دوێنێ، دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هاوڕێیەتی وەفدێك لە ئەندامانی سەركردایەتی، سەردانی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان-یان كرد لە گوندی گوڵەخانە.
وەفدی یەكێتی، لەلایەن محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پێشوازییان لێكرا، دواتر لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عیراقیان تاوتوێكرد.
چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عیراق و گفتوگۆ لەبارەی مووچە و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، جەختیشكرایەوە لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە هەرێمی كوردستان، كە بڕیارە رۆژی 10/6/2024 بكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە لە «پێكەوەژیان و كاركردن لەچوارچێوەی رێكخراوەییدا بە گفتوگۆی سەردەمیانە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان».