پێویستە خەبات بەردەوام بێت بۆ بەدیهاتنی ئاواتە بەدینەهاتووەكانمان

پەیامی كۆسرەت رەسوڵ عەلی بۆ ساڵیادی راپەڕین و ئازادكردنی هەولێر

10:58 - 2024-03-11
کوردستان
496 جار خوێندراوەتەوە

(33)هەمین ساڵیادی ئازادكردنی هەولێری قەڵا و منارە، هەولێری تێكۆشەران و قارەمانان، لە خەڵكی كوردستان بەگشتی و هەولێرییە سەربەرزەكان بەتایبەتی پیرۆزدەكەم و ئومێددەكەم ئەم یاد و رۆژە پیرۆزە هەوێنی ئاشتەوایی و تەبایی نێوانمان بێت.
ئەوپەڕی شانازییە بۆ من، ئەوێ رۆژێ بەرەی كوردستانی سەرپەرشتی ئازادكردنی هەولێریان پێسپاردم، بە بەرنامەیەكی ورد كارمانكرد و بە هاوكاریی شانە چەكدارەكان و رێكخستنە نهێنییەكان و هەولێرییە تێكۆشەر و قارەمانەكان، كە پشتیوانێكی گەورەبوون بۆ لەناوبردنی ستەمكاری، توانیمان هەولێر كە گەورەترین مۆڵگەی دامودەزگاكانی بەعس بوو، ئازادبكەین و لە بەعس پاكیبكەینەوە، بۆیە ئەو رۆژە هەموو كەس شانازیی دەكرد هەولێری بێت.
ئەوێ رۆژێ هەولێرییەكان سەلماندیان هەولێر شارێكی زیندووە و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەرگیز ستەمكاری قبووڵ ناكات.

 

هەولێرییەكان سەلماندیان هەولێر شارێكی زیندووە و هەر بە زیندوویی دەمێنێتەوە و هەرگیز ستەمكاری قبووڵ ناكات

 

ئەمڕۆش، كە یادی ئەم رۆژە مێژووییە دەكەینەوە، دووپاتیدەكەمەوە كە هێشتا ئامانج و ئاواتەكانمان نەهاتۆتەدی، پێویستە خەبات بەردەوام بێت بۆ بەدیهاتنی ئاواتە بەدینەهاتووەكانمان و هەموومان دەست لەناودەست لەپێناوی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان، ئەركی هەموومانە خزمەتی خەڵكی خۆمان بكەین و خەبات بكەین لەپێناوی ژیانێكی شایستە و شەرەفمەندانە بۆ گەلی كوردی قارەمان و خۆڕاگر، ئەو گەلەی بۆ هیچ دوژمنێك سەری دانەنواندووە و داشینانەوێنێت.
دووبارە پیرۆزە ساڵڕۆژی ئازادكردنی هەولێر، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان دادەنەوێنم.

كۆسرەت رەسوڵ عەلی
11/3/2024

#هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان