نەخۆشیی زمانە شینە

10:11 - 2024-03-04
ڕاپۆرت
246 جار خوێندراوەتەوە
نەخۆشی زمانە شینە لە ئاژەڵەوە ناگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ

دكتۆر فەرەیدون عەبدولستار


نەخۆشیی زمانە شینە 
(blue tongue disease)  نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە تووشی زۆربەی ئاژەڵە كاوێژكەرە ماڵی و كێوییەكان دەبێت لە مەڕ و بزن و گا و مانگا و گامێش و ئاسك و حوشتر، بەگوێرەی سەرچاوەكانی پزیشكی ڤێترینەری مەڕ لەنێو ئاژەڵانی دیكەدا زیاتر هەستیارترە بە تووشبوون بە ڤایرۆسی زمانە شینە، بەوەی مەڕ زۆر بە توندی تووش دەبێ و نیشانە دیارەكانی لەسەر دەردەكەوێت، ڤایرۆسی زمانە شینە بەهۆی جۆرێك لە مێشوولەوە دەگوێزرێتەوە لە ئاژەڵێكی تووشبووەوە بۆ ئاژەڵێكی ساغ كە پێی دەوترێت (culicoides midges)، لە كاتی هەڵكردنی رەشەبادا نەخۆشییەكە خێراتر بڵاودەبێتەوە لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە. 
نەخۆشیی زمانە شینە لە زۆربەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی ئەفریقا و باكووری ئەمریكا هەیە و تۆماركراوە. گۆڕانی كەشوهەواش لەم چەند ساڵەی دواییدا كاریگەریی زیاتری دەبێت لەسەر تەشەنەكردنی زیاتری نەخۆشییەكە.
 نەخۆشیی زمانە شینە، نەخۆشییەكی درمی ڤایرۆسییە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ جۆرێك لە ڤایرۆس كە پێی دەوترێت («btv» blue tongue)، بەپێی راپۆرتەكانی ناوەندە پزیشكییەكان، ڤایرۆسی نەخۆشییەكە بە هیچ شێوەیەك ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
لەڕووی ئابوورییەوە نەخۆشیی زمانە شینە زیانێكی زۆر بە سامانی ئاژەڵ دەگەیەنێت لە وڵاتان، بەوەی دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژمارەیەكی زۆر لە ئاژەڵەكان، هەروەها كەمبوونەوەی بەرچاوی بەروبوومیان لە شیر و شیرەمەنی و گۆشت و خوری و كاریگەریی نەرێنی دەبێت لەسەر زاوزێ و زۆربوونیان.

نیشانەكانی نەخۆشیی زمانە شینە
نیشانەكانی زمانە شینە لە مەڕدا زۆر بە روونی دەردەكەوێت، ئەمەش لەبەرئەوەی لە مەڕدا، نەخۆشییەكە زۆر بەتوندی تووشی ڤایرۆسەكە دەبێت بە بەراورد بە ئاژەڵەكانی دیكە. نیشانەكان لە مەڕدا پەیوەندیی بە جۆری ڤایرۆسەكە و ئاستی بەرگریی لەشیان و ماوەی تووشبوونەوە هەیە تا كاتی دەركەوتنی نیشانەكان نزیكەی 12 رۆژ دەخایەنێت.
 بەپێی سەرچاوەكان رێژەی لەناوچوونی مەڕە تووشبووەكان لە هەندێك ناوچەدا دەگاتە (70 %) بەبێ دەركەوتنی هیچ نیشانەیەك کە لە ژمارەیەكی كەمیاندا نیشانەكان دەردەكەوێت.
 نەخۆشیی زمانە شینە لە نێو مەڕو ماڵاتدا لەپڕدا دەردەكەوێت بەوەی ژمارەیەكیان لە ناكاودا مرداربوونەتەوە، (Sudden Death)  و ئەوانی تریش كە زیندوون لەڕو لاواز و بێهێز دەبن بەرهەماكانیان لە گۆشت و خوری و شیر دادەبەزێت و ئەم نیشانانەیان پێوە دیار دەبێت:
-ئاژەڵی تووشبوو پلەی گەرمیی لەشی بەرزدەبێتەوە  كە هەندێك جار لە 42 پلەی سەدی تێدەپەڕێت.
-ماسولكەكانی لەشی ئاژەڵەكە گرژ و رەق دەبێت، بەوەی جووڵەی كەم دەبێتەوە و سنووردار دەبێت و پشتی كەوانەیی دەردەكەوێت، ملی درێژ  دەكاتەوە و سەری شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوە.
-دەموچاوی و گوێچكەكانیان دەئاوسێت و هەناسە بڕكێیانە لەبەر بوونی ئاوبەندی سییەكانیان و لێوەكانیان تووشی داخوران دەبن و وردە وردە دەسووتێتەوە.
-لیكێكی زۆر بەدەمیانەوە دەردەكەوێت و چاو و لووتیان شلەیەكی خەستی پێدا شۆڕدەبێتەوە و دەمیان و دەوروبەری سوورهەڵدەگەڕێت.
-زمانی ئاژەڵی تووشبوو هەو دەكات و دەئاوسێت، قەبارەی گەورە دەبێت شین هەڵدەگەڕێت كە ئەمەش بێگومان بە نیشانەیەكی گرنگ دادەنرێت و هەر لەبەر ئەمەشە لەنێو خاوەن ئاژەڵەكاندا بە نەخۆشییەكە دەوترێت زمانە شینە.
-ئاژەڵە توشبووەكان ئاشكرا دەشەلن ((lameness))، ئەنجامی هەوكردنی ناوچەی بەیەكگەیشتنی پێست و سمەكانیان ( band coronary) و لە دواییشدا سوور هەڵدەگەڕێت.
-ئاژەڵە ئاوسەكان بەردەخەن، بەهۆی كاریگەریی ڤایرۆسی نەخۆشییەكە كە لەڕێی خوێنی دایكەوە دەگوازرێتەوە بۆ كۆرپەلەكەی.
-لەكاتی دەستنیشانكردنی زمانە شینە لەلایەن پزیشكانی ڤێترینەرییەوە پێویستە لەم نەخۆشیانە جیا بكرێتەوە:
1-نەخۆشیی تەبەق 
(Foot and mouth disease).
2-نەخۆشیی ئۆرف  
(Orf disease).
3-نەخۆشیی مافەتە 
(Clostridial dieasse)
رادەی لەناوچوون لە گا و مانگادا زۆر كەمترە بە بەراورد لەنێو مەڕ و ماڵاتدا، پلەی گەرمیی لە شیان دەگاتە 40 پلەی سەدی. پزیشكانی ڤێترینەری ئاماژەش بەوە دەكەن جووڵەی ئاژەڵە تووشبووەكان لە گا و مانگاكان سنووردار دەبێت، گرژی ماسولكەكەنی پێوە دیارە و بەهەمان شێوەی مەڕە تووشبووەكان دەموچاویان دەئاوسێت و ئاژەڵە ئاوسەكانیش بەردەخەن.

چارەسەركردن و كۆنترۆڵ
تا ئەم سەردەمە، چارەسەرێكی گونجاوی بۆ نەدۆزراوەتەوە، بەڵام لە كاتی تووشبوونی ئاژەڵەكان دژە ژیان (antibiotics) بەكاردەهێنرێت بە مەبەستی لەناوبردنی بەكتریا لاوەكییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی نەخۆشیی زمانە شینە لە ئاژەڵاندا. پسپۆڕانی نەخۆشییە درمییەكان لە كۆلێجەكانی پزیشكی ڤیترینەری پێشنیازی رێگەكانی خۆپارێزی دەكەن لەوانەش:
یەكەم: قەڵاچۆكردنی بەردەوامی مشەخۆرە دەرەكییەكان لە وەرزە گەرمەكان، هەروەها لەكاتی گۆڕان لە كەشوهەوادا بەتایبەتیش مێش و مەگەز.
دووەم: قەدەغەكردنی هاوردەكردنی ئاژەڵ بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لەو وڵاتانەوە كە نەخۆشییەكەیان تێدا تۆماركراوە.
سێیەم: جێبەجێكردنی مەرجە تەندروستییە ڤێترینەرییەكان و بەدواداچوونی بەردەوام لەلایەن تیمەكانی ڤێترینەرییەوە بۆ گوندەكان و ناوچە سنوورییە دوورەدەستەكان و پێدانی رێنمایی و زانیاری پێوست بە خاوەن ئاژەڵەكان.
چوارەم: بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی پزیشكی ڤێترینەری لە میدیاكانەوە بە بەردەوامی، هەروەها هەوڵدان بۆ بەستنی كۆڕ و كۆبوونەوە لەگەڵ خاوەن ئاژەڵەكان.

*كۆلێجی پزیشكی ڤێترنەری زانكۆی سلێمانی

سەرچاوە:
Blue tongue in Ruminants

Andrea S. Lear-2022

بابەتە پەیوەندیدارەکان