یەكێتی لە هەرێم خزمەتكار و لە بەغدا پارێزەری گەلی كوردە

09:51 - 2024-03-13
کوردستان
297 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆ: حەمەعومەر

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك چۆن لە رابردوودا ئەندازیار و هەڵگیرسێنەری بڵێسەی راپەڕین بوو، ئێستاش لەسەر ر‌‌ێبازەكەی سەرۆك مام جەلال و بڕ‌‌یارەكانی پێنجەمین كۆنگرە، لە بەغدا سازش لەسەر ماف و داوا رەواكانی خەڵكی كوردستان ناكات، لە هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت ر‌‌ێڕ‌‌ەوی حوكمڕ‌‌انی ر‌‌استبكاتەوە و ئەولەویەتی كاركردنی خزمەت و باشتركردنی گوزەرانی خەڵكە.

«پێگەی دەستووریی كورد لە بەغدا دەپارێزین»
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامی 33هەمین ساڵیادی راپەڕ‌ینە مەزنەكەی گەلی كوردستاندا، رایگەیاند: بەشانازییەوە یادی راپەڕ‌ین دەكەینەوە و وەك بەڵێنمان داوە و دووپاتیشی دەكەینەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت كە پشت لە خەڵكەكەی بكات، هەنگاوی كاریگەرمان لەپێناوی ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان ناوە و ئەنجامەكەشی لای هەموولایەك روونە، ئاماژە بەوەش دەكات: وەك چۆن لە ماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕ‌ەوە نادروستەی سیاسەت و حوكمڕ‌انی راستدەكەینەوە و پێگەی دەستووریی كورد لە ناوەندی بڕ‌یاری سیاسی لە بەغدا دەپارێزین.

یەكێتی كۆڵنادات و دیدگای نوێی هەیە
یەكێتی بە رۆحیەتی راپەڕ‌ین و بە دیدگای نوێ و سەردەمیانە هەنگاو بەرەو چارەسەرە سیاسی و ئابوورییەكان دەنێت و بۆ وەرگرتنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان كۆڵنادات، هاوكات خزمەتی گەنجان دەكاتە ئەولەویەتی كارەكانی.
زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی بە وێبسایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاند: یەكێتی وەك چۆن لە ر‌ابردوودا رابەرایەتی خواست و ویستی نەوەكانی راپەڕ‌‌ینی كرد و دامەزراوەی سیستمی حوكمڕ‌‌انی هەرێمی كوردستانی دامەزراند، ئێستاش بە دیدگای نوێ و سەردەمیانە لە توانایدایە و ر‌‌ێ زانە لە دۆزینەوەی چارەسەرە سیاسی و ئابوورییەكان و بەهەمان رۆحیەتی ر‌‌اپەڕ‌‌ین، ر‌‌ابەرایەتی نەوە نوێیەكانی دەكات، وتیشی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر رێبازی سەرۆك مام جەلال و بڕ‌یارەكانی پێنجەمین كۆنگرە، سازش لەسەر مافە رەواكانی گەلەكەمان ناكات و ر‌ێڕ‌ەوی حوكمڕ‌انی راستدەكاتەوە و ئەولەویەتی كارەكانی بۆ ئاوەدانی و دابینكردنی مووچە و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و پەرەپێدانی زیاتر بە دیموكراسی و ئازادیی رادەربڕ‌ینە، هاوكات لەگەڵ حكومەتی فیدراڵیش هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندیی دروست و كارا بۆ وەرگرتنی ماف و شایستە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەدات.

یەكێتی سەرمەشقی گۆڕانكارییە
یەكێتی لەتوانایدایە وەكو هێزێكی بەرپرسیار و بەپەرۆش و سەرمەشق، ئاڵا هەڵگری گۆڕ‌‌انكاری و تازەگەری بێت و ئیرادەی گەلەكەمان بۆ ئەركەكانی داهاتوومان ئامادە و پتەو بكات.
خدر مستەفا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران بە  PUKMEDIAی راگەیاندووە: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك چۆن لە رابردوودا سەرمەشقی راپەڕ‌ین و ئازادی بوو، ئێستاش مەشخەڵی راستكردنەوەی رێڕ‌ەوی حوكمڕ‌انی و خزمەتی خەڵكی هەڵگرتووە و بە ئامانجی دەگەیەنێت، وتیشی: ئەو ستراتیژەی كە ئێستا یەكێتی بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك پەیڕەوی دەكات، درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال-ە و لە خانووە قووڕ‌ەكانەوە دەیەوێت خزمەتی خەڵكی خۆمان بكات، هەروەها ئەو هەنگاوانەشی كە لە ماوەی رابردوودا، سەرۆك بافڵ ناوێتی دەرخەری ئەو راستییەن كە یەكێتی بەكردار دەیەوێت خزمەت بكات، ئەمەش بۆ خەڵك روونبۆتەوە.
مێژوو شاهیدە كە یەكێتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە ئامانجی ئاشتی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ بووە بۆ گەلەكەی و لەماوەی رابردووشدا بە پشتیوانیی خەڵكی كوردستان هەنگاوی كاریگەری لەو پێناوەدا ناوە و ئەنجامەكەشی لای هەموولایەك روونە، بۆ داهاتووش هەر كارێك كە دەیكات لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەكان و سەرفرازیی خەڵك و پاراستنی خاكی كوردستاندایە.

PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان