی فراوان بفڕن، لە چیرۆکەکەدا دڕکەزی جوانییەکانی دیلکردووە، پەپولە و باڵندە و ئاسک و کەروێشک لە خۆیدا دیل دەکات و دەیانشارێتەوە، بەڵام ئەژدیهای حەوت رەنگ دێت و ئازادیان دەکات، مێردمنداڵ پێویستی بە هونەر و جوانی و بەهرە و رەنگاڵەیی ژیان هەیە تا ئەو ئامانج و خولیا جۆربەجۆرانەی هەیەتی بەهۆیانەوە بهێنێتە دەرەوە و لە بەهرە و داهێناندا بوونی خۆیان بسەلمێنن.

هەشتەم: خەیاڵی زانستی
ئاوێتەکردنی خەیاڵ و خەیاڵی زانستی بە رۆمانەکە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەدا، چونکە فراوانیی خەیاڵ و ئەندێشەی مێردمنداڵ بێسنوورە و زۆرجار دەیەوێت هەموو بەربەستەکانی واقیع تێپەڕینێت و تەنانەت رۆبچێت بە نێو خەون و خەیاڵدا و بە تەواوی لە ژیانی واقیع داببڕێت، بە تایبەتی ئەگەر واقیعی تیاژیاو نالەباربێت و لەگەڵ خواستەکانیدا نەگونجێت، بۆیە هاتنی دەفری ئاسمانی و هاوڕێیەتی (ریتا) وەک بوونەوەرێکی ئاسمانی بۆسەر زەوی هەناسەیەک بە خوێنەر دەبەخشێت و دەیباتە خەیاڵێکی ئەرێنییەوە، کە دەکرێت مرۆڤ هەمیشە گەشبین بێت بە چارەسەر و دەربازبوون لە گرفتەکان و تەنانەت ئەو چارەسەری ئەو گرفتانەش کە وا بیر دەکرێتەوە چارەسەر ناکرێن.
 
نۆیەم: چارەسەرکردنی گرفت و ئاڕاستەی ئەرێنی روانین بۆ گرفتەکان
نووسەر دەیەوێت ئەو راستییە بە خوێنەرەکانی بڵێت، لە هەرکوێ ژیان هەبێت کێشە هەیە، ژیان بێکێشە نابێت، سیتا دەڵێت: «ئەوە سرووشتی و ئاساییە ئەگەر لەسەر هەموو هەسارەکان و لە نێوان گیانداراندا ناکۆکی هەبێت، گرنگ ئەوەیە بە بوێری و میهرەبانییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی بدرێت» خستنەڕووی ئەو راستییەی کە کێشە لە ژیاندا واتای کۆتایی دەرفەتەکان نییە و بوونی کێشە بەشێکە لە خودی ژیان بابەتێکە زۆر واقعیانە بەڵام بە خستنەڕووییەکی ئەدەبیانە و جوان داڕێژراوە.

دەیەم: بەرەنگاربوونەوەی نائومێدی و خامۆشبوون
ئەگەر نائومێدی لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا هەبێت، ئەوا لە ژیانی مێردمنداڵاندا کاریگەرییەکەی زۆر زیاتر و شوێنەواری زیاتری هەیە لەسەر بیرکردنەوە و بڕیاردانەکانی، ئاماژەدان بە بوونی نائومێدی لە رۆمانەکەدا بە شێوەیەکی ورد و شارەزایانە و بە ئاڕاستەیەکی ئەرێنی و هاندان بۆ تێپەڕاندنی، بەشیکی گرنگی ئاڕاستەی ئەرێنییە لە رۆمانەکەدا، خۆرگیران وەک ئاماژە بۆ دژوارییەکان، بوونی دەنگی قاڕەقاڕی قەلەڕەش و پەپوپەپووی کوندەپەپوو ئەوە دەسەلمێنێت لە ساتەکانی نائومێدیدا زیاتر دەنگە ناسازەکان دەبیستڕێن، ئەوانەی ئومێدهێنەر نین و بیرکردنەوەی رەشبینیی دەبەخشنەوە، بەڵام تروسکایی و رووناکی ملوانکەکە ئەو تارماییە تێدەپەڕینێت و هیوا دەگێڕێتەوە بۆ ژیان، پەنجەدانان لەسەر مورووە سەوزەکە هێمای داگرتنی دوگمەی کاراکردنی هیواکانە و هەر ئەوەش بەسە تا جارێکی تر هیوا و ئومێد بژێتەوە و دەست بە چالاکی بکرێتەوە.

 


ئاوێتەکردنی ئەفسانە و خەیاڵی زانستی تایبەتمەندییەکی جوانی بەخشیوە بە رۆمانەکە

 

 


یانزەیەم: گۆڕینی بیرکردنەوەی نەرێنی بۆ ئەرێنی
نووسەر دەیەوێت بە مێردمنداڵ بڵێت دەتوانیت بیرکردنەوە لە نەرێنییەکانی دەوروبەرت بگۆڕیت بۆ ئەرێنی و بە تەواوی زاڵ بیت بەسەر بیرکردنەوە نەرێنییەکانتدا، تا زیاتریش ئیرادە و هیوا و ئومێد و رۆشناییت بهێزتر بێت بەرامبەر بە ئامانج و مەبەست، باشتر دەتوانیت تارمایی و تارییکییەکان تێپەڕێنیت و کۆتاییان پێ بهێنیت، وەک دەڵێت: «خۆری پرشنگدار دەرکەوتەوە و ئاسودەیی بۆ هەسارەکە گەڕایەوە».

دوازدەیەم: بەخشندەیی و مرۆڤدۆستی و چاکەخوازی
«دەستی بە دوورترین جێگا دەگەیشت، لە دامێنی رووبارەکەوە ئاوی بۆ ئاسکە تینووەکانی سەر چیاکە دەبرد، لەسەر دارە بەرزەکان هێلانەی بۆ باڵندەکان دروست دەکرد، ئێواران یەک یەک ئەستێرەکانی دادەگیرساند، تریفەی مانگی دەگرت و دەیهێنا بۆ سەر هەسارەکە، گۆرانی بۆ هەنگ و پەپولەکان دەوت، لەگەڵ دارستانەکە سەمای دەکرد، حیکایەتی بۆ مێروولە و خاڵخاڵۆکەکان دەکرد و چیرۆکی پڕ لە خەونی بۆ ماسییەکان دەگێرایەوە و دەیخەواندن و ئەو بە بەختەوەریی هاوڕێکانی زۆر ئاسودە بوو».
ئەم دەقەی سەرەوە روحی چاکە و مرۆڤدۆستی لای مێردمنداڵ دەبوژێنێتەوە و هانیدەدات لایەنە ئەرێنییەکانی چاکە و بەخشندەیی پەرەپێبدات و توانا و جووڵە و وزە شاراوەکانی واڵا بکات و بە هەموو لایەکدا خزمەت بکات.
سیانزەیەم: کۆتاییەکی ئەرێنی و سەرکەوتن
لە کۆتایی رۆمانەکەدا سەرکەوتنی ئیرادەی خێر و زاڵبوون بەسەر گرفت و ئاڵنگارییەکاندا و گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکان دوای پشوودرێژییەکی زۆر و بڕوا و مانەوە و بەردەوامبوون، ئەوە دەردەخات کە دوای تەواوکردنی رۆمانەکە خوێنەر چ وزەیەکی ئەرێنی وەرگرتووە و چۆن بێئەوەی دەستەوستان بێت و بڕوخێت هەنگاو بە هەنگاو گەیشتۆتە لوتکەی شکۆمەندی و خۆشەویستی و سەرکەوتن.

سەرچاوەکان:
-1 رۆمانی ملوانکەی ئەفسوناوی، ئەمین محەممەد رۆمان بۆ مێردمنداڵان 2023
-2 سیکولوجیة التنشئة الاجتماعیة الدکتور: صالح محمد ابوجادو 2010
-3 قصص و حکایات الاطفال و تطبیقاتها العملیة د. سمیر عبدالوهاب احمد 2009
-4 سیکولوجیة الذات لدی المراهق د. بهتان عبدالقادر دار الایام للنشر 2018


بابەتە پەیوەندیدارەکان