سەرۆک بافڵ: دەمانەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵك لە ململانێكان بپارێزین

07:40 - 2024-03-04
کوردستان
112 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا پێشوازی لە جینین پلاسخارت، نێردەی  تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق کرد.

لە دیدارێکدا سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵی ئەرێنیی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد لە بەرامبەر هەوڵ و هاریكارییەكانیان لە پڕۆسەی سیاسیی عیراق و هەرێمی كوردستان و جەختی لە فراوانكردنی هەماهەنگییەكان كردەوە لەپێناو پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتدا.

لە درێژەی دیدارەكەدا دۆخی سیاسی، پرسی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆی بەرپرسیارانە كرایەوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ خەڵك.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی كۆی پرسەكانەوە  روونكردنەوەی دا و ئاماژەی بە هەوڵەكانی یەكێتی كرد بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد كە گوزارشت لە واقیعی هەرێمی كوردستان بكات. وتیشی، دەبێت هەڵبژاردن ببێتە مایەی قووڵكردنەوەی دیموكراسی و سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا بهێنێت.

لە بەشێكیتری قسەكانیدا سەرۆك بافڵ رایگەیاند، خەباتی یەكێتی لەپێناو بونیادنانی داهاتوویەكی گەشترە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان، لەو چوارچێوەیەشدا لە گفتوگۆكانمان بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین و دەمانەوێت ژیان و گوزەرانی خەڵك لە هەموو ململانێكان بپارێزین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان