ئا: عەبدوڵڵا سدیق
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا شێخ تەمیم حەمەد ئەلسانی میری قەتەر، چاوی بە سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کەوت، لەپاش کۆبوونەوەکە کۆشكی ئەلیزێ لە پاریس رایگەیاند: قەتەر بەنیازە وەبەرهێنانەکانی لە فەرەنسا زیاد بکات، بەپێی ئەو رێکەوتنەی لە نێوان فەرەنسا و قەتەردا کراوە، لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2030 دا، قەتەر بە بڕی سەرو 10 ملیار دۆلار لە فەرەنسا وەبەرهێنان دەکات.
جێگەی ئاماژەیە پێشریش قەتەر نزیکەی 25 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی لە فەرەنسادا کردووە، بەتایبەتی لەکەرتەکانی وزە و گواستنەوەدا.
لە درێژەی راگەیانراوەکەی کۆشكی ئەلیزێدا هاتووە: ئەم وەبەرهێنانە سوودی بۆ هەردوو وڵات دەبێت و هەموو کەرتەکانی ئابووری دەگرێتەوە بەتایبەتی کەرتەکانی وزە و گواستنەوە و ژیریی دەستکرد و تەندروستی و گەشتیاری.
لە ماوەی چەند ساڵی پێشوودا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لە بواری ئابووریدا بەهێز بووە و ساڵی پاردا بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە نزیکەی 4 ملیار دۆلار. هەروەها فەرەنسا پلەی یەکەمی وڵاتانی ئەوروپای هەیە لە بواری وەبەرهێنان لە قەتەردا، کۆی گشتی وەبەرهێنانی فەرەنسا لە قەتەر دەگاتە نزیکەی 9 ملیار دۆلار. فەرەنسا زیاتر لە بواری وزە و فڕۆکەوانی و گەشتیاریی و بیناسازیی قەتەریدا وەبەرهێنانی کردووە.
جگە لەوەش 120 کۆمپانیای فەرەنسا لە قەتەر کار دەکەن، لەبەرامبەریشدا 42 کۆمپانیای قەتەریش لە فەرەنسا کار دەکەن.
سەرچاوە: سکای نیوز.