پەیامی سەرۆک بافڵ بۆ رۆژی جیهانیی ژنان

02:55 - 2024-03-08
کوردستان
382 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی جیهانیی ژنان لە سەرجەم ژنانی كورد پیرۆزبێت و بەتایبەتی لە قووڵایی دڵمانەوە سڵاوی خۆشەویستی و وەفاداری بۆ دایكانی شەهیدان دەنێرین و سوپاسی لەخۆبوردوویی و خۆڕاگرییان دەكەین.

مێژووی ژنانی كوردستان لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەكانی گەلی كورددا هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، كە بۆ هەمیشە بە پێزانین و قەرزاربارییەوە لە ئاست گەورەیی و خۆڕاگرییاندا سەری رێزمان دادەنەوێنین و بەشانازییەوە یادیان دەكەینەوە.

ژنانی كورد ئازا و رەچەشكێن بوون لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادی، قوربانیی زۆریان بەخشیووە لەپێناو یەكسانیی كۆمەڵایەتی و وەستانەوە دژی جیاكاریی رەگەزی، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە رۆڵێكی كاریگەر لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەشداریی فراوانیان هەیە لە ناوەندەكانی بڕیاردا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانی ژنان بووە و شانازیشی پێوەدەكات، لە رابردوودا چۆن پارێزەر و بەدیهێنەری مافەكانیان بووە، لەداهاتووشدا زیاتر جەختیلێدەكەینەوە و دەرگای حزب و ئۆرگانەكانمان بەڕوویاندا دەكەینەوە تاوەكو رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداریی چالاكانەیان لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا هەبێت.

بەڵێنمان داوە و جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە، دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە و رێگەنادەین بە هیچ بیانوویەك و لەژێر هیچ ناوێكدا مافەكانیان زەوت بكرێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #خەباتی ژن

بابەتە پەیوەندیدارەکان