زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی لە پەیامێكدا بۆ یادی 33 ساڵەی راپەڕینی بەهاری 1991ی شاری سلێمانی، رایگەیاند: سلێمانی بە مەڵبەندی تێكۆشان و بەرپەرچدانەوەی دوژمنان دادەنرێت.
ئەمەش دەقی پەیامەكەیە:
33 ساڵ بەر لەئێستا، شاری سلێمانی «شاری هەڵمەت و قوربانی» بە رابەرایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، راپەڕینی كرد و كۆتایی بە دەسەڵاتی بەعس هێنا، شاری سلێمانی بە یەكێك لە قەڵا گەورەكانی بەرگریی كوردایەتی و مەڵبەندی تێكۆشان و بەرپەرچدانەوە بەڕووی دوژمنان دادەنرێت، هەڵكەوتەی ئەم شارە دلێر و جوامێرە لەگەڵ حوكمی هێزە داگیركەرەكان دەچێتەوە سەر سروشتە رەسەنەكەی خۆی كە بەردەوام ناكۆك و ناتەبا بووە.
لە مێژووی نوێشدا لە 7/3/1991، سلێمانی و یەكێتیی ئاوێتەی یەكبوون و بە خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان و رێكخستنە نهێنییەكانی ناوشار و هاووڵاتیانی خۆشەویستی ئەم شارە، بەڕووی حوكمی تاكڕەویی بەعسدا راپەڕین و سەركەوتنیان گەیاندە لووتكە و دەسەڵاتی خۆسەپێنیان لەناوبرد.
راپەڕینە مەزنەكەی 7/3، لەمێژووی كوردایەتی و ئەدەبیاتی شارە حەیاتەكە «ئەمنە سوورەكەی وەك هێمای زەبر و زەنگ تێكشكاند و كردیە مۆزەخانەیەكی ئەرشیفی، وەك شاهێدی هەزاران تاوانی جۆراوجۆری حوكمی دڕندەیی بەعس و بۆ نەوەكانمانی هێشتەوە».
نەوەكانی دوای زەماوەندی 7ی سێ:
یەكێتیی وەك چۆن لە رابردوودا رابەرایەتیی خواست و ویستی نەوەكانی راپەڕینی كرد و دامەزراوەی سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانی دامەزراند، ئێستاش بە دیدگای نوێ و سەردەمیانە لەتوانایدایە و رێ زانە لە دۆزینەوەی چارەسەرە سیاسی و ئابوورییەكان، بە رێگای نوێباو و كورت مەودا، هەڵسەنگاندنی لۆژیكی لەسەر خواستی نەوە تازە پێگەیشتووەكان دەكات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی دروست بەرەو بەدیهێنانی خواستەكان، بەهەمان رۆحیەتی راپەڕین رابەرایەتییان دەكات.
لە یادی 33 ساڵەی ئەم راپەڕینە پیرۆزەدا، بەڵێن دووپاتدەكەینەوە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال و بڕیارەكانی پێنجەمین كۆنگرەی حزبمان، سازش لەسەر ماف و داوای سلێمانییەكان ناكەین و رێڕەوی حوكمڕانی راست دەكەینەوە و ئەولەویەت بە (ئاوەدانی، دابینكردنی مووچە، پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، پەرەپێدانی زیاتر بە دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕین و سەربەستییە مرۆیی و سیاسییەكان) دەدەین، هاوكات لەگەڵ حكومەتی عیراقی فیدراڵ هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندیی دروست و كارا دەدەین بۆ وەرگرتنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، كە هەر ئەمانەش ئامانجی سەرەكیی راپەڕینی بەهاری 1991ی شاری سلێمانی بوون.
سڵاو بۆ رۆحی شەهیدەكانی راپەڕین دەنێرین و جارێكیتر یادی راپەڕین لە سلێمانییەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان پیرۆزبێت، یەكگوتاری و یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییەكان رۆڵی گرنگ و كاریگەر دەبینن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بەرەو ئایندەیەكی روونتر و خۆئامادەكردن بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی داهاتوو، بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتی، لەباریدایە وەكو هێزێكی بەرپرسیار و پەرۆش، سەرمەشق و ئاڵا هەڵگری گۆڕانكاری و تازەگەرییەكان بێت و ئیرادەی گەلەكەمان بۆ ئەركەكانی داهاتوو ئامادە و پتەو بكات.