دانا ره‌ئووف
خاتوو "ئالڤین" له شانۆنامه‌ی "تارماییه‌كان"دا به درێژایی ساڵانێكی زۆر هه‌موو نهێنییه‌كانی خێزانه‌كه‌ی پاڕاستووه، به‌ڵام ئێستا چیتر ناتوانێت خۆی له ده‌ستی ئه‌و تارماییانه‌ی رابردوو رزگار بكات. مێرده‌كه‌ی كه ده‌مێ ساڵه مردووه، به‌رده‌وام خیانه‌تی لێكردووه، ئه‌مه‌ی ده‌شێوێنێت كاتێك كوڕه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته داوی خۆشه‌ویستی كه‌سێكی هه‌ڵه‌وه. خاتوو ئالڤین، له نێوان دوو هه‌ڵبژارده‌دایه: "ئۆسواڵد"ی كوڕی له‌و راستییه تاڵ و تاریكه‌ی رابردوو بپارێزێت، یاخود نهێنییه‌كان ئاشكرا بكات. به‌مه‌یش باجی ئه‌و ژیانه‌ی مێرده‌كه‌ی تیا ژیاوه بدات.
ئیبسن، له‌م شانۆنامه‌یه‌یدا، وه‌ك له زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی تری‌دا، توێژاڵێكی رووكه‌شی ژیانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ختیارمان پیشان ده‌دات، كه لێی ورد ده‌بیته‌وه و شانه قووڵهكانیت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت، پڕه له درۆ و ریایی و خیانه‌ت. ئیبسن باسی ئه‌و بێ دهربهستییهی مرۆڤمان بۆ ده‌كات، كه چۆن به قووڵی، بێ گوێدانه هه‌ستی به‌رامبه‌ره‌كه‌مان، هه‌ست و سۆزی یه‌كتری وێران ده‌كه‌ین.
كه‌س ناوێرێت بیكڕێت
ئیبسن، كه به باوكی درامای مۆدێرنی ئه‌وروپی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، شانۆنامه‌ی "تارماییه‌كان"ی له ساڵی 1881دا نووسیوه. ئه‌م ده‌قه شانۆییه‌ی ئیبسن له كاتی خۆیدا ههڵڵادهنێتهوه؛ یه‌كه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیبسن هه‌موو تابۆكان ده‌شكێنێت و چه‌ندین كێشه‌ی وه‌ك، بۆ نموونه نه‌خۆشی جنسی،"ئینسێست"، واته پێوه‌ندی سێكسی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامی خێزان و یارمه‌تیدانی كه‌سێك بۆ مردن ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی باسی ئایدیای پیاو و مافی ژنیش ده‌كات، كه ئیبسن له زۆر ده‌قه‌كانی تری‌دا كاری تیا كردوون. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه، له‌و كاته‌دا هیچ شانۆیه‌ك له وڵاتانی سكندهناڤی، ناوێرێت و نایانه‌وێت، ئه‌م ده‌قه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی ئیبسن بخه‌نه سه‌ر شانۆ. كه ده‌قه‌كه له به‌رگی كتبێكیشدا چاپ ده‌كرێت، ده‌كه‌وێته به‌ر شاڵاوێكی توندوتیژی ره‌خنه‌ییه‌وه، به جۆرێك كه‌س ناوێرێت بیكڕێت، ئه‌وه‌ی دهشیكڕێت، ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه بۆ كتێبفرۆشه‌كان. ئیبسن به‌م ره‌وشه تووڕه ده‌بێت و ده‌گاته ئه‌و ئاسته‌ی، كه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه بكات، چیتر نه‌نووسێت. بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1882دا، له‌لایه‌ن چه‌ند ئه‌كته‌رێكی ئه‌ماتۆری نه‌رویژی و دانیماركی له شیكاگۆ نمایش ده‌كرێت. له ساڵی 1883دا بۆ یه‌كه‌مجار له سكهندهناڤیا، له شانۆی شاری "هێلسینگبۆری" سوید، ده‌رهێنانی "ئاوگوست لینباری" نمایش ده‌كرێت. ئه‌م نمایشه‌یش دژایه‌تییه‌كی زۆر ده‌كرێ، به شێوه‌یه‌ك هیچ شانۆیه‌ك نایه‌وێ، لۆكاڵی شانۆكه‌یان به كرێ بده‌ن به ده‌رهێنه‌ر و گروپه‌كه، تا نمایشه‌كه‌ی تیا پێشكه‌ش بكه‌ن.
ئه‌و شتانه‌ی ئیبسن له شانۆنامه‌ی "تارماییه‌كان" و زۆربه‌ی ده‌قه‌كانی تری‌دا باسییان ده‌كات، ئه‌مڕۆ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی، بۆ ئه‌م كۆمه‌ڵگه مۆدێرنه‌ی ژیانی ئه‌مڕۆی ئه‌وروپا و به‌شێكی زۆری دنیا ده‌گونجێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه، به‌رده‌وام، كاره‌كته‌ره‌كانی ئیبسن، له‌سه‌ر شانۆكانهوه له‌گه‌ڵمان ده‌دوێن. ئه‌و میراتییه ره‌ش و تاریكه‌ی ژیانی خاتوو "ئالڤین"ی ژه‌هراوی كردووه، به هه‌مان شێوه، ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مڕۆیشی ژه‌هراوی كردووه.
"تارماییه‌كان" به‌وه ده‌ستپێده‌كات، "ئۆسواڵد"، كه له پاریس هونه‌ر ده‌خوێنێت، گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ لای دایكی، كه خانووبه‌ره‌یه‌كی بۆ یادی مێرده‌كه‌ی بۆ منداڵان دروست كردووه. ئه‌م خانووبه‌ره‌یه، كه وانیازه به ئاهه‌نگێك بكرێته‌وه، ده‌سووتێت و هیچ شتێكی لێ نامێنێته‌وه. له‌م نمایشه‌دا ئه‌م سه‌ره‌تایه، به سه‌مایه‌كی ناشیرینی "ئۆسواڵد"، كه به ده‌رپێی كورته‌وه به‌رامبه‌ر بینه‌ران وه‌ستاوه ده‌ستپێده‌كات. وه‌ك گه‌نجه‌كانی ئه‌مڕۆ، بیره ده‌خواته‌وه و خۆی به‌ده‌م مۆسیقاوه باده‌دا و ده‌ڕشێته‌وه. ئه‌م سه‌مایه‌ی "ئۆسواڵد" هیمایه‌كی ئه‌و دڵخۆشییه‌ی ژیانه، كه هێدی هێدی په‌رده له رووی نهێنییه قێزه‌وه‌نه‌كانی هه‌ڵده‌ماڵرێت، هاوكات هێمایه‌كه بۆ ئه‌و ته‌نیاییه كوشنده‌یه‌ش، كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی تووشی بووه.
هه‌موو سینۆگرافیای نمایشه‌كه، ژوورێكی داخراوی لاكێشه‌یی سپی درێژه، كه له رووی بینه‌ران و له پشتی شانۆكهیشهوه به شووشه گیراوه و له شووشه‌كه‌ی پشته‌وه هه‌میشه به خوڕ باران ده‌بارێت. له‌م ژووره لاكێشهییهدا، له قه‌نه‌فه‌یه‌كی دووتاكی سوور، له ناوه‌ڕاستدا و دوو كورسی باغه‌ی سپیش له‌م سه‌ر و ئه‌و سه‌ری ژووره‌كه‌دا، هیچ شتێكی تری تیا نییه. له‌م سینۆگرافیایه‌دا هیچ شتێك ناشاردرێته‌وه، وك هێمایه‌ك بۆ ئه‌و هه‌موو نهێنییه‌ی له ده‌ق/نمایشه‌كه‌دا هه‌یه، هه‌موو جووڵه و هه‌ڵسوكه‌تێكی ئه‌كته‌ر، له ده‌ره‌وه‌ی ژوورهكهیشهوه، وه‌ك كامێرای چاو‌دێر، له به‌رچاوی بینهراندایه.
چاوی گومانه‌وه له ئاینده ده‌ڕوانن
كاره‌كته‌ره‌كان، له‌م ژووره داخراوه‌دا، جگه له خاتوو "ئالڤین"، كه ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی له رابردوودا روویداوه بشارێته‌وه، به چاوی گومانه‌وه له ئاینده ده‌ڕوانن. ئه‌وه‌ی له رابروویشدا روویداوه، مێرده‌كه‌ی خاتوو "ئالڤین"ه، كه وه‌ك یه‌كێك له پایه به‌رزه‌كانی كۆمه‌ڵگه ناسراوه، به‌ڵام تا له ژیاندا بووه، به‌رده‌وام ناپاكی كردووه. ئه‌و كیژه‌ی له‌م ماڵه‌دا كه‌نیزه‌یه و یارمه‌تی خاتوو "ئالڤین" ده‌دات له ئیشوكاری ماڵه‌كه‌دا و "ئۆسواڵد" عاشقی ده‌بێت، ده‌رده‌كه‌وێت خوشكی خۆیه‌تی، له‌و ئافره‌ته‌ی له رابردوودا، هه‌ر له‌م ماڵه‌دا كاری كردووه و ئه‌م كچه‌ی له مێرده‌كه‌ی خاتوو "ئالڤین" بووه. كاره‌كته‌ری قهشهیهكیشمان هه‌یه، كه هاوڕێی كۆنی مێرده‌كه‌ی خاتوو "ئالڤین" و خێزانه‌كه‌یان بووه. ئه‌م قه‌شه‌یه هه‌میشه چاوی له‌سه‌ر خاتوو "ئالڤین" بووه، ئێستایش به‌چاوێكی پڕ له حه‌زێكی شه‌هوه‌ت بازییه‌وه ده‌ڕوانێته كه‌نیزه‌ی ئه‌م خێزانه. ده‌رهێنه‌ر ئه‌م قه‌شه‌یه‌ی وه‌ك فیگورێكی كۆمیدی لێ كردووه، به شێوه‌یه‌ك هیچ قسه و كردارێكی به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت.
ده‌رهێنه‌ری نمایشه‌كه، رووداوه‌كانی شانۆنامه‌كه‌ی له‌م رۆژگاره‌ماندا به‌رجه‌سته كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر شتی له ده‌قه‌كه لابردووه، كه بۆ ئه‌مڕۆ به گرنگی نازانێ و زیاتر فۆكه‌سی خستۆته سه‌ر ناپاكی و ده‌رئه‌نجامه‌كانی له ژیانی ژن و مێردایه‌تی و كاریگه‌رییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرنی ئه‌وروپی. ده‌رهێنه‌ری نمایشه‌كه كاری له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه، كه چۆن خاتوو "ئالڤین"، به لێزانییه‌وه فێری ئه‌وه بووه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ درۆ گه‌وره‌كانی ژیان بكات و وه‌ك تارماییه‌كی هه‌میشه ئاماده سه‌یری بكات، به تایبه‌تی، كه رابردوو له ئێستادا دووباره ده‌بێته‌وه، كه چۆن "ئۆسواڵد"ی كوڕی به هه‌مان شێوه‌ی باوكی و له هه‌مان شوێندا، خه‌ریكی فریودانی كهنیزهكهیانه، كه له راستیدا، بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، نیوه خوشكی خۆیه‌تی.
فیلم ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌دا
ئه‌م شانۆگه‌رییه، كه ئێستا له‌سه‌ر شانۆی شاری ستۆكهۆڵم نمایش ده‌كرێت، وه‌ك نمایشه‌كه‌ی شانۆی پادشایه‌تی، "ئهیۆلڤی گچكه" به‌شێكی زۆری كرابوو به فیلم. وێنه‌ی زۆر نزیكی ده‌موچاوی خاتوو "ئالڤین" و "ئۆسواڵد"ی كوڕی، به تایبه‌تی، كه له‌سه‌ر شانۆكه و له‌ناو ژووره‌كه‌دا نامێنن، به گه‌وره‌یی له‌سه‌ر دیواره‌كانی ژووره‌كه ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌م جۆره نمایشانه، كه فیلم ده‌ست ده‌گرێت به‌سه‌ر نمایشه‌كه‌دا، هه‌رچی چێژی شانۆ هه‌یه ده‌یكوژێت. هه‌رگیز فیلم له شانۆدا نابێته "فیلم" و شتێكی تر، كاڵ و كرچ ده‌رده‌چێت و رۆحی شانۆ و ئه‌و په‌یوه‌ندییه راسته‌وخۆیه‌ی نێوان بینه‌ر و سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌كوژێت، ئه‌مه ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌كارهێنانه‌ی فیلم، هۆكارێكی تایبه‌ت و پێویست نه‌بێ بۆ نهمایشهكه.
به‌داخه‌وه ئه‌م ته‌كنیكه بووه به مۆدێل...