فرێجی له‌ منداڵییه‌وه‌ ئاشنای موزیكه‌

10:21 - 2024-03-06
هەمەرەنگ
391 جار خوێندراوەتەوە

ئیلۆدی فرێجی گۆرانیبێژ و ئاوازدانه‌ر و ئه‌كته‌ری ناسراوی فه‌ره‌نسی، له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه‌ كه‌ هه‌م وه‌ك موزیكژه‌ن و هه‌م وه‌ك ئه‌كته‌ر چالاكه‌، چه‌ند به‌رهه‌مێكی پێشكه‌شی هه‌واداره‌كانی كردووه‌ و خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك ئه‌لبوومه‌، له‌ سینه‌ماشدا به‌و جه‌سته‌ رێك و جوانه‌یه‌وه‌ رۆڵی بینیوه‌ و سه‌رنجی بینه‌رانی راكێشاوه‌. 
فرێجی ساڵی 1982 له‌ شاری كۆسن كۆرس سوورلوار له‌دایكبووه‌. ئه‌م ناسك و نازداره‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ ئاشنای موزیك و سه‌ما بووه‌، هه‌ر زوو به‌خێرایی رووی له‌ هونه‌ره‌ نمایشییه‌كان كردووه‌. زۆر به‌ ئاسانی له‌ دڵی جه‌ماوه‌ردا جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا به‌ هۆی باپیرییه‌وه‌ كه‌ ئه‌كۆردیۆنی ژنیوه‌ ئاشنای موزیك و له‌ ته‌مه‌نی هه‌شت ساڵیدا ده‌ست و په‌نجه‌ی ئاشنای  گیتار بووه‌، ورده‌ ورده‌  قامكه‌كانی له‌گه‌ڵ ژێی گیتاردا راهاتووه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا گۆرانی چڕیوه‌ و وه‌ك ئه‌كته‌ریش رۆڵی بینیوه‌. ساڵی 2003 ساڵی به‌ختی بووه‌ و  ناوبانگێكی زۆری به‌ده‌ستهێناوه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی وه‌رزی سێیه‌می ئه‌كادیمیای ستار. دواتر چوار ئه‌لبوومی بڵاوكردۆته‌وه‌، پاشان خۆی له‌ بواری كۆمیدیدا تاقیكرده‌وه‌ به‌ رۆڵگێڕان له‌ فیلمە ته‌نزه‌كه‌ی    Potiche كه‌ تێیدا رۆڵی سۆزان بویولی گێڕاوه‌، فیلمه‌كه‌ ده‌رهێنانی فرانسوا ئۆزۆنه‌. له‌ ساڵی 2013 ه‌وه‌ ئه‌ندامی گرووپی شه‌پۆلی نوێیه‌ -Nouvelle Vague، كه‌ گرووپێكی هونه‌رییه‌. له‌ چه‌ندین چالاكی هونه‌ریدا به‌شداربووه‌، یه‌كه‌م ئه‌لبوومی له‌ به‌هاری 2004 بڵاوكردۆته‌وه‌ و زیاتر له‌ 200 هه‌زاردانه‌ی لێ فرۆشراوه‌. له‌م ئه‌لبوومه‌دا سێ تاكه‌ گۆرانی وه‌رگیراون كه‌ به‌شێوه‌ی سیدی بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بووه‌ بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ و پاش ئه‌وه‌ چه‌ندین ئه‌لبوومی بڵاوكردۆته‌وه‌ و تا بووه‌ به‌و هونه‌رمه‌نده‌ی بینه‌ران به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ گوێ له‌ گۆرانییه‌كانی ده‌گرن. 
ره‌وه‌ز جه‌بار

#هەمەڕەنگ

بابەتە پەیوەندیدارەکان