سەربەست کەرکوکی
بێگومان هه‌ر که‌سێ چه‌ندێ کامڕه‌واش بێت، له ژیاندا هه‌ر هیچ نه‌بێت که‌ساسییه‌ک شانی داخزاندووه و به‌ره‌و ناخێ رایکێشاوه، له گوزه‌راندا نائومێدییه‌ک نوچی پێداوه، لە کاردا هه‌ڵه‌تێک رێی نه‌هاتی پیشان داوه و لە پەیوەندیدا جوداییه‌ک له ته‌می ته‌نیاییدا گۆڕیچه‌یداوه .
به‌ڵێ، ئەگه‌ر زۆربه‌ی قۆناغه‌کانی ژیانیش هه‌ر زه‌مزه‌مه‌ی شادی بووبن، رێی مردن، رۆچوون به‌ره‌و خه‌وتنی بێ هه‌ڵسانه‌وه ملی هه‌مووان ده‌گرێت و ناویش؛ ناوی ئێمه‌یش – یا به ده‌گمه‌ن ده‌بێته مێژووی له بیرنه‌چوو، یا وه‌کو بڕکه عاگولێک ته‌پوتۆزی گه‌رده‌لوول لوولی ده‌دات و به‌ره‌و ته‌هی له‌بیرچوون ونی دەکات.
لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا ئێمه خۆمان ئه‌م رێگا و ئەم رووداو و ئەم به‌ختانەمان هه‌ڵبژاردووه یاخود ئه‌وان ئێمه‌یان هه‌ڵبژاردووه؟ ئایا ئه‌وانه رێگا و رووداو و به‌ختی که‌سێکی تربوون و به رێکه‌وت کراون به مۆرکی ژیانی ئێمه؟ ئایا و ...هتد.
ئه‌مانه رێگه‌ی ژیانن
من و تۆ و زۆربەمان بە خۆڕسکیی پێمان خۆشە خۆمان قایل بکەین و وا هه‌ست بکەین کە رووداوه‌کان، رێگاکان، به‌خته‌کان، خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌کان هه‌ر وه‌کو موگناتیس به‌ره‌و جوغزی خۆیان رامانبکێشن، یا ئه‌وان سه‌ره‌ڕۆ به‌ره‌و ئیمه رابکێشرێن، بەڵام لە ئێستێکدا گرنگ ئه‌وه‌یه بزانین کە مخابن ئه‌مانه رێگه‌ی ژیانن و به‌ره‌وڕووی هه‌موومانن. هەڵبەتە راکێشان به‌ره‌و هه‌ست و خه‌یاڵ؛ هه‌ست و خه‌یاڵی ناسکی له‌بیرنه‌چوو، ئه‌وانه‌ی له وه‌خت و له ناوه‌ختدا سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و دێنه حوزوور، دێنە حوزوری ئه‌وانه‌ی مۆرکی تایبه‌تیان هەیە، تەنیا ئه‌وانەن کە دێن و سەر سەکۆی فیکری هەستیاران و به‌رۆکی شاعیران ده‌گرن.
ئه‌م هه‌ستانە، ئەم خه‌یاڵانه، ئه‌م جیلوانه، به هێواشی دێن، لەپڕ دین و دەبنە میوانی له ناکاو، شەو و رۆژیان بۆ نییە، کە هاتن دێن، بەیانیان دێن، بە رۆژی نیوەڕۆ دێن، دره‌نگه شه‌وان دێن، له‌و کاتانە‌دا دێن که هه‌مووانی تر لە مەشغەڵەتی تردان. لە کاتی پشوودا بێن، هەستیاران له خه‌و هه‌ڵده‌سێنن، له پڕ رایان ده‌په‌ڕێنن. که ئەوان ده‌یانه‌وێت بخه‌ونه‌وه، رێگری گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌و، پرسیاری بۆچی له‌خه‌و هه‌ڵساین ده‌بێت؟
ئه‌رێ بۆچی له خه‌و ڕاپه‌ڕین؟ نه ده‌نگ بوو رایپه‌ڕاندین، نە ترس بوو رایچڵەکاندین، نه سه‌رما بوو ته‌زووی پێ گه‌یاندین، نه گه‌رما بوو وه‌ک مۆته‌که سه‌ری سینگی گرتین. ئه‌ی ئه‌م راکێشانه چی بوو خه‌وی له چاو فڕاندین؟
ئه‌وجا ده‌زانین
ئه‌گه‌ر به سه‌بر بین و رێز له بێ ده‌نگی خه‌وزڕانمان بگرین، ده‌بینین هێدی هێدی نهێنیه‌کی بێزاری خۆ مه‌ڵاسدەر، ده‌یه‌وێت بێته ژێر قه‌ڵه‌م و بدوێت و وشە و رستە ریز بکات. پڕ به رسته و وشه‌کانی سه‌ر کاغه‌ز هاوار رەنگڕێژ بکات و خۆی ره‌ها بکات و له ته‌وقی نهێنی و قه‌تیس مانه‌وه‌ی بێخی تاریکیدا دەرباز ببێت. ئه‌وجا ده‌زانین، تێده‌گه‌ین، که ترسی له‌ناوچوونی هه‌ست و خه‌یاڵێ، ترسی به بڵقبوونی بیرێ، لەو خەوە به خه‌به‌ری هێناوین.
له‌و ساته‌وه‌خته‌دا، له کاتی هه‌ڵقوڵانی نهێنیه‌ک یان بیر و خه‌یاڵێکی په‌نگخواردوودا، سه‌رجه‌می ژیانی خۆمانمان بیر ده‌که‌وێته‌وه، منداڵی و چه‌قاوه‌سووییمان، هه‌رزه‌کاری و سه‌ره‌ڕۆییمان، گه‌نجێتی و کڵۆلی عه‌شقمان، جێ‌ژوان و هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌رێتمان، سه‌وداسه‌ری و نائومیدییمان، ده‌ستخه‌رۆییمان، کوردایه‌تی و خۆشاردنه‌وه‌مان، رۆمانسییه‌تی سیاسی و به‌ندکردنمان، ئه‌شکه‌نجه‌دانمان، بێ به‌شبوونمان، شاخ و چیا و ته‌رته‌بوونمان، ئاواره‌یی و وه‌رته‌بوونمان.
ئه‌مانه گشت ریز ده‌به‌ستن، بیر و قه‌ڵه‌م ده‌ورووژێنن، به زۆریش بێت سه‌ری دێڕه‌کانمان لێده‌گرن. ئێمه‌ی شه‌ونخوونیش، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکمان نامێنێت، له‌وه زیاتر که بیر و خه‌یاڵه‌کان ببه‌ستینه‌وه به‌و خۆشترین و ناخۆشترین ساتانه‌ی ژیانمانەوە و بیکه‌ینه هاوڕێی به‌دبه‌خترین یادگاری و تۆزقاڵه جارێکیش بیکه‌ینه هاولفی ساتێکی شادی و کامه‌رانیمان و به‌سه‌رهاتی ئه‌و خه‌ڵکه که‌ساسه‌ی ئێمه ده‌روێشی ده‌هریی هەموو ساتێکی خۆشگوزه‌رانیانین.
ئه‌مانه گشت، وێنه به وێنه، رۆ ده‌چنه ناو رسته‌ی خه‌یاڵیی و واتای نائاساییمان، ئێمه له کۆتاییدا ناوی ده‌نێین (شیعر) که به شه‌که‌تییه‌کی تاقه‌تبڕ ته‌واو ده‌بین، ده‌مێک شانازی به‌و چه‌ند ره‌شنووسه‌مانەوە ده‌که‌ین و شاعیر ئاسا به خۆمان ده‌ڵێین؛
خۆشه مۆمی خۆت ببینی، تا هه‌تایه هه‌ر گه‌شاو
گەرچی رۆژێ دێ دەوەستێ دڵ لە لێدان و لە تاو
پاشان وه‌کو خۆ به شێت زانێ، لچێکی لێ هەڵده‌قورتێنین و به تاسه‌یه‌کی منداڵانه‌وه ته‌ماشایه‌کی جێگای ئه‌و خه‌وه له ده‌ستچووه‌مان ده‌که‌ین و به نا ئاسووده‌ییه‌که‌وه ده‌چینه‌وه ناو جێگا، گینگڵ ده‌ده‌ین، چونکە بێگومان وشه و وێنه و ریتمی شیعر له هوروژمی خۆیان قەت ناوه‌ستن.
شه‌که‌ت ده‌بین و بێ وزه
ئه‌و ناوه هه‌میشه زیندووانه، ئه‌و جێگه له‌بیرنه‌چووانه، ئه‌و وێنه داگیرساوانه و ئه‌و وشه پڕ هارمۆنیانه وژه‌یان دێت و دێن و دێن و وازناهێنن. پارچه کاغه‌زی ترمان پێ ره‌ش ده‌که‌نەوە و ئیتر هه‌ر رسته‌یه و ده‌بێت بنووسریت، هه‌ر وێنه‌یه و ده‌بێت له ناو دێره‌کاندا جێگه‌یان بۆ ته‌رخان بکرێت و ...هتد، شه‌که‌ت ده‌بین و بێ وزه، هێدی هێدی بێ ئه‌وه‌ی ئاگامان لێ بێت، پرخه‌ی خه‌و دامان ده‌گرێت و له شیرینی خه‌ودا ده‌گه‌وزێین.
ژیان هه‌زاران قه‌ڵبه‌زه‌ی گشتیشی تێدا بێت، بێ به‌رهه‌ڵستیی شاعیر له مه‌ترسییه‌که‌ی ناگه‌ین. هەڵبەتە ئه‌وه‌ش راسته که ته‌نیا به گه‌ڕان به دوای جوانکارییه دنیای نه‌زۆک، بزۆز ده‌بێت و ده‌گۆڕرێت و پڕ پیت ده‌بێت و ده‌بێته به‌ره‌که‌تی نوێبوونه‌وه و ته‌ڕپۆشیی! شاعیریش لە هەر کوێدا بێت، لە هەر زەمانێکدا بێت، گه‌ڕیده‌ی ئه‌و گۆڕانه‌یه، شاعیر وه‌نه‌وزنادا، له کاتێکدا هه‌موو عاله‌م سه‌ر ده‌نێته سه‌رسه‌رین، پێش ئه‌وه‌ی جیهان جووڵه‌ی وه‌خه‌به‌ربوونه‌وه‌ش بنێت، شاعیر ئایه‌خه!
شاعیر له‌و قوڕنه و بووچاغانه‌دا که‌نارگیرده‌بیت، که له‌لای خه‌ڵکانی ترمایه‌ی ئاوڕدانه‌وه‌ش نین. له‌و شوێنه تاریکانه‌دا ئاماده‌یه که به بێ خشپه جاڵجاڵۆکه‌کانیش له ته‌ونه‌کانی خۆیاندا ساخته ده‌که‌ن. شاعیر ئه‌و که‌سه‌یه که له ناشرینی روخساردا جوانی و له جوانی بێ کاکڵه‌دا دزێوی داده‌هێنێت، بۆیه راستی فه‌رمووه حه‌مدی که ده‌ڵێت:
به ره‌نگ و بۆ نییه، ئیحسانی دنیا هه‌ر به رێکه‌وته
له نه‌ی شه‌کر ده‌بارێ، ژاڵه به‌و شیرینیه تاڵه !
گه‌رچی جه‌نجاڵی رووداوه‌کان، بیروبۆچوونه‌کان، هه‌موو رۆژێ رووه و یه‌ک ئاڕاسته‌ن، گه‌رچی هه‌موو شه‌پۆله‌کان به‌ره‌و جوغزێکی ده‌ستنیشانکراوی ده‌ریان، به‌ڵام ئاڕاسته‌ی شاعیری راستی ویست زۆربه‌ی کات ره‌چه‌شکێنه و به‌ره‌واژه‌ی ئاڕاسته‌ی سه‌رگردانیی خه‌ڵکه. شه‌پۆلی شاعیر به‌ره‌و ئه‌و رۆخ و که‌ناره‌یه که جوغزی نییه و تا نه‌گاته چرۆی به‌هار، راماڵینی سنوورداری ناوه‌ستێنێت، بۆیه گۆران ده‌ڵێت:
هه‌نگه زه‌رده ئه‌بڕێ رێی دوور
بۆ بینینی گۆڵاڵه‌ی سوور
تا نه‌گه‌ڕێ مێرگی به‌هار
ده‌م نانێته ناو ده‌می یار
هه‌ر شاعیره که خاکی کردۆته دایک و ئاسمان به خه‌یوه‌ت و په‌ناگه و خۆر به په‌رستگای هه‌میشه‌یی. هه‌ر شاعیره که له گه‌ڵ نهێنی زریان ده‌چرپێنێت و هه‌وره‌تریشقه تیشکیی ژیانه‌وه‌ی پێ ده‌سپێرێت. هه‌ر شاعیره که ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤپه‌روه‌ریی له دڵیدا باغ و باغاته و گوڵ بوخچه‌ی شه‌نگوڵیی خۆی لای کیژان نا، به‌ڵکو له‌به‌رده‌م ئه‌مدا ده‌کاته‌وه.
هه‌ست و ئه‌ندێشه به ئاره‌زووی خۆیان ده‌چنه خزمه‌تی شاعیر تا مه‌ڵۆیان بکات و بیانکاته شارا.
وشه و رسته هه‌ر خۆبه‌خۆ پێیان خۆشه به‌ره‌و خه‌یاڵی بێ سنووری شاعیر ریز ببه‌ستن.
هه‌ر به رسته و وێنه‌ی شاعیره، که کۆڵانه له‌بیرچووه‌کانی منداڵی ده‌ژێنه‌وه و ده‌بنه شانۆ و به حیکایه‌ت و حیکایه‌تیش به وانه و تاقیکردنه‌وه‌کانییه‌وه به‌ره‌و ئاسۆمان ده‌بات.
به‌رهه‌ڵستکارانی شاعیر ئه‌وانه‌ن که نایانه‌وێت سروشت، ژیار نابه‌رجه‌سته ببینن، ریاڵه‌ته لای ئه‌وان تاشه‌به‌ردی سه‌ر رێگایه؛ زه‌ق و ره‌ق و چه‌قیو. ئه‌وان وه‌کو ئێمە نین، بگه‌ڕێن بۆ چه‌ندین واتای دیارده‌یه‌ک، ئەوان ئامادەنین ئەم جۆرە پرسیارە لە خەڵکانی جیاواز بکەن:
مه‌رگم، له گه‌نجێ پرسی، ده‌ستی کرده پێکه‌نین
گووتی: له مه‌رگ تێناگه‌م، گه‌نجان هی ئه‌و باسه نین
له پیرێکی ریش سپی، پرسیم بۆ تۆ مه‌رگ چییه
گووتی: ژیان تاڵاوه، بێ مه‌رگ چاره‌ی دیم نییه
ئه‌وان؛ نه‌یارانی شیعر، دره‌ختیان هه‌ر به‌و چاوه ده‌وێت که (دارا) له پۆلی یه‌کدا ده‌یبینێت. ئه‌وان نایانه‌وێت بزانن که ریاڵه‌ته؛ له چاوێکه‌وه بۆ چاوێکی تر، له رۆژێکه‌وه بۆ ساتێکی تر، له شوێنێکه‌وه بۆ ئه‌ویتر، له هه‌ورازێکه‌وه بۆ نشێوێ، ... ده‌گۆڕێت و به‌رده‌وام ده‌گۆڕێت و له‌و بزووتنه‌وه‌یه ناکه‌وێت.
نە دوو داری دی دارا
نە خەرمان و نە شارا
شاخ و گوندی جوغزێنرا،
بە ئەنفالی گەمارا
خاک و هەوای ژەهرێنرا،
کانی نەیما ... گەوارا
لە گەڵ باوانی دزرا،
بەرەو توهی نێو سارا
نەلوا، نەشیا، رانەکشا،
لە ساو سێبەری دارا
کۆتا چرکەی تەماشای،
چاڵ بوو، لە بری نیگارا
دوایین هاواری ونبوو،
لەگەڵ تەقەی نەیارا
لە جێی دوو داری دارا
مەرگ بوو دیاری و مودارا
دوو داری نەدی دارا
دوو داری نەدی دارا.
له دنیادا، به ئه‌ندازه‌ی ژماره‌ی دڵ و ژیان و هه‌ست، له هه‌ر سات و لە هه‌ر جێگایه‌کدا ریاله‌ته‌ی جیاواز هه‌یه.
ئێمه‌ی مرۆڤ هه‌ر چۆنێ بێت، هه‌ر که‌سه‌و توانا و قودره‌تی سنوورداری خه‌ون و خه‌یاڵی خۆمان هه‌یه، به‌ڵام خه‌ڵکانێکمان هه‌ن له خه‌یاڵکردندا سنووریان زیاتر و زۆرتر بڕ ده‌کات و هه‌ندێ جاریش خه‌ون و خه‌یاڵیان بێ سنووره.
ئێستاش هه‌ر ده‌نرکێنن و هاوار ده‌که‌ن
چه‌ڵه‌مه‌ش له‌وه‌دایه، له‌لای ئه‌وانه‌دایه، له سنووربڕی هه‌ستیاران و له بێسنووری شاعیرانمان یا ده‌ترسن، یاخود له نه‌وه‌ستانن بۆ وه‌ستاندنی هه‌ر ناویك و هه‌ر هه‌وڵێک که خه‌ریکی په‌رتپه‌رتکردنی هه‌ر دیارده‌یه‌کی سنوورداره.
هه‌موو دونیا قایل بێت و ملکه‌چ کات و بڵێت نایه‌کسانی ژیان هه‌ر بووه و هه‌ر ده‌بێت، شاعیرانی وه‌کو کامه‌ران موکری له پاش مردنیش، ئێستاش هه‌ر ده‌نرکێنن و هاوار ده‌که‌ن:
وتم: زۆرداری و خوێن مژی، چه‌وسانه‌وه، نابێ بژی
ناحه‌زانی شاعیران، ئه‌و که‌سانه‌ن که په‌یڕه‌وانی ئایدیایه‌کی نه‌مر نین. بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئایدیایه‌ک بیت، گرنگ نییه ده‌روێش بیت، به‌ڵکو ده‌بێت هه‌ڵگری ترس و بوێری، بیروباوه‌ڕ، سۆز و خه‌یاڵێ بیت بێ سنوور، له هه‌موو ئه‌وانه‌ش زیاتر، ئه‌گه‌ر عاشقی راسته‌قینه نه‌بیت، مه‌حاڵه هه‌ستیار و شاعیر بیت.
شیعر له ئیمان هه‌ڵکشاوتره، شاعیر له ئیماندار به‌خشه‌نده‌تر و به مه‌ده‌دتره. له به‌هه‌شتدا شیعر هیچ هه‌بوونی نییه، تۆ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حه‌فتا و دوو په‌ریدا، هه‌ر له که‌یف و سه‌فاو گه‌وزاندنه‌وه بیت، که‌ی بوارت ده‌بێت بۆ خه‌ون و بۆ خه‌یاڵ.
شیعر له دۆزه‌خیشدا قاتییه، تۆ ئه‌گه‌ر جه‌للاده‌کان هه‌میشه به سه‌رته‌وه بن و ئه‌شکه‌نجه‌ت بده‌ن، چۆن بوارت بۆ ده‌مێنێ کوێره دێرێکی شکسته‌ی خه‌یاڵی جوان، له سه‌ر دیواری زیندانی ئاگرینتا. هەڵکڕێنیت.
شیعر داهێنانی ئه‌و بواره‌ی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌یه (به‌هه‌شت و دۆزه‌خ). له کورته حه‌سانه‌وه‌یه‌کی مابه‌ینی ئه‌و دووه‌دا، کورته ئاهێکی دێته‌وه و ئاهه‌سته‌یه‌ک ده‌کات و تاودانێکی خه‌یاڵیی بۆ ده‌ره‌خسێت، له‌و کورته حه‌سانه‌وه‌یه‌دا گۆران ده‌ڵێت:
له پێش هه‌موو شتێکا چونکه کوردم
چۆله‌که‌ی ناو هه‌زاران داوی وردم
باڵی فڕین، ده‌نووکی هاوار کردن
زیاتر چه‌قۆم نزیک ئه‌خا له گه‌ردن
بولبولیش بم، ماده‌م قه‌فه‌سم ته‌نگه
زمانم لاڵ، نه‌غمه‌ی شیعرم بێ ده‌نگه....
شاعیر ده‌بێت پێشه‌نگی دژه گشت بێت، چونکه نابێت بڕوا بکات، که ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه، ئه‌وه هه‌موو هه‌بوون و هه‌بووی دونیا و ژیانه. شاعیران له نه‌وه‌ی په‌یامبه‌رانن، له راستیدا په‌یامبه‌ران شاعیرن، جیاوازییان ته‌نیا نزیکییانه له خوا و له خه‌ڵک، ئه‌وان گوایه له خواوه نزیکبوون و قسه‌که‌ریشی بوون. ئه‌مانیش؛ شاعیرانیش بێگومان ده‌بێت له که‌ناری خه‌ڵکدا بن و ئاخاوته‌کارشیان بن.
هه‌موو چاوێک ده‌یبینێت
ئه‌گه‌ر وا نه‌بن و وا نه‌که‌ن، درۆ له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و له‌گه‌ڵ سۆز و له‌گه‌ڵ عه‌شق و له گه‌ڵ دونیا و له‌گه‌ڵ رۆژگاری خۆیان ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌ر شاعیر قسه‌ی بازاڕیی بکات، ئه‌و وێنانه به‌کاربهێنێت که شته‌کان بچووک و رێگاکان ته‌سک ده‌که‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر شاعیر ئه‌و دیاردانه بکاته ئامرازی داهێنانێ که ئاساییە و هه‌موو چاوێک ده‌یبینێت و هه‌موو گوێیه‌ک ده‌یبیسێت، ئه‌گه‌ر شاعیر نامۆکان ئاشنا و وشه ترسنۆکه‌کان جه‌سوور نه‌کات، ئیتر ئایا له‌م جیهانه‌دا ده‌بێت چ پشت و په‌نایه‌ک به هه‌ستیاری و هه‌ڵوێستی شاعیران ببه‌سترێت؟
خه‌ڵکی ئاسایی به رۆح و به گیان، به‌رامبه‌ر پاڵه‌وانێتی ده‌له‌رزن، له خۆبوردوویی پێشه‌نگایه‌تی ده‌تۆقن، به‌ڵام ده‌زانن و ئاماده‌ی هاوکاریشن که هه‌ستیاران دونیایه‌کی نوێ به‌رهه‌م بێنن، چاوه‌ڕوانیشن خه‌ونه‌کانی شاعیران بێته دی و ژیار دروێنه‌ی خێر‌و بیر بکات.
ده‌سه‌ڵاتداران، دونیایان به‌و شێوه‌یه ده‌وێت که له‌به‌ر ده‌ستیاندایه و بە ئاسانی کۆیلەی ده‌کەن. ئه‌وان لە خەون و خەیاڵ که‌للـه‌یی ده‌بن؛ چونکه ئه‌وانه نێچیرێکن ناگیرێن و ده‌سته‌مۆ ناکرێن.
ده‌سه‌ڵاتداران، سه‌وداسه‌ری خۆیانن، به‌وه‌ی وه‌ستا و به‌ڕێوه‌به‌ر و بڕیارده‌ر و ده‌سه‌ڵاتداری مه‌مله‌که‌تی سنوورداری خۆیانن. ئه‌وان ئامرازی ئاخاوتنیان، ژماره‌ی پارەیە، سیاسه‌تی گەوجاندنە، ئه‌و کۆدانه‌یه که رۆح و خه‌ونی په‌تیی مرۆڤیان تیدا نییه.
ئه‌مانه‌ش هه‌موو پێچه‌وانه‌ی بۆچوون و بێسنووریی دیدگای شاعیرن، بۆ ریاله‌ته‌ی ژیان و ژیار و داهاتوو.
ژیانی ئاسایی رۆخانه‌یه به‌ره‌و وشکیی، به‌ڵام لای شاعیر هاژه‌ی شه‌تاوی بێ وه‌ستانە.
ژیار روخسارێکی مات و مه‌ییوه، بەڵام له‌لای شاعیر، نهێنیه‌کانی خه‌ونە و شکستییه‌کانی دارشه‌قی هه‌ستانه‌وه‌یە به‌ره‌و ئاسۆی دوارۆژ.
بۆیه گوناحه، کوفره، دیوار و په‌رژین له ده‌ور و به‌ری دونیای شاعیر به‌رزبکرێته‌وه. ئه‌و کاره تاوانه به‌رامبه‌ر به ژیان و به‌رامبه‌ر به‌و مێژووه‌ی سبه‌ی دروست ده‌بێت.
به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ی زه‌مه‌ن بوه‌ستن
له راستیدا، نه‌یارانی شاعیران، له ریاڵه‌ته‌ی سبه‌ی ده‌ترسن، بۆیه له ناخه‌وه له راستی خۆیان شه‌رم ده‌که‌ن، له‌مێژووی خۆیان ته‌ریق ده‌بنه‌وه. ئه‌وان، به ده‌مامکی جوانکاریشه‌وه به‌رامبه‌ر ئاوێنه‌ی زه‌مه‌ن بوه‌ستن، پشتی ده‌مامک و هه‌قیقه‌تی دزێوی خۆیان ده‌بیننه‌وه. له لای ئه‌وان هه‌ستیاران، شاعیران، ئاوێنه‌ی زه‌مه‌نن، له پشت ئه‌ستوورترین ده‌مامکیشه‌وه بێت، راستی دوێنێ و خه‌ونی سبه‌ی ده‌بینن. بۆیه ئه‌و نه‌یارانه هه‌میشه له‌زه‌ت له شکاندنی ئاوێنه و شکانی شاعیر، ده‌بینن.
شاعیران چونکه هه‌رده‌م ده‌روێشی به‌رزترین چاکه و گه‌شترین داهاتوون، بۆیه هاوته‌ریبی ئه‌و ده‌روێشییه‌یان، پێویستیان به ره‌قیب و نه‌یاران هه‌یه.
شاعیران هه‌موو له‌گه‌ڵ (نازم حیکمه‌ت)ە‌کان، بۆ جیهان، بۆ بێده‌نگه‌کان، بۆ بێبه‌شه‌کان، بۆ ئه‌وانه‌ی هه‌ر به خه‌یاڵیی خۆشی ژیان ده‌ژێن و به‌ڵام هه‌ر ناگه‌ن، ده‌خوێنن:
(ئه‌گه‌ر من نه‌سووتێم، تۆ نه‌سووتێیت، رووناکی رێ له کوێوه دێ..). شاعیران، بۆ ئه‌وانه ده‌نووسن که هه‌ستیان، نیازیان، بۆچوونیان هه‌ر به ته‌مای ئازادییه؛ ئازادی ژیان، ئازادی رۆح، ئازادی ده‌نگ، ئازادی عه‌شق، ئازادی ژن، ئازادی وڵات و نه‌ته‌وه.
شاعیری راسته‌قینه ئه‌و که‌سه‌یه که؛:
له چه‌قی نائومێدیدایه، به‌ڵام هه‌ر به‌ره‌و هه‌ورازه روانگەی.
له میحرابی شێتیدایه و، به‌ڵام ژیرە و هەسته‌کانی دونیا، حه‌یرانی دەربڕینەکانیانە.
له برسێتیدایه، به‌ڵام ده‌نگی تێرییه و خه‌ڵک هانده‌دات به‌ره‌و ده‌رووی خێر و بێر.
له ته‌نیاییدایه، به‌ڵام هه‌مووانه.
شاعیری راسته‌قینه ئه‌و هه‌ستیاره‌یه که تا دوا هه‌ناسه، له به‌ره‌ی بێبه‌شانه، پارێزه‌ری نهێنی عاشقانه، له‌پێناوی جوانی و خۆشه‌ویستی و راستییدا تێدەکۆشێت.
شاعیر قەڵەمێکە بەدەست عەشقەوە