مامەڵەی تۆمارکردنی منداڵی تازە لەدایکبوو لە کەرکوک راگیراوە

09:36 - 2024-03-11
ڕاپۆرت
387 جار خوێندراوەتەوە
تۆمارنەکردنی تازە لە دایکبوو و نەکوژاندنەوەی ناوی مردوو هاووڵاتیانی کەرکوک نیگەران دەکات

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

وەزارەتی بازرگانیی عیراق یەكێكە لەو وەزارەتە چالاكانەی كە زۆر زوو دەچێت بەدەنگ  هاووڵاتیانەوە و رۆژانە سەرقاڵین بە راییکردنی کارەکانیانەوە، بەتایبەتی لە مامەڵەی خۆراك و دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییەكان بۆ هاووڵاتیان.
ئەمەش خۆی لە جێبەجێكردنی پێداویستییەكانی رۆژانەیاندا لە تۆماركردن و سڕینەوە و جیاكردنەوەی خانەی خێزاندا دەبینێتەوە، بەتایبەتی ئەوانەی كە خێزانی نوێ پێکدەهێنن، یان ئەوانەی كۆچی دوایی دەكەن پێویستیان بە تۆماركردن و سڕینەوەیە.
بەڵام بەداخەوە فەرمانگەی خۆراكی كەركوك بۆ نزیكەی زیاتر لە ساڵێكە راییكردنی کاری هاووڵاتیانی راگرتووە و هیچ تۆمار و سڕینەوە و جیاكردنەوەیەكی خانەی خێزان جێبەجێ ناکات، ئەمەش كاروباری رۆژانەی هاووڵاتیانی پەكخستووە و زۆر خێزانی تووشی ئاستەنگ کردۆتەوە بەهۆی گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراكەکانیانەوە.
گرفتی بۆ دروست كردووین
هاووڵاتی خۆرشید مەحمود، خەڵکی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوك، لەبارەی گواستنەوەی کۆبۆنی خۆراكی خێزانەكەیەوە نیگەرانە و دەڵێت: ماوەی ساڵ و نێوێك دەبێت ژنم هێناوە و دەمەوێت کۆبۆنی خۆراكی تایبەت بە خۆمانم هەبێت، بۆئەوەی خۆراك و كۆبۆنی سووتەمەنی پێوەربگرم، هەر كاتێك خۆراك لای بریكارەكان دابەش بكرێت، خۆم ‌و خێزانەكەم دەبێت هەریەكەمان بەشە خۆراكی خۆمان لە ماڵی كەسوكارمانەوە بهێنینەوە، جگەلەوەش هەندێك جار بەشە خۆراكەكە و سووتەمەنییەكەشمان دەفەوتێت.
كێشەی منداڵەكەشمان بەڕێوەیە
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: كێشەكە لەوەدایە ئێستا منداڵێكمان بەڕێوەیە و بەم زووانە لەدایك دەبێت، بۆیە ئەویش كێشەیەكی ترە لەو كێشانەی كە هێشتا کۆبۆنی خۆراكمان بۆ دەرنەچووە و منداڵەكەشمان پێویستی بە شیر و ئەو کەرەستە خۆراکییانەیە کە تایبەتن بە منداڵان.
مردووانیش ناسڕنەوە
هەر لەو رووەوە عەلی جوامێر، کە هاووڵاتییەکی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە، وتی: بۆ دوو ساڵ دەچێت باپیرەم كۆچی دوایی كردووە، بەڵام هێشتا ناوەكەی لە کۆبۆنی خۆراكدا نەكوژاوەتەوە و بەشە خۆراكەكەشی تائێستا وەردەگرین و لەدوا رۆژدا دەبێتە كێشە بۆ ئێمە، چونكە ماوەی دوو ساڵە داواكاریمان پێشكەشی فەرمانگەی خۆراك كردووە بۆئەوەی ناوەكەی بسڕنەوە، بەڵام نەسڕراوەتەوە و لەدوا رۆژدا هەموو بەشە خۆراكەكەمان لێ وەردەگرنەوە، یان لە بری ئەوە پارەمان لێ وەردەگرن.
فۆڕمی ئەلەكترۆنییەكانیش كار ناكات
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: ماوەیەك پێش ئێستا پەلە پەلێكی زۆریان لە هاووڵاتیان كرد بۆ دەركردنی فۆڕمی ئەلەكترۆنی، بەڵام تا ئێستا کارپێکردنی ئەو جۆرە فۆڕمە نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش كێشەیەكی ترە كە بەرۆكی هاووڵاتیانی گرتووە.
وەزارەتی بازرگانی لەمەدا كەمتەخەمە
عەلی جوامێر باسی لەوەش كرد ئەوەی جێگەی داخە چەند رۆژێك لە كار و کاسبی بووم و بە دوای تەواوكردنی فۆڕمی ئەلەكترۆنیدا رامكرد، بە نیازی ئەوەبووم كە بەشە خۆراكی خۆم جیابكرێتەوە و سەربەخۆ بم، بەڵام ئەویش نەكراو تائێستا كاری پێنەكراوە، ئەم كارەش یەكێكە لە كەمتەرخەمییەكانی دامەزراوەکانی سەربە وەزارەتی بازرگانیی لەم شارەدا.
مامەڵەی رۆژانەمان كز بووە
محەمەد عەبدوڵڵا، لە نزیك فەرمانگەی خۆراكی كەركوك، كۆشكی سكاڵا نووسینی هەیە، دەڵێت: بۆ نزیكەی ساڵێك دەچێت هەموو جۆرە مامەڵەیەكی فۆڕمی خۆراك لە گواستنەوە و سڕینەوە و تۆماركردن لە فەرمانگەی خۆراكی كەركوك وەستاوە، ئەم كارەش كار و کاسبی رۆژانەی ئێمەی بەرەو كزی بردووە و ئیشوكارمان پەكی كەوتووە، چونكە بژێویی رۆژانەمان لەسەر ئەو جۆرە مامەڵانەی هاووڵاتییانە.
وتیشی: لەبەرامبەر ئەم كۆشكەكەدا ساڵانە باج و كرێ بە حكومەت دەدەین، ساڵی پار كرێكەی خۆشمان دەرنەكردووە تا باج و كرێی ساڵانە بدەین‌ و حكومەتیش رەچاوی بارودۆخی ژیانی كاسبكاران ناكات.
دەڵێن بڕیارەکە لە بەغداوەیە
سەرچاوەیەكیش لەناو  فەرمانگەی خۆراكی كەركوك، رایگەیاند: ئێمەش نازانین هۆی راوەستانی گواستنەوەی خێزان و تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایكبوو چییە، چونكە بڕیارەكە لە بەغداوە دەرچووە، بەڵام لە بەرامبەردا رۆژانە عەرەبێكی زۆری هاوردە لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراقەوە مامەڵەی گواستنەوەی فۆڕمی خۆراكیان بۆ دەكرێت و دەكرێنە سەر پارێزگاكە، كە هەندێكجار مامەڵەكانیان لە وەزارەتی بازرگانی لە بەغداوە جێبەجێ دەكرێت و تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار فۆرمی خۆراكیان گواستۆتەوە.
پێدەجێت هۆكارەكان سیاسی بن!
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە: لە پاڵ گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانیشیاندا دەتوانین بڵێن: كە راوەستانی فۆڕمی خۆراك لە كەركوك كێشەیەكی سیاسییە و هیچ پەیوەندییەکی بە لایەنی تەکنیکی و كارگێڕییەوە نییە، چونكە كێشەكە لە چوارچێوەی کارەکانی پارێزگاری ماوە بەسەرچوودایە كە هەوڵدەدات پڕۆسەی بەعەرەبكردن بخاتە چوارچێوەیەكی ترسناكەوە بۆ ئەوەی رێژەی عەرەب لە شارەكە زیاتر بكات.
گلەییەكان بەرۆكی ئێمە دەگرێت
ئەو سەرچاوەیەی ناو فەرمانگەکە باسی لەوشكرد کە رۆژانە خەڵێكی زۆر بە مەبەستی گواستنەوەی خێزان و تۆماركردنی منداڵی تازە لەدایكبوو سەردانمان دەكەن و هەندێك جار لەلایەن هاووڵاتیانەوە رووبەڕووی قسەی نەشیاویش دەبینەوە كە ئێمە هیچ تاوانێكمان نییە لەو بابەتەدا.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان