خوێندنەوەیەك بۆ كتێبی

زایەڵەی تەمەن - بیرەوەری

12:04 - 2022-06-06
کەلتور
693 جار خوێندراوەتەوە

 

نەوزادی موهەندیس

1-2
پێمخۆش بوو كە دوای خوێندنەوەی كتێبەكەی ئارێز عەبدوڵا بەناونیشانی (لە پشت دەرگا داخراوەكان هەولێر- دیاربەكر) كە وەكو خۆی دەڵێت وەك زایەڵەی تەمەن و بیرەوەری نووسیویەتی، خوێندنەوەیەكی بۆ بكەم، چونكە بەهەق كتێبەكە هەرچەندە لەچوارچێوەی گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی كاك ئارێزدا جێگەی گرتووە، بەڵام فرە ڕەهەندە و دەكرێت لە چەند گۆشە نیگایەكەوە لێی بڕوانرێت و بخوێنرێتەوەو وانە و پەندی گرنگی لێهەڵبهێنجرێت بۆ ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگاكەمان و بەتایبەتیش بۆ گەنج و لاوانی ئەم سەردەمی ئازادی و حوكمڕانیە خۆماڵییەی كە 31 ساڵە بەردەوامە سەرەڕای هەموو كەموكوڕییەكانی و هەموو ئەو رەخنانەی كە ئاڕاستەی دەكرێن كە بەشی هەرە زۆریشی روویان لە حكومەت و دەسەڵاتداران و سەرۆكی حیزب و حیزبە سیاسیەكان و كەسانی سەر شانۆی سیاسی ئەم هەرێمەمانە.
كتێبەكە  بەقەبارەی  نیو A4 و 432 لاپەڕەیە و بە دیزاینێكی جوانی بەرگ و ناوەڕۆكەكەی لەساڵی 2020 بەچاپ گەیشتوە. وەكو نووسەر خۆی دەڵێت: ئەم كتێبە لە 3 بەش پێكهاتوە :
 یەکەم: دەربارەی زیندانی هەولێرە كە زووتر لە ژێر ناونیشانی (زیندان لە پەنجەرەكەمەوە) بڵاوكراوەتەوە.
دووەم:  دەربارەی زیندانەكانی دیاربەكر و هەكاریە، كە زووتر لە ژێر ناونیشانی (لەودیو دەرگا داخراوەكانەوە) سێ‌ چاپی لێ بڵاوكراوەتەوە.
 سێیەم: دەربارەی ماوەیەكی كورتی نێوان هەردوو زیندانەكانی هەولێر و دیاربەكرە (بادینان).

لە مردنیش نزیك بۆتەوە
ئەم كتێبە و بەهەر 3 بەشەكەوە، بریتیە لە گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی نووسەر خۆی لەنێوان ساڵانی 1985 تا 1989 كە لەو ماوەیەدا دووجاران دەستگیر كراوە، یەكەمجار لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی رژێمی بەعسی سەدامەوە لە3/4/1985 تا 18/9/1985 زیاد لە 5 مانگ زیندانی بووە لە بەندیخانەی ئەمنی هەولێر  كە تەنها تەمەنی 21ساڵان بووە و لەماوەی ئەو گیرانەیدا رووبەڕووی ئازار و ئەشكەنجەی زۆر بۆتەوە و تەنانەت هەندێك جاران لە مردنیش نزیك بۆتەوە، بەڵام گیانی خۆڕاگری و بەرخۆدان و خۆشەویستی نیشتیمان و باوەڕبوون بە ئازادی و سەربەخۆیی نیشتیمان و كۆمەڵگا و لە پێناو نەوەكانی ئایندە و خۆشگوزەرانكردنیان و وەدەرنانی داگیركاران و وەدیهاتنی خەونی لە مێژینەی خۆی و هەزاران گەنج و لاوی كورد لەم بەشەی باشووری كوردستان و تەواوی كوردستانی گەورەشدا هەمیشە گیانی خۆڕاگری و مقاوەمەتی هێندە بەهێزبووە كە چۆكی بە سەیاف و دەرگاوان و ئەشكەنجەدەرانی داداوە لە وێنەی مولازم غەسانی تاوانبار و نەیانتوانیوە یەك وشەی نهێنی رێكخستنەكانی پێبدركێنن و بەم كارەشی توانیوییەتی كە گیانی دەیان هەڤاڵی ڕێكخستنە نهێنیەكانی ئەوكات و خێزانەكانیشان لە مردنی دڵنیایی بپارێزێت.

هەموو رۆژان لە پەنجەرەكەیەوە
نووسەر زۆر بەوردی و بەشێوەیەكی هونەری و چیرۆك ئاسا رۆژانی ناو زیندانی خۆی دەگێڕێتەوە و ساتە ناخۆش و خۆشەكانیشی دێتەوە یاد كاتێك لەدوای رزگاركردنی كوردستان لەئەنجامی راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991ی گەلەكەمان دژ بەدەسەڵاتی فاشی و عەفلەقی بەعسی سەدامی و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان و دواتر دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لەو چوارچێوەیەشدا ئارێز عەبدوڵڵا لەمیانەی كاركردنی وەك كادرێكی وشیار و رۆشنبیر و لەئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی كوردستاندا لەساڵی 2005دا بۆتە ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان و بەرێكەوت ژوورەكەی لە بینای پەڕلەمان (نووسینگەی ژمارە 33 لە قاتی دووەمی بینای پەڕلەمان) رێك بەرامبەر (بەندیخانەی ئەمنی هەولێر) بووە و هەموو رۆژان لە پەنجەرەكەیەوە سەیری دیوار و ئەو ژوورە دەكات كە تیایدا ماوەی 5 مانگ زیاتر جۆرەها ئازار و ئەشكەنجەی نامرۆڤانە دراوە كاتێك گەنج و لاوێكی 21 ساڵان بووە و لە ژووری ئینفرادی و قاوشی گشتیدا تینوێتی و برسێتی و گەرمای هاوینی تاقەت پڕۆكێتی بەسەر بردوە و دەیان تێكۆشەری گەلەكەمان لەناو زینداندا ناسیووە لەهەموو حیزب و ئاڕاستە جیاوازەكانی كوردستان وەك  ئەحمەد شێروانی و هەردووك شەریف عیسا و خاڵەكەی كازم خەڵكی گوندی زێتێی سەر سنوری عیراق – توركیا كە بۆ داهاتووی گەشتەكەی بەرەو بادینان و دواتر زیندانیكردنی لە توركیا بەهەمان ڕێوشوێن و ئەشكەنجە و ئازار و زینداكانی ئەواندا گوزەر دەكات و ئەو دوو كارەكتەرە یەكێكێن لە پاڵەوانەكانی ئەم بیرەوەریانەی كاك ئارێز، لەو تەمەنەدا نووسەر لەو پەڕی هەڕەتی لاوێتی و خاوەنی دەیان خەون و خولیای زەرد و سوور بووە بۆ ئایندەی خۆی وەكو گەنجێك و بۆ ئایندەی گەل و نیشتیمانەكەشی لەسەربەخۆیی و ئازادی و حومكڕانی خۆماڵیدا دوور لە دەست و چاو و دەسەڵاتی داگیركاراندا. رێكەوتێكی سەیرە و لەهەمان كاتیشدا خۆشە كە جێگای بەندیخانەكەت لە قۆناغی ژێر دەستەیدا و جێگەی دەسەڵاتەكەشت لە قۆناغی ئازادیدا تەنها چەند سەد مەترێك دوور بن لەیەكەوە، و هەمیشە رۆژانی رابردووی ناخۆش و پڕ حەسرەتت بێتەوە یاد.

بەرگریكارێكی سەرسەخت
هەربۆیە هەمیشە و لەماوەی ئەو 4 ساڵەی كە ئەندام پەڕلەمان بووە ویستویەتی بەوپەڕی توانا و لێهاتوویەوە هەمیشە بەرگریكارێكی سەرسەخت بێت بۆ مافی تاك و خێزان و تەواوی كۆمەڵگای كورەواری لەمیانەی دەركردنی ئەو پڕۆژە یاسایانەوە كە لەخزمەتی خۆشگوزەرانی گەنج و لاوانن و تەواوی تاكەكانی كۆمەڵگادا بووە و لەپێناو گەشەوپێشكەوتن و ئاوەدانی كوردستاندا بووە و هەمیشەش لایەنگری كاری پێكەوەیی و برایەتی و تەبایی بووە لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەڕلەماندا چونكە زۆر باش لەو راستیە گەیشتووە كە كورد تەنها بە یەكڕیزی نێوماڵی خۆی و یەك و یەكگرتوویی و تەبایی و سازانی لەگەڵ براكانیدا دەتوانێت سەركەوتن بەدەستبێنێت و دەسكەوتی مەزنیش وەدەست بخات كە بریتیە لەو حكومەت و پەڕلەمانەی كە ئێستا بۆخۆی و دەیان تێكۆشەری تری گەلەكەمان تیایدا ئەندامن.

پێڕەویەكی پێشمەرگانە
لەبەشی دووەمی كتێبەكەدا  كە ماوەیەكی كورتی نێوان ئازادبوونی لە بەندیخانەی ئەمنی هەولێر و بەندكردنەوەی لە توركیادایە و بریتیە لە پێڕەویەكی پێشمەرگانە كە لەساڵی 1987وە پەیوەندی كردۆتەوە بەڕیزەكانی  حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستانەوە،و تا سەرسنور و تێپەڕ بونی بە گوندی (زێتێ‌)ی مزووری باڵا زێدی هەردوو شەریف عیسا و كازمی خاڵی و تا ئەو ساتەی لە گوندی ڕوبارۆكی سەرسنوری عێراق-توركیا لەگەڵ 5 هەڤاڵی تریدا بەناوەكانی (ئارێز و زرار و دلێر و ابو نادیە و ابو محمود و كە ئەم دوانەیان لە هاوڕێیانی حیزبی شیوعی بوون و عەرەب نەژاد بوون و دوانیش لەحیزبی زەحمەتكێشان و دوانی تریشیان لە ئاڵای شۆڕش بوون.
لە بەشی سێیەم و كۆتایی كتێبەكەشدا كە تایبەتە بە دەستگیركردنیان لەسەر  كوچكەی سێ سنوری دروستكراوی توركیا و ئێران و عیراق لەگەڵ 5 هەڤاڵی تریدا كاتێك كە پێشمەرگە بوە لەلایەن جەندەرمەكانی رژێمی كەمالیستی توركیاوە، كە بە موعجیزە رزگاربوون و شەهید نەبوون، ئیدی دوای گرتن و قۆڵبەستكردنیان  لە رێكەوتی 15/6/1988و گواستنەوەیان بۆ ناو بنكەی سەربازی و دواتر لێكۆڵینەوەیان و ئەو كاتیش گواستنەوەیان بۆ چەندین بەندیخانەی شەمزینان و بەندیخانەی ناوەندی هەكاری و زیندانی ناوەندی جۆڵەمێرگ و گەڤەڕ و زیندانی سیاسی(دیاربەكر) ئامەد لە قاوشی ژماری 25 E.tipiوقاوشی ژمارە 6 و زیندانی وان و قەیسەری و..هتد. تا رێكەوتی ئازادكردنیان لە 16/6/1989دا كە ماوەی یەک ساڵ و یەک ڕۆژ دەكات، لەژێر ئازار و ئەشكەنجە و سوكایەتیپێكردن و دژایەتیكردنیان لەناو بەندیخانەدا بەسەربردوە، دواتر بەفەرمانی دادگای باڵای تورك و دادگای ئاسایشی دەوڵەتی توركD.G.M  و قۆناغی دەستبەسەركراوی بەزۆر لەشاری قەیسەری تێدەپەڕێنن، بەڵام هیچ كات بێئومێدی باڵی بەسەر ورە و خۆڕاگریاندا نەسەپاندوە و هەمیشە لەهەوڵی خۆڕزگاركردن و هەڵاهاتندا بوون بەرەو كوردستان و گەڕانەوە بۆ نیشتیمانی دایك و هەر لەو پێناوەشدا بەهێمنی و بەنهێنی و بەهاوكاری كوردە دڵسۆزەكانەوە دەتوانن هەڵبێن و خاكی كوردستانی باكوری داگیركراوی توركیا بەجێ بێڵن و خۆیان بگەیەننەوە پارچەیەكی تری دابڕێنراو لە جەستەی كوردستانی گەورەمان كە رۆژهەڵاتی كوردستان.
ئیدی لەكۆتا وێسگەی كاروانی خەبات و بەرخۆدانی رزگاربوونیاندا شاد دەبنەوە بە هەڤاڵانی خەبات و خزم و ناسیاوەكانیان لەساڵی 1989دا لە ئۆردزگای (زێوە))ی ئێراندا، بەڵام لەچ كات و سەردەمێكدا؟ لە سات و كاتێكدا كە كوردان وەك بەدرێژایی مێژووی خۆیان و لەسەر خاك و ئاو و زێدی باوباپیرانیان هەمیشە ئاوارە و كۆڵبەكۆڵبوون، ئەمجارەش لە ئەنجامی هەڵمەتە بەدناوەكانی كیمیاباران و ئەنفالەكانی ڕژێمی بەعسی عەفلەقیەكانەوە كە لەماوەی مانگی 2/1988 تا مانگی 9/1988دا و لەمیانەی 8-9 پڕۆسەی بەدناوی ئەنفالدا زۆرینەی خاك و خەڵكی باشووری كوردستانیان ڕاوەدوناو گرت و لەبەندیخانە بەدناوەكانی نوگرەسەلمان و عەرعەر و دەشتی سەماوە و تۆپزاوا و دبس و...هتد. هەر لەگەرمیانی هەڵقرچاوەوە تا بادینانی دەلال و سەركەش بەتێپەڕبوون بە ناوچەكانی قەرەداغ و گۆپتەپە و ئاغجەلەر و دەشتی كۆیە و هەولێر و سلێمانی و شارەزوور و بیتوێن و پشدەردا تەواوی كوردستانیان كاول و وێرانكرد و خەڵكەكەشیان ئاوارەی توركیا و ئێران كرد و لەناو ئۆردوگاكاندا ژیانێكی كولەمەرگی و زۆر نامرۆڤانەیان بەسەر دەبرد.
ڕووداوەكانی ئەم بیرەوەریانە لە هەولێر و بادینان و دیاربەكر هێندە دووبارە و لەیەكدەچن كە هەمیشە ئەو وتەیەی لەبیر نەكردوە كە هاوڕێیەكی پێشمەرگەی پێی وتوە كاتێك بەرەو سنوور هەنگاویان ناوە كە وتویەتی (ئاگاداربە بەدەردی برادەرەكانت نەچی). بەداخەوە كورد لەهەر چوار پارچەكەی كوردستان چارەنووس و قەدەریان زۆر لەیەكتری دەچێت و هەمان رێچكە و گیانبازی و ئەشكەنجە و ئازار و شۆڕش و راپەڕینەكانیان یەك وانە و یەك شانۆ و یەك كارەكتەرن دژی یەك دوژمنی كوردایەتی بەناوی جیاوازەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان