سەڵاحەدین شاکارەکتەری سەردەمی خۆی

10:11 - 2024-03-11
دووتوێ
99 جار خوێندراوەتەوە
سوڵتان سەڵاحەدین، ئەو سەركردەیەی مێژوو لە بیری ناكات

جێگر جەواد

رۆمانی (کتێبەکەی سەڵاحەدینی ئەیوبی) نوێترین بەرهەمی وەرگێڕانی کوردیزان و وەرگێڕی بەتوانا مامۆستا (شەفیقی حاجی خدر)ە، رۆمانەکەش لە نووسینی تاریق عەلی رۆماننووسە.
رۆمانەکە باس لە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی مێژوو دەکات، کە کەم کەس هەیە لە جیهانی خۆرئاوا و خۆرهەڵات ناوی ئەوی بەر گوێ نەکەوتبێ، تەنانەت هەندێک جاریش وەکو ئەفسانە باس لە خەسڵەتەکانی دەکرێ، لەگەڵ هاتنی ناوی ئەو کەسایەتییە راستەوخۆ کۆمەڵێک دەستەواژە و هەڵسەنگاندن بە بیری مرۆڤدا گوزەر دەکەن، کە جێی مشتومڕن و هەندێک جار گفتوگۆی بێزەنتیانەی لێدەکەوێتەوە. بە تایبەتی لای ئێمەی کورد کە هاو نەتەوەی ئەو کارەکتەرەین، بەهۆی هەندێک هۆکاری ئایدۆلۆژی و هەڵەتێگەیشتن راستەوخۆ کۆمەڵێک دەستەواژە بەکار دەهێنین لە جیاتی سوودبینین لەو کەسایەتییە کوردانەی جیهانی ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕاست، دەکەوینە بەند و بالۆرەی ئایدیۆلۆژیاوە، چ بە دژایەتیکردن، یان بە خۆگرێدان بە کەسایەتییەکەوە، وەکو ئەوەی مێژوو هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتبێ و چەقی بەستبێ، بە واتایەکی دیکە مێژوو دەخوێنینەوە بە چاویلەکەی ئێستاوە، بەڵام ئەوەی لای یار و نەیاری ئەو کەسایەتییە جێگای نکۆڵی لێکردن نییە، ئەوەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێ کاتێک باسی ئەو قۆناغە مێژوویە دەکرێت ناوی ئەو نەهێنێ وەکو شاکاراکتەری مێژوو و خاوەن گەورەترین کاریگەریی لە گۆڕەپانی رووداوەکاندا، بێگومان ئەو کەسەش جگە لە سوڵتان سەڵاحەدین کەسی تر نییە.
جەمیلە و رەوتێکی فیکریی سەردەمەکەی
رۆماننووس لەو رۆمانەدا چەند کارەکتەرێکی خەیاڵیمان بۆ دەئافرێنێ تاوەکو باسی هەموو لایەنەکانی ژیانی سەڵاحەدینمان بۆ بکات، لە رێگەی کەسایەتی (شادی)یەوە باسی ژیانی گەنجی و ژیانە کەسییەکەی سەڵاحەدینمان بۆ دەکات، تەنانەت باسی پەیوەندییە سۆزدارییەکانی سوڵتان دەکات لەگەڵ ئافرەتانیش لە قاهیرە.
لە کەسایەتی (حەلیمە)دا باسی سەلیقەی سوڵتان دەکات لە جوانناسیدا، لە کەسایەتی خەساوەکان و حەلیمە و جەمیلەدا باسی ململانێی کۆشک و حەرامسەراکانی دەسەڵاتدارانی سەدەکانی ناوەڕاستمان بۆ دەکات.
هەرچی ئیبن یاقوبە کە سایەتییەکی تری داهێنراوی رۆماننووسە، باسی کۆی وردەکارییەکانی ژیانی سەڵاحەدینمان بۆ دەکات، وەکو بڵێی ئیبن یەعقوب کۆیادگەی سەرجەم کەسایەتییەکانی ژیانی سەڵاحەدین بێت، یان زمانحاڵی هەمووان بێ.
چونکە خوێنەر هەر لە رێگەی ئیبن یاقوبەوە گوێ لە شادی دەگرێت و ئاشنای فکری جەمیلەش دەبێت کە نوێنەرایەتی رەوتێکی فکریی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلامی دەکات، تەنانەت عیمادەدینی ئەسفەهانی گەورە مێژوونووسیش هەر لە رێگەی ئیبن یاقوبەوە دێتە گۆ.
جیهانێکی لێکترازاو
رۆمانەکە باسکردنە لە قۆناغێکی تایبەتی جیهانی ئیسلامی سەدەکانی ناوەڕاست و تیشک دەخاتە سەر بنەماڵەیەکی دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە، هەروەها باسکردنە لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە، کە جیهانی ئیسلامی دابەش ببوو بۆ کۆمەڵێک دەسەڵاتی بچووک، خەلیفەی بەغدا کورد گوتەنی تەنها ناوێکی بێ ناوەڕۆک بوو، تەنانەت زۆرجار وەکو بووکەڵەیەک بووە بەدەستی دەسەڵاتدارە ناوچەییەکانەوە، واتە جیهانی ئیسلام ماڵێکی لێکترازاو و هەڵوەشاوە بووە.
هەر لەبەر ئەوەش بۆتە جێگای چاوتێبڕینی خاچهەڵگرەکان و توانییان پانتاییەکی زۆر لە جیهانی ئیسلامی بخەنە ژێر رکێفی خۆیانەوە.
هەرچەندە رۆماننووس ئاماژە بە ناتەبایی جیهانی خاچنیشانەکانیش دەکات، بەڵام بەهۆی بوونی دەزگایەکی وەکو کڵێسا و پاپا کە هێزێکیان دروستکردبوو، پاڵپشتی تابووری سیاسی هەبوو بەناوی سوارچاکەکان توانییان بەشێکی گەورە لە جیهانی ئیسلامی ئەو سەردەمە بخەنە ژێر رکێفی خۆیان بە دووەمین پیرۆزترین شاری موسڵمانانیشەوە کە قودسە.
رەچاوکردنی فرەیی
بابەتی سەرەکی و شا کاراکتەری رۆمانەکە سوڵتان سەڵاحەدینە بەو شێوەیە باسی دەکات، کە هەوڵی یەکخستنی جیهانی ئیسلامی داوە و پێی وابووە، تا دەسەڵاتدارە موسڵمانەکان لە نێوان خۆیاندا یەکنەگرن ناتوانن رووبەڕووی خاچنیشانەکان ببنەوە، لە رۆمانەکەشدا لە کاتی لەشکرکێشی سەڵاحەدین بۆ سەر قودس ئەوەی رەچاوکردووە کە لەشکرەکەی کەسانی جۆراوجۆری جیهانی ئیسلامی تێدابێت، تەنانەت باسی کەمینە ئاینییەکانی وەکو جوولەکەش دەکات، وەکو مەزڵومێک کە ئەوانیش چ لە قودس و چ لە ئەندەلوس ئازار و نەهامەتییەکی زۆریان دیوە بە دەست کڵێسا و خاچنیشانەکانەوە، دەکرێ باسکردن لە جوولەکە لەلایەن رۆماننووسەوە پەیامێک بە دەوڵەتی ئیسرائیل بگەیەنێ و پێیان بڵێ: سەڵاحەدین چۆن مامەڵەی لەگەڵ جوولەکە کرد ئێوەش بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ موسڵمانان بکەن. 
هەر لە رۆمانەکەدا باسی کوردیش دەکرێت، کە لێرەدا رۆماننووس ناتوانێ روانگەی عەرەبیی خۆی بشارێتەوە بەرامبەر بە کورد و وەکو هێزێکی ناڕێکخراو وێنای دەکات، بەڵام ئەگەر بە ئینسافیشەوە بئاخڤین ئەوەش لە بیر ناکات کە ئاماژە بە کوردبوونی سوڵتان و بنەماڵەکەی بکات و باسی ئەوەش دەکات کە لە نێوان خۆیاندا زۆر جار بە کوردی قسەیان کردووە.
ئامۆژگاریی کوڕەکەی
رۆماننووس سەڵاحەدین وەکو دەسەڵاتدارێکی خەسڵەت جیاواز لە دەسەڵاتدارەکانی دیکە وێنا دەکات لە چەند روویەکەوە، وەکو بەخشندەیی بەرامبەر خەڵک و خۆشویستنی خەڵک و خاکەڕایی و خوانی سادە و ساکاری سەڵاحەدین وێنا دەکات، هەروەها زیرەکی سەڵاحەدینمان بۆ دەردەخات کە نایەوێ جیاوازی زۆر دروست بێ لە نێوان ژیانی دەسەڵاتداران و خەڵکەکەی بە تایبەتی لە کاتی جەنگدا، چونکە ئاگاداربووە خۆشەویستیی خەڵک و پشتگیریی خەڵک بریتییە لە پایەی سەرەکی دەسەڵات، وەکو لە ئامۆژگاری کوڕەکەیدا ئەوەی بۆ دەخاتەڕوو کە هەرگیز بەرامبەر خەڵک خۆبەزلزان و بە فیز نەبێت و ئاگای لە پێویستییەکانیان بێت.
جگە لەوەش لێبوردەیی سەڵاحەدینمان نیشان دەدات، تەنانەت بەرامبەر دوژمنەکانی و تەنانەت لە کاتی گرتنی شارە پیرۆزەکەی قودسیشدا. سەرەڕای هێنانە پێشچاوی هەموو ئەو سیفەتانە، بەڵام هاوسەنگییەک لە نێوان سیفەتە مرۆیی و ئەفسانەییەکانی سەڵاحەدینیشدا رەچاو دەکات.
چەواشەکاریی نەیارانی کورد
باسی ئەوە دەکات ئەویش مرۆڤە و هەڵە دەکات و هەندێک جار هەڵەی ستراتیجیش دەکات وەکو لە دواخستنی گرتنی شار (صور) و کەوتنە ژێر کاریگەریی هەستەکانییەوە.
گرنگترین خاڵ لێرەدا ئەوەیە ئێمە چۆن سوود لە سەڵاحەدین وەربگرین، چونکە مێژوو تەنیا بۆ گێڕانەوە و ئەزبەرکردن نییە بەڵکو بۆ سوود وەرگرتنە لە ئەزموونی ئەوانی تر.
زۆرجار لەلایەن دوژمنانی کوردەوە، کورد وەکو میللەتێک وێنا دەکرێ کە ناتوانێ ئیدارەی خۆی بدات و وڵات بەڕێوەبەرێ، تەنانەت ئەو هەستە مێشکی زۆر تاکی کوردی ژەهراوی کردووە، بە تایبەتی بەهۆی بارودۆخی خراپی چەند ساڵی رابردووی باشووری کوردستانەوە، بەڵام دەکرێ سەڵاحەدین و بنەماڵەی ئەیوبی کە بەتەواوی کوردبوونیان سەلمێنراوە، وەکو نموونەیەک و بەڵگەیەک بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو بۆچوونە بهێنینەوە، کە ئێمە سەردەمێک بە کردار سەرداری هەموو جیهانی ئیسلامی بووین.
لە کۆتاییدا دەڵێم شایەنی ئەوەیە، کە خوێنەری رژد و جدی و ئەوانەی بە دوای کتێبی باشدا دەگەڕێن ئەم کتێبە بخوێننەوە، دەستخۆشی لە مامۆستا شەفیقی حاجی خدر دەکەم بۆ وەرگێڕانی ئەو کتێبە باش و بە چێژە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان