فەرەیدوون سامان
ناشێت لە پێناو پاراستنی شکۆی زمانی کوردی هەرچی وشە و زاراوەی بیانی هەیە لە ئاخاوتن و تێکستی نووسینەکانماندا توڕی هەڵدەین و پەنا ببەینە بەر وشەی
داتاشراو و نامۆ
لەدوای ساڵی 1975 کە هێشتا مێرمنداڵ بووم، ئەوسا بۆ بەرپەچدانەوەی سیاسەتی رەگەزپەرستی بەعس و بە عەرەبکردنی کوردستان، ئەویش لە رێگای دژایەتیکردنی زمان و کەلتوری کوردی، دیاردەیەک لەناو توێژی خوێنەوار و رۆشنبیرانی ئەوسادا سەریهەڵدا، دیاردەی قسەکردن و نووسین بوو بە کوردییەکی پەتی و پاراو و دوور لە بەکارهێنانی وشەی بیانی و بەتایبەت عەرەبی، هەرچەند مێژووی چیرۆکی کوردیی پەتی بۆ سەرەتای ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیست و هەوڵی مێجەرسۆن کە دەگەڕێتەوە لە شاری سلێمانی لە هەفتەنامەی (پێشکەوتن)دا یەکەم ژمارەی لە 22ی نیسانی 1920 بڵاوبۆتەوە، دواتریش لە یادی سەدساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیدا، سەرجەم ژمارەکانی لە دووتوێی بەرگێکدا چاپکراوەتەوە، مێجەرسۆن لە بانگەوازەکەیدا هانی نووسەرانی کورد دەدات کە بە کوردیی پەتی بنووسن و هەر لەو سۆنگەیەش پاداشتێکی دراویی بۆ تەرخان کردبوون. بۆیەش قسەکردن بە کوردیی پەتی لەو رۆژگارە سەختەدا بەڕاستی جۆرێک بوو لە خەبات و بەرخودانی نەتەوەیەک لەبەردەم هەڕەشەی تواندنەوەی زمان و جینۆسایدی کەلتوری کوردی، هەڵبەتە وێڕای دڵسۆزیی خەمخۆران و رۆشنبیرانی کورد لەو سەردەمە بۆ ئەو پرسە نەتەوەییە، بەڵام لەهەمانکاتیشدا هەندێ وشە و زاراوەی دەستکرد و نامۆی هینایە نێو زمانەکەمان.
بەچەند وشەیەک وەڵامی دابووەوە
دوای سەدەیەک تێپەڕین بەسەر ئەم دیاردەی کوردیی پەتی نووسینە، با بزانین تا چەند سوودمان لەو تێزە وەرگرتووە و خزمەتی بە زمانی شیرینی کوردی کردووە. هەر لە ناوەڕاستی هەفتاکاندا لەکاتی خۆیدا رەوانشاد زانا و فەرهەنگنووسی کورد عەبدولڕەحمانی زەبیحی کە بەرگی یەکەمی (قامووسی زمانی کوردی) بەچاپ گەیاند، یارۆیەک لە هەفتەنامەی (هاوکاری)دا گلەیینامەیەک نەک رەخنە (چونکە رەخنە گەرەکە بە میتۆدیکی ئەکادیمی و زانستی بنووسرێت) نەک هەڵچوونی سۆزداری و بی بنەما، یارۆ نووسیبووی قامووسەکەی تۆ پڕە لە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی و بیانی)، جەنابی عولەماش هەر بەچەند وشەیەک وەڵامی یارۆی دابووە و تێیدا نووسیبووی: (کاکی خۆم من نەهاتووم قامووسی وشەی کوردیت بۆ دابنێم، من قامووسی زمانی کوردیم داناوە).
بەهەرحاڵ ئەز لە ئەزموونی نووسینی خۆمدا هەردەم هەوڵمداوە بە کوردییەکی رەوان وشە و زاراوەی رەسەن
بەکاربهێنم، بەڵام هەقیقەتێک هەیە ئێمە لەگەڵ گەلانی دراوسێی وەک عەرەب و فارس و تورک و ئەرمەن و سریان سەدان ساڵە لە ناوچەیەک دەژین و مێژوو، کەلتورمان هاوبەشە، کەواتە کەم و زۆر زمانەکەشمان کاریگەرییان بەسەر یەکترەوە هەبووە و دەشبێت، بۆ نموونە گەر ئاسایی بێت هەزاران وشەی عەرەبی لەناو زمانەکانی فارسی و تورکیدا هەبێت، بۆچی ئاسایی نەبێت لەناو زمانی کوردیشدا هەبێت؟ بە دڵنیاییش بە هەزاران وشەی کوردیی چۆتە ناو زمانەکانی فارسی و تورکی و تەنانەت عەرەبیش، هەر لە دەقەکانی قورئانی پیرۆزیشدا چەندان وشەی کۆنی ئاوێستایی ( کە زمانی کوردە مادەکانە) هەن وەک (بەرزەخ، خندق- کەندەک، بەرید- بردن، جهنم- جیهاننیم، سراب - سەراڤ، شارع- شاڕێ، نموزج- نموونە، تازج - تازە...هتد.
سەرسامییەکانی خۆی نەشاردۆتەوە
ئەم دیاردەی پەتیی نووسینە لای زانایەکی بەریتانی وەک پرۆفیسۆر (رۆی کاساگراند)، مامۆستای مێژوو، دکتۆرای لە زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی (ئۆستن) لە ئەمریکا وەرگرتووە، هەروەها لە ساڵی 2006ەوە راگری ئەم کۆلێژەیە لە زانکۆی (تەکساس). ئەم بیرمەندە ماوەی چەند ساڵێکە لە مەکۆی گشتی و ئەکادیمیدا وەک شیکەرەوەی پرسەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی ناسراوە بە یەکێک لەو توێژەرە دیارانەی دادپەروەرانە سەیری مێژووی جیهانی عەرەبی و کۆمەڵگە عەرەبییەکانی کردووە، تەنانەت لە بابەتی زمانەوانی عەرەبی، سەرسامییەکانی خۆی نەشاردۆتەوە. لە وتارێکیدا روونی دەکاتەوە کە بۆچی زمانی ئیسپانی پیتی(خ)ی نییە. لە ماوەی ئەم حەوت سەدەیەدا لە ئەندەلووس زمانی ئیسپانی بووبوو بە زمانێکی تێکەڵاو، تێکەڵەیەک لە زمانی لاتینی و عەرەبی. لە سەرەتای سەدەی پازدەهەمدا ئیسپانییەکان بڕیاریاندا زمانەکەیان لە بە عەرەبکردن رزگار بکەن. بۆیەش دەستیان کرد بە هەڵکەندنی فەرهەنگەکانیان، هەر وشەیەکی عەرەبییان دۆزیبوایەوە فڕێیان دەدا و هاوتاکانیان بۆ دەدۆزینەوە.
(کاساگراند) کە خۆی بە رەچەڵەک ئیسپانییە، دەڵێت: (بێگومان ئیسپانییەکان لەم پاککردنەوەی زمانەوانییەدا شکستیان هێنا، بەجۆرێک کە تەنانەت ئەمڕۆش 30 %ی وشەکانی زمانی ئیسپانی رەگ و رەچەڵەکی عەرەبییان هەیە، بەڵام پورتوگالییەکان لە پاککردنەوەی زمانەکەیاندا سەرکەوتووتر بوون). هەمان پرۆفیسۆری زانکۆی (ئۆستن) لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: (ئەم پاککردنەوە زمانەوانییە تەواو بەرهەمە زمانەوانی و ئەدەبییەکانی ئەو وڵاتەی نەزۆک کرد).
هەوڵێکی دیکەیان دا
کاتێک ئیسپانییەکان بینییان کە ناتوانن هەموو وشە عەرەبییەکان لە زمانەکەیاندا نەهێڵن، هەوڵێکی دیکەیان دا بۆ ئەوەی بە تەواوی هەندێک پیت نەهێڵن، کە پێیان وابوو دەنگێکی عەرەبی زیاتریان لە ئەلفوبێی خۆیاندا هەیە و ئەوەندە چڕ و ناپێویست بوو کە عەرەبییە، بە تەواوی لە زمانی ئیسپانیدا لایان برد بۆ ئەوەی زمانی ئەوان کەمتر کاریگەریی عەرەبی لەسەر بێت، هەروەک چۆن لە زمانی ئەڵمانیدا، تا ئەمڕۆ (CH)، کە دەنگی (خ) لێیەوە لەدایک دەبن، بۆ نموونە لە وشەی وەک بوخ و ئیخ...و هەروەها لە چەند زمانێکی دیکەی ئەوروپیشدا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەنگی (خ) تایبەت نییە بە زمانی عەرەبی، بەڵام ئیسپانییەکان بەهۆی بوونی حەوت سەدەی عەرەب لە وڵاتەکەیاندا، ئەوەندە هەستەوەرییان بەم وشەیە و ئەو دەنگانەی لێیەوە بەرهەم هاتبوو هەیە، بۆیە بڕیاریان دا بیسڕنەوە و لە زمانی ئیسپانیدا لایببەن، چونکە گەورە بوون و رقیان لێی بووە و نەیدەویست گەلانی تر بە عەرەب بزانن.
لە ئەنجامدا من دەمێکە ئەو باوەڕەم لا دروست بووە کەم و زۆر کوردیی پەتی بەقەد ئەوەی سوودی زۆری بە زمانی کوردی گەیاندووە، هاوکات زیانی زۆریشی پێگەیاندووە، چونکە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە سەردەمی کرانەوەی کۆمەڵگەیە بە رووی دیالۆگ و یەکتردا لە رێگای سۆشیالمیدیاوە، ئێستا بێ مۆڵەت و سانسۆر زمانی کوردی بە گشت زار و بنزار و دەڤۆکەکانییەوە دەگاتە ناو ماڵی هەموو تاکێکی کورد لە هەرکوێیەکی ئەو جیهانە پان و پۆرەدا بێت، هاوکات زمانە بیانییەکانیش هەر ئاوا بە سانایی دەگەنە ناوماڵەکانمان، بۆ نموونە منداڵی کورد بێ بەشداریکردن و خوێندنی کۆرسەکانی زمانەکانی وەک ئینگلیزی و ئەڵمانی و فرەنسی و تەنانەت چینی و ژاپۆنیش لە ماوەیەکی زەمەنی کەمدا فێرە ئەو زمانانە بووە و دەبێت، لەهەمانکاتدا چەندان هاووڵاتی بیانیش هەن لە دوورترین وڵات و کیشوەرەکانەوە فێری زمانی کوردی بوون، کەواتە ئاساییە زمانی کوردی بکەوێتە ژێر کاریگەریی زمانە بیانییەکان، هەروەها زمانە بیانییەکانیش بە سەدان وشەیان لە زمانی کوردی خواستووە. بۆیە بەڕای من ناشێت لە پێناو پاراستنی شکۆی زمانی کوردی هەرچی وشە و زاراوەی بیانی هەیە لە ئاخاوتن و تێکستی نووسینەکانماندا توڕی هەڵدەین و پەنا ببەینە بەر وشەی داتاشراو و نامۆ، لەکاتێکدا هەر لە زار و دەڤۆکە کوردییەکاندا گەر بۆیان بگەڕێین بە سانایی دەتوانین هەمان وشە و زاراوە بدۆزینەوە و بەکاریان بهێنین و خزمەتێکی باشتر بە زمانی شیرینی کوردیمان بکەین.
تێبینی:
*خوێنەرانی هێژا دەتوانن سوود لەو لینکەی خوارەوە وەرگرن بۆ گەڕان بەدوای چەمک و واتاکانی وشە و زاراوە کوردییەکان(https://lex.vejin.net/?fbclid=IwAR2ICrMH GFaW8AZ8jOZb8JOUXhQVmN8atvYIGxSZwcs6QF8Gipbt9cJVjxA.